ئاسۆس هەردی
لە هیچ شوێنێکی دنیادا سەرکوتکردن نەیتوانیوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێت. لەراستیدا سەرکوتکردن ئەگەر بەحساب “سەرکەوتوو”یش بێت، تەنها دوو ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. یەکەم، شاردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە زەبری هێز بۆ ماوەیەکی کاتی، کە بێگومان زۆر نابات لە هەر دەرفەتێکدا کە بێتەپێشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دەردەکەونەوە، چونکە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتییەکان وشک نەکراون و هۆکارەکان وەک خۆیان ماون. دووەم، هەموو سەرکوتکردنێکی ناڕەزایی ئاشتییانەو مەدەنییانە تۆوی توندوتیژی دەچێنێ، تۆوێک کە ئەمڕۆ بێ یا سبەی لە نزیکترین دەرفەتدا چەکەرە دەکات و لەسەر شانۆی سیاسەت دەبێتە ئەکتەری سەرەکی. چونکە کاتێک خەڵک نائومێد دەبن لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیخوازانە کاریگەرییان هەبێ، ئیدی دەگەنە ئەو قەناعەتەی جگە لە پەلامارو زەبری هێزو راپەڕین هیچ رێگاچارەیەک بۆ گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی قەیرانەکان نەماوەتەوە. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو توندوتیژی و پەلاماردانەی لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا دەیانبینین و، پێشتر و لەسەروبەندی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا لە نووسینێکدا بە ناوی “مەترسییەکانی نائومێدی” باسم کردووە.بۆیە پەلاماردانی خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنیان، داخستنی ئێن ئار تی و چەتر یا هەر میدیایەکی تر، هیچ شتێک چارەسەر ناکات، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیاو (هاوڵاتیی رۆژنامەنووس) بوونەتە ئەکتەرو فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر رایگشتی و فەزای سیاسی لە جیهاندا. ئەم جۆرە رەفتارانە، رەنگە لە نزیک مەودادا بە خەون و سەرابێکی کاتی دڵی هەندێک دەسەڵاتدار خۆش بکەن، بەڵام بێگومان لە دوور مەودادا بەسەریاندا دەشکێتەوەو تووشی شۆکی گەورەیان دەکات، وەک لە نموونەی توونسی بنعەلی و بەشاری ئەسەددا بینیمان.تاکە رێگەی راست بۆ خاوکردنەوەو کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی و گرژییەکان چارەسەرکردنی کێشەکان وگوێگرتنە لە داواکارییەکان، نەک پەلاماردان و سەرکوتکردن. ئەمەی دواییان ئەنجامەکەی تەنهاو تەنها رشتنی خوێنی زیاترو وێرانکردنی کوردستان دەبێت. بێگومان لەو ئەگەرە پڕ لە کارەساتەشدا کەس پارێزراو نابێت، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتدارە خۆشخەیاڵانەی دڵیان بە چەکەکانی دەستیان و پارەکانی گیرفانیان خۆشەو وا دەزانن دەتوانن بۆ هەمیشە خۆیان لە تووڕەیی و رقی خەڵک بپارێزن.