بەشی یەکەم
نووسین: هاوار محەمەد
پوختە
ساڵى ڕابردوو بەشێك لە تێزى دكتۆراكەى مەنسوور تەیفوورى بە شێوەى كتێبێكى سەربەخۆ بە زمانى كوردى بە ناوى “ڕەچەڵەكناسیى ئەنفال-پێشەكییەك بۆ ئابووریى سیاسیى ئیسلام” بڵاوبوویەوە. لێكۆڵینەوەى لەم جۆرە دەربارەى ئەنفال لە نێو ڕۆشنبیریى ئێمەدا دەگمەنە؛ چونكە شێواز و میتۆدى نووسینەكەى، ڕوانگە فەلسەفییەكەى و سەرچاوەكانى شیكارییەكەشى ڕێگەیان پێداوە بە دوورودرێژى و هاوكات بە وردى ڕیشەكانى شێوەگرتنى زاراوەى “الأنفال” و ڕێسا شەرعییەكانى و وەرچەرخانەكانى ئابوورییەكى ئایینى پەیوەست بەم پرسە، لەنێو ڕووداوە مێژووییەكانى سەردەمى سەرەتاى ئیسلامدا پیشان بدات و لەوێوە ئەو پارادایمە بناسێتەوە كە دەبێتە مایەى ئەنفالى كورد لە سەدەى بیستەمدا. بەم مانایە، تەیفوورى هەوڵ دەدات ئەو سیستەمە ئابووریى سیاسییە بپشكنێت كە ئەنفال نەك تەنیا تێیدا ڕووداوێكى مێژووییە، بەڵكو خودى ئەو پنتەیە كە نەزمێكى شەرعى لەسەریەوە دادەمەزرێت و لە مێژوودا شێوە دەگرێت و دەگۆڕێت.
ئێمە لەم وتارەدا تاوتوێى تێزە سەرەكییەكانى نێو بەرهەمەكەى تەیفوورى دەربارەى “ئەنفال وەك غەنیمەت” و وەك “هۆمۆساكەر” دەكەین و گۆڕانى ماناكەى لە مێژووە جینالۆژییەكەیدا دەپشكنین، هاوكات لەو ڕێگەیەوە ئاوڕ لە ڕووداوە بنچینەییەكانى پێكهاتنى حاكمیەتى خەلافەت لە مێژووى ئیسلامدا دەدەینەوە و دواتریش جیاوازییەكەى لەگەڵ دەسەڵاتى حاكمیەتى بایۆپۆلەتیكى مۆدێرندا پیشان دەدەین. خاڵى سەنتراڵ لەم پشكنینەدا ئەوەیە كە لە ڕێگەى ڕەخنەیەكى پۆزەتیڤەوە ئەرێى بەرهەمەكەى تەیفووری بكەین تاوەكو لەگەڵیدا كۆنسێپتێك دەربارەى ئەنفال بەرهەم بهێنین كە لە خستنەڕووى ڕووداوەكەدا وەك “مەرگەساتێك” و پیشاندانى كورد وەك “قوربانى”ـى شەڕەنگێزی و سادیزمى تاكە سەركردەیەكى دیكتاتۆر تێپەڕێت، لەبرى ئەوە وەك بەرهەمى لۆژیكیى بونیادەكانى دەسەڵاتى حاكمیەتى بایۆپۆلەتیك لێكى بدەینەوە كە “كەمپ” لە سەرەكیترین فەزاكانى مومارەسەكردنیەتى.
زاراوە سەرەكییەكان:
ڕەچەڵەكناسى، ئەنفال، حاكمیەت، خەلافەت، ساكرێ، هۆمۆساكەر، بایۆپۆلەتیك، كەمپ.
جینالۆژیا: میتۆدێك بۆ ئەنفالناسى
گەڕانەوەى توێژەرى ئەنفال بۆ نێو وردەكارییە مێژووییەكان، بەو واتایەیە كە ئەنفالناسى بە بێ ناسینى ڕیشەكانى ئەنفال، بە بێ تێگەیشتن لە چۆنیەتى شێوەگرتنى و ئەو لابەلابوونەوە مێژووییەى كە “ئایینە نوێیەكە” (ئیسلام) لە چەمكەكەیدا دروستى دەكات، مەحاڵە. لەبەرئەمەیە نووسەر لێكۆڵینەوەكەى خۆى بە ڕەچەڵەكناسىى لە قەڵەم دەدات؛ هەمان ئەو میتۆدەى كە كۆمەكمان پێ دەكات ئەم ڕیشانە بپشكنین.
