نووسین: شارا تاهیر
بەشی سێیەم
ئێستاکە مقۆمقۆی درووستبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ وا لەگۆڕێ، هەمووی باسی نەخشەی تازە و نوێ بۆ ناوچەکە دەکەن، هەمووی قسە لە سەر ئەمەریکا و دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە درووستبوونی و نەخشەندانی ئەم نەخشە نوێیەدا دەکەن، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە بەرەو پێشەوەمان دەبات و ڕزگارمان دەکات یاخود دەمانباتەوە دواوە؟ یان ئەمە خۆی خاڵی بنبەست و چەقبەستنە لە ناو گێژەڵۆکەی هێز و هەژموونی زلهێزەکانی دونیادا؟ یان هێشتا ئەمەیش ڕوون بەرچاو نییە، هەر بۆیە زۆرێک لە سیاسییەکان بە دۆخی خۆڵەمێشیی و دۆخی گواستنەوەی قۆناغێک بەرەو قۆناغێکی تر ناوی دەبەن.
بە گەڕانەوە بۆ دیدوبۆچوونەکانی ئاپۆ سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، ئەوا پێشوەخت پێویستە پێناسەیەکی ڕاست و درووستی چەمکی دەوڵەت بکەین، چونکە هەموو ئەم تەمومژ و ناڕوونییەی لە دەوری ئەم قۆناغە نوێیە هەیە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە بوێریی ئەوەمان نیە بە ڕوونیی بچینەوە سەر مێژوو و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت و پێناسەی دەوڵەت وەک خۆی بکەین. ئاپۆ ئاماژە بە (باکۆنین) دەکات وەک بیرمەندێکی ئانارشیست کە باوەڕی وایە دەوڵەت بریتییە لە (خراپەی ڕەها و موتڵەق) ئەو خراپەیەی زەرورەتە و بوونی پێویستییەکی جەبرییە بۆ هەموو میللەت و نەتەوەیەک. دەوڵەت بوونێکی هێندە جەبریی و زەروورییە بۆ هەموو نەتەوەیەک کە تەنانەت مارکسیش نەیانتوانیوە چەمکی دەوڵەت تێپەڕێنێت بە قۆناغیکی زەروریی و ئیجباری بینیویەتی. وەلێ ئەوەی ئاپۆ لە مارکس جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئێمە پێویستمان بە دەوڵەت نییە، چونکە خودی دەوڵەت هەر لە سەرەتاوە ئامڕاز و دەساوێژی کارەساتی گەورەی مرۆڤایەتیە، دەوڵەت بەبێ داگیرکاریی و ستەمکاریی ئەوانی تر درووست نەبووە و درووستیش نابێت، بەم مانایەش بێت دەوڵەت نە زەرورەتە و نە ئیجباریشە، ئاپۆ ڕاشکاوانە دەڵێت: (ئەگەر منیش پێشتر خلیسکابێتمە ناو گەمەی باوەڕبوون بەوەی “ئازادیی پێویستی بە هەژموونی دەوڵەت”ـە، ئەوا تاوانێکم کردووە، خودی تاوانەکەم لە ڤایرۆسی شەڕ و هەژموونی دەسەڵاتەوە هاتووە، باوەڕ و یەقینم بەوەیە چارەسەری هەموو کیشەکان لە درووستبوونی دەوڵەتدایە، ئەو دەوڵەتەیش بە شەڕ درووست دەبێت و بە شەڕ و جەنگ سنوورەکانی دیاریی دەکرێت، ئەم باوەڕە بۆ ئێمەیش وەک قسەی قورئان وابووە، ئەم ئیمان و یەقینە نەک هەر بۆ من بەڵکوو نەخۆشییەکە بە زمان و سەروێرد و زهنی هەموو سەرکردەی چەوساوەکانەوەیە، منیش وەک سەکردەیەک لەم نەخۆشییە بەدەر نەبووم، هەر بۆیە دەڵێم تاوانبارم).
