نووسین: شارا تاهیر
-١-
ئایا کورد لە سەدەی جیو-زانیاری و زیرەکی دەستکردا پارێزاروە؟
لە سەروبەندی پرۆسەی ئاشتی تەماشای بەرنامەیەکم سەبارەت بەجەنگ لە تێ ڤێی (پەیام) کرد. بەرنامەکە میوانداری ڕێبین هەردی وەک ڕۆشنبیر و نوسەر کردبوو، تەنانەت پێشکەشکاری بەرنامەکە (پەیوەند عومەر) لە سەرەتای بەرنامەکەدا بەوە دەست پێدەکات و دەڵێت: “کەسی لە کاک ڕێبین هەردی شارەزاتر و لێهاتووتر نەدۆزیوەتەوە تا باسی جەنگی لەگەڵ بکات”. هەڵبەت ئەمە سەرەتایە بۆ خۆی گەر وەک موجامەلەیش بێت بۆ شەخسی کاک رێبین کارەساتە! کارەساتە میللەتێک مێژووی پڕاوپڕ بێت لەجەنگی خوێناوی و داگیرکاری، مێژووییەک لە ئەنفال و هەڵەبجە، مێژوویەک لە هەوڵی سڕینەوە لە ڕێگەی بە عەرەبیکردن، بە تورککردن و بە فارسیکردن، وەلێ کاتێک هاتە سەر باسکردنی جەنگ تۆ تەنها یەک کەس هەبێت شارەزا لە بواری جەنگ، ئەو کەسەیش لە ئێستادا ترسی لەجەنگ نەبێت و پێوابێت مادامەکی کورد وەک زمان چۆتە ناو زیرەکی دەستکرد، ئیدی تازە خەمی ئەوەمان نییە وەک زمان بسڕێینەوە! چونکە سڕینەوەی زمان پیش زیرەکی دەستکرد یەکێک بوو لە هەڕەشەکان بۆ سەر کورد و نەمانی کورد وەک نەتەوە! ئەوەی جێی سەرنجە ئەم قسەیە لە کەسێکەوە بێت وەک شارەزا لە بواری جەنگ وتوێژی لەگەڵ بکرێت. لە کاتێکدا یەکێک لە هەڕەشە گەورەکانی دونیای ئەمڕۆ نەک بەتەنها بۆ کورد بەڵکو، بۆ هەموو مرۆڤایەتی خودی زیرەکی دەستکردە! هەڵبەت کە باسی زیرەکی دەستکرد دەکرێت مەبەست لێیی “چات جی پی تی” نییە! بەڵکو، قسەکردنە لەمەڕ زیرەکی دەستکرد وەک بکەر و جێگرەوەی ئەقڵی مرۆیی. ئەوەی زیرەکی دەستکرد خۆی بڕیاردەربێت و لە بری تۆی مرۆڤ باشە و خراپییەکانت بۆ دیاری بکات. زیرەکی دەستکرد دەست بەسەر ژیان و ئەقڵی مرۆڤەکاندا بگرێت! لە کاتێکدا فەیلەسوف و ڕۆشنبیرەکانی دونیا لەوانەیش (یۆڤاڵ هیراری) قسە لەسەر مەترسی و هەڕەشەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی بە کۆلۆنیالیزەکردنی هەست و نەستی مرۆیی دادەنێن. ئێمە لە کوردستان دڵمان بە “زیرەکی دەستکرد” خۆشە و بە زەمانەت و گەرانتی زمانی کوردی دەبینین و پێمانوایە کە دوژمن چیتر ناتوانێت زەفەرمان پێبەرێت وەک زمان جینۆسایدمان بکات. دیارە کاک رێبین ئاگای لە ترسە گەورەکە نییە، چونکە هەڕەشە گەورەکە بۆ سەر مرۆڤایەتی، ترسی هەڵگیرسانی جەنگە لە نێوان مرۆڤ و زیرەکی دەستکردا! ترسی ئەوەی کە مرۆڤ خۆی شتێکی دروستکردووە هەر ئەو شتە دەبێتە هۆی لە ناوبردنی خۆی و مرۆڤایەتیش گەر کۆنترۆڵ نەکرێت و سنوری بۆ دانەنرێت.