“ڕەچەڵەكناسى” بەرامبەرە كوردییەكەى زاراوەى Genealogyـیە و لایەنیكەم سێ فەیلەسوفى گەورە لە لێكۆڵینەوەكانیاندا بە چڕى بەكاریانهێناوە و گەشەیان پێداوە: فریدریك نیچە، میشێل فۆكۆ، جۆرجیۆ ئاگامبێن. بەو هۆیەى ئەم زاراوەیە، نەك تەنیا لە نووسینى كوردیدا، بەڵكو لە فەزاى فیكرى ڕۆژئاواییشدا هێشتا ئاڵۆزە و تەمومژەكانى بە تەواوەتى نەڕەویوونەتەوە، هەندێجار دەبێتە مایەى بەدحاڵیبوون، چونكە وا دێتە بەرچاو كە خواستى “گەڕانەوە بۆ ڕیشەكان“ـە؛ وردتر بڵێن لەم باسەدا كێشەى “گەڕانەوە” وەك پرسێكى شیكارى لەگەڵ “ڕیشەخوازى”ـدا وەك سندوقى دۆگمەكان تێكەڵ بە یەكتر دەكرێن.
ئایا گەڕانەوەى جینالۆژیى چیە و چۆنە؟ چى جیاى دەكاتەوە لە گەڕانەوەى فەندەمێنتاڵیستانە بۆ ڕیشەكان؟ گرنگى هەوڵى وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە لەوەدایە كە دوو شێوازى گەڕانەوەمان پیشان دەدات، گەڕانەوەى فەندەمێنتاڵى و گەڕانەوەى جینالۆژى: یەكەمیان گەڕانەوەیەكى ڕیشەخوازانەیە بۆ ئەسڵە پەتییەكان بۆ مەحكومكردنى ئێستا بەو ئەسڵانە؛ دووەمیان گەڕانەوەیەكى شیكارییخوازنەیە بۆ دۆزینەوەى ئەو لابەلابوونەوانەى ڕابردوو كە بوونەتە هێڵى شكانەوە بۆ ڕەخساندنى ڕوودانى شتێك لە ئێستادا. ڕاستییەكەى ئەوەیە، ڕەچەڵەكخوازى و ڕەچەڵەكناسى هەمان شت نین، فەندەمێنتاڵیست و فیلۆلۆگ لە دوو ڕێگاى جیاوازەوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو. فەندەمێنتاڵیست، كەسى “ئوسوڵى”، ئەسڵ وەك كانگایەكى ڕوون و سازگارى “مانا ڕاستەقینەكان” دەبینێت، شێوازى ژیانى فیگورە كەوناراكان و هەلومەرجى كۆمەڵایەتیى سەردەمە بنەڕەتییەكان نەك تەنیا وەك مۆدێلێك بۆ ئێستا دەهێنێتەوە، بەڵكو لایوایە زەمەن پێویستە تاك ئاراستە لەسەر ئەو مانا ڕاستەقینانە بڕوات [یان بوەستێت] و هەر جووڵە و گەشە و بەرەوپێشچوونێك بە “بیدعە”، بە “فیتنە”، بە “لادان” دادەنێت و لە حاڵەتە ئاینییەكەیشدا بە “كوفر”. لەم ڕوانگەیەوە ئەوەى لەدواى مانا بنەڕەتییە ڕاستەقینەكانەوە سەریانهەڵداوە “مانا ساختەكان”ـن كە هەوڵى شەیتانەكانن بۆ شێواندنى مانا پاكژە خوداییەكان. بە پێچەوانەوە، گەڕانەوەى ڕەچەڵەكناسى گەرچى دان بەوەدا دەنێت چركەساتى گرنگ و بەرچاو لە ڕابردوودا هەبووە، بەڵام خواستى ئەوە نییە داهاتوو بەم چركەساتانە لە قاڵب بدات و بۆ ئەبەدى لەسەر “ڕێبازەكە”ى بڕوات، چونكە پێشوەختە دەزانێت هەر چركەساتێكى گرنگ تاقانەیە و تێدا ژیانەوەى، بە هەمان تیاژیانى ساتى یەكەمەوە، مەحاڵە، ئەوە نەبێت كە هەر ساتێكى پچڕانى مێژوویی ئێستاش بۆ خۆى هەر “یەكەم سات”ـى خۆیەتى. بەم جۆرە جینالۆژیست لە برى گەڕان بە دواى “ماناى ڕەسەن”دا وەك “ماناى پاكژ”، “ماناى باڵا”، “ماناى ئەبەدى”، بەدواى ئەو زەمینەیەدا دەگەڕێت كە حوكمى هەر “ڕاستەقینە و باڵایەتییەك” پێك دەهێنێت؛ واتە گەڕان بەدواى “ساتەكانى دامەزران(دن) یان “ساتە دامەزرێنەرەكان”ـى نەزمێكى بەهایى-مانایى یان ئابووریى-سیاسیدا كە لە پێچەڵان و پنتە ناڕوونەكانى ڕابردوودا چەكەرەیان كردووە.
