نووسین: هۆمەر محەمەد
ڕەنگەکان لە ناو کلتوور و ئەدەبیاتی کوردیدا هەڵگری کۆد و مانای قووڵی ژیاری و فەلسەفین. ڕەنگی سەوز پێگەی لەشوناسی کەلتووری کوردیدا هەیە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژینگە و سروشتی سەوز و رەنگینی کوردستانەوە. (سەوز) لە شیعر و گۆرانیدا تەنها گوزارشت لە بەهارو دارودرەخت و گژوگیا ناکات، بەڵکو هێمایە بۆ جوانی، گەنجێتی، و ناوی دڵداران. گۆرانی سەوزەڵێ خانم لە هونەری کوردیدا بەڵگەیەکی زیندووە، کە ڕەنگی سەوز لە خەسڵەتێکی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ ناوی مرۆڤ و دەنگ ونەغمە و سۆزی عەشق. لە فۆلکلۆری کوردیدا وشەی سەوز وەک هێمای ژیانەوە و وەرزی بەهارە، هێمای گەنجێتی و وزەیە، بەمەش لە ڕەنگێکی سادەوە گۆڕاوە بۆ میتافۆر و تەنانەت چەمکێکی کۆمەڵایەتی. لەم گۆرانییەدا، (سەوز) گوزارشتە لە جوانییەکی ڕەسەن. لێرەدا مەعشووق وەک سەرچاوەی ئومێد وێنا دەکرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە بونیادییەکەی مرۆڤی کوردە بە ژینگەکەیەوە. گۆرانی سەوزەڵێ تەنها وەسفێکی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ڕەسەنایەتی و لەکۆمەڵگەی کوردیدا شوناسێکی کولتووری و بەهایەکی باڵای هەیە.
وشەی سەوز لە زمانی کوردیدا واتای جۆراوجۆر دەبەخشێت. زۆر ژن هەن ناویان سەوزەیە، زۆرجار کچانێک کە چاویان سەوز بووە یان زۆر سەرنجڕاکێش بوون بە سەوزە ناوبراون. ڕەنگی سەوز لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، وەک لای نالی و مەحوی، زۆرجار بۆ وەسفی خەت و خاڵی یار بەکارهاتووە، کە وەک سەوزەڵانی دەوروبەری لێو وێنا کراوە.
کاتێک دەڵێین سەوزەڵێ خانم، لێرەدا ڕەنگەکە بووەتە شوناسی مەعشووق. ئەم شوناسەش ڕەگێکی قووڵی لە سروشتی کوردستاندا هەیە. گۆرانیبێژ کاتێک دەڵێت تۆی باخی ژینم، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان مرۆڤ، ژینگە و جوانیدا دروست دەکات. باخ لێرەدا تەنها چیمەن و دارو دەرەخت نییە، بەڵکو بە واتای جوانی، هەوای پاک، نەغمەی باڵندە و جریوەی چۆلەکە دێت. شوێنێکە پڕە لەسەوزایی، دڵداریش دەبێتە ئەو باخەوانەی کە ئەرکی پاراستنی ئەم سەوزاییەی لەسەر شانە، چونکە بەشیکی ژینی بەو باخەوە پەیوەستە.
هەڵبەت گۆرانی تریش هەن کە وشەی سەوز یان ڕەنگی سەوز شوناسیانە وەک سەوزە مەڕۆ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی منە گۆرانی سەوزەڵێ خانمە. ئەم گۆرانییە کە بە دەنگی هونەرمەندی ناسراو (حەسەن گەرمیانی) وتراوەتەوە، وای کردووە هەم گۆرانییەکە و هەم هونەرمەندەکەش ناوبانگێکی زۆرپەیدا بکەن. گۆرانییەکە لە بنەڕەتدا بەرهەمێکی فۆلکلۆری ناوچەییە و مۆرکی ڕەسەنی ناوچەی گەرمیانی پێوەیە. ئەم گۆرانییە هێندە دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێشە، هونەرمەندانی فارسیش بردوویانە و وتوویانەتەوە، بۆ نموونە عەلی ڕەزایی ئیفتیخاری و دەروێش جاویدان، بەڵام هەرگیز ناتوانن شوناسە کوردییەکەی داگیربکەن. تەنانەت هونەرمەند (حەسەن گەرمیانی) لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (شوان حەمە) باسی لەوە کرد، کە لە هەولێر جاویدانی بینیوە و داوای لێبووردنی لێکردووە کە گۆرانییەکەی ئەوی بێ مۆڵەت وتووەتەوە.
