رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەگەر کوردستانی عێراق زیاتر بەرەو دیکتاتۆریەت بچێت دەڕووخێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

مایکڵ ڕۆبن

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە ساڵی ٢٠٠٦ هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیکرد بە کەمپەینێکی بانگەشەکردن و ناوهێنانی هەرێمەکە بە “عێراقێکی دیکە”. مەبەستی ئەم کارەیش زۆر ڕوون و ئاشکرابوو. بەوپێیەی کە ناسەقامگیری ڕۆژ بەڕۆژ لە بەغداد زیاتر دەبوو، هەرێم لەم بانگەشەیەیدا ئەوەی دەردەخست کە دۆخەکە لەناو کوردستاندا لە بارێکی پێچەوانەدایە و ئاشتی و ئارامی فەراهەمکراوە. ئەوەیش لەدوای ئەوەی کە بە یارمەتی ئەمریکا سەدام حوسێنی دیکتاتۆر دەسەڵاتی لە ناوچەکە نەماوە و کۆتایی بە حوکمهێنانی هات.

ئەو بانگەشەیە جووڵەیەکی زیرەکانە بوو، بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی گشتی باش. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەوڵێک بوو بۆ شاردنەوەی واقعێکی تاریک و ترسناک. قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دوای دزەکردنی کۆمەڵێک ئیمەیڵی دەرکەوت کە سەرزەنشتی ئەمریکای کردووە لە بابەتێکدا بە ناونیشانی “ئەو درۆیانەی کە بەرەو دروستکردنی جەنگ ڕۆیشتن”. ئەمەیش لەکاتێکدا کە ئەوە دەسەڵاتدار و سیاسیەکانی هەرێم بوون بەردەوام درۆیان کردووە و ئەگەر لەگەڵ ئەمریکادا قسەیان کردبێت، ئەوەیان وتووە کە واشنتن ویستوویەتی گوێلێبێت. بە هەمان شێوەیەش بۆ تورکیا و ئێران، واتە لایەنی بەرامبەریان چی ویستبێت، ئەمان ئەوەیان وتووە.

ئەوە ڕاستە کە هەرێمی کوردستان ئاساییشێکی زیاتری تێدابووە، لەچاو ناوچەکانی دیکەی ناو عێراق. بەڵام ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت گوایە هەرێم دیموکراسیانەترە لەچاو عێراق، بانگەشەیەکی بێمانا و هەڵەیە. وەک ئاشکرایە هەر لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٩١، هەموو دەسەڵاتی هەرێمەکە بەدەستی تەنها دوو خێزانەوە بووە. خێزانی یەکەمیان لەلایەن مەسعود بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیان هەیە، کە پارتێکی خێڵەکی و کۆنزەرڤاتیڤە. بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەم خێزانە زیاتر لە یەک خێزانیان هەیە. ئەوە جگە لەوەی کە خێزانەکانیان لەچاوی دەرەوە شاردووەتەوە و ناهێڵن کەس ئاگای لێیانبێت. وە مێژوویەکی دەوڵەمدیان هەیە لە هێشتنەوەی ئافرەتەکانیان لەناو خێزانەکەدا بە بیانووی شەرەف و هەڕەشەی کوشتن. شایەنی باسە کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێک شیعرێکی لەسەر خێزانی بارزانی نووسی کە چۆن هاوسەرگیری لەناو خۆیاندا دەکەن. ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە ڕۆژنامەنووسەکە دیارنەما و دواتریش کوژرا. کە ئاشکرایە مەسعود بارزانی خۆی یاخود کوڕەکانی بەرپرسبوون لەم تیرۆرکردنە.

ئەم خێڵگەرایی و کۆنەپارێزییە لە ڕابردوودا هۆکاری ئەوە بوو کە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەو کاتە لەژێر دەسەڵاتی مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانیدا بووە جیابێتەوە و حیزبێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروستبکات. ئەو لە سەرەتادا بەڵێنی گەورەی دەدا بۆ پاراستنی بەها کۆمەڵایەتیەکان و کاری باش بۆ بەرەوپێچوون. بەڵام لەکۆتاییەکانی تەمەنیدا پشتیکردە بەڵێنەکانی و لە هەوڵدا بوو کە تەواوی دەسەڵاتەکەی بچێتە دەستی هاوژینەکەی کە کەمێک نەخۆشی لەبیرچوونەوەی هەیە، لەگەڵ دوو کوڕەکەی کە بریتین لە بافڵ و قوباد تاڵەبانی. ئەمیش وایکرد کە هێز و سامان و دەسەڵاتێکی زۆر بچێتە خزمەتی یەک خێزان و بەرژەوەندیەکانی ئەو خێزانە.