ئەم تەنگژەیە لەنێو خودى كایەى جینالۆژیاشدا هەیە؛ ئەسڵ لە جینالۆژیادا بۆ “گەڕاندنەوە/هێنانەوە” نییە، بەڵكو بۆ “گەڕانەوە”یە؛ لە نێو ئەم وشەدا چاووگى “گەڕان” لە خۆ گیراوە كە دەبێت بە فرمانى “بەدواداگەڕان”، پشكنین، لێكۆڵینەوە لە ساتە دامەزرێنەرەكان. یان وەك فۆكۆ دەڵێت جینالۆژیا لە پرۆسەى گەڕانیدا بەدواى ئەسڵەكان[origins]دا دژ بەخۆى دەجوڵێتەوە. لە وتارى نیچە، جینالۆژیا و مێژوودا، فۆكۆ دوو شێوازى بەكارهێنانى چەمكى ئەسڵ[ڕەچەڵەك] لاى نیچە لێكتر جیا دەكاتەوە: لەلایەك، ئەسڵ Ursprung «كە پەیوەستە بە دامەزراندن و وەدیهێنانێكەوە Erfindung، بە فێڵى دەستەوە، بە كارى دەستى و دەستكردەوە، بە بەرهەمى هونەر Kunststückـەوە، بە داڕشتەیەكى نهێنی ئامێزەوە، بە سروشتى سیحرى ڕەشەوە لە كارى هونەرمەندانى ڕەشدا Schwaerkünstler»[1]. لەلایەكى تر، بنەچە Herkunft كە لە بارى واتاییەوە «هاوتاى هەگبە یان ڕەگوڕیشەیە؛ پەیوەستییەگیەكى كۆنى گروپێكە لەگەڵ یەكتریدا كە لە ڕێگەى خوێن، نەریت، یان چینى كۆمەڵایەتییەوە پێكەوە بەستراون. لە شیكاریى بنەچەدا بە زۆریى ڕەگەز یان جۆرێكى كۆمەڵایەتى بەهەند وەردەگیرێت»[2]. گەر وابێ، كارى جینالۆژیست بە دوو ئاراستەدایە، یەكێكیان دەرخستنى بنەچەكان لە دۆخە هەرە بەراییە پەتییەكەیاندا، لە دۆخى “لەدایكبوون”ـدا؛ دووەمیان ڕوونكردنەوەى ئەو هاوكێشە ئاڵۆزانەى كە لە هەلومەرجێكدا “ماناى زیادكراو” [دەستكرد] بۆ سەر ماناى ئەسڵ زیاد دەكەن و بەم جۆرە هەم مانا ئەسڵییەكەى دەگۆڕن و هەمیش بەم گۆڕانە ئەسڵى دیكە پێكدێنن.
با بەم ڕوانگەیە كۆمەڵگەى بەرایى ئیسلام تێست بكەین: چۆن ئیسلام بووە بە ئەسڵێك بۆ كۆمەڵگەى مسوڵمانان؟ لە جینالۆژیادا وەك بنەچە، دەزانین كە پەیوەندیى خوێنى لەنێو هۆزى قوڕەیشدا هەبوو. ئێستا ئەندامێك لەم هۆزە بانگەشەى پێغەمبەرایەتى دەكات و دەیەوێت هاوبەندى لەسەر “بنەمایەكى دیكە” بسازێنێت، كە تێیدا پەیوەندییە خوێنییەكە دەمێنێت، بەڵام دەبێت بچێتە نێو “ئەسڵێكى ئەسڵیتر”ەوە، كە خۆى دەستكردە، سیحرى ڕەش یان سپییە، پەرجوو یان فێڵە، شیعرە یان وەحى؛ نیچە ئەسڵى موعجیزەیی Wunderursprungشى بۆ بەكاردەهێنێت. دیسان ئەمەیش كێشەیەكى ترە: ئەسڵى پەتیى ئیسلام چییە؟ لە ڕووى بنەچەوە سەر بە ئایینە ئیبراهیمییەكانە؛ جووداییزم و مەسیحییەت (ئەمانیش خۆیان ئەسڵى تریان هەیە). بەڵام بۆ ئەوەى ئیسلام خۆیشى وەك ئایینێكى ئەسڵى دابمەزرێت، پێویستى بەوەیە هەندێ شت بۆ سەر ئایینە ئەسڵییە هەرە دێرینەكە، بۆ سەر بنەچە پوختەكەى خۆى زیاد بكات. یەكێك لەم ئیزافە هەرە دامەزرێنەرانە، شێوازێكى نوێ مامەڵەكردنە لەگەڵ پرسى غەنیمەت “ئەلئەنفال”ـدا.
