نووسین: هادی ئەحمەد
ستراتیژیی ئەمریکا-ئیسرائیل لەم جەنگەدا دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەند و جەنەڕاڵێکی چینی کە دوو هەزار ساڵێک پێش زایین ژیاوە. دیارە ئەم ستراتیژییە لە پەرتووکی (هونەری جەنگ)دا، کە لە لایەن (سون زوو) نووسراوە، پێشکەش بە دەسەڵاتی شاهانەی ئەو کاتەی چین کراوە و وەکوو پەرتووکێکی دانسقە و تایبەت پارێزراوە. وەکو باس دەکرێت ٨ هەزار وشەی لێ بڵاوکراوەتەوە، باقیی دیکەی دەقەکە لە تاریکاییدا ماوەتەوە؛ هەرچی ئەم هەشت هەزار وشەیەیە، وەک کۆمەڵێک ئامراز و تەکنیکی گرنگی سیاسی و سەربازی سەیر دەکرێت.
لەم جەنگەدا نەبوونی دروشم و گوتاری ڕوون لە لایەن ئەمریکاوە، ڕوویەکی سایکۆلۆژیی زۆر گرنگە کە بنەماکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بیرمەندە. دیارە بۆ زۆر کەس ئەم ستایلە سیاسییە جێگەی مشتومڕ و پەیدابوونی دیدگا و سەرنجی زۆر جیاواز بوو لەسەر سیاسەت و دیدگای ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و خودی کەسایەتیی ترەمپیش باسی لێوە دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیشدا ئەم ستراتیژە نە ئەوەندە تاقانەیە،و نە ئەوەندە نوێ کە نەناسرێتەوە، بەڵکو دەتوانین بۆ ئەم دواییانە و بەکارهێنانی لە وەها جەنگێکی گەورەدا، کە وەک ململانێی دوو جەمسەری گەورەی وەکو؛ چین و ئەمریکا کە ڕووە ئابوورییەکەیەتی و ڕەهەندێکی گرنگییەتی، کە دەشێت لێدان لە توانستی ئابووریی چین هەم دیسان وەک تاکتیکێکی ستراتیژی و درێژخایەنی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان، یان هەر نەبێت کۆنترۆڵکردنی و هێشتنەوەی لە ئاستێکدا بێت کە لە لایەن ئەمریکا، یان بە قەولی خۆیان دەڵێن:”ئەمریکای مەزن بمێنێتەوە”، نەک کۆنترۆڵی ئابووریی جیهان بکات.
لە وێنەیەکی دیکەی جەنگەکە بەرامبەر خودی ئێران کە زۆربەی ڕەهەندەکانی ئەم ستراتیژە گرنگەی (سون تزوو) ڕەنگ دەدەنەوە، دیوێکی دیکەیە. لەم هەوڵەدا ستراتیژەکانی ئەم ستایلە لە جەنگ باس دەکەین و دۆخ و ئاکتەکانی دیکەی ئێران وەک کاریگەر بەم ستراتیژە باس دەکەین، ئەگەرچی ئێرانیش ڕووکەشیانە دەیەوێت هەمان ستراتیژ بەکار بهێنێت، بەڵام پێدەچێت تاکە ڕەهەندێکی ئەم ستراتیژە کە ئێران بتوانێت کاری پێ بکات، هەمان ستراتیژەکەی خودی ترامپ بێت کە دروشم و دیدگایەکی ڕوونی نییە، کەچی ئێرانیش بە هەمان شێوە تەقلیدی ئەم ستایلە دەکاتەوە، بەڵام ڕەهەندە ئایدۆلۆژییەکەی ڕێگرێکی گەورەیە کە نەتوانێت سوود لە ئەم ستراتیژە ببینێت، کە گوتارێکی ڕادیکاڵ و فەندەمێنتاڵ خوازە.
دیارە ئەم ستراتیژە لە لایەن وەزارەتی جەنگەوە، وەک هەموو بابەتێکی دیکەی گرنگ و پەیوەست بە سیاسەتی گشتی و جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکان جێگەی بایەخ بووە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە لەگەڵ دامەزراوە زانستییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی گشتییەوە کاری هاوبەش دەکات و ستراتیژ و پیلانی جەنگیی سوودبەخش دادەنێت.