با بگەڕینەوە بۆ سەر خودی جەنگ و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی کورد کە لەو بەرنامەیەدا وەک گریمانەیەکی دوور و بابەتێکی پەراوێز باسی لێوەکرا. جا ڕەنگە زۆربەمان بەتایبەت ئەوانەی سەرمەستن بە خۆرئاوا ئەو ڕاستییە نەزانن کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و لە دوای بەرقەراربوونی ئاشتی لە ساڵی (١٩٤٥)ەوە، زیاتر لە (١٥٠ بۆ ١٦٠) جەنگی خوێنای لە سەرانسەری جیهان ڕوویداوە، قوربانیانی ئەم جەنگانە بە حەوت ملێون و دووسەد هەزار کەس مەزەنە دەکرێت، ئەم ژمارەیە بە تەنها کوژراوەکانن ئەمە جگە لە بریندار، ماڵوێرانی، لاقەکراوەکانی ئەم جەنگانە. گەر بگەڕینەوە بۆ قوربانیانی جەنگی جیهانی یەکەم ئەوا ژمارەی کوژاروەکان بە هەشت ملێون و چوارسەد هەزار دادەنرێت، واتە لە دوای سەقامگیری لە ئەوروپا، هێندەی جەنگی جیهانی یەکەم خەڵک کوژاروە. ئەم ژمارانە لە زیرەکی دەستکردەوە وەرنەگیراون بەڵکو، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی کارگێڕی ئاشتیە لە شاری ستۆکۆڵم لە ووڵاتی سوید کە سەبارەت بە جەنگ کردوویانە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن تەنها لە ساڵی (١٩٩٠) دا شەست و یەک هێرشی سەربازی لە جیهاندا کراوە. لە ڕاستیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان ئەوەیە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و بە تایبەت لە دوای بانگەشەی ئاشتی لە ساڵی (١٩٤٥) ەوە بۆ ساڵی(١٩٩٠) واتە لە ماوەی دوو هەزار و سێ سەد و چل هەفتە جیهان بە تەنها سێ هەفتە ئاشتی و سەقاماگیری بەخۆیەوە بینیوە. ئەوەی جێی سەرنجە وڵاتێکی وەک سوید خۆی نەگلاندۆتەوە ناو جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە گوڵ و گوڵزاریش پێشوازییان لە سوپای نازی کردووە! لەگەڵ ئەمەیشدا ئەم دەستەی کارگێڕییە بۆ کاروباری ئاشتیی خەریکی لێکۆڵینەوەکانی خۆیەتی سەبارەت بە جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ، بە مانایەکی دیکە، لێکۆڵینەوەیە لە دوژمن و ئەگەر هێزی دوژن. ئەم لێکۆڵینەوانە لە سەر جەنگ لە ووڵاتێکی وەک سوید کە بەوە ناسراوبوو وڵاتێکە دوو سەد ساڵ فیشەکێکی تیا نەتەقیبوو! (هەڵبەت ئەم قسەیە بۆ ئێستا ناگونجێت دوای بەرزبوونەوەی ڕێژی کوشتن و تەقینەوە و بەکارهێنانی چەک لە لایەن مافیاکانی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای ساڵی دوو هەزارەوە).
