نووسین: هاوار محەمەد
بەشی دووەم
ماناى بۆ زیادكراو كە پێكهاتنێكى ڕووداوەكیى ڕیشەى نوێیە، لاى تەیفوورى لەسەر بنكى مانایەكى “چەپێنراو” دروست دەبێت، شتێكى وەكو ئەوەى ئاگامبێن لە كۆتەیشنەكەى سەرەوەدا پێى دەڵێت “دەركراوە و جینالۆژیست دەیهێنێتەوە بەر باس”. بەڵام “دەركراو”، لاى ئاگامبێن پتر لەنێو پارادایمى سیاسیدا تاوتوێ دەكرێت، لە كاتێكدا لە فۆرمە فرۆیدییەكەیدا واتاى دوورخستنەوە و كپكردنـە وەك میكانیزمى دەروونى و لاى هیگڵ هەمان نەفىـیە وەك یاساى دیالەكتیكى. تەیفوورى لێكۆڵینەوەكەى بە فرۆید (یان ڕوانگەیەكى فرۆیدۆ-ژیژەكى) دەست پێدەكات و لە هەندێ ساتدا دیالەكتیكى دەبێتەوە و بە ئاگامبێنیش كۆتایى پێ دێنێت.
كورتەى هایپۆتێزەكە بەم جۆرەیە: بۆ ئەوەى ڕیشەیەكى نوێ بۆ غەنیمەت پێك بهێنرێت، دەبێت مانا ئەسڵییەكەى غەنیمەت، یان چارەسەرە نەریتییەكەى، بچەپێنرێت. تەیفوورى بە نموونەیەكى فرۆیدى ئەمە ڕوون دەكاتەوە: یەهودییەكان ئەو حەقیقەتەیان چەپاند كە موسا میسرییە نەك عیبرى؛ تەنیا بەم جۆرە بوو ڕەچەڵەكیى عیبرانییەت، یان جووداییزم پێكهات. لە ئیسلامیشدا دەبێت چەپاندنێك ڕوو بدات تاوەكو ئەنفال دەربكەوێت؛ ئەم جارە شاردنەوەى باوانى “محەمەد” نییە، هەر بە سادەیى دوورخستنەوەى ژنیش نییە لە ڕووداوە بەراییەكانى شێوەگرتنى ئایینەكە لە یەكەمین چركەساتى خۆیدا بە گوێرەى ڕوانگە ژیژەكییەكە (كە تەیفووریش شیكارییەكەى خۆى لەسەر دادەمەزرێنێت) بەڵكو هەڵكەوتنى ساتێكى دیكەیە كە ژن دەبێت بە بەشێك لە “موڵك و دارایى”؛ كەواتە گریمانەكەى تەیفوورى ئەوەیە كە «ئەم چركەیەى دووەم لە شەڕى بەدردا ڕوودەدات، كاتێ دیمەنێكى بنچینەیى نێو نەریتى تەوراتى دووپات دەبێتەوە و ئیسلام دەبێت شوێنى خۆى تێدا دیاریى بكات». لەبەرئەمە، نووسەر ڕووداوەكانى ئەم جەنگە بە وردى دەگێڕێتەوە تاكوو وەك دەڵێت «بكرێ ڕاڤەیەك بخەینە ڕوو كە بتوانێ چەپێنراوێكى دیكە نیشان بدات كە تواناى ئەوەى هەبێت هاوكاتى پشتڕاستكردنەوەى گریمانەكەى ژیژەك، لێیشى تێپەڕێت»[1]. ئەم تێپەڕاندنە واتاى تێپەڕینە لە شیكارییەكى دەروونیى پەتى بەرەو شیكاریى ئابووریى سیاسى كە دواجار سیاسیكردنەوەى تێزەكەیە بە كۆمەكى ئاگامبێن.
