رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

دوورگەی ئیبستین و جۆرج ئۆروێڵ

Facebook
Twitter
LinkedIn

نوسین: شارا تاهیر

ئەگەرچی لە ئێستادا بە هۆی جەنگی نێوان زلهێزەکانی دونیا دۆسییەی جێفری ئیبستین خەریکە وەک هەموو بابەتێکی تری ڕۆژەڤ دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و بیردەچێتەوە! وەلێ، هەموو بیرمانە کە چۆن دۆسییەی تاوانەکانی دوورگەی ئیبستین هەموو جیهانی شۆک کرد و تاساند. هەڵبەت جەزرەبە و شۆکی ئەو دۆسییانە هەر بەتەنها پەیوەندی بە خودی تاوان و ڕادەی وەحشتناکی تاوانەکانەوە نەبوو، بەڵکو ئەوەی خەڵكی توشی تاسان و شۆک کرد، لەلایەک پەیوەندی تاوانەکانی ئەم دوورگەیە بە دەسەڵات و پیاوە بەناوبانگەکانی جیهان بوو،  لە لایەکی ترەوە پووچی و فشەڵی سیستمی داد و مافی مرۆڤ و هەموو ئەو چەمکە بە باق و بریقانە بوو کە خودی دەسەڵات وەک چاکە و فەزیلەی خۆی دەیداتەوە بە خەڵک.

کاتێک ووروژمی مەلەفەکانی دوورگەی ئیبستین دونیای میدیا و فەزای مەجازی هەژاند و هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، من بیرم لە ڕۆمانەکەی جۆرج ئۆروێل، بە تایبەت لە فیگەری برا گەورەکەی ئۆروێل دەکردەوە. هەڵبەت نەک لەبەرئەوەی چیرۆکەکە هاوشیوەی ئەوەیە کە ئوروێڵ بۆمانی دەگێڕێتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو بونیادە سیاسیە و پێکهاتە قووڵەی دەسەڵات لە دەستکاریکردنی ڕاستییەکان و بە لاڕێبردنی حەقیقەتدا هاشیوەی ئەوەیە کە ئۆروێل باسی لێوە دەکات. لە جیهانی ئوروێڵدا حەقیقەت ئەوە نییە کە لە ڕاستیدا ڕوودەدات، بەڵکو ئەوەیە کە دەسەڵات ڕێگەی پێدەدات بێتە بەشێک لە واقیع و خەڵك پێ بزانێت. هەر بۆیە  گەر لە ڕوانگەی ئۆروێلەوە تەماشای دوورگەی ئیبستین بکەین ئەوا دەڵێین مەلەفەکانی دوورگەی ئیبستین هەر بە تەنها لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەی تاوان نییە، بەڵکو خودی ئەم دوورگەیە و ڕووداوەکانی ناو دوورگەکە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن سیستم، لێرەشدا مەبەست لە سیستمی سەرمایەدارییە، دەسەڵات و حەقیقەت دەکات بە گژیەکدا و وەک دووشتی جیاواز بەیەک پێشکەشمانی دەکات. چۆن دەسەڵات حەقیقەت دەشارێتەوە لە ڕێی فەزحکردن و ئاشکراکردنی ڕاستیەکانەوە، چۆن گێڕانەوەکان دەستکاری دەکەن و دەیشێوێنن بە مەبەستی پاراستنی ئەوانەی بەشێک بوون لە ئابڕوچوونی دەسەڵات خۆی.

یەکیک لە دیارترین تێزەکانی ئۆروێڵ کە دەتوانین لە کەیسی ئیپستیندا بیناسینەوە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و بەرگرییە لە دەسەڵاتداران. ئەم تێزە لە نوسینەکان و ڕۆمانەکانی جۆرج ئۆروێل، بە تایبەتی کێڵگەی ئاژەڵان و (١٩٨٤) دا زۆر ڕوونە، ئەوانەی کۆنتڕۆڵی سیستمی دەسەڵات دەکەن هەر خۆیان زۆربەی جار لە ژێر یاسای جیاواز و بە ناوی جیاواز لە ناو کۆمەڵگەدا کار دەکەن. گەڕانەوە بۆ دەستەواژە بە ناوبانگەکەی ئۆروێڵ:”هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێک ئاژەڵ یەکسانترن لە هەندێکی تر” وێنایەک و خوێندنەوەیەکی ترمان سەبارەت بە پەیوەندی ئیپستین لەگەڵ گەورە سیاسەتمەدارەکان ملیاردێر و سەرمایەدارەکانی دونیا، کەسە بەناوبانگەکانی جیهان لە بوارە جیاجیاکاندا دەداتێ، ئەم پەیوەندییە فەزایەکی تەمومژاوی دروستکردووە کە خودی لێپرسینەوەیش لە تاوان و ڕووداوەکانی ناو دوورگەکە بە لایەکی تردا دەبات. سەرەڕای بەڵگەی تەواو سەبارەت بە تاوانەکان، هەموو ئەوەمان بیست کە لە ساڵی (٢٠٠٨) دا، ئیپستین لە ڕێكەوتنێکی سەیروسەمەرەدا توانی ماوەیەکی کەم لە زیندان بە سەربەرێت، ئەم ڕێکەوتن و دادپەروەرییە رێک لەو جۆرە دادپەروەییە هەڵبژاردەییە دەچوو کە ئۆروێڵ باسی لێوە دەکات و هۆشدارییمان دەداتێ بەوەی کە بەڵی یاسا و ڕێسا بوونی هەیە وەلێ، بە جیاوازی و بە پێی پێگە و ستاتوسی کەسەکان جێبەجێدەکرێن. لە جیهانی ئۆروێلدا تەنانەت کۆتایش ڕوون نییە، بەڵکو کۆتایی دەبێتەوە بە خاڵی دەستپێک بۆ گومانی زیاتر بۆ پرسیاری زیاتر. ئەمەیش بۆ کۆتایی ئیپستین هەر ڕاستە کاتێک ئیپستین لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەم مردنە بۆ خۆی کۆتایی بە کەیسی ئیپستین نەهێنا، بەڵکو پرس و گومانی زیاتری لە دەوری کەیسەکەی دروستکرد، ساناترین پرسیار ئەوەیە کە چۆن کەسێکی وا گرنگ لە دۆسییەکی وا گرنگ و هەستیاردا دەتوانێت لە بارودۆخێکی وا گوماناویدا خۆی بکوژێت؟ ئایا ڕاستی تەواو ئاشکرا بوو؟ یان وەک ڕۆمانەکەی ئۆروێل ڕاستیەکان لە پشت دیوارێکی ئەستوردا لە ناو زنجیرەیەک لە چیرۆکی گوماناوییدا خۆیان شاردۆتەوە، ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت بە ناوی ڕاستی. دیارە مەبەستم ئەوە نییە کە تاوانی زۆر ترسناک لەناو ئەو دوورگەیەدا ئەنجام نەدراوە، بەڵکو ترسناکی و وەحشتناکی تاوانەکان بۆ خۆیان ڕەنگدانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە کە لە پشتی دوورگەکە و ناو دوورگەکە کار دەکات. هەر بۆیە گەر پرسیارێکی سادە بە زمانی ئۆروێل بکەین ئەوا دەڵێین کێ خاوەنی راستییە، کێ بڕیار دەدات کە دەبێت چی بزانین و چۆن بیزانین؟ كی تاوانبارە و کێ دادوەر؟