گۆڕانی شێوازی جەنگ (لە بنکەوە بۆ لوتکە)، پێچەوانەبوونەوە لەم جەنگەدا ئاکتێکی زۆر جیاواز و داهێنەرانە بوو لە دەسپێکی جەنگە نەریتییەکانی پێشووتردا؛ جاران سیناریۆکە وەها دەستی پێ دەکرد: سەربازەکان یەکتریان دەکوشت و لە کۆتاییدا هەندێ جار سەرکردە یان سەرۆک یان پاشا دەکوژران یان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر شانۆکە نەدەمان، کەچی ئێستا لە سەری سەری هەڕەمەکەوە یان دروستتر بڵێم؛ ئایدیاڵترین کارەکتەری دۆکتراینەکەوە دەست پێ دەکات، ئینجا بەرەو خوارتر و خوارتر. ئەگەرچی ئەم ڕووداوە پێشووتر ڕوویدابوو لە کوشتنی سەرکردە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و چەندانی دیکەش، بەڵام بۆ ئێران لە فەرماندەی ڕۆحی و سووپەرمانی مەیدانی (قاسم سولەیمانی) لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دەست پێ دەکات، دوای تێپەڕینی ٥ ساڵ بەسەر لەناوبردنی، دیسانەوە چالاکییەکی دیکە بەرامبەر ئێران دەست پێدەکات، بەڵام ئەمجارەیان لە ئاستێکی بڵندتردا کاری کرد و باوکی ئایدۆلۆژیاکە ئامانجەکە بوو.
لە جەنگە کلاسیکییەکاندا (وەک ئەوەی لە مێژوودا بینیومانە)، لوتکەی دەسەڵات دواین قەڵا بوو کە دەڕووخا، بەڵام ئێستا “ستراتیژیی بڕینی سەری مارەکە” (Decapitation Strategy) بووەتە یەکەم هەنگاو. کاتێک ئایدیاڵترین و کاریزماترین فیگەرەکان دەبنە ئامانجی چەکە پێشکەوتووەکان، تەنها جەستەیەک نامرێت، بەڵکوو ئەو “ئەتمۆسفێرە مەعنەوی و ئایدۆلۆژییە” دەشکێت کە شوێنکەوتووانی لە دەوری کۆ دەبوونەوە. ئەمە وادەکات سوژە (Subject) لە کارەکتەرێکی بڕیاردەر و چالاکەوە بگۆڕێت بۆ تەنێکی پاسیڤ “ناچالاک” هەروەک شوێنگرەوەی ڕابەری پێشووتر بە بێدەنگی و تەنها لە ڕێگەی نووسینەوە دەردەکەوێت، کورد گوتەنی: “نە ڕەنگی هەیە و نە دەنگ”.
ئەگەرچی ئەم ستراتیژە بە تەواوەتیش نوێ نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە لە لایەن سون تزوو (Sun Tzu) کەسایەتییەکی مێژوویی و ستراتیژیستێکی سەربازیی چینی کە زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، کە بە بنیاتنەری ئەم فۆرمە لە جەنگ دادەنرێت و پەرتووکی (هونەری جەنگ) – “Art Of War”ـی بەناوبانگە. ئەم جەنگەی ئێستاش بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم تەکنیکانەی سون تزوو بەکار دەهێنێت. تۆد تێرنەر (٢٠١٥) دەڵێت: “سەرپەڕاندن” (Decapitation) ستراتیژییەکەی نوێ نییە؛ سون تزوو لایەنگری ئایدیای بەئامانجگرتنی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکان بووە بۆ پەکخستن و شکستپێهێنانی دوژمنەکەی.
ڕۆبێرت پەیپ پێی وایە: سەرکردایەتیی ڕێکخراوێک “وەک مێشکی جەستە وەهایە. مێشک تێکبشکێنە جەستەکەش دەمرێت، یان گۆشەگیری بکە جەستەکە ئیفلیج دەبێت، یاخود سەری لێ بشێوێنە جەستەکە کۆنترۆڵ ناکرێت”[1]. ئەم ستراتیژە لە جەنگی دژی تیرۆردا زۆر باش کاری کردووە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەم ستراتیژەی ئەمریکا هێشتا دیار نییە بەرئەنجامەکەی چۆن دەبێت، بەڵام دەشێت کەمکردنەوەی توانای دوژمن و زیادکردنی دەرفەتی سەرکەوتنی خێرا دوو لە ئامانجە دیارەکانی ستراتیژە مۆدێرنەکە بن کە لەم جەنگەدا دیار نییە چۆن دەشکێتەوە.