بەڵام لە هەر بارێكدا، ئەوە كێیە دەچەپێنێت؟ یان وردتر بڵێین: چ دەسەڵاتێك تواناى چەپاندنى هەیە؟ لە شیكاریى فرۆیدیدا ئەوە دەسەڵاتى “باوك”ـە، تەنانەت دواى كوشتنیشى، یان با بڵێین بە تایبەتى دواى كوشتنى. لە نەزمى كۆمەڵگەى بەرایى پێش-شارستانیدا باوك خاوەنى هەموو مێینەكانە، بۆ ئەمەیش بەنێو چەپاندنى ئارەزووى سەرەتایى كوڕەكاندا دەڕوات. ئارەزووى كوڕەكان شەڕەنگێزانە دەگەڕێتەوە و لە گەلەكۆمەیەكدا باوك دەكوژن. دواى كایۆسێكى كاتى، گرێى هەستكردن بە تاوان دروست دەبێت. بۆ ئەوەى ئەم كردەیە و ئەم ئازارە ڕوونەداتەوە، نەزمى تەوتەم و تابۆ سەرهەڵدەدات كە گەرەنتیى پیرۆزیى باوكە. باوك كە بووە بە تەوتەم دیسانیش دەچەپێنێت، ئەمجارەیان نەك تەنیا ئارەزوو بەرامبەر مێینەكان، بەڵكو ئارەزووى كوشتنى خۆیشى. زەمەن بەوە لە ئازارى هەست بە تاوان كەم دەكاتەوە كە نموونەیەكى باڵا بۆ دەسەڵاتى ڕەهاى باوكى یەكەم دروست بكرێت و هەمووانیش ملكەچى بن، واتە دروستكردنى خوداكان بە پاڵپشتى دەسەڵاتى ئەو كەسانەى كە كەمێك لەوانى تر بەهێزترن[2]. شرۆڤەى حیكایەتى موسا، كە تەیفوورى وەك نموونەى ڕوونكەرەوەى تێزەكەى پشتى پێبەستووە، لەم زەمینە فرۆیدییەوە هاتووە؛ ئەمەیش چركەیەكە كە لەو ساتەدا وا هاوەڵانى پەیامبەر داواى “بەشكردنى غەنیمەت”ـەكەى جەنگى بەدر دەكەن، دووبارە دەبێتەوە:
«دەشێت بڵێین ئەمە ئەو چركەیە كە كوڕان یاخى دەبن و داواى بەشكردنى غەنیمەت دەكەن. بگرە هەندێكیان داواى هەمووى دەكەن. بۆ فرۆید، دیمەنى كوشتنى باوك لە كۆمەڵەى سەرەتایى و كوشتنى باوك پاش هاتنەدەر لە میسر، هەردووكیان چركەى قەیرانى نەزم و پێویستیى دانانى شەرعى نوێن بۆ جێگیركردنەوەى نەزم و سەقام»[3].
غەنیمەتێك كە بە پێى تەشریعى عیبرانییەت دەبوو وەك پەیكەرى گوێرەكەكەى سامیرى (هاروون بە گێرانەوەى تەورات) بسووتێنرێت و بەژێر خۆڵەوە بكرێت، ئێستا هاوەڵان داوا دەكەن بەسەریاندا ببەخشرێتەوە؛ لەسەر ئەمە ناكۆكى دروست بووە. دەبێت دەسەڵاتێك هەبێت بڕیار بدات، حوكمەكەیشى پیرۆزبێت و بێ چەندوچوونى زیاتر قبوڵ بكرێت. عیبرانییەكان جارێكى تر بۆ گوێرەكەكە ناگەڕێنەوە، خوداى تاكوتەنیاى موسا قبوڵ دەكەن و دەبن بە گەلى هەڵبژێردراوى. لە شرۆڤەى فرۆیددا ئەم تەشریعە بەهۆى كوشتنى خودى ڕزگاركەرەوە ڕوودەدات (باوك-خودا-نێردراوى بێنوانگیرى خودا). ئەم كوشتنەى موسا مەتەڵى یەهودییەتە. باوك-خودا بەهۆى كوشتنەكەى و گەڕانەوەى تارماییەكەیەوە دەگاتە ئەم پێگەیەى دەسەڵات كە بتوانێت ئارەزووى گەلى جوو بۆ پەرستنى گوێرەكەى زێڕین، توواوە و فۆڕمپێدراوى غەنیمەت، بچەپێنێت. بەڵام لە ڕوانگەى فرۆیدەوە كە تەیفووریش پشتیوانیەتى، كۆتایى ئەم شرۆڤەیە بۆ مێژووى ئیسلام دروست نییە:
«ئیسلام، وێڕای ئارەزووی خودا و وێڕاى ئارەزووى نەریت، غەنیمەت حەڵاڵ دەكات و داوا دەكات كە زیندانییەكان خوێنبایى بدەن. لە چرۆكەى دووپاتبوونەوەى كوشتنەكەدا، كاتێ گوێرەكەكە دەبێ بسووتێنرێ، وێڕاى ویستى خۆى، خودا ئارەزووى كوڕان دەسەلمێنێ و غەنیمەت بۆ موسوڵمانان حەڵاڵ دەكات- تەنیا كەسانێك كە ئەم مەنعەیان لەسەر هەڵگیراوە. لەگەڵ ئەم بەتاڵكردنەوەى ئایینى كۆندا، ئەڵڵا لە یەهووە بەخشندەتر دەردەكەوێت، وەك فرۆید پێى زانیبوو»[4].