چونکە ئەزمونەکانی دەوڵەتبوون لە یەکەم دەوڵەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، تا دەوڵەتی ئێستای سەرمایەداریی، کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات، ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە دواتر هەمووی دەبێت بە چەتە و ڕێگر لە بەردەمی ئەوانی تر، دەوڵەت بێ چەوسانەوە و داگیرکردنی ئەوانی تر وەک بوونێکی تۆکمە و پیرۆز، ناتوانێت خۆی ڕابگرێت و درێژە بە خۆی بدات. هەر بۆیە بۆ ئاپۆ پێناسەی دەوڵەت نەک نابێتەوە بە زەرورەت و پێویستییەکی ئیجباریی، بەڵکوو بە وەرهەمێکی خراپ و کوشندەی مرۆڤایەتی ناوی دەبات و پێی وایە دەبێت ئەم وەرهەمە لە ڕەگوڕێشەوە ببڕیتەوە. بۆ ئەوەی ڕەگوڕیشەیشی بزانین ئەوا دەبێت بچینەوە سەر مێژووی درووستبوونی یەکەمین دەوڵەت کە دەوڵەت سۆمەریی و ڕاهیبەکانە. هەڵبەت لێرەدا ئاپۆ مەبەستی لە دەوڵەتە وەک ئادات و ئامڕازی دەسەڵاتگەرایی و چەوسانەوە و ستەمکاریی، لێ بەشەکەی تری دەوڵەت کە پەیوەستە بە بەرهەمی گشتیی و ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، ئەوا ئاپۆ باسی دیموکراتی دەکات وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت، واتە دیموکراتی لە ناو بونیادی دەوڵەتدا نا، بەڵکوو خودی دیموکراتی لە بری ئەو بوونەی پێی دەوترێت دەوڵەت.
جێی سەرنجە ئەم تێزە لە ڕابەر و سیاسیەکی وەک ئاپۆ بێت، ئاپۆ وەک یەکێک لە هەرە سەرکردە لێهاتووەکانی کورد، کورد وەک گەورەترین میللەتی دونیا کە تا ئێستایش خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، هەر بێ دەوڵەتیی و لەتبوونی لە چوار دەوڵەتی ناوچەکە کردوویەتی بە پاروویەکی ئاسان بۆ هەر لایەک بیەوێت زەفەری پێ ببات! ئێمە وەک کورد چۆن بتوانین ئەم تێزەیەی ئاپۆ قبوڵ بکەین کە ئەم تێزە بۆ خۆی دژەتێزی ئاپۆ خۆیەتی لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە هەڵوەشانەوەی خەونی ملیونەها کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ، خەونێکی دێرین بۆ ئازادبوون لە چنگی داگیرکاریی تورک و عەرەب و فارس. هەر بۆیە بۆ ئەوەی لە خۆمانەوە ڕمڵی تانە و ڕەخنە لە ئاپۆ نەدەین و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی بە کەم نەگرین، بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا لە ئیمان بێ ئیمانی ئاپۆ بە دەوڵەت بگەین، ئەوا لانی کەم پێویستە زۆر بە وردیی پارادیمەکەی و ستراتیژی پارادیم و کۆی تێزەکەی، بە وردیی بخوێنینەوە.
بە ڕای ئاپۆ هەموو ئەو کۆمەڵناس و عارفانەی دەستیان بۆ پرسی دەوڵەت بردووە و تیوریزەیان کردووە، هەر هێندەی ڕاهیب و کاهینە سۆمەرییەکان لەم چەمکە گەیشتوون. لێرەیشدا ئاماژە بە مارکس دەکات، بەو پێیەی ئاپۆ هەر لە سەرەتاوە زۆر لە ژێر کاریگەریی مارکسدا بووە.