گەر ئەو زانیارییانەی سەرەوە بە هەند وەربگرین ئەوا دەڵێین کۆمیدیایە تا ئاستی تراژیدیا تۆ وەک کورد لە خەم و هەڕەشەی داگیرکردندا نەبیت، سەرەڕای ئەوە ڕاستییەی لە هەر چوارلاوە بە دوژمن دەورەدراویت، نەک ئەوەیش لە کاتێکدا جیهان و زلهێزەکانی دونیا خەریکی گەمەیەکی ئەپۆکالیپتین، ئەوەی هانا ئارێنت پێی دەڵێت “گەمەیەکی شەترەنجی ئەپۆکالیپتی” گەمەیەک چیتر بە چەمکی براوە و دۆڕاوی جەنگ لێکنادرێتەوە، چونکە هەر کامێک لەم زلهێزانە براوەبن ئەوا مانای لەناوبردن و تیاچوونی هەردوو لایەنەکەیە، چونکە ئەم جەنگە بۆ خۆی جەنگی وجود و بوونە بۆ زلهێزەکان کە کامیان دەبنە سەروەر و گەورەی ئەم سەردەمە کە سەردەمی زانیاری و زیرەکی دەستکردە. جەنگێک کە لە جەنگی سەردەمی پێشوو ناچێت و ناتوانین بە چەمک و تیورەی جەنگی پێشوو تەفسیری بکەین. ئا لەم دۆخەدا ئێمە وەک کورد کاتێک باسی جەنگ دەکەین دەبێت بزانین دەکەوینە کوێی هاوکێشەی زلهێزەکانی دونیا، واتە ئێمە وەک کورد سەرباز یان ووردتر بڵێم مقاشی دەستی کام زلهێزەیەن و چۆن شەڕمان پیدەکەن؟ ئەمە قسەکردن نییە لە سەر تیورەی پیلانگێڕی، بەڵکو قسەکردنە لە سەر حەقیقەتی سەردەمێک کە ماناکانی جەنگ خۆی گۆڕاوە. هەر بۆیە گەر پرسیارێکی سادە بکەین و بڵیین کام دەسەڵاتەی کورد ئێستا هێندە لە باریدایە بڕیار لەم دۆخە بدات وەک دۆخێکی ئاوراتە، هاوکات لە باریدایە هەموو پێوەرەکانی دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنیت بۆ جۆرکردن و ئیحتواکردنی دۆخەکە، بۆ پارێزگاریی خۆی و کەیانەکەی وەک بوونێکی سیاسی لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی ببێتەوە هێز و دەسەڵاتی پاش جەنگ؟ ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت بە ناوی دۆخی پاش جەنگ. چونکە لە دۆخی ئێمەی کوردا مژارەکە بە تەنها هەر پارێزگاریکردن نییە لە خۆت و بوونی خۆت لە پارچەیەک و بە دەستهێنانی هێز لە پارچەیەکدا، بەو مانایەی بوون و ئاسایشی هەر پارچەیەک بەستراوە بەویترەوە، بوون و مانەوەی ڕۆژئاوا بەستراوە بە باشوورەوە، باشووریشمان بە ڕۆژهەڵات و باکورمانەوە. کاتێک دەوترێت دۆخی ئاوارتە، ئەوا ئەو دۆخەیە کە ناتوانیت پێشبینیی بۆ پاشهاتەکانی بکەیت، لێ بۆ ئێمەی کورد بەو مانایەی ئێمە هەمیشە و بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدا ژیاوین و تا ئیستایش دەژین. ئەوا ناکرێت پێشبینیی بۆ پاشهات و دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە نەکەین یان لانی کەم ئەقڵی سیاسیی یان ڕۆشنبیریی و شارەزاکانی بواری جەنگ بۆ نمونە (ڕێبین هەردی) هێندە خۆی ئامادە نەکردبێت بۆ بەرنامەیەک سەبارەت بە جەنگ تا باس لە سیناریۆی جیاواز و پاشهاتی جیاواز ئەم جەنگە و ڕۆڵ و مانەوەی کورد و کوردستان لەم جەنگەدا بکات.