ڕەنگە لەم جیاوازییە باشتر تێبگەین گەر كۆتەیشنێكى درێژ لە شیكارییە سەرنجڕاكێشەكەى فۆكۆ بگوازینەوە:
«بۆچى نیچە كە خۆى جینالۆژیستێكى ڕاستەقینەیە ئاڵنگار دەبێتەوە و دەیەوێ شوێنى ئەسڵ بكەوێت؟ یەكەم، لەبەرئەوەى ئەوە هەوڵێكە بۆ گرتنى جەوهەرى بنەڕەتیى شتەكان، گرتنى ئیمكانە پەتییەكانیان و شوناسە تەواو پارێزگاری لێكراوەكەیان، چونكە وەها گەڕانێك [بەدواى ئەسڵەكاندا] گریمانەى بوونى ئەو فۆڕمە نەگۆڕانە دەكات كە لەپێش جیهانى دەرەكیى ڕووداو و پێشهاتەكانەوەن. ئەم گەڕانەوە ڕووى لەو شتانەیە كە “هەر لە سەرەتاوە لەوێدا هەن”، وێنەى حەقیقەتێكى بەرایى كە بە تەواوەتى لەگەڵ سروشتەكەى خۆیدا تەبایە و داماڵینى هەر ماسكێك لە ماسكەكانى بە زەرور دەزانێت تاوەكو شوناسە هەرە بنچینەییەكەى خۆى دەربخات. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەگەر جینالۆژیست ڕەتى بكاتەوە كە باوەڕى خۆى بە ئەسڵ تاوەكو باوەڕ بە ئەسڵێكى مێتافیزیكییانە بەرین بكاتەوە، ئەگەر جینالۆژیست گوێ لە مێژوو بگرێت، ئەوا دەبینێت كە “شتانێكى تەواو جیاواز”یش لە پشتى شتەكانەوە هەن: نەك وەك نهێنییەكى دەرە-وەخت و جەوهەرى، بەڵكو نهێنی گەلێك كە هیچ جەوهەرێكیان نییە، یان جەوهەرەكەیان لە فۆڕمێكدا كە بەرە بەرە لە یەك فۆڕمەوە هاتووە، دروستكراوە. […]
هەروەها مێژوو فێریشمان دەكات چۆن بە مەزنێتیى ئەسڵ پێ بكەنین. ئەسڵى باڵا چیتر هیچ نییە جگە لە “بەرینبوونەوەیەكى مێتافیزیكى كە لەو باوەڕەوە هاتووە، گوایە شتەكان لە ساتى لەدایكبووندا بەهادارتر و جەوهەریترن”. ئێمەیش مەیلمان لەوەیە وا بیر بكەینەوە كە ئەمە ساتى كامڵێتیى هەرە مەزنیانە، ساتێك كە لە دەستى خالقێكدا دەدرەوشێنەوە یان ڕووناكیەكى بێ سێبەرن لە یەكەمین بەرەبەیانی [ى ئافراندنیان]دا. […] كە هێشتا ساتى ئاوێزانیانە لەگەڵ خواوەنداندا. […] بەڵام سەرەتا یان دەستپێكردنى مێژوویى، هەژار و لاوازە، نەك بەهۆى میانەڕەوى و ئاشتیخوازى و بەخشندەییەكەیەوە، بەڵكو گاڵتەجاڕانە و ئایرۆنیك، لەبەرئەوەى هیچى دیكەى لەدەست نایەت. […]
ئەسڵ ڕووبەرێكى مەعریفە مومكین دەكات كە وەزیفەى ئەوەیە ئەسڵەكە بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەردەوام لە دانپێدانانێكى هەڵە و لە لەدەمدەرچوونێكیدا دەبێتە مایەى دەرچوون لە گوتەى خۆى. ئەسڵ لە جێیەكدایە كە بە حەتمى لەدەست دەچێت، پنتێك كە تێیدا حەقیقەتى شتەكان تێكەڵ بە حەقیقەتى گوتار دەبێت، ڕەهەندى گرتنێكى ئێجگار خێرا كە گوتار لێڵى دەكات و دواجار لەدەستیش دەچێت»[3].
لە واژووى هەموو شتەكاندا كە كتێبێكە دەربارەى میتۆد، جۆرجیۆ ئاگامبێن بەم جۆرە كۆمێنتى خۆى دەربارەى ئەم ڕوانگەیەى فۆكۆ دەنووسێت:
«جینالۆژیا جەنگ دژ بەم ئایدیایە [ئایدیاى ئەسڵى پەتى] ڕادەگەیەنێت. وەنەبێ جینالۆژیست ئاوڕ لە شتانێكى وەك سەرەتاكانى دەستپێكردن نەداتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەوەى ئەو “لە دەستپێكى مێژوویى شتەكان”ـدا دەیدۆزێتەوە، هەرگیز “شوناسى تۆكمە و دەست بۆ نەبراوى ئەسڵەكە[بنەچەكە]ى” نییە. […] “… جینالۆژیست پێویستى بە مێژووە تاوەكو وەهمى ئەسڵ بڕەوێنێتەوە. […] ڕاستییەكەى ئەوەیە كە هاوپەیمانیى لە نێوان جینالۆژیست و مێژوونووساندا ڕێك لەوێدا ماناى خۆى دەدۆزێتەوە “ئەوەى دەركراوە، بیگەڕێنێتەوە [واتە بیهێنێتەوە بەرباس]»[4] (نێو كەوانە بچووكەكان دەربڕینى فۆكۆن و ئاگامبێن گواستوونییەوە).
