رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بتپەرستی لە ناوەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn


پەیکار عوسمان

– لەڕاستیدا “بتپەرست” خودی بتەکانی نەئەپرست و ئەوانی بە خودا نەئەزانی. بەڵکو پێیوابوو ئەوانە وەسیتن و لە خوا نزیکی ئەکەنەوە. موحەمەدیش کە بتەکانی کەعبەی شکاند، لەڕاستیدا خوداکانی نەشکاند، بەڵکو وەسیتەکانی شکاند. کەچی دواتر محەمەد خۆی کرایەوە بە بت و بە وەسیت!

– یەعنی بتپەرستی، ڕێك ئامادەیی نێوەندگیرەکانەو خواپەرستییش ڕێك ڕاستەوخۆیی و پاککردنەوەی نێوانەکەیە. وەسیتەکەی جارانیش، پەیکەری لات و عوزابوو.. بەڵام وەسیتەکانی ئێستا، بانگخوازو مزگەوت و فتواو خودی فۆڕمە باوەکەی دین و دیندارییە!

– قورەیش پێیانوابوو، پەیوەندییەکە ناڕاستەوخۆیەو لەڕێگەی لات و عوزاوە گرێ ئەدرێ، بۆیە بە جاهل و بتپەرست حسابکران. تۆش تا پێتوابێ مزگەوت و کەعبەو کاهین.. ئەتگەیەنن بە خودا، لە خانەی جەهل و بتپەرستیدایت! چونکە پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆیەو لەناو خۆتداو لە ڕۆحی خۆتەوە گرێ ئەدرێ، نەك لەڕێگەی هیچ شتێکی دەرەوەی خۆتەوە. تەنیاش بە پەڕینەوە بۆ ئەم ڕاستەوخۆییە، قۆناغی جاهیلی ئەبڕیت و ئەچیتە دۆخی نابتیی و پەیوەندییە ڕاستەقینەکە!

– ڕاستەوخۆیی ئازادییەو ئازادی تۆش، ئازادبوونتە لە نێوەندەکان و لە پابەندبوون پێیانەوە.

یەعنی عیبادەتی خوا، خودی ئازادییەو تۆ کە لەبت و نێوەندەکان ئازادبوویت ئیتر لە عیبادەتی خوادایت.

بەپێچەوانەشەوە تا پابەندو وابەستەی وەسیتەکان بیت، تۆ لە بتپەرستی و مەعسییەتی خوایایت، ئەگەرچی وەسیتەکە پێغەمبەرو دینیش بێت!

– “خواپەرستی” ئەوەیە کە “بتپەرستی” نیەو بتپەرستیش بوونی نێوەندەکانە. جا تا موحەمەد لەنێوان تۆو خودایابێت، تۆ موحەمەدپەرستیت نەك خواپەرست. تا دین لە نێوان تۆو خودایابێت، تۆ دینپەرستیت نەك خواپەرست. تا نوێژپەرست و کەعبەپەرست و مەزهەب پەرست بیت.. تۆ بتپەرستیت نەك خواپەرست.

– شیرکیش هەر ئامادەیی وەسیتەکانەو تەوحیدیش هەر ڕاستەوخۆییە. خوداش کاتێ خودایەو بت نیە، کە نامەحدودبێ و نەخرێتە چوارچێوەوە. کە چووە چوارچێوەوەو سنوردارکرا، ئیتر ئەو خۆشی خوا نیەو بتە، ئەگەرچی چوارچێوەکە دینیش بێت!

– (خواپەرستی ئامادەیی خۆتەو بتپەرستی ئامادەیی وەسیتەکان) وەسیتەکان لابە خۆت “بوون” پەیدا ئەکەیت، خواپەرستیش ئا لەوێداو لەناو خۆتدا ئەکرێ. وەسیتەکان هەبن خۆت نامێنی و بتپەرستیش ئا لەوێداو لەناو نەمانی تۆدا ئەکرێ.

– هیچ شتێك لەنێوان خۆت و خوایا مەهێڵە تەنانەت خواپەرستیش. (تۆ تا خواپەرستە تەقلیدییەکەبیت، هێشتا بتپەرستیت)! خواپەرستییەکی ڕاستەقینەش ئەگەر هەبێت، ئەو لینکە نادیارە ناوەکییەی نێوان خۆت و خوایە، کە وەکو پەنجەمۆرەو هی کەس لە هی کەس ناچێ. نەك ئەو تەقلیدو هەڵبەزو دابەزە دیارە دەرەکییەی کە هەمووان وەکو یەك ئەیکەین.

– کاری ئێمە خواناسییە نەك خواپەرستی، خواپەرستیی ڕاستەقینەش، هەر خودی خواناسییە نەك شتێکی تر!