ئەڵڵا و پەیامبەرەكەى لە بنەڕەتدا خاوەنى هەموو غەنیمەتەكەن، بەڵام لەبەرئەوەى خودا بەخشندەیە، لەبەرئەوەى تەنیا “پێنجیەك” (خومس)ى غەنیمەتەكەى خۆى بۆ خۆى دەوێت و چوار بەشەكەى دیكەى پێشكەش بە كوڕەكان دەكات، ئەوا هەر پێویستییەك بۆ كوشتنى خۆى هەڵدەپەسێرێت. وەك تەیفوورى دەڵێت لە ئیسلامدا «باوك تەسلیم بە ئارەزووى كوڕەكانى دەبێت». باوك لە ئیسلامدا پێویست نییە بكوژرێت، مادام وەك باوكى تەماحبازى فرۆیدى نییە و مۆنۆپۆلى هەموو غەنیمەتەكە ناكات؛ مادام بۆ گەلى هەڵبژاردەى خۆى، كە لە گەلى هەڵبژاردەى یەكەم “هەڵبژێراوتر”ن، ئەوەى حەڵاڵ نەكرابوو، حەڵاڵى دەكات. ئا ئەمە چركەساتى دووەمە، چرۆكەساتە نا-فرۆیدییەكە. لەم ڕوانگەیەوە، بنچینەی شێوەگرتنى خودا لە ئیسلامدا، هاوكێشەى چەپاندن-كوشتن، تەوتەم-تابۆ، لاشە-تارمایى نییە، بەڵكو هاوكێشەى “غەزا-خەڵات”، وردتر بڵێین: “غەنیمەت-پاداشت”ـە، غەنیمەت وەك پاداشت. بەم مانایە، خودا لە ئیسلامدا چەپێنەر نییە، بەخشندەیە؛ خوداى “غەزەب” نییە لەسەر گەلى خۆى، بەڵكو خوداى “ئاوارتاندن”ـى گەلى خۆى، ئاوارتاندنى ئوممەتى پێغەمبەرەكەیەتى. ئاخۆ ئەمە دژ بە وتەكەى دێریدا كە پێیوایە “چەپاندن ناچەپێنرێت”، “چەپاندنى چەپاندن”ـە، یان بە پێچەوانەوە كۆتایى چەپاندنە؟ هیچیان نییە، خودا حەرام و چەپاندنى بۆ ئوممەت هەیە، بەڵام بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى “غەزا”ن، ئەوانەى كە دەتوانن، بەڵام ناچن بۆ جیهاد؛ ئەمانە لە غەنیمەتیش بێبەش دەبن. بە پێچەوانەوە، ئەوانەى جیهاد دەكەن، دەتوانن دەست بۆ ئەو شتە ببەن كە لە بارى ئاساییدا “حەرام”ـە. جیهاد، بەو پێیەى هەمیشەییە، بەو پێیەى دۆخێكى ئاوارتەى هەمیشەییە، ئەوا دەتوانێت هەموو جارێك حەرام حەڵاڵ بكاتەوە. گەر ئەم گریمانەیە، لایەنیكەم بۆ سەرەتاى ئیسلام ڕاست بێت، ئەوا ماناى وایە لە ئیسلامدا خودا بە “قەدەغە” [چەپاندن] دروست نابێت، بە “پاداشت”، “بەخشندەیى”، “خەڵات” دروست دەبێت و باوەڕى پێ دەهێنرێت. كەواتە ئەمە بەرەنجامە نەك تەنیا “چركەساتێكى نافرۆیدى”، بەڵام ئاخۆ ئەمە كێشەیەكى ڕیشەیى بۆ تیۆرەكەى فرۆید و گریمانەكەى تەیفوورى خۆشى دروست ناكات؟ ئاخۆ هەموو دیمەنەكە هەڵناگەڕێنێتەوە؟ تەیفوورى خۆى دەركى بەمە كردووە:
«لێرەدا دەشێت بگوترێت كە غەنیمەت لەگەڵ دەستكەوتدا یەكسانە، واتە لە دەقى قورئاندا یەكەم ئایەت” داهات”ى شەڕى بەدر وەك “ئەلئەنفال” ناو دەبات، بەڵام وەحییەكەى سبەینێ ئەم “داهات”ـە بە “غەنیمەت” ناو دەبات. واتە “ئەلئەنفال دەگۆڕێت بۆ غەنیمەت و بەم جۆرە غەنیمەت و دەسكەوت دەبن بە یەك و یەك دادەپۆشن و جیاوازییان لەنێواندا نامێنێت. […].
پاش ئەوەى كە ئیسلام بە فتووحات پەرەى سەند و وڵاتان و ناوچەى جیاوازى گرتەوە، غەنیمەتیش پەرە دەستێنێ و فرەجۆر دەبێت و بە پێى ئەو شتەى كە “غەنیمێنراوە” تیۆر و دابەشكارى و لقى جیاواز پێویست دەبێت»[5].