بەم مانایە، جینالۆژیست هەوڵى دۆزینەوەى ڕیشە پەتییەكان دەدات لە ساتى “لەدایكبوون”ـیاندا، بەڵام باوەڕبوونى بەم ڕیشانە تا میتافیزیكاى “حەقیقەتى پەتى” كە دەبێت وەك بەهاى ڕەهاى هەموو سەردەمەكان، یان وەك دەرە-كات وەرى بگرێت، ناهێنێت. چونكە هاوكات جینالۆژیست دەیەوێت هەندێك لەو گرێ كوێرانەش بدۆزێتەوە كە لە دۆخێكى مێژووییدا بەڵگەنەویست و مانا ڕوونەكانیان لێڵ كردووە، بەمەیش داوى بەردەوامێتیى ئەو مانایانە تووشى پچڕان و گۆڕان هاتوون، یان دواى شكان و لادان بەجۆرێكى دى دەستیان پێكردۆتەوە؛ ئەم ساتى شكانە لە ئیسلامدا ڕۆژى فورقانـە، ڕۆژى ناكۆكى و ڕاجیایى لەسەر پرسى “ئەلئەنفال” لەنێوان هاوەڵانى پەیامبەردا؛ شكان جوداكردنەوە و جودایەتییە كە ماناكەى لە “فورقان”یشەوە نزیكە، فورقان هاوكات ڕۆژى ناكۆكییە و ڕۆژى جودابوونەوەى ئایینە نوێیەكەشە لە ڕیشەكانى خۆى، لە نەریتەكەى، لەبەرئەمە تەیفوورى لە پشكنینى ڕەچەڵەكى ئەنفالدا پێیوایە «ئایینە تازەكە بە ناسینى نەریت و لادان لێى خۆى دروست دەكات. ڕۆژى فورقان و دابڕان دەشێ بەم مانایەش بێت، ئەو ڕۆژەى كە ئایینە تازەكە خۆى لە كۆنەكە جوێ دەكاتەوە و ئەڵڵا ئایینەكەى خۆى سەر دەخات»[5]. كەواتە ڕێك بەهۆى ئەم لادان و شكان و فورقانەوە، زەمینەى پێكهاتنى ڕیشەى نوێ دەڕەخسێت كە ماناى تریان لەسەر دەڕوێت و حەقیقەتى دیكە دادەمەزرێنن. لە گەڕانەوەدا جینالۆژیست لەمسى ئەم پنتانەى شكان و جودابوونەوە دەكات، بە تایبەتى ئەو لابەبوونەوانەى كە هێشتایش كاریگەرییان لەسەر ئێستامان هەیە، بەڵام هاوكات ئەوە دەهێنێتەوە پێشێ كە دەركراوە. ئەمە پارادۆكسى جینالۆژیایە: گەڕانەوە بۆ ئەسڵى پەتى بە مەبەستى لێ داماڵینى ئەو مانا بۆ زیادكراوانەى كە خۆیان وەك “ئەسڵ” پیشان دەدەن (بۆ نموونە گەڕانەوەى جینالۆژى بۆ ئەسڵى ڕەگەزێكى ناسیۆنالیستى، تاوەكو هەموو مانا ساختانەى لێ دابماڵێت كە گوایە ئەسڵین)؛ ئینجا گەڕانەوە بۆ ئەسڵى زیادكراو، بە مەبەستى داماڵینى هەر مانایەكى مێتافیزیكى لە ئەسڵى پەتى:
«جینالۆژیا بانگەشەى گەڕانەوە بۆ سەردەمى بەردەوامێتییەكى نەپچڕاو ناكات، بەو مەبەستەى ئەم بەردەوامێتییەى وا گوایە هێشتایش لە پشتى پەرتوبڵاویى شتە لەبیركراوەكانەوەیە، بهێنێتەوە حزوور؛ ئەركى ئەو دەرخستنى ڕابردوویەك نییە كە بەشێوەیەكى چالاك لە ئێستاشدا هەیە و بەنهێنى بەردەوامە لە ژیاندنى ئێستا، ڕابردوویەك كە فۆڕمێكى ڕەهاى بەسەر هەموو گۆڕانەكانیدا سەپاندووە. […] بە پێچەوانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دواى بڕگەبەندى و دابەشبوونى ئاڵۆزى ڕیشەكان بكەوێت تاوەكو تێپەڕبوونى ڕووداوەكان لە پەرتبوونە بەراییەكەیاندا بپارێزێت؛ ئەمە بۆ ناساندنى ڕووداوەكانە لە ساتى جودابوونەوە و كەرتبووندا»[6].
