رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەلڤادۆر ئالیندی و ولیام یۆحەننا

Facebook
Twitter
LinkedIn

“بۆ خاریجی چی بچم؟ ئەوەتەی من هەم سرودی (خوایە وەتەن ئاوا كەی) بەقوتابی ئەڵێمەوە”.

ئاسۆس هەردی

مارکیز لە کتێبی (سەفەرەکەی میگیل لیتین)دا دەگێڕێتەوەو دەڵێ: سەلڤادۆر ئالیندێ لە یەکێک لە گەڕانەکانی بەناو خەڵکدا، هاولاتییەک دەبینێ کە بە تەنیا لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە، لەسەری نووسراوە “ئەم وڵاتە گووە! بەڵام وڵاتی منە”. ئالیندێ لە ئۆتۆمبیلەکەی دادەبەزێ و دەچێ بە گەرمی دەستی هاولاتییەکە دەگوشێ و پێی دەڵێ: “منیش هەمان بۆچوونی تۆم هەیە”! ئەم وڵاتە چەندە پڕیش بێت لە ناشرینی و ناتەواوی، وڵاتی ئێمەیە.سەلڤادۆر ئالێندێ پزیشک و سیاسەتمەدارێکی چەپی وڵاتی چیللی بوو. لە ساڵی ١٩٧٠داو لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بووە یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە. بەڵام ساڵی ١٩٧٣ جەنەراڵ ئۆگۆستۆ پینۆشێ بە پشتیوانی ئەمەریکاو دەزگای موخابەراتی (سی.ئای.ئەی)، کودەتای بەسەردا کردو لەسێدارە درا. نزیکەی نیو سەدە دوای ئەوە، لە وڵاتێکی دوور، لە وڵاتێک کە تەنانەت ناویشی لەسەر نەخشەی جیهان نیەو رەنگە سەلڤادۆر ئالیندێ و هاوڵاتییەکەی هیچیان لە بارەوە نەزانیبێت (ئەمە ئەگەر ناویشیان بیستبێت)، هونەرمەندێکی گەورە بەڵام تەنیا، بێدەنگ و لەسەرخۆ… هاوڕێ و قوتابییەکانی لێی کۆدەبنەوە، باسی هەلومەرجی وڵاتەکەیان دەکەن. باسی ئەوە دەکەن کە ژیان لەم وڵاتەدا نەماوە. ئەو حوکمە کوردییەی ئاواتی هەموومان بوو، لەبری ئاوەدانکردنەوە، وڵاتی وێران کردووە. وڵات پڕە لە ناعەدالەتی، گەندەڵی، ترس و تۆقاندنی خەڵکی ئازادیخوازو هەقبێژ… بۆیە یەکێک لە قوتابییە دڵسۆزەکانی پێی دەڵێ: مامۆستا بۆ ناچی بۆ خاریج…؟ ئەویش لە وەڵامدا بە هێمنی و ویقارەکەی خۆیەوە دەڵێ:”بۆ خارجی چی بچم؟ ئەوەتەی من هەم سرودی (خوایە وەتەن ئاوا كەی) بەقوتابی ئەڵێمەوە”.بەمەش جگە لە وانەکانی هونەرو موزیک، گەورەترین وانەی نیشتمانپەروەری بۆ قوتابییەکانی و بۆ ئێمەش بەجێدێڵێ. ئاخر دەشێت وڵاتەکەی ئێمە “لانەی شێری نەبەردو ئاوی کەوسەرو خاکی گەوهەر” نەبێت! دەشێت ئەم نیشتمانەی ئێمە پڕ بێت لە ناعەدالەتی، ناشرینی، ستەم… هتد.هەموومان دەزانین کوردستان لانیکەم لە رووی جوانیی سروشتییەوە “بەهەشتی سەرزەمین” نیە، بەڵکو وەکو مامۆستای شیعری کوردی شێرکۆ بێکەس دەڵێ: “وڵات زۆرە لە کوردستان شۆخ و شەنگتر، باڵابەرزتر، خوێن گەرمتر…”. هەموومان بەشی ئەوەی تووڕەو بێزار بین لەم وڵاتە، پاساومان هەیە. رەنگە بەشی هەرەزۆری ئەو پاساوانەش راست بن و لەجێگەی خۆیاندا بن، بەڵام دواجار ئەمە نیشتمانی ئێمەیە، بە هەموو جوانی و ناشرینییەکانییەوە. بۆیە دیسان وەک شێرکۆ بێکەسیش دەڵێ وڵات زۆرە لە کوردستان جوانتر بێت، بەڵام “وڵات نیە لە کوردستان خۆشەویستتر”. خۆشەویستییەک… بێمەرجەو کۆتایی بۆ نیە. باوانی مامۆستا ولیام یوحەننا خیزانێکی هونەرپەروەری مەسیحی بوون، زریانی جەنگی یەکەمی جهیانی لە وڵاتی خۆیان هەڵی کەندبوون و لە کوردستان و لە شاری سلێمانی گیرسابوونەوە. ئەو لە سلێمانی لەدایک بوو بوو، چاوی بە شاخی رەنگاوڕەنگی گۆیژە هەڵهێنابوو، گوێی بە لوورەی رەشەبای سلێمانی زرنگابۆوە، رۆحی لە سەرچاوەی شیعرو سروودەکانی پیرەمێردو زێوەرو حەمدییەوە تێراو بوو بوو. کوڕی راستگۆو دڵسۆزی ئەم نیشتمانە بوو. لیرە ژیاو هەر لێرەش نێژرا. ئەو… نەک هەر مامۆستای مامۆستاکانی موزیکی کوردی بوو لەم بەشەی نیشتمان، بەڵکو هەتا دوا ساتەکانی ژیانی فێری هونەرو نیشتمانپەروەریی کردین.رۆحت شاد مامۆستای مەزن… خوایە وەتەن ئاواکەی.

هاوشێوە