بە ڕای ئاپۆ دەکرا چارەنووسی سەرمایەداریی سەرکەوتن و گەشەسەندن نەبێت وەک گەورەترین زلهێزی دونیا کە هیچ نەماوەتەوە هەڵی نەلووشێت و ڕاینامەڵیت. وەک ئەوەی مارکس پێی وابوو سەرمایەداریی و هەموو سیستەمە چینایەتییەکانی تریش هێڵێکی ئیجباریی و زەرورەتێکی مێژوویی بوو و نەدەتوانرا خۆمانی لێ لادەین، بەم دیدەیشی مارکس باشترین یارمەتیی و پاڵپشتی سیستەمی سەرمایەداریی کردووە، سەرەڕای هەموو هەوڵە جدییەکانی دژی سەرمایەداریی، دواجار بە قازانجی سەرمایەداریی و سیستمەکە شکاوەتەوە، چونکە کاتێک ئێمە باسی یاسا و قانوونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی دەکەین، ئەوا ئەم یاسایانە لە جەوهەری خۆیاندا شلیی و نەرمییەکیان تێدایە و ناکرێت هەمان شێوەی یاسای فیزیا و کیمیا و بایەلۆژیا یاسای ئیجباریی و زەرورەتی بوونیان بە سەردا جێبەجێ بکەین. واتە ناکرێت ئێمە باوەڕمان بەوە بێت گۆڕانکارییەکان بە خەت و هێڵێکی ڕاست و ڕێکدا دەڕۆن، بەڵکوو خودی گۆڕان لە هەناوی کایۆس و گێژاوەوە دێت، ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە حەتمیەت و قەدەری ئەو ڕاستتیە بێت کە شتەکان بە خەتێکی ڕاستدا دەڕۆن، ئەوا ئەم باوەڕە لە جەوهەریدا دیدێکی دینیی لەخۆ دەگرێت و سەرەتاکەیشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ درووستبوونی یەکەم دەوڵەت و کرۆکی دەوڵەت وەک پیرۆزی ڕەها و هیچ هەلێک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە.
ئاپۆ پێی وایە ئیمە پێویستمان بە زانستێکی نوێی سۆسۆلۆژییە تا هەڵەکانی کۆن ڕاست بکەینەوە و بوێرین شتەکان وەک خۆیان ناو ببەین. پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای زۆر سەرەتا، ئاماژەکردن بە کۆمەڵگەی مەشاعیی و سەرەتایی بە تەنها وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کە وەک جەبر و زەروورەتی مێژوو بەجێمان هێشتووە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەردەوامیی و درێژەپێدانە بە کرۆکی ستەمکاریی، چەوسانەوە، دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت. بە ڕای ئاپۆ ئێمە دەبێت وەک یەکەم خانەی سەرەتایی درووستبوونی کۆمەڵگە تەماشای کۆمەڵگەی سەرەتایی بکەین، نەک ئەوەیش بەڵکوو پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەم سەرەتایە و هەر لەوێشەوە دەست پێ بکەینەوە، تا بتوانین لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداریی ڕزگارمان بێت، کە لە ئێستادا ئەمەریکا سەروەریی و نوێنەرایەتیی دەکات، کۆمەڵگەی سەرەتایی وەک ڕەحم و دایکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی، لێرەیشدا ئاپۆ جەخت لە دایک و وێنای دایک وەک خوداوەند دەکاتەوە.
هەمدیسان بۆ ئاپۆ ئەوەی لە نێو مێژووی مرۆڤایەتییدا مەزن و مەزنتر دەبێت، ئەوەی تا بێت هەڵدەئاوسێت و گەورە دەبێت، بە جۆرێک ئیتر خۆی لە نێو خۆیدا جێی نابێتەوە، هەژموون و دەسەڵاتی دیموکراتیی نییە، بەڵکوو دەسەڵاتگەرایی، ستەمکاریی، چەوسانەوەیە، ئەمەیش بە پاڵپشتیی دەسەڵات و جەنگ کراوە، بە بەردەوامیش دەکرێت، تەماشاکردنی دەسەڵات و هەژموونی شەڕ بە واتا تەسکەکەی ئەقڵ و ئیدراک، خولیای گەورەبوون لە ناو بنیادی دەوڵەتدا بە بیانووی دەسەڵات بۆ گەشەسەندنی ئیجباریی و زەرووری دەوڵەت، خۆی جەوهەری کێشەکانە. هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە جیاکردنەوەی هونەری سیاسەتە لەگەڵ عەسکەرتاریەت، هونەری سیاسەت بۆ بەڕێوەبردن و ئاسایشی گشتیی. بە ڕای ئاپۆ ئەوەی تۆزێک ئیدراکی هەبێت لەم جیاکردنەوەیە تێدەگات، چونکە دەرئەنجامی جودانەکردنەوەی ئەم دووانە لەیەکتر، دەرەنجامی کارەستباری بۆ مرۆڤایەتیی لێ کەوتووەتەوە، هێشتا هەر بەردەوامیشە، گەر خۆمانی لێ دەرباز نەکەین، ئەوا بە کۆتایی مرۆڤایەتی تەواو دێت.