بەلاى جینالۆژیستەوە، مێژوو بەردەوامێتى نییە، واتە هاوكێشەى هۆكار-ئامانج نییە، پتر لێكۆڵینەوەیە لە زەمینەى دروستبوونى ڕیشەكان لە بنبەستە مێژووییەكاندا، لە هێڵەكانى شكان و شكانەوە و دابەشبوونیاندا. هێڵى شكانەوە واتە لادان لە ئاراستەى شتێك كە بەرەو ڕووگەیەك دەجوڵێت، بۆ نموونە كاتێك “ئەلف” دەكەوێتەگەڕ ڕووى لە “ج”ـە بەشێوەى ڕاستەهێڵێك ئەو مەودایە دەبڕێت و دیسانیش بەرەو پنتى تر بەرەوپێش دەچێت. شكان یان وەرچەرخان واتە ئەلف كاتێك دەكەوێتەگەڕ، ڕووى لە “ج”ـە، بەڵام زەبرێك یان هێزێكى ڕاكێشان تووشى لادانى دەكات و بەرەو جێیەكى تر، بەرەو چاوەڕواننەكراوییەك، بۆ نموونە بەرەو “د” خوارى دەكاتەوە؛ یاخود ئەلف دووچارى پچڕان دێت و بەسەر “ت” و “ق”ـدا دابەش دەبێت؛ بەمەش دەبێت بە شكستەهێڵ، بە تەفرەقە، بە فورقان كە ئاراستەى مێژوو یان دۆخێك دەگۆڕێت. مێژوو بۆ جینالۆژیست تۆڕێكى پێكهاتوو لە هێڵى پێچاوپێچە. هەر خاڵێكى شكانەوە و دابەشبوون خاڵى چەكەرەكردنى ڕیشەى نوێیە؛ بەم مانایە، ڕابردوو بابەتێك نییە بۆ پەیڕەوییلێكردن، پتر زەمینەى دۆزینەوە یان سازكردنى كەرەستەكانى تەفسیرە. ئەمە هەمان ئەو میتۆدەیە وا نیچە نەك تەنیا وەك فەیلەسوف، بەڵكو وەك فیلۆلۆگێكیش “جینالۆژیاى ئەخلاق”ـى پێ كەشف كردووە.
جینالۆژیا لە شێوە بەراییەكەیدا میتۆدێكى فیلۆلۆژییە بۆ لێكۆڵینەوە لە واتاى بنچینەیى و شێوەگرتنە سەرەتاییەكانى زاراوەكان و ئینجا پیشاندانى گۆڕانە فۆڕمەكى و واتاییەكانى زاراوەكان بە گوێرەى پەرەگرتنەكانى دواتریان. نیچە وەك فیلۆلۆژێكى لێهاتوو ئەم میتۆدەى بۆ نێو فەلسەفە گواستۆتەوە، بەو مەبەستەى نەك تەنیا زاراوەكان، بەڵكو كاریگەریى سەرهەڵدانى زاراوەكان لەنێو سیستەمە ئەخلاقییەكاندا، لەسەر ژیان و زەینى مرۆڤ ڕوون بكاتەوە. ئەم ڕیشەى سەرهەڵدانانە تەنگژەكانن، نەك ئامانجەكان. بۆ نموونە گەر یاسا بانگەشەى ئەوە بكات ئامانجەكەى ڕێگریى لە “تاوان”ـە، ئەوا لە جینالۆژیادا، ڕیشەكانى سەرهەڵدانى یاسا پرسێكى لەمە ئاڵۆزترە؛ هۆكارى سەرهەڵدانى شتێك ئامانجەكەى نییە، شتێكى دیكەیە. لە جینالۆژیاى ئەخلاقدا نیچە بەم جۆرە ئەم پرسە ڕوون دەكاتەوە:
«ئامانج لە قانوون دوایین شتە كە دەبێت بۆ كەشفكردنى مێژووى لەدایكبوونى قانوون(ـێك) بەكاربهێنرێت. هۆكارى سەرهەڵدانى شتێك لەلایەك و، دوا مەبەست لێى و بەكارهێنانى و ڕیزبەندكردنى لەنێو نەزمى ئامانجەكاندا لەلایەكیتر، دوو پرسى تەواو جیاوازن. شتێك كە هەیە و بە هەر جۆرێك گەیشتبێتە ئەو دۆخەى وا ئێستا تێیدایە، ئەو توانا [و هێز]ەى وا لەسەرى باڵادەستە بە گوێرەى بۆچوون و ماناى نوێ تەفسیرى دەكات؛ بە جۆرێكیتر داى دەڕێژێتەوە، دووبارە پێكى دەهێنێتەوە و بەرەو ئامانجى نوێ ئاراستەى دەكات»[7].