٢- ئایا پیاوان و ڕۆشنبیرانی کورد شین بۆ جوانی کچە پێشمەرگە و شەهیدەکانی جەنگ دەکەن؟
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە پێویستە بگەڕێینەوە سەر جەنگ و ئاکامەکانی چونکە خودی ئەو پرسیارەی من، لە ڕاستیدا گوتاری پێشکەشکار(پەیوەند عومەر)ە، ئەو کەسەی بەر لە تەقینەوەی ڕووداوەکانی ئەم دوواییە لە جیهاندا بە گشتی و لە کوردستاندا بە تایبەتی بەرنامەیەی جەنگی لەگەڵ (ڕێبین هەردی) دا کرد، ئەو بەرنامەیەی کە لە پرسیاری یەکەمی ئەم ووتارە باسم کردووە. هەڵبەت ئەوەندە بەسەر ئەو بەرنامەیەدا تێنەپەڕی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگیرسا، تەواوی هاوکێشە سیاسیەکان لە ڕۆژئاوادا قڵپ بوەوە، پێگە و بوونی سیاسی کورد کەوتە ژێر مەترسی لە ناوچوون. هەمیسان بەرخودانی شەڕەڤانانی کورد بە ژن و پیاو، کوڕ و کچ ، پیر و گەنج وەک هەمیشە دونیای بە خۆی سەرسام کرد. لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا هێزی بەرخودان بۆ بەگژداچوونەوەی هەڕەشەی داگیرکردنی ڕۆژئاوا گڕی لە دڵی هەموو کوردێک بە گەورە و بچووک بەردا، بە جۆرێک کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان کورد وەک یەک جەستە و یەک ڕۆح بەرەنگاری ئەو هەڕەشانە بووینەوە. هەموو بیرمانە چۆن خۆپیشاندانەکانی کورد لە هەموو جیهان و بە تایبەت لە شاری سلێمانی عەرشی جیهان و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی هەژاند. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری سلێمانی و دروشمی ” یەکە، یەکە، یەکە، کوردستان یەکە” و “ڕۆژائاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە” هەر بەتەنها دروشمێکی ئاسایی و ڕۆژەڤ نەبوو بۆ سارێژکردنی برینەکان لەو کاتەدا بەڵکو، دۆخێک لە یەکبوون و هاسۆزی، هاوڕۆحی کورد بوو، زیندووبوونەوەی ڕۆحی مەردانە و شۆڕشگێڕانەی کوردبوو بە تامی ژیان، زیندووبوونەوەی هەست و بەها پیرۆزەکانی کوردبوون بوو، هەر لە جوامێری و ئازایەتی و خەمخۆری بۆ یەکتر، باوەشکردنەوە بوو بە بێکەسی خۆماندا تا پشانی هەموو دونیا بە گشتی و دوژمنانی کورد بە تایبەت بدەین، کە هیچ هێزێک ناتوانێت کورد و کوردبوون لە یەک جیابکاتەوە تەنانەت مەرگیش لە باریدا نییە و پێی ناکرێت. دۆخێک هەوێنی هەزار شۆڕشی لە هەناوی خۆیدا بۆ مێژوو تۆمار کرد، دۆخێک نەک دوژمنی توشی شۆک کرد بەڵکو، کۆلکە پیاو و خاوەن دەسەڵاتی ساختەی کوردیش خستەوە قاڵبی خۆی و فزەی لێبڕین. شۆڕشی کەزی وەک ئاوێنەی شۆرشی (ژن، ژیان، ئازادی) هەر بەتەنها هاوکێشە سیاسیەکانی نەشڵەقاند، بەڵکو دەستی برد بۆ ئەو دۆخە چەق بەستووەی وێنای ژن و پەیوەندی نێوان ژن و پیاوی کورد. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ژن و پیاوی لەگەڵ یەکدی ئاشت کردەوە، ژن لە بوکەڵەیەکی سێکسیەوە کردەوە بە بکەر و هاوشانی و هاوخەباتی پیاو. ئەگەرچی لەو کاتەیشدا هەندێ گوتاری دژە کورد، دژە یەکبوونی کورد و دژە ژن هەوڵیاندا هێز و تینی ئەو یەکبوون و یەکگرتنە لە نێوان هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا بە لاڕیدا ببەن، خەفەی بکەن و بیکوژێنەوە ئەمیش دیسان بە پەلاماردانی ژن، جەستەی ژن و بوونی ژن وەک بوونێکی نەکردە و زەعیفەیەک گەر بکوژرێت خەتای خۆیەتی. لەو کاتەدا گوتاری ئەوەی ژن بۆ ماڵەوە کراوە، ئیشی بە شەڕکردن چییە، یەکێک بوو لەو گوتارە قێزەونانەی کە دەویست ئیهانە بە ژنە شەڕەڤانی کورد و ژنە شەهیدەکانی ڕۆژئاوا بکات، مەهانە بدات بە داعشەکان بۆ کوشتن و ئەتکردنی جەستەی ژن. وەلێ، گڕی ئەو شۆرشە لە ئایین و لە پیاوی ئاینی و دوژمنانی کورد گەورەتر بوو. هێزی کوردبوون لە گوتاری بە ناو موسوڵمانەکان گەورەتر و پیرۆزتر بوو. هەر بۆیە هەرزوو لە ناو هێز و تینی شۆرشی کەزیدا ئەو گوتارە لەرزۆکە کاڵبوەوە، بەڵام بەداخەوە بنبڕنەبوو و لە ڕەگەوە هەڵنەکیشرا تا جارێکی تر پەلامار نەداتەوە.
لەو کاتەدا گەر ئەو ئیرادە پۆڵایینەی کورد بۆ یەکبوون نەبوایە ئەوا بە پێچەوانەی گەشبینیە بێ بنەماکەی ڕێبین هەردی خودی ئەزمونی ڕۆژئاوا لە بەردەمی هەڕەشەیەکی وجودی و پیلانێکی سیاسیدا لە ناو دەچوو، بە مانایەکی دیکە، ئەوەی ئەزمونی ڕۆژئاوای لەو کاتەدا ڕزگار کرد یەکڕێزی و ئیرادەی کورد بوو بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن، نەک زیرەکی دەستکرد و باشییەکانی. ئەمە مانای ئەوە نییە کە سۆسیال میدیا ڕۆڵی گرنگ نەبوو لە ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی ڕۆحی بەرگری و بەرخودان.
جەنگ بەردەوامە و کوردیش لە ناو ئەو جەنگەدا، جا بیەوێت یان نەیەوێت بەشێکە لەو جەنگە، هێشتا جەنگ لە ڕۆژئاوا تەواو نەبوو، ڕۆژهەڵاتەکەی کوردستان کە هەمیشە لە ژێر سایەی دەوڵەتی سێدارە خوێنی لێ دەتکێت، جارێکی تر لە نێو گەمەی زلهێزەکاندا کەوتۆتە بەر هەڕەشەی مان و نەمان. ئەمە جگە لەوەی باشوریش بە هەرێمەکەیشییەوە لەم هەڕەشانە پارێزراو نییە. بە پێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لەبەردەستدایە، باشووری کوردستان لە ماوەی جەنگی ئێران -ئەمەریکا و ئیسرائیلدا، زیاتر لە هەشت سەد هێرشی ئاسمانی لە لایەن ئێران و هاوپەیمانەکانیەوە کراوەتە سەر. لەو هێرشانەدا زیاتر لە بیست کەس شەهید بوون ئەمە جگە لە بریندار و زیانی ئابووری، پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن، دروستبوونی ترس و تۆقین لە ناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا، نەک ئەوەیش، دوژمنانی کورد بە ووردی و شێوەیەکی سیستماتیکی کار لە سەر تێکشکاندنی ئیرادە و بوونی کورد دەکات. ئەو هێزەی شۆرشی کەزی لە ناو دڵ و دەروونی خەڵکی باشووردا بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی تەقاندییەوە دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک لە ناویبەرن.