واتە جیاکردنەوەی ئیدارەی دیموکراتیی لە ئیدارەی ستەمکاریی جەوهەری تێگەیشتنمانە لە چەمکی دەوڵەت. بۆ ئەوەی ئەم جیاکردنەوەیە بکەین، ئەوا پێویستمان بە زەمینەسازییە لە هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیکییدا، هەڵبەت لە هیچ شوێنێکی تێزەکەی ئاپۆ ئەوە نەهاتووە کە تۆ وەک ئیدارەیەکی دیموکراتیی خاوەنی هێز و میلیتاری خۆت نەبیت وەک میللەت، لە کاتی جەنگدا دەستەوسان بوەستیت تا کۆمەڵکوژت بکەن.
ئەم گەڕانەوە پاشەوپاشەی مێژوو بۆ ئاپۆ قسەکردنێکی سەرپێیی و هەنووکەیی نییە، بە تەنها زادەی کاریگەریی چەوسانەوەی خۆی وەک زیندانیەکی سیاسیی بۆ زیاد لە بیست و پێنج ساڵ لە دوڕگەی ئیمراڵی نییە، کە زۆرێک لە کاڵفامی خۆیان پێیان وایە ئێمە نابێت گوێ بۆ ئاپۆ بگرین و تێزەکانی بە هەند وەربگرین وەک کورد وەک میللەتێکی بێ دەوڵەت، چونکە ئاپۆ ئەم قسانەی لە ژێر کاریگەریی زیندانە تاکە کەسییەکەی خۆیدا کردووە.
بۆ هەر کەسێک بایی مسقاڵەزەڕەیەک ئاشنای خوێندنەوە و فیکر بێت، ئاگای لە تیۆرییە فکریی و فەلسەفییەکان بێت، ئەوا دەتوانێت درک بەو ڕاستییە بکات کە هەموو ئەو نووسینانەی ئاپۆ لە زیندان نەک زادەی ئەزموونی تەنیایی جەبریی و چەوسانەوەی تایبەتیی خۆی نییە، بەڵکوو زادە و بەرهەمی ئیدراک، ڕامان، خوێندنەوەی قووڵ و ورد، زادەی هەرسکردنی میراتێکی مێژوویی لە خودی مێژووی مرۆڤایەتییە، زادەی مێژووی چەوسانەوە و سەرکوتکردنی مرۆڤایەتیی بە گشتیی و ژن و دایکە بە تایبەتیی. سڕینەوەی تەواوی مێژووییەکە کە ئێمە لێوەی هاتووین و تاکە چارەیەکیشمان هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرەتایە، تا لەوێوەوە دەست پێ بکەینەوە، جا ئەمە ئەگەر هەلێک بۆ دەستپێکردنەوە مابێت.
هەر بۆیە بۆ من نەک پێویستە ئاپۆ بخوێنینەوە و وەک فەیلەسووفێکی دەگمەن لەگەڵی بڕۆین، بەڵکوو پێویستە لە سەر نووسینەکانی بوەستین و ڕاڤە و شڕۆڤەی ڕژد و قووڵی بۆ بکەین، ئەو کاتە لە ئاپۆ تێ دەگەین کە لە چنگی سیاسەت و چەمکی ( شەڕ-ئاشتی) نێوان تورک و کورد، دەری دەهێنین و جارێکی تر نەک بە تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتیی سوودی لێ وەردەگرین، وەک سەرەتایش دەگەڕێینەوە سەر ئەو چوار ئاستەی تێزەکەی.