(حەسەن گەرمیانی) وەک لە نازناوەکەیەوە دیارە، کوڕی ناوچەی گەرمیان و بەدیاریکراویش خەڵکی قادرکەرەمە. بەو هەستە سۆزدارییە و ئەو شێوەزارە شیرینەی گەرمیان گۆرانییە فۆلکلۆرییەکە دەپارێزێت. کە گوزارشت لە فەزایەکی جوگرافی دیاریکراو دەکات. ئاماژەدان بە هەردو دەشتەکەی گەرمیان لە ناو دەقەکەدا، نیشانەی ئەوەیە کە ئەدەبیاتی کوردی چەندە وابەستەی خاک وسروشتە. تەنانەت لەو ناوچانەدا کە لەچاو کوێستانەکان سەوزایی کەمترە و ڕەنگە لە وەرزی هاویندا تەواو زەردبن، بەڵام خەیاڵی شاعیر و گۆرانیبێژی کورد هەمیشە بەرەو ژیانەوە، تەڕی، سەوزایی و باخ دەچێت. لێرەدا سەوزایی دەبێتە خەونێک بۆ شکاندنی تینوێتی و گەرمای ناوچەکە.
لە ڕووی ئەدەبییەوە، سەوز بەردەوامییە. کاتێک گۆرانیبێژ دەڵێت باخەوانت بووم تا گەشایتەوە، دڵداری وەک بەخێوکردنی نەمامێک وێنا دەکات. ئەم تێڕوانینە پێمان دەڵێت کە سەوز تەنها ڕەنگ نییە، بەڵکو فەلسەفەی ژیان و مانەوەیە. ئاماژەدان بە چیرۆکە دڵداریی ئەفسانەییەکانی وەک مەم و زین و شیرین و فەرهاد لە ناو دەقەکەدا، ئاستێکی تری مێژوویی و ئەدەبی گۆرانییەکە دەستنیشان دەکات و ڕەسەنایەتییەکەی پتر نیشان دەدات. بۆیە ئیفتیخاریی و جاویدان ناتوانن مۆرکی کوردی لابدەن و مۆرکی فارسی لە هونەرەکەیان بدەن.
ئەوەش جێگەی ئاماژە پێدانە کە ئاوازی ئەم گۆرانییە فۆلکلۆری گەرمیانە و هونەرمەند (خالید سەرکار) کاری مۆزیکی بۆ کردووە و بەرهەمی (تیپی مۆسیقای سلێمانی) ساڵی (١٩٧١)ە. هەر لەوساڵەدا (حەسەن گەرمیانی) بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی، لە بەغدا چڕیوێتی و ئەم تابلۆیەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە کە تێیدا مرۆڤی کورد لە گەرمای گەرمیاندا، سێبەری باخ و ڕەنگی سەوزی مەعشووقەکەی شک دەبات بۆ ئەوەی لە تینوێتی عەشق ڕزگاری بێت.
شوناسە گەرمیانییەکەی (سەوزەڵێ خانم)یش دەمخاتە بەردەمی پرسیارێک کە پەیوەندی بە تراژیدیا و وێرانکاری ساڵی (١٩٨٨) و ئەنفالەوە هەیە. ئەمە مەرج نییە بۆ هەموو کەسێک وابێت، هەر کاتێک گوێ لە گۆرانی سەوزەڵێ خانم دەگرم، بیر لە لێکەوتە نەرێنیەکانی ئەنفال دەکەمەوە، دەڵێم دەبێت چەند سەوزەڵێ، چەند کەنیشکی چاوسەوزی گەرمیانی و چەند کەواسەوز کراس سەوز لەپەلاماری بەعسیەکاندا ئەنفالکرابن؟ یاخود چەند مەقام بێژی میللی لە گوندەکان ئەنفالکرابن؟ بۆیە گۆرانییەکە بۆمن چەندە وەسفی جوانی و چێژی دەنگ و سەدایە هێندەش یادەوەرییەکی پڕ لە ئازارە بۆ لەدەستدانی سەوزایی و جوانی خاکی گەرمیان