نووسین: هۆمەر محەمەد
زۆرجار چەمکی “هێز” لە فەرهەنگی سیاسی و سەربازیدا وەک توانای سەرکوتکردن و سەپاندنی ویست پێناسە دەکرێت، بەڵام بۆ نەتەوەیەک کە مێژووەکەی بە ئاگر و ئاسن نووسراوەتەوە، “هێز” مانایەکی دیکەی هەیە. لێرەدا ڕووبەڕووی دوو چەمکی جەوهەری دەبینەوە: “هێزی شوناس” کە لە مەزڵومییەت و قوربانیبوونمانەوە سەرچاوە دەگرێت، و “شوناسی هێز” کە گوزارشت لەو بەها ئەخلاقی و کولتووریە دەکات کە لە کاتی هەرەسدا، جەوهەری مرۆیی ئێمە دەپارێزن.
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزە، پێویستە لە دوو پەنجەرەی جیاوازەوە سەیری مێژووی نزیکی خۆمان بکەین؛ پەنجەرەیەک لە هەڵەبجەوە و یەکێکی تر لە ئەنفالی گەرمیانەوە.
کاتێک بەهای کەلتوور و ئەخلاق دەبێتە شوناسی هێز
گوندی نارنجەڵە وەک تەواوی گوندەکانی سەرسنور لەساڵی (١٩٧٩) بەر سیاسەتی ڕاگواستن کەوت و لەهەورامانی دڵگیرەوە خەڵکەکەیان هێناو لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی (سیروان)ی نێوان هەڵەبجە و سەیدسادق لە دەشتی شارەزووردا، فڕێیاندان و بەزۆر لەوێ نیشتەجێیان کردبوونەوە.
لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨، کاتێک هەڵەبجە و دەوروبەری ژەهری لێ دەباری و منداڵەکانی حاجی ڕەحمانی گوندی نارنجەڵەش وەک زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بەرکەوتبوون و زۆربەیان لەبەرچاوی باوکیاندا بینایی چاوەکانیان، لەدەستدابوو لەو کاتە دژوارەدا ڕووداوێکی (غەریب) ڕوو دەدات. سەربازێکی عێراقی بەناوی (خالد عەبدولکەریم عەلوان) لەدوای شکستی سوپای عێراق چەکەکەی فڕێ دەداو پەنا دەباتە بەر ماڵی حاجی ڕەحمان و (خاتراللە خاتراللە) داوای هاوکاریی وداڵدەدانی لێدەکات.
لێرەدا “شوناسی هێز” دەردەکەوێت. حاجی ڕەحمان لەبری تۆڵەکردنەوە، “ئەمانەت” هەڵدەبژێرێت. ئەو نەک هەر تۆڵە لە سەربازەکە ناکاتەوە، بەڵکو ئامێزی میهرەبانی بۆ دەکاتەوەو جلی کوردیی لەبەر دەکات و وەک ئامانەتێکی خودایی، لە نێوان منداڵەکانی خۆیدا لە ژیر دەسەڵاتی سوپای پاسداران و پێشمەرگەدا دەیپارێزێت. گەورەترین ئەزموون و ئاڵەنگاریی ئەم چیرۆکە لە کەمپی ئاوارەکانی ئێراندا دەبێت؛ کاتێک سیخوڕەکان گومان لە “کوردبوونی” عەبدولکەریم دەکەن، حاجی ڕەحمان شوناسێکی نوێی بۆ دادەتاشێت: “ئەم کوڕەم هەر لە زگی دایکییەوە بێزمانە”. و خوا واداوێتی دەسەڵاتی منی تێدانیە.
ئەم “بێزمانییە” تەنها فێڵێک نەبوو بۆ ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێک، بەڵکو نیشاندانی هێزی کولتووریی نەتەوەیەک بوو کە ڕەتیدەکاتەوە ببێتە وێنەی بکوژەکەی. حاجی ڕەحمان بەو هەڵوێستەی سەلماندی کە “شوناسی هێز” لە لای کورد، پاراستنی شکۆی مرۆڤە تەنانەت ئەگەر “دوژمن”یش بێت. حاجی ڕەحمان دواتر بە خەفەتی (فەیسەڵ)کوڕە ئەنفالکراوەکەی سەری نایەوە، ئەو پیاوە کە چەکی کیمیایی لەوێزەی نەهات ئەفسوس فیراقی فەیسەڵ و گەرمای هاوین و ئاوی گەرمی گردەچاڵ کوشتی. بەڵام عەبدولکەریم لە نەجەف وەک شاهیدێکی زیندووی ئەو “هێزە ئەخلاقییە” هەتا ئێستا ماوەتەوە و شایەتی ئەوەیە کە کوردەکان لەدژی فاشیزمی بەعس نەبوون بەفاشی.