خواناسی ئەوەیە کە “تۆ خۆت” هەر ئەڕۆیت و نایگەیتێ. نەکئەوەی یەکێکی تر، گەیشتبێ و ئەم گەیشتنەی خۆی بدا بەتۆ، ئیتر تۆ نەشرۆیت و واشبزانی گەیشتویت! یەعنی ئەسڵی مەوزوعەکە، تەفەکورو بیرکردنەوەو ڕۆشتنەکەیە، نەك گەیشتن و نەگەیشتن.

– بەمانایەکی تر، لەو ڕۆشتن و تەفەکورەدا، ئەوەی کە پێ ی ئەگەیت، تەنیا بۆ خۆت گەیشتنەو بۆ یەکێکی تر وانیە. بەڵکو ئەویش خۆی ئەڕواو ئەگاتە خاڵێکی تری هەمان شت. نەکئەوەی هەموو بگەنەوە هەمان خاڵ و ئەو خاڵەش بکرێتەوە بە بت و بپەرسترێ و ئیتر کەس نەڕواو هەموو لەوێدا بچەقن و بەدەوری ئەو خاڵەدا بسوڕێنەوە!

– یەعنی مەوزوعی خواناسی، ڕۆشتنێکی فەردییە نەك وەستانێکی جەماعی! ئەوەیە کە چۆن هەرکەس خۆی بڕوات، نەكئەوەی چۆن هەموو لە خاڵێکدا بوەستن!

دینی خواش، ئەشێ ئەوەی یەکەمیانبێ، چونکە ئەوەیان نابتەو لایەق بە گەورەیی خواو بە موکەڕەمیی ئینسانە. لەکاتێکا ئەوەی دووەمیان، ئایدۆلۆژیاو دینی سوڵتەو سیاسەتە، کە کارگەی دروستکردنی بتە. دینی پێشینەو زۆرینەو کەهەنەیە، کە خودی قورئان پڕە لە زەمی ئەوانە!

– بەپێچەوانەی خواناسییەوە، دینداری و خواپەرستییە باوەکە، ئەوەیە کە هەر لەمسەرەوە ئەوسەریشی دیارەو ئەسڵەن خۆت بەدوای شتەکەیا ناچیت، بەڵکو کاهینێك وەکو فاستفود، پێناسەیەکی خودات بۆ ئەکاو شتێکی زانراوی موحەدەدی موجەسەمت ئەداتێ و تۆش ئەم بتە ئەپەرستیت و وائەزانی خوایە!

– لە خواناسیدا خۆت ڕێگاکە ئەبڕیت و ناشگەیت. عیرفانیش زانینی ئەو نەگەیشتنەیەو نەگەیشتنیش شتێکی نوقسانەو نوقسانیش نابێتە “یەقین”! ئیتر هەڵیئەگریت بۆ خۆت و بەوانیتری نافرۆشیتەوەو تیجارەتی پێوەناکەیت. ئیتر هەڵیئەگری بۆ خۆت و نایکەی بە شەڕو بەوانیتری بفرۆشیت!

– بەڵام لە دینداریدا، تۆ پێتوایە کە شتەکە تەواوەو گەیشتنەکە هەر لە جیلی یەکەمدا ڕوویداوە. ئیتر خۆت ناڕۆی بەرەو پێش و هەر بەخۆشتەوە ناوەستێ و ئەوانیتریش ئەبەیتەوە بەرەو خاڵە پێرفێکتەکەی دواوە! لێرەشەوە دوکان و تیجارەتی “یەقین” دائەمەزرێ و دراوی کڕینی یەقینیش عەقڵە. تۆ عەقڵت دائەنێیت و لەبەرامبەرا یەقینێك وەرئەگریت، ناعەقڵانییەتیش لەوێوە دەستیپێکردوە.

– خواناسیی ڕێگای خۆشەویستییە، چونکە ڕۆشتنەو گەیشتن و یەقینی تیانیە. بەڵام دینداری ڕێگای ڕقە، چونکە وەستانە لە گەیشتن و یەقینێکی پێشوەختا.

خواناسیی ڕێگای ئاشتییە، چونکە ناوەکیی و فەردییەو شتی ناوەکی و فەردیش جیاکاریی دروست ناکا! بەپێچەوانەوە دینداریی ڕێگای شەڕە، چونکە ڕووکەشی و دەرەکی و جەماعییە، ئەمانەش جیاکاریی دروستئەکەن، جیاکاریش ڕق و شەڕ دروست ئەکات.