قۆناغی یەکەم: کە قۆناغی داڕمان و شکستی بێشوماری هێز و هەژمونی شەڕگەراییە. هەموو فەتحکەرانی مێژوو، هەموو ئەوانەی بە سەرکەوتنەکانیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە ڕووداوی مێژوویی ئاوارتە و گەورەی سەربازییان ئەنجام داوە، نەک ئەوەیش بەڵکوو سەپاندنی ئەم سەرکەوتنانە وەک سەروەریی لە مێژوودا، وەلێ ڕاستییەکەی ئەمە نەک ڕاست نیە و هەقیقەتی ئەو مێژووە نییە، بەڵکوو ڕاستییەکەی سیستەمێکی کۆیلایەتییان سەپاندوە، چونکە دواتر هەموو شتەکان، هەموو مرۆڤەکان، یان وردتر بڵێین دۆڕاوەکان لە ژێر چوارچێوەی هێز و هەژموونی یاسادا بوون، کە یاسا و هەژموونی فەتحکەران و براوەکانی شەڕەکە بوون. لێرەیشدا هیچ بوار و هەل و شوێنێک بۆ ناڕەزایەتی و دژایەتیی نامێنێتەوە، تەنانەت لە سەر ئاستی دەروونیی و زهنیش ناتوانین بیر لە شتێکی جیاواز بکەینەوە، دواجار بە یاسای ئەوان هەڵدەکەیت، دەژیت و هەر بە یاسای ئەوانیش دەمریت. لێرەیشدا ئاپۆ ئاماژە بە هەموو سیستمە تۆتالیتارییەکانی میژووی مرۆڤایەتیی دەکات، بە تایبەت سیستەمە ئیمپراتۆریی و فاشییەکان، هەڵبەت سیستەمی مۆنارکیش لەمە نەک بەدەر نەبووە، بەڵکوو بەرجەستەی تەواوی ئەم قۆناغەیە. لێرەیشدا هەژموون و دەسەڵاتی دین و فتوحاتە دینییەکانمان بیر نەچێت.
قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە بە پێچەوانەی ئەوەی یەکەمەوە بریتییە لە سیستمی ژیانی ئازاد بۆ کۆمەڵگە بە هەموو چین و ئاستە جیاوازەکانییەوە لە خێڵ، کڵان، گەلانی جیاواز، لێرەدا گرووپ و چینە جیاوازەکان دەتوان بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن، دەتوان پارێزگاریی لە کەلتووری خۆیان وەک ئەوەی هەیە بکەن و بپارێزن، ئەم سیستمە دژ بە سیستمی تاڵانچێتیی و شەڕانگێزییە کە لە ژێر پەردەی دەوڵەتی هەرەمیدا خۆی شاردووەتەوە. ئەمەی لێرەدایە سیستمێکە گوزارشت لە هەڵسوکەوتی خەڵکی خۆڕاگر و بەئەمەک دەکات، خەڵکانێک کە شکستیان نەهێناوە. هەموو ئەو جۆرە نەتەوانەی لە دڵی بیابان، شاخ و جەنگەڵەکاندا ماون، بە هەمیشەیی بەرەنگاری هێرش و دڕەندی هێزی شەڕ دەبنەوە، ئەوانە دەتوانین چاویان لێ بکەین، بە مانایەکی تر هەموو ئەو گرووپ و خەڵکانەی لە سەر بنەمای سیستمی یەکەم و لە کێشمەکیشی شەڕدا درووست نەبوون، دەتوانین وەک نموونەی ئەم سیستمە ببینین، چونکە جەوهەری ئەم سیستمە ئازادیی، سەربەخۆیی، یەکسانی دادوەرییە بۆ هەمووان. لێرەدا دەتوانین جارێکی تر بەر ئەشق بەر ئەدەب و مانای هونەریش بکەوینەوە.