تەیفوورى لە بەرهەمەكەیدا ڕێك بەم جۆرە خەریكى ڕوونكردنەوەى یەك گریمانەیە: ئەنفال لە ئیسلامدا هاوكاتى پاراستنى ڕیشە نەریتییەكانى چارەسەكردنى كێشەى غەنیمەت، بەرهەمى پچڕان، جودابوونەوە، كەرتبوونێكیشە لە بەردەوامێتیى ئەو ڕیشانەلە ڕۆژى فورقاندا، ئەمەیش لە ڕووداوێكدا ڕوودەدات كە ئاڵۆزییەكى دەستەپاچەكەر دەهێنێتە پێشێ و چارەسەركردنى ئەم كێشەیە دەبێتە ڕیشەیەكى نوێى دامەزرێنەر. كەواتە ئەنفال بە گوێرەى سەرهەڵدانى ئایینێكى نوێ، كە هێزێك دەیەوێت بیسەپێنێت، مانایەكى نوێ وەردەگرێت. ئەم هێزە دووبارە ماناى زاراوەكە دادەڕێژێتەوە، تەفسیرى دەكاتەوە، بەرەو مەبەست و ئامانجى نوێ ئاراستەى دەكات و مانا نوێیەكەش دەقانوونێنێت. قانوون [تەشریع] بۆ ئەوە نییە چاكەیەك، یان ئامانجێك دەستەبەر بكات؛ قانوونە نوێیەكەى ئەنفال تەنگژەیەك، بنبەستێك، دۆشدامانێك دەیخوڵقنێت، واتە ئامانجێكە دواتر بۆ لابەلابوونەوەكە دادەنرێت. خاڵى ئەم تەنگژەیە بەڵێنى پەیامبەرە بە هاوەڵانى لە یەكەمین چالاكیى سەربازیى خۆیدا، بەڵێنى “دەستكەوت”، یان غەنیمەت لە دواى غەزاى بەدر. بە گوێرەى قانوونەكانى پێشتر، غەنیمەت دەستبۆنەبراو، جۆرێك تابوو یان حەرام بوو، بەڵام قانوونە نوێیەكە غەنیمەت بۆ هاوەڵانى پەیامبەر حەڵاڵ دەكات. لەم ڕوانگەیەوە، تەیفوورى پێیوایە ڕیشەى ئەنفال كە دەبێتە مایەى داڕشتنەوە و گۆڕان لە واتاى زاراوە كۆنەكەدا، نەك پرسى ئیرادەى هێز بەو جۆرەى كە لاى نیچە هەیە، بەڵكو پرسێكى ئابووریى-سیاسییە.
لەگەڵ ئەمەیشدا كە كارەكەى تەیفوورى لەنێو نەریتى ڕەچەڵەكەناسیدا جێ دەگرێت، بەڵام پێدەچێت ئەو میتۆدەكەى لە دوایین فۆڕمە پەرەسەندووەكەیەوە وەرگرتبێت بەو جۆرەى كە لە لێكۆڵینەوەكانى ئاگامبێندا هەیە، بە تایبەتى لە شێوازە پەیڕەوكراوەكەیدا لە چەند بەرگێكى زنجیرەكتێبى هۆمۆساكەردا. ئەڵقەى نێوان جینالۆژیاى نیچە و جینالۆژیاى ئاگامبێن، فۆكۆیە. باشتر بڵێین، ئەوەى ڕەچەڵەكناسى بۆ ئاگامبێن كردووە بە میتۆدێكى قابیلى بەكارهێنان بۆ پشكنینى هۆمۆساكەر، فۆكۆیە. لە دواى بەكارهێنانى میتۆدى ئاركیۆلۆژى، فۆكۆ لە دوایین بەرهەمەكانیدا، نەك تەنیا دەربارەى “ڕەچەڵەكناسى” دەنووسێت، بەڵكو وەك میتۆدێكى لێكۆڵینەوە پەیڕەوى دەكات. لە پێشەكى بەرگى دووەمى مێژووى سێكسواڵێتىدا بە كورتى دەربارەى زەروورەتى گۆڕینى میتۆدى لێكۆڵینەوەكەى لە بابەتى سێكسواڵێتى لە ئاركیۆلۆژیاوە بۆ جینالۆژیا دەدوێت؛ وەك خۆى دەڵێت «نەك بە مەبەستى دووبارە دروستكردنەوەى مێژووى هەڵسوكەوت و مومارەسەكان» بەڵكو بۆ ئەوەى لە بابەتى لێكۆڵینەوەكەى دووربكەوێتەوە، گلوخولى بەڵگەنەویستییە باوەكەى بدات و نێوكۆییە تیۆرى و پراكتیكییەكەى شیكار بكات[8] تاوەكو چۆنیەتى پێكهاتنى مێژوویى حەقیقەتەكەى پیشان بدات. لەم ڕوانگەیەوە پرسیارى سەرەكى فۆكۆ ئەوەیە: چۆن حەقیقەتى شتێك لە ڕابردوودا بووە بە حەقیقەت؟ ئاوا وەڵام دەداتەوە:
«من ئەم هەڵوێستەم هەڵبژارد، چونكە وام دانا كە دواجار ئەوەى دەبێت پێوەى پابەندبم دەرخستنى هەندێ لەو ڕەگەزانەیە كە لە مێژووى حەقیقەتدا هەن. مێژوو مێژووى ئەو زانینانە نییە كە دەشێت دروست و ڕاست بن، بەڵكو شیكاریى “گەمەكانى حەقیقەت”ـە. گەمەى دروستى و هەڵە كە لە ڕێگایانەوە “بوون” بەشێوەى مێژوویى وەك ئەزموون پێكدێت»[9].