دەستكەوت/غەنیمەت جووتمانا قورئانییەكەى ئەلئەنفال، بەردەوام “ڕوو لە زۆرى”ـیە؛ هەتا غەزاى زیاتر بكرێت، شوێنى نوێ بخرێتە سەر قەڵەمڕەویى ئایینە نوێیەكە، دەستكەوت زیاتر دەبێت؛ بەخشندەیى خودا لێرەدا دەردەكەوێت. خودا باوكێكى چەپێنەرى فرۆیدى نییە، بەڵكو بەخشندەیەكە بەردەوام غەنیمەتى زیاتر بۆ بەندەكانى دابین دەكات. لە لێكۆڵینەوەكەى تەیفووریدا غەنیمەت ناوى “زێدەبەها”یە؛ كەواتە بنەماى لەدایكبوونى جۆرێك ئابووریى سیاسییە كە بۆ گەلەكەى نەك چەوسێنەر نییە، بە پێچەوانەوە، دەستئاوەڵا و ڕەواكەرە: تیۆرى خەڵات یان ئابووریى غەزا. وێڕاى ئەوەى تەیفوورى خۆى مەیلى لەوەیە ناتەبایى نێوان تیۆرى چەپاندن و تیۆرى خەڵات نیشان بدات، بەڵام لە بەرهەمەكەیدا چارەسەرى ئەم تەنگژەیە هەر بە ناڕوونى دەمێنێتەوە (دواتر بۆ ئەم باسەش دەگەڕێینەوە)
غەزا: ئابووریى خەڵات
ئێستا دەبێت بپرسین: مادام ئەوەى دەقانوونێنێت، ئەوەى دەغەنیمێنێت، ئەوەى غەنیمەت وەك دەستبۆبراوێكى حەڵاڵ بۆ موسوڵمانان دەشەرعێنێت، باوكێكى بەخشندەیە، كە بە خەڵات، نەك بە تەوتەم، هێزى خۆى نیشان دەدات، كەواتە ئەم بەخشندەییە، چۆن نەزمێكى ئابووریى سیاسى دادەمەزرێنێت؟ لە پێشەكیى بەرهەمەكەیدا تەیفوورى بە كورتى ئەو ڕوانگەیەى ماكس ڤێبەر دەخاتە ڕوو كە لایوایە “ڕیشەكانى سەرمایەدارى” وا لە ڕێنماییە بەراییەكانى پەیامبەرانى مەسیحیدا و بە تایبەتى قەشە پۆڵس؛ هەمان ئەو ئەخلاقە دێرینەى كە وەك “عیبادەت” ستایشى “كار” دەكات و لە سەدەكانى دواتردا پاشەوپاش ناوى لێ دەنرێت پرۆتستانیزم، ئەخلاقێك كە هەر لە سەرەتاوە ڕۆحى سەرمایەداریى تییدا نووستووە. تەیفوورى بەدواى ساتێكى بەرایى لەم جۆرە لە ئیسلامدا دەگەڕێت. ڕوونتر بڵێین، دەیەوێت ڕیشەكانى “سەرمایەداریى ئیسلام” كەشف بكات. ڕیشەى ئەم سەرمایەدارییە لە “غەنیمەت”ـدا دەبینێتەوە وەك ڕووبەرێك بۆ لەدایكبوونى زێدەبەها. لەم مانایەدا زێدەبەها ئەو پاداشت و زێدە-سامانەیە كە لە پاى غەزادا دەستى جیهادكەران دەكەوێت؛ واتە كرێ نییە لە بەرامبەر كاردا، تەنانەت لە بەرامبەر جەنگدا، “مورتەزەقە”یى نییە كە جەنگاوەران بە پارە و لەبرى پاداشتێكى گرێبەستیانە بجەنگن؛ لەوە گرنگتر، بەخششێكە لە غەزادا كە لە هەردوو دنیاكەدا پاداشتى هەیە و لە هەر كرێیەكیش بەهاكەى زیاترە. زێدە-سامانێك كە خودا بە بەخشندەیى خۆى بۆ گەلەكەى ڕەواى كردووە و پێمباشە لێرەدا بە كۆمەكى ژۆرژ باتاى ناوى لێ بنێم ئابووریى سیاسیى بەخشش (من لەم وتارەدا وەك هەوڵێك بۆ تۆكمەكردنى تیۆرەكەى تەیفۆوری شرۆڤەى دەكەم). ژان بۆدریار بنەڕەتى ئەم ئابوورییە بەخشندەیە لاى باتاى ناو دەنێت “بنەماى هەتاوى”، مەبەستیش لێى بەخشندەییەكە وەك هەتاو، وەك خۆر. بەلاى باتایەوە تاكە یاساى گەردوونى كە هەبێت بەخشینەوە یان تەخشانوپەخشانكردنى سامانى ئابوورییە بەشێوەى “قوربانى”؛ ئەوەى تواناى قوربانى هەیە “سەروەری”ى sovereignty هەیە:
