رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە سەردەمی سۆشیالمیدیا سانسۆر مایەپووچە

Facebook
Twitter
LinkedIn

جەلال بەرزنجی

نووسەران هەڕەشەنین لەسەر دەسەڵات، بەڵام دیکتاتۆرەکان لێیان دەترسن. ئەو ترسە پێشینەی هەیە. لە سۆڤیەتی جاراندا، ستالین دەیان نووسەری رەوانەی زیندانەکانی سیبیریا و تاراوگە کرد، لەژێر سۆشیالیزم ماکۆفسکی خۆی کوشت، بۆریس باسترناک لە فیستیڤاڵی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر رۆمانی دکتۆر گیفاکۆ، بێ بەشکرا. نووسەر و هونەرمەندێکی زۆر لە سەردەمی نازیەتی هیتلەر سووتێندران، دەربەدەربوون. لۆرکا بە بڕیاری فرانکۆ گوللەباران کرا.  لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراقی کاتی سەددام و دوای سەددامیش، نووسەران زۆر جار وەک تاوانبار سەیر دەکرێن، هیچ بەها و رێز لە خۆیان و بەرهەمەکانیان ناگیرێت. ئەو نووسەر و رۆژنامەڤانانەی لەسەر بیروباوەڕ و نووسین لە رۆژهەڵات تیرۆر، زیندانی، یان رایان کردووە. زۆرن لە ترسی ئەوەی نەوەک ناوی یەکێکیان لەبیرکەم ناوی کەسم نەهێناوە. پێش مۆدێرنیزم، ئەو کاتەی هێشتا کەنیسە هێزی هەبوو، لەسەر ئەوەی گالیلی گالیلۆ سەلماندی زەوی خڕە ئەشکەنجەدرا، دادگایی کرا، بەڵام دوای مردنی داوای لێبووردنیان لێی کرد. ئازادیی رادەڕبڕین، ئازادی بیروڕا، ئازادیی خوێندنەوە، لە سەردەمی ژیانی نوێ لە کۆمەڵگەی رۆژئاوا بووەتە کولتوور، بۆ نووسەران هیچ شتێک تابو نییە، دەتوانن رەخنە لە  پێغەمبەرەکان، کتێبە ئایینیەکان و سیاسییەکان بگرن؛ دۆن براون، لە رۆمانی (کۆدی دافنیشی) بە ئازادی دەڵێ “مریەمی ماگدەلی سۆزانییە، مەسیح کوڕی خودا نییە”. کریستۆفەر ئینچ لە کتێبی (خودا مەزن نییە) باسی لێک وەرگرتنی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکان دەکات، داکۆکی لە ئیلحاد (ئیسیەست) دەکات. باوەڕدارەکان دەڵێن “بەهەشت لە ئاسمانە” ئەنیشتاین دەڵێ “ئاسمان (سپێس) بۆشاییەکی تاریکی بێ کۆتاییە “ئەو بیروباوەڕانەیان ژیانی کەسیانی نەخستە مەترسی و نەبوونە هۆی فرمێسکڕشتن”. کەچی لەسەردەمی نوێی، ئايەتوڵڵا خومەینی لەسەر رۆمانی (ئایەتی شەیتانی) فەتوای کوشتنی سەلمان روشدی دا. هەژارەی بۆ ماوەی 10 ساڵ رێگەی دووری ماکدۆناڵدەکەی نزیک ماڵەوەیان بوو. ئۆرهان پامۆک لەسەر ئەوەی دەڵێ “کوشتنی ئەرمەنییەکان رەشەکوژی بوو، لە شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە خوێنی 3000 کەس لە هەردوولا بە هەدەر رژاوە، تورکیا دەیباتە دادگە، بەڵام دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب وەردەگرێت ئەو حەسانەیە نێودەوڵەتییە وادەکات، تورکیا داواکەی لە دادگە بکێشێتەوە. ئەو نووسەرانەی لەژێر دەسەڵاتی سەددام کتێبیان چاپ دەکرد. ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ دێوەزمەی سانسۆر (دائیرەی رەقابەی سەر چاپەمەنییەکان) هەیە. من یەکێکم لەوانە. ساڵی 1979 ویستم کۆمەڵە شیعری (سەمای بەفری ئێواران) چاپ بکەم، هەرچەندە شیعرەکانم زەق و سیاسی نین، بەڵام ئەوان زۆر جار نەک بەرهەمی نووسەرەکە خودی نووسەرەکەیان رەت دەکردەوە، دوو جار دیوانەکەم لە (سانسۆر) رەتکرایەوە. جاری سێیەم، دوای ئەوەی زۆر شیعر بە قەڵەمی سوور زەربی لێدرابوو، کومەڵێک شیعر “خەتمی مەمنوعەی” لەسەربوو. رێگەیان دام پاشماوەکەی چاپ بکەم.  بە بڕوای من سانسۆرکردنی چاپەمەنی لە کوردستان، لە سەردەمی پۆستمۆدێرن، دیجیتاڵ و ئەو هەنگاوانەی کوردستان دەیهاوێت بەرەو دیموکراسیەت نایەتەوە و مایەپووچە.  نووسەران هێزی سەربازی، ئابووری یان ئیدارییان نییە، هەر وشەیان هەیە، بە داخەوە لە سەردەمێک دەژین، چەک لە وشە بەهێزترە، واچاکە وەزارەتی رۆشنبیری لە بڕیاری سانسۆرکردنی کتێب، پاشگەزبێتەوە، لە نووسەران گەڕێت بە ئازادی خۆیان بنووسنەویە.

(ئەم وتارە پێشتر لە پۆرتاڵی ڕووداو بڵاو بووەتەوە)

هاوشێوە