تەیفوورى لە بەرهەمەكەیدا نێوكۆیى مێژوویى ئەو ڕووداوە شیكار دەكات كە لە ڕێگەى گەمەیەكى حەقیقەتەوە مانایەكى نوێ بۆ ئەنفال دەردەكەوێت، ئەمەیش وەك ئەو ڕوونى دەكاتەوە، بنەماى جێگیربوونى ئایینە تازەكەیە وەك نەزمێكى نوێى حەقیقەت. كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە: چۆن ئایینێكى تازە وەك “قانوون” یان وەك “حەقیقەت” پێكهات؟ بەلاى سلاڤۆى ژیژەكەوە حەقیقەتى پەیامبەرێتیى پەیامبەر، پێویستى بە “سەلماندن”ـێك هەیە؛ سەلمێنەرەكە ژنە. پەیامبەر حەقیقەتەكەى دەركەوتووە، بەڵام خۆى نازانێت چییە، بۆ ئەوەى ئەم حەقیقەتە ببێت بە حەقیقەت، دەبێت خەدیجە پێى بڵێت و دانى پێدا بنێت، دەبێت شاهیدى بۆ بدات و شایەتومانى پێ بهێنێت. بەڵام بێ دواكەوتن دەبێت ئەم حەقیقەتە بیشچەپێنرێت تاوەكو پەیامبەر ڕاستەوخۆ و بێنێوانگر، بە خوداوە ببەسترێتەوە. تەیفوورى جۆرێكى تر بۆى دەچێت: ڕووداوەكە ئێوارەى جەنگى بەدرە و تەنگژەیەك لەسەر “غەنیمەت” دروست دەبێت: دەبێت چى لەم غەنیمەتە بكرێت؟ لە نێو سێ ڕاى پێكدژدا، هیچ كەس پرسەكەى بۆ یەكلایى ناكرێتەوە. لێرەدایە كە پەیامبەر دەبێت لاى خوداوە پەیامى بۆ بێت و پەیامبەریى خۆى بۆ هەمووان بسەلمێنێت؛ دەبێت ئەو بزانێت چى لە غەنیمەتەكە بكەن. تواناى یەكلاكردنەوەى پرسى غەنیمەت، دەبێت بە سەلمێنەرى حەقیقەت؛ حەقیقەتێك كە هەمووان بۆ ئەوە چووبوون بزانین ئاخۆ دەسەلمێت یان نا.
[1] Michel Foucault, The Foucault reader, edited and translated by Paul Rabino, Pantheon Books, New York, 1984, p.77.
[2] Ibid., p.80.
[3] Ibid., p.78-79.
[4] Giorgio Agamben: The signature of all Things, translated by Luca D’isanto with Kevin Attel, ONE BOOKS, NEW YORK, 2009, p.83-84.
[5] مەنسوور تەیفوورى: ڕەچەڵەكناسیى ئەنفال، پێشەكییەك بۆ ئابووریى سیاسیى ئیسلام، ماڵى سوهرەوەردى بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایین و فەلسەفە، چاپى یەكەم، تاران 2023، ل81-82.
[6] Foucault, Op. Cit., p.81.
[7] فريدريش نيتشه، في جينالوجيا الأخلاق، ترجمة: فتحي المسكينى، المركز الوطني للترجمة، دار سيناترا، تونس، 2010، ص 106.
[8] میشیل فوكو: تأريخ الجنسانية، استعمال المتع، ترجمة: محمد هشام، افريقيا الشرق، المغرب, 2004، ص5.
[9] المصدر نفسه، ص8.