«ئایدیا سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئەو ئابوورییەى وا لە كۆمەڵگەكانماندا باڵادەستە، بەرەنجامى لادانێكە لە فیكرێكى مرۆیى بنچینەیى، كە بنەماى هەتاوییە و لە دەستئاوەڵایى [بەفیڕۆدان]ـدا خۆى دەنوێنێت. فیكرى باتاى ڕاستەوخۆ بەرامبەر ئابووریى سیاسى پەتى دەبێتەوە تاوەكو دەگات بە بەرەنگاربوونەوەى بنەماى مێتافیزیكیى ئابووری: واتە سوود. لە بنەڕەتدا ئەوەى لە ئابووریى سیاسیدا خوازراوە سوودە؛ ئەمە وا دەردەكەوێت بنەمایەكى پۆزەتیڤى سەرمایەدارییە: كەڵەكەكردن، وەبەرهێنان و خەرجكردن، كە هەموو كۆمەڵگەكانى پێشووتریش بەخۆیانەوە بینیوویانە، ئەمەیش دەستنوقاوى و دەستكورتییەكى بێوێنەیە كە مرۆڤ لە سەروەرى خۆى جودا دەكاتەوە. ئابووریى هەر لە بنەڕەتى خۆیدا بۆ ئەوە نییە ببەخشرێت، بۆ ئەوە نییە ببێتە ئوبێكتى قوربانى. […]
باتاى كەڵكەى ئەوەى هەبوو بزانێت ئابوورى (سەرمایە)، كە خۆى بە تەخشانوپەخشانكردنى بێهودە هاوسەنگ دەكاتەوە، بەڵام هێشتایش لە سوود خاڵى نییە، كەوایە هیچ مۆركێكى قوربانیدان و قوربانى (واتە جەنگ و دەستبڵاوى و بەفیڕۆدان)ى پێوە نییە، داخۆ دینامیكییەتى قوربانى لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر نایبڕێت و لە دڵیدا نییە؛ ئاخۆ ئابووریى سیاسى دواجار چییە جگە لە گۆڕاوێك دژ بە تاكەیاساى گەردوون كە یاساى دەسئاوەڵاییە؟»[6].
بۆدریار ئابووریى جەنگ[7] و قوربانى لاى باتاى هاوشوناس دەكات، بەڵام ئەمە بە ئاڵۆزییەكى زۆردا تێپدەپەڕێت. باتاى لایوایە قوربانى بە ماناى «دەرهێنانى شتێك لە جیهانێكى ئوبێكتەكانە و گەڕاندنەوەیەتى بۆ جیهانى ناونشینیى ئەسڵیى موقەددەس». واتاى ئەم ڕستە ئاڵۆزە دەكرێت ئەمە بێت: مرۆڤ لە ڕێگەى “كار”ەوە ئاژەڵەكان و پێدراوەكانى نێو سروشت دەكات بە كەرەستە بۆ خۆى، دەیانكات بە ئامراز لە خزمەتى ئارەزوو، خواست، پێویستییەكانیدا. بەڵام جۆرێك ناونشینیى ئەسڵى هەیە كە مرۆڤ هێشتا بە خود-ئاگاییەكەى، خۆى لێ جودا نەكردۆتەوە و بەهایەكى لە بەهاى شتەكان زیاترى بەخۆى نەداوە، هێشتا نەبووە بە سەروەرى ئامرازەكان، بەڵكو لەنێو هەمەجۆریى بووندا لەگەڵ دەوروبەرەكەیدا لە هەمان سەتحدا ژیاوە كە بێ ئەوەى هیچ هەستێكى گوناهـ، بێ هیچ یاسایەكى مرۆیى، بەشێوەى تووندوتیژییەكى ناوەكى[غەریزەیى] پەلامارى ئەوە دەدات كە دەیخوازێت. بەهۆى گەشەكردنى جیهانى مرۆییەوە لە ڕێگەى “كار”ى بەكۆمەڵەوە ئەم ناونشینییە دەپچرێت و مرۆڤ دەبێتە “سەروەرى گەردوون” [السید الكون]. بەڵام ساتە سەرەتاییەكە بەشێوەى كێشە و تەنگانە و ئازار دەگەڕێتەوە، دێتەوە بەردەمى سوبێكت.