لەکاتێکدا کە بارزانییەکانی و تاڵەبانییەکان خەریکن هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن لە هەرێمی کوردستان، بەغداد خەریکە کار لەسەر نە‌هێشتنی ناسەقامگیری و فەراهەمکردنی دیموکراسی دەکات، هەرچەندیش هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتایی و شێواودا بێت. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بەغداد ٥ سەرۆک وەزیرانی بەڕێکردووە و ئێستایش دوایین کەس کە موستەفا کازمیە خەریکی دەچێتە پاڵیان و خانەنشین دەبێت. چونکە عێراقیەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ لابردنی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت. وە بەرهەم ساڵعی سەرۆک کۆماریش پێناچێت کە بتوانێت خوولی دووەمی سەرۆکایەتی خۆی وەربگرێت و ئەویش نزیکە لە خانەنشینبوون. ئەمەیش عێراق دەکات بە دیارترین نموونە لەپاڵ ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بۆ هەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە سیاسی خانەنشین کە دوای حوکمکردنیان، بە ئارامی لە وڵاتەکەدا بژین.

بەپێچەوانەی بەغدادەوە، لە هەرێمی کوردستاندا هیچ نەریتێک نییە لای حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە تیایدا ڕێز لە هەڵبژاردن و مافەکانی هەڵبژاردن بگرن. هەر لە یەکەم هەڵبژاردنیانەوە لە ساڵی ١٩٩٢، پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان لە نێوان خۆیاندا و بەپێی ڕێککەوتن دابەشکرد. لە دوای ئەوەیشەوە هەمان کاریان کردووە و بەردەوام خەریکی دابەشکردنی دەسەڵاتی هەرێمەکەن بەسەر خۆیاندا. وە کاتێکیش کە لایەنێکیان دەیانەوێت هاوبەشی بکات لە دەسەڵاتی ئەوی تردا، ناکۆکی گەورە دروستدەبێت. هەروەک چۆن کە دوای ئەوەی ویسترا داهاتی مەرزی ئیبراهیم خەلیل کە لەسەر سنووری تورکیایە دابەشبکرێت بەسەر هەردوو لایەندا، جەنگی ناوخۆ دروستبوو. شایەنی باسیشە کە مەسعود بارزانی سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام باسی ئەو قوربانیانە بۆ کەسانی دەرەوەی کوردستان دەکات کە خێڵەکەی واتە بارزانییەکان داویانە لەژێر سیاسەتی دیکتاتۆری سەدام حوسێندا، کەچی هەر خۆی دوای هەشت ساڵ لە کۆمەڵکوژی خێڵکەی، لەگەڵ سەدامداڕێککەوت تا تاڵەبانی لە هەولێر دەربکەن و خۆی دەسەڵات بگرێتەوە دەست و خۆیشی بتوانێت بازرگانی لەگەڵ تورکیادا بکات. وە دوای بەڕێکردنی هەردوو خوولی سەرۆکایەتیەکەی و تەواوکردنی ماوەکەی بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، بارزانی بڕیاریدا کە لە کاتی یاسایی خۆی تێپەڕێت و بەردەوامبێت لە سەرۆکایەتی هەرێمەکە. بە کورتی ئەو هەڵبژاردنی ئەوەی لەبەردەمدا بوو کە خۆی بکاتە هاوشانی نێڵسن ماندێلا و یاسر عەرەفات. بەڵام لەجیاتی ئەوە، دەسەڵاتێی گەندەڵکارانەی هەڵبژارد. وە لە کەسێکی بێ سامانەوە کە بوو بە سەرۆکێک، گەیشت بەوەی کە لەکاتی خانەنشینبوونیدا خاوەنی چەندین ملیار بێت. ئەو بەردەوام بەرژەوەندی خێڵەکەی خستووەتە پێش بەرژەوەندی گەلەکەیەوە. هەر بۆ نموونە چیرۆکی بەنداوی بێخمە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە. ئەو بەنداوە هەر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە پلانی دروستکردنی دانراوە و لە هەشتاکاندا کاری لەسەر کراوە، بەڵام بەهۆی جەنگی کوەیتەوە نەگیشتووەتە ئەجام. دواجار لە سەردەمی دەسەڵاتی هەرێمدا بودجە و توانای پیویست هەبوون بۆ تەواوکردنی بەنداوەکە هەم لەلایەن هەرێمی کوردستان خۆیەوە، هەمیش لەلایەن عێراقەوە. بەڵام بارزانی نەیهێشتووە پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت چونکە کەوتووەتە ئەو ناوچانەی کە نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خێڵەکەی خۆیەوە. چونکە ئەو وەک کەسێکی کۆنەپارێز ترسی لەوە هەیە کە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە سەردانکەرێکی زۆر ڕوو لە ناوچەکە بکەن و تێکەڵ بە خێڵکەی ببن، کە بۆ ئەو قبوڵنەکراوە. هەر ئێستایش شوێنی نیشتەجیبوونی خۆی دابراوە لە خەڵک و شار و تایبەتەوە بە خۆی. کە لە ناوچەیەکە پێشتر بەدەستی سەدامەوە بووە و ئێستایش مەسعود بارزانی بەپێی ستانداردێکی ترەمپیانە تیایدا دەژی.