لە یەکێک لەم هێرشانەدا غەزاڵەکەی ڕۆژهەڵات شەهید دەبێت، وەک بریندارێکی جەنگ ئەم پێشمەرگەیە دەرگای خەستەخانەی بەخشینی بەسەردا دادەخرێت و گیانی پیرۆزی دەبەخشێت. غەزاڵەکەی ڕۆژهەڵات بە هاوەڵ و یارمەتی چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێک دەنێژرێت. هەڵبەت من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو سیناریۆی پیلانگێڕی بۆ شکاندنی شاری سلێمانی چونکە زۆر بە سادەیی باوەڕم پێی نییە، بەڵکو باوەڕم بەوەیە کە گوتاری دژە کورد لە دەرەوە و ناوەوە کار لە سەر خەساندنی ئیرادە و بوونی کورد دەکات وەک نەتەوە.
هەر بۆیە خودی ئەم گوتارە دژە کورد و دژە ژنە سەری هەڵدایەوە ئەمجارەیان بە خراپتر، لە هەمووی بێ ماناتر و ناشرینتر گوتاری پەیوەند عومەرە کە دەڵێت” ڕۆشنبیرەکان- پیاوەکان لەبەر جوانییەکەی شینی بۆ دەکەن”. ئەمە قسەکردنە لە سەر تەرمی کچێکی شەهید، گەر شەهیدیش نەبێت باس لە کچێکی مردوو دەکات. بە گەڕانەوە بۆ قسەکردن سەبارەت بە جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ بە تایبەتی ئەم گوتەیەی پەیوەند عومەر لە سەر پیاوانی کورد و شین و چەمەرییان بۆ شەهیدەکە نییە، بەڵکو بۆ جوانی کچەکەیە. ئەم گوتەیە بە تەنها گوتەی پیاوێکی فریادڕەسی خاوەن پەیام نییە کە لە خەمی کچانی کورد بێت بە مردوویش خەمیان بخوات، هەر بۆیە نابێت هەر وا سەرپێیانە تێپەڕێت بێ ئەوەی بیر لە ڕەهەندە ترسناکاکانی نەکەینەوە وەک پریشکی جەنگ و وێرانکارییەکانی جەنگ تەماشای نەکەین. بەو پێیەی پەیوەند عومەر بەرنامەی لەسەر جەنگ هەبوو ئەوا هەر بە زمانی جەنگ و لە ناو چوارچێوەی زانستی جەنگ گوتەکەی تەفسیر دەکەین. بۆ ئەمەیش دەتوانین پهناببهینه بهر دوو چهمكی گرنگی دهروونشیكار و دهروونناسی كۆمهڵایهتی (ئێریك فرۆم) كه ساڵی 1963 له نامیلكهی (جهنگ لهناو مرۆڤ خۆیدا) بهكاریهێناون و وهك لێكۆڵینهوهیهكی سایكۆلۆژی بۆ ووردبوونهوه له ڕهگوڕیشهی وێرانسازیی بڵاویكردۆتهوه، كه ئهوانیش بریتین له چهمكهكانی: نیكرۆفیلیا و بیۆفیلیا. بێگومان ئهم كاره خۆی له بنهڕهتدا یهكێك بووه له ههوڵه دیار و بهرچاوهكانی فرۆم له دژی ئهمهریكا، ئهو كاتهی ههڕهشهی بهكارهێنانی چهكی ئهتۆمی له ڕوسیا كردبوو. ئارگومێنتهكهی فرۆم لهم بارهیهوه ئهوه بوو، كه: دهتوانینن ڕهگوڕیشه دهروونیهكانی خهمساردی ئهمهریكا سهبارهت به ههڕهشهی وێرانكردن له كارهكتهری (نیكرۆفیلیكی) یا (عهشق بۆ مهرگ) دا بدۆزینهوه. دیاره مهبهستی فرۆم له بهكارهێنانی ئهم زاراوهیه باسكردنی ئارهزووی سێكسی كهسی نیكرۆفیلیك نیه بۆ تهرم و لاشه، بهڵكو زیاتر به گشتی