سەراسیمبوونەکە لەوەدایە هێزە ڕۆژئاواییەکە و هاوبەشەکەی لە ڕۆژهەڵات، واتە ئەمریکا و ئیسرائیل، بەو کردارانە بە ڕەهایی ئاماژەیان بەوە دا کە ڕابەرایەتیی ئایدۆلۆژیا و سەرکردایەتیی وڵاتەکە لە کاتێکدا جێگیرە کە ئێمە ڕێگە بدەین، واتە هیچ فۆرمێک لە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی بە گوتاری “مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل” بە ڕوونی دەرناکەوێتەوە، بەڵکوو وەک ئەوانی دیکە “بەرەی مەقاوەمە” و هاوشێوەکانی لە ڕابردوودا، چۆن لە ژێر تونێلەکاندا گوتارەکانیان دەگوتەوە و ئەوانیش لە ئاسمانەوە بە ڕووناکی دەیانکردنە ئامانج. ئێران لەو کارەکتەر و فیگەرە چالاکەی ناوچەکە بۆ سوژەیەکی ناچالاک و لەدەستدانی ئاسمان پاشەکشەی کردووە. کۆتاییەکەی سەرنجڕاکێشە کە دووبارە مێژووی هەموو ئەم ڕژێمانە کە کۆنترۆڵی جووڵە سیاسییەکانیان لە دەستی خۆیاندا نامێنێتەوە و دەکەونە یاریی بەرامبەرەکەیان و ئاراستەی تەواوەتیی جەنگەکەیان بۆ دیاری دەکرێت، کاردانەوەکەی زیاتر لە کەسێک دەچێت کە سەرسامانە بڕوانێتە مێوژخواردنەکەی، کەچی بەرامبەرەکەت خەریکی گوێزخواردنە.
هەڵسەنگاندن لەسەر پەرچەکرداری هەڕەمەکی بە هەر چوار دەوری خۆتدا، ئەتمۆسفێرێکە لە کوردیدا دەربڕینێکی ناوازەمان بۆی هەیە پێی دەڵێن “دەڵێی ورچی بریندارە”. ئەم لەیەکچوونە لەگەڵ ئەو ڕەفتارەی ورچی بریندار، ڕوونکەرەوەیە بۆ کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەم دۆخە دۆخێکی جەستەیی سایکۆلۆژیی کۆنترۆڵنەکراوە، لە نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دۆخەکەدا دروست دەبێت، کە هەم دیسان ئەمەش بەرئەنجامی ئەم ستراتیژە جەنگییەیە کە ئەمریکا کاری پێ دەکات.
کاتێک سەرکردە ئەزمووندارەکان و پلاندانەرە سەربازییەکانی ڕێکخراوێک دەکوژرێن، ڕێکخراوەکە توانای ئەنجامدانی هێرشی ئاڵۆز و وردی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان بەرامبەر نامێنێت، هەروەک لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ڕێکخراو و کۆمپانیا و هتد. پەنابردن بۆ ئامانجی لەو شێوەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم لاوازییەیە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن هێشتا بوونیان هەیە.
ئەم هاوکێشەیە جۆرێکە لە نایەکسانیی تەکنەلۆژی و مەعریفی و نەبوونی ستراتیژ: ئەمە پیشاندەری ئەوەیە کە چیتر “گوتاری ئاگرین” ناتوانێت بەرگری لە “فەزای فیزیکی” بکات کاتێک ئاسمان لە دەست دەچێت. سەبارەت بە گەرووی هورمز کە وەک شمشێرێکی دووسەر وایە؛ چەند بۆ دوژمنەکەت جێگەی مەترسی بێت بۆ خۆشت بە هەمان شێوەیە. گەرووی هورمز هەر بە تەنیا کارتی ئێران نییە، دەشێت ئەم نائارامییەی لەو ڕێگەیە دروستی کردووە، جۆرێک لەدەستدانی کارتەکەش بێت، چونکە ئەگەر تۆش ڕێگە بدەیت ئارام بێت، خۆی لەخۆیدا ئەوان ڕێگەت پێ نادەن. زۆر سانا دەبێت کە لە نزیکدا خۆت بتەوێت گەرووەکە ئارام بێت، بەڵام ئەم کات کارتەکە سووتاوە و نە ئارام دەبێتەوە نە نائارامییەکەشی سوودی دەبێت بۆت، بەڵکو بەرەیەکی فراوانتر بەرامبەر ئێران دروست دەبێت، کاریگەریی “پیاڵە ژەهرەکە” دەردەکەوێت؛ هەر زوو ببێت بە “کارتێکی سووتاو” ئەگەر لە کاتی خۆیدا مامەڵەیەکی ژیرانەی پێوە نەکرێت. ئەگەر ئێران گەرووەکە دابخات، بەرەیەکی نێودەوڵەتیی فراوان (نەک تەنها ئەمریکا و ئیسرائیل) لە دژی دروست دەبێت، چونکە بەرژەوەندیی ئابووریی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە، یاخود دەشێت بیر لە ئەلتەرناتیڤ کرابێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە. خۆ ئەگەر ئارامیشی ڕابگرێت لە کاتێکدا لە ژێر گوشاردایە، ئەوا کارتەکە وەک ئامرازی فشار هێزی خۆی لە دەست دەدات.
لێرەدا “پیاڵە ژەهرەکە” تەنها کۆتایی جەنگ نییە، بەڵکو قبووڵکردنی ئەو واقیعە نوێیەیە کە تێیدا کارتەکان بوونەتە بارگرانی.