نەجیبە فەقی خدر سۆفی ئەحمەد؛ سیمبولی لێبوردەیی و شکۆی مرۆیی کورد
لە مێژووی تراژیدیای گەلی کورددا، چیرۆکی )نەجیبە فەقی خدر سۆفی ئەحمەد( وەک یەکێک لە قووڵترین و واتادارترین بەڵگەکان لەسەر جیاوازیی نێوان ئەخلاقی قوربانی و دڕندەیی جەلاد دەمێنێتەوە. نەجیبە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦١ی گوندی شێخ وەسانانی دۆڵی بالیسانە، خۆی قوربانییەکی ڕاستەوخۆی چەکی کیمیاییە. لە ئێوارەی شانزەی چواری ساڵی ١٩٨٧دا لەو هێرشە دڕندانەیەی بەچەکی کیمیایی کرایە سەر دۆڵی بالیسان، نەجیبە کچەکانی (شەونم، ئارەزوو، ئاوات) برینداربوون، دوای ئەوەی گەیەنرانە نەخۆشخانەی ڕانییە، دائیرەی ئەمنی هەولێر بەخێرایی بریندارەکانی گواستەوە بۆ هەولێر لەوێ پیاوەکانیان لەژنەکان جیاکردەوە و جارێکی تر بەزیندوویی نەبینرانەوە هەرلەوێ کوڕێکی بە ناوی ئارام لەدەستدا. بۆ زیندووڕاگرتنی یادەوەریی ئەو کوڕەی، ئێستا یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی (ئارام) ناو ناوەتەوە. گەنجێکی جوانی بالیسانە.
ئەم ژنە کە جەستەی بەکیمیایی و جەرگی بە دەستی پیاوانی ڕژێمی بەعس سووتاوە، لە ڕاپەڕینی ساڵی(١٩٩١) دا، کاتێک سوپای بەعس لە کوردستان تێکشکا و سەربازەکانی چەک وجلکران و لە بن دیواری مزگەوت و قوتابخانەکاندا کەوتبوون، هەڵوێستێکی مرۆیی نواند کە تێگەیشتن لێی لە توانای فاشیزمدا نییە. نەجیبە لەو ڕۆژەدا خواردنی کفتەی بۆ منداڵەکانی خۆی ئامادە کردبوو، بەڵام کاتێک زەلیلیی ئەو سەربازە بێ چەکانەی بینی، خواردنەکەی لە دەمی منداڵەکانی خۆی بڕی و دای بەو سەربازانەی کە سوپاکەیان جێبەجێکاری تاوانە گەورەکەی شیخ وەسان و بالیسان بوو.
لە کاتی دادگاییکردنی سەرانی بەعسدا، نەجیبە یەکێک بوو لە شکاتکار و شایەتحاڵەکان لەوێ بە هەموو شکۆیەکەوە ڕووبەڕووی سەدام حوسێن بووە و پێی گوت: تۆ ئەو پیاوە بوویت کە چەکی کیمیاییت بەسەردا باراندین، بەڵام من ئەو ڕۆژەی سەربازەکانت لەکوردستان زەلیل و برسی بوون، کفتەم لەدەمی منداڵەکانمم گرتەوەو دام بەوان، ئەی ئێستا چ دەڵێی هەردەڵی کورد میللەتێکی خائین و خراپە؟ لە بەرانبەر ئەم گەورەییەدا، سەدام حوسێن لە جیاتی ئەوەی خەجاڵەتی بکێشێ و سەری شەرمەزاری نەوی بکات، بەلووتبەرزی و ئیستیفزازەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: (عفیة علیچ) ئافەرین بۆ تۆ.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە ناو قەفەسی دادگادا، کورتکراوەی ململانێی دوو جیهانبینییە؛ جیهانبینییەکی کوردیی لێبوردە کە تەنانەت لە قووڵایی ئازار و جێنۆسایدیشدا نایەوێت مرۆڤایەتیی خۆی لەدەست بدات، و جیهانبینییەکی فاشستی کەهەرگیز ناتوانێت لە مانا قووڵەکانی مرۆڤدۆستی تێبگات. چیرۆکی نەجیبە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد ئەگەرچی لە ڕووی فیزیکییەوە ڕووبەڕووی سڕینەوە بووەوە، بەڵام لە ڕووی کەلتووریی و ئەخلاقیەوە بەسەر فاشیزمدا سەرکەوت، کفتەکەی نەجیبە لە کۆنوسی دادگای باڵای تاوانەکاندا بووەتە سیمبولی شکانی ویژدانی ئەو سیستمە فاشیستەی کە تەنها زمانی مەرگی دەزانی.
ئەم دوو چیرۆکە دوو دیوی یەک دراون؛ حاجی ڕەحمان “هێزی کەلتووریی” ئێمەی نیشان دا کە چۆن لە لوتکەی ئازاردا دەتوانین مرۆڤ بین، و نەجیبەش جەخت لە “هێزی شوناس”ی ئێمە دەکاتەوە.
ئەمڕۆ کە باس لە شوناسی کورد دەکەین، نابێت تەنها وەک “قوربانی” خۆمان بناسێنین. شوناسی ڕاستەقینەی ئێمە لە نێوان ئەو “بێزمانییە” فەرزکراوەی حاجی ڕەحمان بۆ ڕزگارکردنی سەربازەکە و ئەو “کفتەو شایەتیدانە”ی نەجیبە لەدادگا چڕ دەبێتەوە و جەخت لە هێزی “بوون”ی ئەخلاقی و هێزی “مانەوە”ی مێژووییمان دەکەنەوە. ئەمەیە ئەو مانایەی کە کورد لە نەتەوەیەکی “بێدەسەڵات”ەوە دەگۆڕێت بۆ نەتەوەیەک خاوەن “شوناسێکی بەهێز”.