كۆمەڵگەى مرۆیى سروتى قوربانى وەك جۆرێك ڕێوڕەسمى گەڕانەوە بۆ ئەم ناونشینییە داهێناوە. بەو پێیەى ئەمە گەڕانەوەیە، خۆخاكیكردنەوەیە بۆ پێگەیەكى نا-مرۆیى، بۆ پێگەى ئاژەڵى، ئەوا مرۆڤ لەبەردەم هێزێكى گەورەتردا ئەم گەڕانەوەیەى سەلماندووە؛ خودا. بەم جۆرە ڕێوڕەسمى قوربانى دەبێتە سروتێكى موقەددەس، دەبێتە شادى و ئاهەنگگێڕانێكى ئایینى بە بۆنەى كەمبوونەوەى بارى ئازار و هەستى گوناهبارى، دەبێت نەك تەنیا بە هۆى گەڕانەوە بۆ بەرائەتێكى سەرەتایى، كە ئەگەر مرۆڤ تەنانەت تێیدا دڕندەش بووبێت، ئەوا دڕندەییەكەى غەریزەیى، نەك هۆشیارانە و گوناهبارانە بووە، بەڵكو قوربانیكردن نیشانەى دەستئاوەڵایى مرۆڤ و سەروەرییەكەیەتى بۆ تەفروتوناكردنى موڵكەكەى. شادى و ئاهەنگ لە ڕێوڕەسمى قوربانیكردندا ناونراوە جەژن: مرۆڤ لە جەژندا دەیەوێت بۆ خۆى یان لە بەردەم خوادا بیسەلمێنێت كە جیهان ناكات بە ئامراز، تەماحى لە ساماندا نییە، بە پێچەوانەوە، سەرف دەكات، بەكاردەبات، دەخوات، و دەبەخشێتەوە، مومارەسەى دەستبڵاویى دەكات، لەنێو دەبات؛ باتاى ئەمە ناو دەنێت سەروەریى خراپە، مەبەستیش لێى پیشاندانى دەسەڵاتى سەرفكردن و قوربانیكردنیكردنە لە بەرامبەر ئەو جۆرە سەروەرییەدا كە خۆى وەك سەروەرییەكى تەكنیكى، وەك سەروەرییەكى شارستانى و مرۆیى و عەقڵانى لەسەر جیهان دەردەخات: سەروەریى چاكە. سەروەریى خراپە جۆرێك تووندوتیژییە كە مرۆڤ ناوەكییانە و ڕووبەخۆى مومارەسەى دەكات. ئەم شرۆڤەیەى باتاى بۆ ئەو چركەساتە دەگونجێت كە خودا بڕیارێكى تووندوتیژانە دژ بە گەلى یەهودى دەردەكات. دواى پەرستنى گوێرەكە زێڕینەكە، دەبێت گوێرەكەكە بسووتێنرێت، خۆڵەمێشەكەى بپرژێنرێتە نێو دەریا. بەڵام لە بەرامبەر تاوانەكەدا دەبێت گەل خۆى بكات بە قوربانى. بە بڕیاڕى خودا ئەوانەى كە ئەم بتەیان پەرست دەبێت یەكترى بكوژن بۆ ئەوەى لێخۆشبوون بیانگرێتەوە. تەیفوورى ئەم دیمەنە وەك قوربانیدان لێك دەداتەوە:
«ئیبن كەسیریش ئاماژە بۆ ئەمەى كە ئەوان دەبوا یەكتر بكوژن دەكات و وردتر دیمەنەكە دەگوێزێتەوە، بەڵام خاڵێكى زیادكراو ئەوەیە كە هەردوویان كوژراو و بكوژ، دەبەخشرێن و بەشەهید دادەنرێن، واتە ئەمە جۆرێك قوربانیكردنە بە ئەمرى خودا و بۆ ئەو، كە سەركەوتوویش دەبێت و نیازەكەیان دێتە دى.
موسا فەرمانى خوداى هێنایە جێ و ئەمرى بە كوڕانى ئیسراییل كرد یەكتر بكوژن. (…) تاریكاییەكى چڕ هەموانى نوقم كرد و یەكترییان كوشت. كاتێ تاریكاییەكە ڕەوییەوە هەفتاهەزار قوربانییان ژمارد. موسا و هاروون لە خودا پاڕانەوە بۆ ئەوەى لەوانە كە ماون خۆش ببێت، ئەگەرنا، هەموو كوڕانى ئیسراییل تەفروتوونا دەبوون […]
مردنى ئەمان وەك قوربانى، لە دەقى تەوراتیشدا دووپات كراوەتەوە و داوا لە گەل دەكرێت كە هەر كەس ڕۆژەكەى خۆى، یان لەو ڕۆژەدا خۆى تەرخان بكات بۆ خودا و لە دواییدا لێبوردنى خودا هەموویان دەگرێتەوە. دەقى تەورات نیشانى ئەم كردەى قوربانییەى لە وشەكەدا هەڵگرتووە و قوربانى یان تەرخانكردن لە دەقەكەدا ماوەتەوە:
موسا پێى گوتن: خودا، خوداى ئیسراییل وەهاى گوت: بڵێ هەر كەس لە ئێوە شمشێرەكەى بنێنێتە پاڵ خۆى؛ لە مسەرەوە بڕوات بۆ ئەوسەرى مەیدانەكە و بڵێ هەر كەسێك براى خۆى و كەسوكارى خۆى بكوژێت. منداڵانى لێڤى ئەوەیان كرد كە موسا فەرمانى كردبوو؛ نزیكى سێهەزار پیان لە گەل لەو ڕۆژەدا كوژران و موسا گوتى: ئەوڕۆ تەرخان (قوربان) بكەن بۆ خودا، بە قوربانیكردنى كوڕ و براتان، بۆ ئەوەى كە خودا ئەمڕۆ خێرێكتان پێ بكات»[8].