– ئەوسەری ڕێگاکە نازانمەو عارف خۆی ئەڕواو دوای گەڕانێکی زۆر، ئەگات بە “نازانم”. بەڵام دیندار چونکە خۆی ڕێگاکەی نەبڕیوەو هەر بە نەقڵ ئیکتفای کردوە، ئیتر هەمیشە ئەزانێ! زانینێکی موقەدەسیش! ئەمەش قوڕەکە خەستتر ئەکاتەوە، ئاخر ئەگەر جەهلی ئاسایی بلۆکبێ، جەهلی موقەدەس کۆنکرێتە.

– ئەگەرچی ئەوسەری عیرفان نامەحدودی و نازانمە، کەچی ئێستا کاهینی عیرفانیش پەیابووە، بەشێوازی خۆی و لەڕێگەی دوکانی یۆگاو وەحدەتی وجودو هەنێ لەم شتانەوە، خوات بۆ تەحدید ئەکاو ئەتگەیەنێ! لەکاتێکا ئەو گەیشتنە، فۆڕمێکی تری دینداری و بتسازی و کەهانەتەو عیرفانیش هەرئەوەیە، کە ئەوە نەبێت!

کێشەکە ئەوەیە مرۆڤ بێ وەهم ناژی و کاتێ وەهمێك بەری ئەدا، بە وەهمێکی ترەوە ئەیگڕێ. ئاخر عیرفان زانینی “نەزانراویی” خودایە، نەکئەوەی زانراوە مەحدودە عەرەبییەکە، بگۆڕیت بە زانراوە مەحدودە هندییەکە.

– “بت” ناڕاستەوخۆیی و وەسیتی نێوان تۆو شتەکانە. مەسەلەن بتەکانی ئازادی، ئەو وەسیتانەن کە تۆ ئەیخەیتە نێوان خۆت و ئازادییەوەو بەتەمای لەوێوە ئازادببیت. ئیتر لەبری ئەوەی ئازادببی، ئەبیتە دیلی خودی ئەو شتانە. جا ئیتر شتەکە کەسبێ یان حیزب یان ئایدۆلۆژیا.

– خواپەرستی ئەکەوێتە پشتی خۆپەرستییەوەو خۆپەرستیش هەر بتپەرستییەو ئەوەیە کە هەنێ وابەستەییت هەیە، کە دەمارت بۆیان گیرەو ناتوانی دەسبەرداریان ببیت. مەسەلەن وابەستەییت بۆ پەرستگاکەت، بەشێکە لە خۆپەرستی و بتپەرستی تۆ، ڕێك پێچەوانەی خواپەرستیشە! یەعنی تۆ کاتێك بەڕاستی وابەستەی خودایت، کە بە خاتری ئەو، هەموو وابستەییەکانی تر هەڵوەشێنیتەوە.

– “خۆت” ئەکەویتە ناو ڕاستەوخۆییەوە، ڕاستەوخۆییش لەناو خۆتدایەو عەقڵ و بیرکردنەوەو ناوەکییەکانی خۆتەو لەوێوە ئەگەیتە مەعریفەی قووڵی “نازانم”. بەڵام لە ناڕاستەوخۆییدا، تۆ خۆت نامێنی و ئەکەویتە دەرەوەی خۆت. ئیتر لەوێشەوە، ئەکەویتە ناو یەقین و جەهلی ئەزانمەوەو دنیای پێ خراپ ئەکەیت.

– (بتپەرستی لەناوەوە) مەبەستم ئەوەیە، کاتێ باسی بتپەرستی ئەکرێ، یەکسەر تۆی موسوڵمان، خەیاڵت ئەبرێ بۆ سەلیب و پەیکەرەکانی بوداو بۆ بازنەی دەرەوەی ئیسلام. لەکاتێکا خودی ئەو بازنەیەش بتێکی گەورەیەو ناوەوەشی پڕە لە بتی بچوکتر! کۆرۆناش تێستێکی باشی ئیمانە، بۆ ناسین و دەستنیشانکردنی بت و نێوەندەکانی نێوان خۆت و خودا!

– مەسەلەن کاتێ تۆ، خەمی ژیانی ئینسانەکانت نیە، بەڵام بۆ داخرانی مزگەوت و چۆڵیی کەعبە ئەکەویتە لوشکەلوشك، ئیتر بزانە کە تۆ جومعەپەرست و کەعبەپەرست و پەرستگاپەرستیت نەك خواپەرست. چونکە لای خودا ئینسان گرنگترە لە نوژو کەعبەو جومعەو جەماعەت!

نوێژ ئەوەیە کە لە ڕۆحی خۆتدا ئەکرێ و ئەچێتەوە سەر ژیان. نوێژپەرستی ئەوەیە کە لە چاوی ئەوانیتردا ئەکرێ و ئەچێتەوە سەر مەرگ!

هاوشێوە