بنەما گرنگەکانی سون تزوو
“خۆت و دوژمنەکەت بناسە”: دەڵێت ئەگەر خۆت و دوژمنەکەت بناسیت، لە سەد شەڕدا شکست ناهێنیت. فێڵ و تەڵەکە دوو تەکنیکی گرنگ و بەسوودن؛ سون پێی وایە هەموو جەنگێک لەسەر بنەمای “شاردنەوەی ڕاستی” بنیات نراوە. کاتێک بەهێزیت وا نیشان بدە لاوازیت، کاتێکیش نزیکیت وا نیشان بدە دووریت. لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکاش لە سەرەتای ئەم جەنگە و پێشووتر هەرگیز جێگیر نەبوون، بەڵکو تێکەڵەیەک بوون لە هەڕەشەی زۆر توند و مەیلی دانوستاندن، یاخود ڕاگرتن و کۆتایی هاتنی جەنگ، کە ئەمەش بە تەواوی کاریگەریی بەسەر لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە و وەکو هەموو پەرچەکردارەکانی دیکەیان کە لە میانی ئەو ململانێیەدا ئەنجامیان داوە.
بە گشتی بەرئەنجامە هەنووکەییەکان بەم شێوەیەن:
١. ئاسمانی ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، کە ئەمەش وادەکات سەروەریی سیاسی بێمانا بێت.
٢. سەرخانی ئێران، سەرخانی سروشتیی خۆی نەماوە، ئەوەی کە هەیە شوێنگرەوەن و دۆخی ناچاری سەپاندوونی. بڕیاری یەکلاکەرەوە و کۆتایی هێشتا دیار نییە بە دەست چ گرووپێکەوەیە، کە دەشێت ئەمە گەورەترین کۆسپ بێت بۆ دانوستاندن، بێگومان ئەگەر لایەنێکیش بیرۆکەی دانوستاندنی هەبێت، چونکە دروشم و ئامانجەکان هێشتا بە تەواوی نازانرێت چییە و تا چ ئاستێک ئامانج وەدی هاتووە و توانستی هێزە ڕادیکاڵە فەندەمێنتالخوازەکە (ئێران) بە چ ئاستێک گەیشتووە.
٣. دەشێت ئامانجی ئەمریکا-ئیسرائیل جیاوازییان هەبێت، کە هەرچەند لە ڕووی پراکتیکییەوە لە ئێستادا هاوشێوە دەرکەون، لە ستراتیژ و تێڕوانینیان بۆ داهاتوو، بیرکردنەوە و خواستی جودایان هەبێت. بەڵام بە ڕوونی ئەوە بە ویستی هەردووکیان دەردەکەوێت کە دەسپێکی جەنگەکە پێمان دەڵێت، و تا ئێستاش وا پێدەچێت دوو سیناریۆی چاوەڕوانکراو بێنە ئاراوه، ئەگەرچی بژاردە بۆ ئێران هەیە و مەرجیش نییە بژاردەکان بە ڕەهایی لە دەستی هیچ لایەنێکدا بێت، بەڵام بە ناچاری وەها بشکێتەوە بە هۆکارگەلی جیاواز کە ململانێیەکە بگاتە بنبەستێک:
سیناریۆی یەکەم: ئێرانێک بەبێ ئەم ڕژێمە؛ کە ئەمە بۆ هەردوو هاوپەیمانەکە دەسپێک بووە و هەتاکوو ئێستاش ویستی ئیسرائیلە و ڕژدە لەسەری، ئەمەش بێگومان هۆکارێکی ئایدۆلۆژیکی لە پشتە بە نیسبەت ئیسرائیلەوە و ئامانجی لاوەکی نییە، ئەگەرچی ئەمریکا ئەم تموحەشی نەبێت، چونکە هەردوولا تێڕوانینی جیاوازیان هەیە ئەگەرچی لە وێنە گەورەکەشدا وەکوو یەک دەرکەون.
سیناریۆی دووەم: ئێرانێک بە هەمان ڕژێمەوە، بەڵام بە توانستێک کە چیتر بەربەرەکانێیەک لە ئارادا نەبێت و توانای دەستوەردانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت و گوتارە توندەکانی هەر بۆ ناوخۆ بێت. ئەگەرچی ئەمەش مومکینە، چونکە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستادا بەم جۆرەیە کە گوتاری سیاسیی دەوڵەتانی دیکە لە کاتێکدا بۆ ئەمریکا گرفتە کە بەربەست بێت لەبەردەم ئەمریکا؛ ئیدی ئێران دەوڵەتی دیموکراسی بێت یان تۆتالیتاری، هیچ گرنگییەکی نییە، کە ئەمەش لەگەڵ ستراتیژیی ئیسرائیل زۆر لەیەک دوورە و نە پێکانی ئامانجەکانیەتی بە تەواوی.