حهز و ئاراستهیهكی سایكۆلۆژیانهیه بۆ جیهان له دۆخه مردوویی و پاسیڤی و وهستاویهكهیدا كه زۆر سانا كۆنترۆڵدهكرێت. فرۆم ڕای وایه كهسانی نیكرۆفیلیكی شاگهشكهن به مردوو، تاكه شتێك سهرنجیان ڕابكێشێت به تهنها تهرم و لاشهی مردووهكانه، ئهوان چێژ له ووردهكاریهكانی پارچهپارچهبوون و ڕزیین، مهحفبوونهوه و پۆخڵیی و بۆگهنبوونی لاشهكان وهردهگرن. ئهمانه (نیكرۆفیلییهكان) عاشقی تاریكی و ئهشكهوت، مهڵاسگه و شوێنی خۆشاردنهوهن. فرۆم پێیوایه ئهم جۆره كهسانه به سۆز و خۆشهویستیان بۆ ڕابردوو دهناسرێنهوه، له ڕابردوودا نیشتهجێن و باوهڕیان به داهاتوو نییه، ههربۆیه ئامادهن ههموو دونیا وێران بكهن و مردوهكانیش بكوژنهوه تا ئهم ههسته پاتۆلۆژییهیان تێر بكهن. ئهمانه بهردهوام دهیانهوێت ههڵبێن: له ئازادی و بهرپرسیارێتی و ههموو ئهركێكی تاكهكهسی ڕابكهن، ئهویش له ڕێی پهشیمانبوونهوه و عهوداڵبوونیانهوه بۆ ڕابردوو. تهواو پێچهوانهی كهسێتی بیۆفیلییانه كه كراوهن، باوهڕیان به گۆڕان و گهشهسهندن ههیه و ئیش بۆ داهاتوو دهكهن. به ڕای فرۆم نیكرۆفیلیا له ههردوو سادیست و غهریزهی مهرگهوه نزیكه، بهڵام هیچ كامیشیان به تهنیا ناتوانن گوزارشتی لێ بكهن. ههربۆیه سادۆماسۆشیزم یان وێرانسازیی دوو میكانیزمن بۆ دهربازبوون و ههڵاتن له ئازادی. سادۆماسۆشیزم ههم خۆیان دهخهنه ناڕهحهتی و تهڵزگهوه، ههم ئهوانی تریش. بهڵام كهسانی وێرانكار بهتهنها له ههوڵی تهفروتوناكردنی ئهویتردان.
ئامانجی سهرهكی من لهم خوێندنهوه فرۆمییه بۆ گوتاری دژە کورد و دژە ژن شیكاركردنیان به پێی چهمكی نیكرۆفیلیا بهتهنها لهبهر دزێوكردنی ئەو کەسانە نیه، مهبهست لێی دێواندن و شهیتانكردنیان نیه، وهك چۆن به ئامانجی وێناكردنی ژن نیه وهك هێزێكی بیۆفیلی عاشق به ژیان و بهس، بهڵكو کێشە ئەم گوتارە دژە کورد-ژنەیە وەک هێزێكی خاپوركهری خۆ به فریادڕهسزان خواستیهتی، خاسیهتهكانی ئهو كارهكتهره نیكرۆفیلییه وەلێ بە مانا سێکسوالییەکەی بۆ خانهبهخانهی ناو كۆمهڵگهكهمان بگوێزێتهوه ئەویش بە گوتاری تازە واتە لە ڕێی پیاوە بۆ پیاو. لێرەدا لە ڕۆشنبیرێکەوە بۆ ڕۆشنبیرانی تری کورد، وەلێ دیسان بە تێپەڕین بە جەستەی ژندا ئەمجارە جەستەی ژن بە شەهیدکراوی و مردوویی.
هێشتا جەنگ هەر بەردەوامە لە هەموو لایەکەوە لورەی دێت. کوردیش لە ناو ئەم جەنگەدا لە هەر چوار لاوە لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدایە. ئەمە جگە لەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان جەنگ بۆ یەک ساتیش نەوەستاوە، ڕۆڵەکانی کورد ڕۆژانە لە بەردەم هەڕەشەی گرتن و سێدارەدان.