 سەرەڕای هەموو ئەم سیاسەتە خراپانەی بارزانی و تاڵەبانی کە لە سەرەوە باسکراون، ئەوان هێشتا دوو کەسی زیرەکبوون و دەیانزانی کە چۆن پارێزگاری لە بەرژەوەندیە خێڵەکیەکانی خۆیان بکەن، ئەمە ڕاستییەک بوو کە تەنانەت دژەکانیشیان دانیان پێدا دەنا. ئەوەیش لەپاڵ ئاگایی ئەوان بۆ ئەو ڕاستیەی کە چەپاندنی زیاتری خەڵک، ئەگەری هەڵگەڕانەوەی دەسەڵاتەکانیان زیاتر دەکات. بەڵام وادەردەکەوێت کە ئەم زانیاریانە بەباشی نەگوازرابێتەوە بۆ وەچەکانیان کە ئێستا دەسەڵاتیان لەژێردەستە. دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە کورسی سەرۆکایەتی هەرێم، نێچیرڤانی بارزای برازای هاتووەتوە سەر حوکم، وە مەسرور بارزانی کوڕیشی بووە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم. لەلایەنی تاڵەبانیەکانیشەوە، بافڵی کوڕی جەلال تاڵەبانی لەگەڵ لاهوری برازای حیزبی یەکێتی بەڕێوەدەبەن لە ئێستادا. هەروەها کوڕە بچووکەکەی جەلال تاڵەبانی کە بریتیە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتە. شایەنی باسە کە ئەم جیلە نوێیە هەریەکە و بەجۆرێکن. بۆ نموونە نێچیرڤان باش دەزانێت کە لەپاڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، پیویستە هەندێکجار بەرژەوەندی خەڵکیش لەبەرچاوبگرێت تا بەباشی خۆی دەربخات. لاهوریش هاوشێوەیە و لەپاڵ گەندەڵیەکاندا، خەڵکی باسی کارە باشەکانیشی دەکەن. بەڵام بافڵ بەو جۆرە نییە و خەڵکی بە کەسێکی ناجێگیر و هەڵەشەی دەزانن. ئەوەیشی دەمێنێتەوە قوبادە، کە وەک دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو دەرکەوتووە. بەڵام هێشتا لەئاست چاوەڕوانی خەڵک نییە بە کەسیک دانانرێت کە کاریگەری گەورەی هەبێت.

ئەوەی کە لە هەموویان زیاتر جێگەی ترسە، مەسرور بارزانیە. ئەو هەمیشە بەجۆرێک دەرکەوتووە کە ئەو دەسەڵات و هێزەی پێیبەخشراوە بەهۆی خێزانەکەیەوە، هاوتای تواناکانی نین. ئەو لە زانکۆیەکی ناو ئەمریکا خوێندنی تەواوکردووە. بەڵام لەکاتی خوێندندا، بەردەوام خەریکی ڕابواردن و پارە خەرجکردن بووە، وەک لەوەی خەریکی خوێندن و بڕوانامەکەی بێت. ئەمەیش لەکاتێکدا کە خوێندن و بڕوانامەکەیشی بەهۆی پڕۆگرامێکەوە بووە کە لەلایەن خێزانەکەیەوە دروستکراوە و دەرفەتی ڕەخساندووە. مەسرور بارزانی هەمیشە کار و چالاکیەکانی یەکانگیربوون لەگەڵ توندوتیژی و هەمیشە جێگای سەرنج بووە بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی کە پەیوەندیان بە مافی مرۆڤەوە هەبووە و لە بارودۆخی ناوچەکەیان کۆڵیوەتەوە. هەمان ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئەو مەترسیە زۆرە دەردەخەن لەسەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکان بەرامبەری. بەرامبەر بە کەسانی ناو هەرێم و دەرەوەیش. هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی توانای ئەوەی هەبووە کە لەپاڵ گەندەڵیدا، ئاگای لە خەڵک بێت. بەڵام نێچیرڤان بە پێچەوانەی ئەوەوە هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت، دەستی گرت بەسەر چەندین سێکتەری جیاوازدا و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێنان. وە هێز و دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی ئەو کەسانەی کە ڕەخنەی لێدەگرن یاخود دژی دەوەستن. مەسرور لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵاتدا ئەم ڕووەی بۆ خەڵک دەرخستووە و بەردەوام زیان لە موڵکی گشتی و بەرژەوەندیەکانیان دەدات لەپێناو خۆی.

