رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چی بکەم کە بریندار نابم؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نیاز نەجمەین

کێشەی زاڵی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم پارەیە، فرۆشتنی نەوتە و داهاتەکەیەتی…نەک سەربەخۆیی و دیموکراسیی و مافی بونەوەران، نەک حوکمڕانییەکی باشتر و سەروەریی یاسا و دەزگای باش و گەشەسەندن.

ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی زیاتری لە هەرێم دەستکەوێت، نەرمتر دەبێت. پیچەوانەکەشی ڕاستە.

ئەم پەیوەندییە تا بڵێی ناشیرینە، لای کەم لەبەر ئەوەی لەسەر قازانجی ماددیی و درۆ بیناکراوە. کەسیان کەسیان ناوێت ئەگەر نەوت و پارە نەبوایە.

یارییەکە ئەوەندە ناشرینە کێ چی دەکات بەرامبەر کێ، من بریندار نابم.

پڕ بە دڵ حەزم ئەکرد بریندار بم، بگریم، توڕە ببم، نەک لەسەر کوردایەتیی، بەڵکو لەسەر ئەوەی میلیشا چی دەکات لە عێراقدا؟ بۆ بارەگا ئەسوتێت؟

بەڵام ئەی بارەگاش تاکەی هەبێت؟ تاکەی ژیانی ئێمە لەوێوە بڕیاری لەسەر بدرێت؟ ئەی بۆ چوار منداڵ لەسەر چوار بەرد کوژرا و کەس داوای لێبوردنێکیشی نەکرد؟

ئەمەوێ توڕە ببم کاتێک سیاسییەکی عێراق دەبینم نمایش دەکات و خەڵک دەگەوجێنێت، وڵات دەخاتە گێژاوەوە، ڕێزی ئینسانی کورد ناگرێت.. هتد.

بەڵام چی بکەم هێدی هێدی وا خەریکە ئەبم بە مرۆڤێکی بێ پەرچەکردار؟

چی بکەم کە لای کەم هەستەکەم ئازاری ئەم حزب و ئەو حزب چیتر هی من نییە. بۆ وام لێ هات؟ دڵنیا نیم، بەس ڕەنگە یەکێکیان ئەوە بێت ئازار و خەونی ساڵەهای ساڵی هەزارانی وەک کەسوکاری ئێمە هی ئەو حزبانە نەبوو تەنها لەبەرئەوەی بەیعەتمان بە خۆیان و سەرکردەکانیان نەدا.

باسی بەیعەتدانتان بۆ بکەم یان نەخۆشخانە و سەنتەرە ئەکادیمییەکانمان؟

تا ئێستاش لە حزبەکاندا بیرۆکەی بەیعەتدان هەیە. یان با بڵێین من بە هەڵە وا بیری لێ دەکەمەوە. لەحزبدا هەڵبژاردن ناکەن تا ئازادانە نەوەیەکی بەتوانا سەرخەن، بەڵکو زۆربەی کات ئیشەکە بۆ ئەوەیە بچن بەیعەت بدەن بە تەکەتولێک…بە کەسێک…هتد.

فەرموو ئەگەر هەڵەم یارمەتیم بدە بیرکرنەوەیەکی دیکەم هەبێت بەرامبەر هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا؟

بەساقە نەخۆشخانەکانمان بۆ چاک مەکە، قەینا پارەت پێ نییە. بەس وێنەی سەرکردە بە دیواری ڕاڕەوەکانییەوە و لە پشتی جیهازە کۆنەکانی فەحسەکانەوە چی دەکات؟ دە ڕێگا بدە پزیشکێک وێنەی منداڵێکی کەم ئەندام، بەساڵاچوویەک دانێ؟ تۆ ئازادیی وێنەهەڵواسین نابەخشیت، پەنجەرە و دەرگا و ڕاستە پرد و عەمود نەما وێنەی سەرکردەیەکی خۆتی پێوە سیکۆتین نەکەیت و وادەزانیت بەوە دەمێنیتەوە.

ئاخر دڵم ئیتر لێت دەتورێ. ئیدی تاقەتی تۆم نامێنێت. تێرت تێهەڵدەن قڕوقەپی لێ ئەکەم مادام ڕوبەرێک بۆ خەون و حەز و ئازادیی هەزاران “من” نەماوە سەرباری نادڵنیایی سیاسیی و دارایی.

باسی قوتابخانە و زانکۆکانت بۆ بکەم سەرت هێندەی تر سپیی دەبێت.

دە ئیدی تێبگە لێم. بۆ ناتەوێ تێبگەی تاقەتی تۆم نەما؟ لە کوێ تێتهەڵدەن ناتوانم لەسەرت بکەمەوە. خۆم ناڵێم، بڕۆ سەیری فەیسبوک بکە ئەوجا دەزانیت چەند دە هەزار کەسین.

هەندێجار گومان لەخۆم دەکەم کە بۆچی توڕە نابم. بەڵام دواتر دڵخۆشم بەوەی

هێشتا توڕە دەبم کە تۆی حزبیی وقەومیی دەبینم لێم تێناگەیت. تێناگەیت کە واخەریکە تاقەتی خۆشمم نامێنێ. بەدەست تۆی سەرکردەی سیاسیی و بەرگریکار و شوێنکەوتووەکانتەوە وا توامەوە و هەر تێنەگەیشتی و هەر دانێکت بەم ئازارەی هەزارانی وەک مندا نەنا. بۆ وا دەزانیت دڵخۆشم بەمە؟ نا، هەرگیز. بەڵام دەتەوێت درۆت لەگەڵ بکەم و وای پیشان بدەم دڵم پێت دەسوتێت؟ ناتوانم، ئەگەرجی وادەزانم ڕێزم زۆرتر دەبێت ئەگەر ئەو درۆیە بکەم، بەڵکو بژێویشم مسۆگەرتر.

بەساقە جنێوی چیم پێ ئەدەیت لەسەر ئەوەی هەستم وشک بۆتەوە، ئاخر من جیاوازییەک نابینم لە نێوانتاندا؟

وای دابنێ من دەبوو دەنگ هەڵبڕم، وایدابنێ هەڵەم. بەڵام ئەی تۆ بۆ ناپرسی من بۆ وام لێ هات؟ من بۆ چیتر نیگەران نیم ببینم بارەگاکانتان دەسوتێ؟ بۆ بییرناکەیتەوە هەزارانی وەک من لەسەرچی دڵیان شکا و دەمێکە لەسەر سفرەیەک ئامادە نین خوانێکیان هەبێت لەگەڵتان؟ تاکەی تۆمەتبارم دەکەیت بەوەی هێزێک سەری لێ شێواندوم کە هەستەکانم مردون، تاکەی نازانیت تۆ و زمانی ئاخاوتنت و بیرکردنەوەت و هەڵوێست و مێژووتە؟

هاوشێوە