گەلى ئیسرائیل، دواى ئەوەى موسا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خواوەند، بەجێیان دەهێڵێت، لەو سامان و زێڕوزیوەى كە لە میسرەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانن، بتى گۆلكێك بۆ پەرستن دروست دەكەن، لەم ڕێیەوە دەیانەوێت جۆرێك جەژن و پیرۆزى لەبەردەم موقەدەسێكدا ڕابگەینن كە هەمان گەڕانەوەیە بۆ دۆخى ناونشینى بێ سوبێكت-ئوبێكت، ئوبێكت دەبەنەوە بۆ نێو دۆخێكى نا-ئوبێكتى، بۆ نێو پیرۆزییەك كە هیچ سوبێكتێكشى تێدا نییە، تاوەكو بیسەلمێنن كە هێندەى موقەدەسێكیان بۆ گرنگە، زێڕوزیوویان بۆ گرنگ نییە. ئەوان دەكەونە نێو بەكاربردنێكى پیرۆزانەى گرانبەهاترین سامانەوە كە پێیانە و دەیكەن بە شتێك كە “هیچ سوود”ێكى كردەیى بۆیان نییە دیوە پیرۆزییەكەى نەبێت. كاردانەوەكەى موسا دواى گەڕانەوەى ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە گەلى ئیسرائیل بە ڕێگەیەكى هەڵە ئەم گەڕانەوەیان ئەنجام داوە؛ هەڵەیەك كە هەستكردنە بە بارێكى قورسیى تاوانیش. هەڵەكە لەوێدایە كە جەژن بە بێ تووندوتیژییەك كە لە سەروەرییەكى خراپەوە دێت، بە بێ قوربانییەك كە هێزێكى باڵانشین دەیخوازێت، نابێتە جەژن. كەواتە وەك لە شرۆڤەكەى سەرەوەدا دەردەكەوێت، ئەم تووندوتیژییەى وا هى سەروەریى خراپەیە، ئاراستەى ناوەوە دەكرێت: دەبێت گەلى ئیسرائیل لە گەورەترین بۆنەى قوربانیكردندا یەكترى بكوژن، باوك و كوڕ، برا و برا، خزم و كەس تا لە گوناهیان پاك ببنەوە و جارێكى تر بۆ ماوەیەكى كاتى لە دۆخى نائاگایى بێتاوانانە و ئاگایى سەروەرانەدا بژین.
ئیسلام لە كوێدا لەم “سەروەریى خراپە”یە، لەم دەستبڵاوییە ڕەهایەى سامان و لەم خۆقوربانیكردنە جودا دەبێتەوە؟ لەوێدا كە هێزى سەروەر ڕێ دەدات ئەو تووندوتیژییەى وا لە گەلى ئیسرائیلدا ئاراستەى ناوەوە دەكرا، ئاراستەى دەرەوە بكرێت. دەستبڵاویى لە بەندەوە بۆ خودا هەڵدەگەڕێتەوە و یەهوەى بە زەبروزەنگ، دەبێتە ئەڵلایەكى بەخشندەتر، كە لەلایەك لەبرى ئەوەى موسوڵمانان لە ڕێوڕەسمى قوربانیدا لە یەكترى بكوژن، دەبێت لە “جیهاد”دا بێباوەڕان بكوژن؛ هەر لەم ڕێگەیەشەوە، لەبرى بەكاربردنى زێڕوزیووەكانیان لە بۆنەیەكى موقەدەسدا، دەبن بە خاوەنى زێروزیوو [غەنیمەت، دەستكەوت: ئەنفال]. باتاى ئەو تووندوتیژییەى كە بەم جۆرە ئاراستەى دەرەوە دەكرێت ناو دەنێت “نەزمى سەربازى”:
«ئەو جیاوەكییەى كۆمهڵگه [لە جیهانى ئاژەڵى] كه بۆتهی جهژن دهیتوێنێتهوه، ههر له سهرهتاوه لهسهر ئاستی كاره واقیعییهكان[Real works] – [بۆ نموونە] بهرههمهێنانی جووتیاری- له سنوورهكانی خۆیدا دهردهكهوێت، كه قوربانیكردن تێههڵكێش به جیهانی شتهكان دهكات. بهم شێوازه، یهكێتیی گرووپهكه توانای ئهوهی دهبێت توندوتیژییهكی وێرانكهر [Destructive violence] ئاڕاستهی دهرهوه بكات.