قۆناغی سێهەم: لە سیستمی کۆمەڵایەتییدا ئەم جۆرە پێی دەوترێت دەوڵەتی (ئاشتی و سەقامگیری)، لە سەرەتاوە ئەم دۆخە لە ئاستی هاوسەنگی نێوان هەردوو هێزەکەدا درووست بووە، لێ لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، چونکە ڕوونە دۆخی شەڕ و پێکدادان بە هەمیشەیی و بە بەردەوامی بوون و کەینونەی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر هەڕەشەی گەورە و لەناوچوونەوە، ئەوانەی لە دۆخی شەڕی بەردەوامدان، ڕەنگە پەی بە گرنگیی و زەروورەتی بەرژەوەندیی هاوبەش نەبەن، هەر بۆیە بەپێی پەیمانی (ئاشتیی و سەقامگیریی) و بە ڕێگەی جیاواز بەرەو ئاشتەوایی دەڕۆن. لێرەیشەوە ڕێکەوتن و پەیمانی ڕێکەوتن بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی، وەک مەرجێکی حەتمی بۆ مانەوەی هەردوولا دەبێتەوە بەردی بناغە بۆ ئاشتەوایی. ئەو کاتانەیش هەندێ جار ئەگەر هەموو ئەو مەرجانەیش جێ بەجێ نەبێت، وا هەردوولا ئیشیان بۆ کردووە و ئاواتەخوازن پێی بگەن، ئەوا دۆخەکە لە شەڕی موتڵەقەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆزەکان دەڕوات بۆ نیمچەشەڕ تا هەڵگیرسانی شەڕیکی تر، ئەم دۆخە بۆ خۆی لە شەڕ سەخترە، چونکە لە نێوان بەرخودانی گەلان و دەسەڵاتە نەدۆڕاوەکەیان کە لە بنی دەسەڵاتەکەی سەرەوەیە، هەمیشە کەڵکەڵەی شەڕێک بە ڕێوەیە، هەر بۆیە دەتوانین ئەم دۆخی هاوسەنگییە لە چوارچێوەی شەڕ و ئاشتیدا بە (نیوەی شەڕ) وەسف بکەین.
قۆناغی چوارەم: ئەمەیش دوا قۆناغە و بۆ ئاپۆ دۆخی خاڵیبوونەوەیە لە کێشمەکێشی نێوان هێز و هەژموونی شەڕ-ئاشتی. ئەم قۆناغە لەدایک نابێت و نایەتە دی ئەگەر هەردوولا نەگەنە خاڵی ناوەڕاست بۆ دەستبەرداربوون لە شەڕ. ئاپۆ هەمدیسان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی سەرەتایی، دەکرێت ئاشتی و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەی مەشاعیی سەرەتایی گەشەکردوودا باڵ بکێشێت و بەردوام بێت، یان بەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەم کۆمەڵگەیە دووچاری کێشمەکێشی نێوان شەڕ و ئاشتی نەبووە، یان ئەوەتا خودی سیستمی شەڕ-ئاشتی تێدەپەڕێنێت. هەر لە ڕێی خودی کۆمەڵگەی مەشاعییەوە، چونکە لەم کۆمەڵگانەدا جێگەی شەڕ-ئاشتی نەبووە، جا گەر شتێک هەر لە سەرەتاوە بوونی نەبێت، ئەوا ئێمە پێویستمان بە خودی چەمکسازیی و قسەکردن و بە گرفتکردنی نییە. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی هەرەمیی و دەوڵەت، ئێمە ئەم جیاوازییە دەبینین وا شەڕ-ئاشتی لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت و هەیمەنە و هەژموونی دەوڵەت و پیرۆزی دەوڵەت درووست دەبێت.
لە ماڵپەڕی ئازادی کۆمەڵگە وەرگیراوە.