ئەگەر مەسرور بارزانی وادەزانێت کە ئەم کارانەی پیشاندەری هێز و دەسەڵاتی ئەون، ئەوا بەهەمان شێوەی موعەمەر قەزافی، بەشار ئەسەد و سەدام حوسێن لە هەڵەیەکی زۆر گەورەدا دەبێت. هەرکاتێک کە ڕەخنەیەک لە حکومەتەکەی دەگیرێت، ئەو ڕاستەوخۆ نێچیرڤانی سەرۆک هەرێم تاوانبار دەکات، کە ناتوانێت بەباشی بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی بەڕێوەببات و لەگەڵ کێشەکانی هەرێمدا مامەڵە بکات. وە لە دەرەوەی شارەکانیشدا، ئەو شکستی هێناوە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەو خێڵانەی کە هاوشانی باوکی بوون. بەتایبەت دوای ئەوەی کە چەند کەسێکیانی دەستگیرکردووە.

مەسرور بەردەوام خۆی لەژێر ناوی نیشتیمانپەروەریدا شاردووەتەوە، بەڵام لەم بابەتەیشدا بەهەمان شێوەی بابەتەکانی تر ئەو شکستی هێناوە. لە ٢٠١٧دا ئەو ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک کە هەم لەناو هەرێم و لە دەرەوەی هەرێمیش دژاەتی دەکرا و دواتریش هەمان ڕیفراندۆم، بووە هۆی ئەوەی کە هەرێم ناوچەیەکی زۆر لەدەست بدات کە بەشێکیان بیرە نەوت و سەرچاوەی داهاتیان تێدابوو. ئێستا ئەو هەرکاتێک قسە لەسەر ئەو باباتانە بکات کە پەیوەندیان بە عێراقەوە هەیە، وشەی عێراقی بەدەمیدا دێت لەجیاتی وشەی کوردی. بەتایبەت لەم ماوەیەی دواییدا چەندین ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە بە سوودوەرگرتن لە یاسای عێراقی، لەناویشیاندا شێروان ئەمین شێروانی، کە لە ئێستدا بێسەرشوێنە و تاوانەکەیشی تەها ئەنجامدانی کارەکەی خۆی بووە کە ڕۆژنامەوانییە. لەوانەیە ئەو وابیربکاتەوە کە ئەگەر ڕۆژنامەنووسەکان ڕاپۆرت لەسەر گەندەڵکاری و پێشێلکارییەکانی ئەو نەنووسن، ئەوا خەڵکە برسی و ستەملێکراوەکەیش هیچ دەنگیان نابێت لەسەر مافەکانی خۆیان. مەلا موستەفا بارزانی کە باپیری مەسرورە و کەسایەتییەکی دیاری مێژووی کوردە، چەندین کاری کردووە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی کورد. بەڵام مەسروری کوڕەزای لەماوەی دەسەڵاتیدا کاری بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیکردووە و ئامانجیشیەتی کە پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ تورکیادا و بەرژەوەندییەکانی ئەوان ڕەچاوبکات. ئەمەیش بە ئاشکرا لە ءیستادا دەردەکەوێت کاتێک فڕۆکەکانی تورکیا دەبینین کە سنوورەکانی هەرێم بۆمباران دەکات و گوندنشینەکان دەکات بە قوربانی و ئەویش هەر بێدەنگە. ئەو ئەگەر نیشتیمانپەرەوەربێت، نیشتیمانپەروەریەکەی لە هەمان ئاستی نیشتیمانپەروەریەکەی مارشال فیلیپ پێتەین دەبێت بۆ فەڕەنسا.

چەپاندن و ئاساییش دوو شت نین کە بتوانن پێکەوە کاربکەن. کوردەکان ئێستا دەزانن کە چاوچنۆکی و گەندەڵی و توندڕەوی مەسرور بارزانی، نە ئازادیان بۆ فەراهەم دەکات نە سەرکەوتنیش.

سەرچاوە (کلیک بکە)

هاوشێوە