رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هونەر و کولتوور پردی دیالۆگ دروست دەكەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

هایکۆ ماس

ئاپۆڕەی دڵخۆشی خەڵک لە دەروازەی براندێنبورگ، خەڵک قۆڵ لە قۆڵی یەكتر لە خۆشیان هاوکات پێدەکەنن و دەگرین. ئەم وێنە هەستبزوێنانە ئێمە بە رۆژی کەوتنی دیوارەکە لە تشرینی دووەمی 1989 و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە سێ دەیەی رابردوودا دەبەستنەوە. هەموو جیهان بە سەرسوڕمانەوە سەیری رووداوەکەیان دەکرد، سەرسام بوون بەو هێزەی بەهۆی ئازایەتی خەڵکەوە دەرکەوتبوو، سەرسام بوون بەوەی چۆن خولیای دادپەروەری و ئازادی دەتوانێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەسەر دیکتاتۆری دا زاڵ ببێت. لە کاتێکدا رووداوەکانی پاییزی 1989 بۆ هەموو کەسێک رووداوی سەرسوڕهێنەر بوون، کەوتنی دیواری بەرلین لە هیچەوە دروستنەبوو. بناخەی یەکگرتنەوەکە لە رێگەی سیاسەتی ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و چەندین دەیە گفتوگۆی کۆمەڵگەی مەدەنی – لەنێوان تاکەکان- دانرابوو، ئەوەش پردێکی لەنێوان هەردوو دیوی دیوارەکەدا دروستکردبوو. پاشان خەڵکانی بوێر بوونە هۆی رووخانی دیوارەکە. هەر ئەوەش ساڵیک دواتر و لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 1990، یەکگرتنەوەی دوو دەوڵەتی ئەڵمانیای بەدواداهات، ئەوە دەرئەنجامی دانوستاندنی بەهێز و بەگڕوتین بوو لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دراوسێ. بەهۆی ئەو خەڵکەوەیە کە ئەمڕۆ وڵاتی ئێمە پێگەیەکی بەهێزی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپایەکی یەکگرتوو و ئارامدا هەیە. ماوەی سی ساڵ یەکێتی ئەڵمانیا دەرفەتی ئەوەی نەک هەر بۆ زۆر خەڵکی ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ زۆر خەڵکی دیکەش لە سەرتاسەری جیهان رەخساندووە کە سەیرێکی رابردوو بکەنەوە. ئەوکات پەیامەکە ئەوەبوو کە سەرکەوتنی گەورە بە تەنیا مسۆگەر نابێت، بەڵکو تەنیا بە هاوکاری نزیک لەگەڵ دراوسێیەکان و هاوبەشەکان دێتەدی. هاوکاری نزیک لەسەر بنەمای متمانە بنەمای ئاراستەدەری سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیایە. هەرچەندە هەموو کات هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش ئەو دەرئەنجامە خێرایەیان لێناکەوێتەوە کە زۆر کەس حەز دەکات پێی بگات، بەڵام هەوڵی سەرسەختانە لە پێناو “هەر کەسێک بۆ خۆی” و گەڕانەوە بۆ خۆویستی نیشتمانی وەرچەرخانی هەڵەن کە هیچ دەرئەنجامێکی باشیان بەدوادا نایێت . هەموومان هەست بەوە دەکەین کە کێشە گەورەکانی پەیوەست بە مرۆڤایەتی تەنیا بە یەکخستنی هێزەکان چارەسەر دەبن یان هەر چارەسەر نابن، وەک چۆن پەتای جیهانیی کۆڤید-19ش هەمان شتی پیشانداوین. ئەم چارەسەرانە دەبێت لەسەر بنەمای هەوڵی بەهێزکردنی ئاڵۆگۆڕی زیاتر و تێگەیشتنی قووڵتر بۆ یەکدی بن. ئەمە ئەرکێکە نەک هەر دەکەوێتە سەرشانی سیاسەتڤانانی وڵاتان، بەڵکو ئەرکێکە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، پەروەردە و کولتووریش. هونەر و کولتوور بەتایبەتی دەتوانن پردی گرنگی دیالۆگ دروستبکەن. ئەو دوو بوارە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی لە خەون و تراوماکانی کۆمەڵگەکانمان تێبگەین و هەوڵی دۆزینەوەی روانگەی هاوبەشیان بۆ بدەین. ئەڵمانیا، کە ئێستا 30 ساڵە یەکگرتووە، پشتگیری لە سیاسەتی ئاشتی دەکات و فوکووسی لەسەر ئەو چارەسەرانەیە کە بە هاوکاری دێنەئاراوە، ئەوەش لە یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لە هاوپەیمانێتی لایەنگری لە فرەلایەنیدا هەر وایە، کە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی پێکەوە دەستیان پێکردووە. رووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا پیشانیداین زۆر شت کە ماوەیەکی زۆر لە مەحاڵ دەچوون دەشێت رووبدەن. گەیشتن بەو شتانە ئازایەتی، مکوڕی و توانایەکی خۆڕسکی دەوێت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بڕیاری دروست بدەین. ئێمە تاوەکو ئێستاش پێویستمان بەو تایبەتمەندییانە هەیە؛ لە کاتێکدا وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی ئاڵینگاری زۆر گەورە بووینەتەوە، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ملکەچی ئەو ئالینگارییانە بین. وەرن با دامەزرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧٥ ساڵ لەمەوبەر بیر خۆمان بهێنینەوە، کە رێک دوای دۆخی ترسناکی جەنگی جیهانیی دووەم بوو. ئەوکات خەڵک هۆکاری زۆری لەبەردەستبوون بۆ ئەوەی متمانەیان بە یەکدی نەبێت. هۆکار زۆربوون بۆ ئەوەی بە ترسەوە چاوەڕێی داهاتوو بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک گوتیان: ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکان دادەمەزرێنین چونکە بڕوامان بەوەیە کە پێکەوە دەتوانین لە کارەکانمان بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و ئازادی کاریگەرتر بین. ئێمە دەبێت زۆر زیاتر لە ئێستا ئەوە بیری خۆمان بهێنینەوە. هۆکار هەن کە وادەکەن هیوامان هەبێت. ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، ئەوە خەڵکی ئەڵمانیا بڕیارە کەی بەرامبەر بەوە هۆشیارتر بن!

*ئەمە وتاری (هایکۆ ماس) وەزیری کاروباری دەرەوەی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیایە، بەبۆنەی رۆژی یەکێتی ئەڵمانیا لە 3ی تشرینی یەکەمی 2020. لەلایەن كونسوولخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە.

(ئەم وتارە پێشتر لە پۆرتاڵی ڕووداو بڵاو بووەتەوە)

هاوشێوە