لهڕووی بنهماییهوه، بهدیاریكراوی توندوتیژیی دهرهكی، لهگهڵ قوربانیكردن یان ئهو جهژنهی كه تێیدا توندوتیژی، وێرانكارییهكهی خۆی ئاڕاستهی ناوهوه دهكات، لێكدژه. تهنیا ئایین جۆرە بهكاربردنێك دهستهبهردهكات، كه جهوههری ناوهكی ئهوانهی دهیانجوڵێنێت، لهكاردهخات. بهڵام كاری سەربازى [Armed action] ئهوانی تر یان دارونهداری ئهوانی تر وێران دهكات. سهرهڕای ئهوهیش، دهكرێت به شێوهیهكی تاكهكهسانه [تووندوتیژیى ناوەكى] لهنێو گرووپهكهدا مومارهسه بكرێت، بهڵام گرووپه دروستبووهكه دهستدهكات به مومارهسهكردنی ئهو توندوتیژییه بهرهو دهرهوه، ئهو كاتهیش پهرهدهدات به بهرهنجامهكانی. كاری سەربازى له جهنگه كوشندهكان و كوشتارگهكان و تاڵانكاری و ڕاووڕووتدا، واتایهكی نزیك له واتای جهژنهكانى ههیه»[9].
باتاى لایوایە گۆڕانى نەزمى خۆقوربانیكردن (قوربانى جووەكان لە شەوى یەكتركوژییەكەدا) بۆ نەزمى سەربازى (جیهاد و غەنیمەت) بە واتاى سەرهەڵدانى هێزى جەنگـە، جەنگێك كە دەستكەوتى هەیە؛ بەڵام ئەم جەنگ/غەزایە لەوێوە كە “دەستكەوت”ى هەیە كەواتە پەیوەندیى بە “كار”یشەوە هەیە. غەزا، هەمان تووندوتیژیى دەرەكى كە دەستكەوتنى غەنیمەت مومكین دەكات، لاى باتاى لەوێدا پەیوەندیى بە كارەوە هەیە كە ئەو هێزەى جەنگ بەرپا دەكات «خهڵكانی دیكهی هاوچەشنى خۆی ملكهچ دهكات بۆ خزمهتكاری و كۆیلایهتی. بهمهیش له ڕێگهی توندوتیژییهوه مرۆڤایهتی دهخاته ژێر باری نهزمی شتهكانـەوه، بێگومان جهنگاوهر هۆكار نییه بۆ ئهم پرۆسهی ملكهچپێكردنه. لهبهرئهوهی ئهو پرۆسهیهی كه كۆیله دهكات بە شتێك، پێویستی به دامهزراندنێكی پێشوهختهی كار ههیه. كرێكاری ئازاد به شێوازێكی خۆۆیستانە و بۆ ماوهیهكی دیاریكراوی زهمهن، شتێكه. بهڵام تهنیا كۆیلهیه كه نهزمی سهربازی كردوویهتى بە كاڵا، ئینجا ههر ئهویشه كه تهواوی ئاكامهكانی ملكهچی لە ئەستۆ دەنرێت (پێویسته سهرنج لهوه بدهین، كه بهبێ كۆیلایهتی جیهانی شتهكان نهدهگهیشته پڕێتی و تهواوێتیی خۆی)»[10]. واتە لە سەرەتادا كارى كۆیلەیى و بێگارى كە لە سەرمایەداریدا دەگۆڕێت بۆ كارى كۆیلەى نوێ: كارى كرێگرتە.
[1] مەنسوور تەیفوورى: سەرچاوەى پێشوو، ل42.
[2] سيغموند فرويد: الطوطم و التابو، ترجمة: بو علي ياسين، دار الحوار للنشر و التوزيع، الطبعة الأولى، سورية الاذقية، 1983، ص175.
[3] مەنسوور تەیفوورى: سەرچاوەى پێشوو، ل118.
[4] هەمان سەرچاوە، ل140.
[5] تەیفوورى: هەمان سەرچاوە، ل143-144.
[6] جان بودریار: عندما يهاجم “باطاي” المبدأ الميتافيزيقي للاقتصاد، ترجمة: د. محمد عجينة، 2014.
http://nomene.blogspot.com/2014/01/blog-post_4718.html
[7] زاراوەیە ئیسلامییەكەى جەنگ “غەزا” یان “فەتح” یان “جیهاد”ە؛ بۆیە لە سیاقى قسەكردنماندا لە مێژووى ئیسلام دەتوانین چەمكى “ئابووریى غەزا” دابڕێژین.
[8] تەیفوورى: سەرچاوەى پێشوو، ل124-126.
[9] جۆرج باتاى، تیۆرى ئایین، وەرگێڕانى: هاوار محەمەد، دەزگاى ئایدیا بۆ فیكر و لێكۆڵینەوە، سلێمانى، 2017، ل 133-135.
[10] هەمان سەرچاوە، ل138-139.