یەکێکی تر لە تیزەکانی ئۆروێل کە زۆر بەڕوونی لە کەیسی ئیپستیندا بەریدەکەوین دەستکاریکردنی زمان و خودی گێرانەوەی ڕووداوەکانە. ئۆروێل چەمکی (جووت-زمان) بەکاردێنێت تا لە ڕێیەوە باس لەو میکانزمە بکات کە چۆن سیستم زمان بەکاردێنێت بۆ شاردنەوە یان نەرمکردنەوە و ئاسایکردنەوەی ڕاستییە تاڵەکان. گەر باوەڕمان بەو دیدە ئۆروێڵییە بێت کە هەموو مەسەلەکان لە بنەڕەتدا بابەتی سیاسین، سیاسەت بۆ خۆیشی بریتیە لە کۆمەڵێک درۆ، ڕق و شیزوفرینای گەمژەکان، ئینجا هەر کات کەش و هەوای سیاسی خراپ و گەندەڵ دەبێت ئەوا زمان تیایدا بریندار دەکرێت، بە ئەندازەی ئاڵۆزی و خراپی کایەی سیاسەت زمانیش ئالۆز و خراپ دەبێت. لە دۆسییەی ئیپستیندا بینیمان چۆن زمانی یاسایی و سیاسی هەوڵی کاڵکردنەوەی تاوانەکانی دەدا، هێندەی جەخت لە سەر وێنای سەرکردە و کەسە بە ناوبانگەکان بوو نیو هێندە جەخت لەسەر وەحشتناکی تاوانەکان نەبوو، یەکێک لە هەر تاوانە قێزەونەکانی ئەو دوورگەیە تاوانی سێکسی پیرە پیاوەکان بوو لەگەڵ مناڵ (پیدۆفیللی). کردنە دەرەوەی (هەزارەها و ملێونەها  فایل و گرتەی ڤیدیویی ژیانی ناو ئەو دوورگەیە) بۆ خۆی یەکێک بوو لەو تەکنیکانە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و نۆرماڵیزەکردنەوەی توندوتیژی و وەحشەتناکی تاوانەکان. بە مانایەکی تر، ئەوەی کە کاری لەسەر پەردە هەڵماڵین لەسەر تاوانەکانی ئەم دوورگەیە کردووە بە ووردی و درشتی حسابی بۆ ئەقڵ و نەستی ئەو جەماوەرە کردووە کە فایلی ئەم تاوانانەی بە ڕوودا دەتەقێنێتەوە. چونکە هەموو ئەو لێدوانە یاسایی و تەکنیکیانە، لێدوانی ناڕوون و بێ سەر و بەرەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی شاردنەوەی ئەزمونی قوربانیەکان بوون، بەوەی سەرنجی ڕای گشتی بگۆڕن بۆ ووردەکاری ژیانی ناو دورگەکە، کاریگەری کەسانی سیاسی و تێوەگلانیان لە کەیسەکەدا، پێشبینی پێشوەخت سەبارەت بە هاوکارە بەناوبانگەکانی ئیپستین. بەکارهێنانی زمان و دەستکاریکردنی گێڕانەوەکان لەم کەیسەدا ڕێک ئەوەمان بۆ دووپاتدەکاتەوە کە سیستم دەتوانێت بەو شێوەیەی بۆ خۆی لەبارە زمان بەکاربهێن و ڕووداوەکانی پێ بهۆننەوە بە جۆرێک کە خەڵک چیتر نەتوانن ڕاستی لە ناڕاست جیابکەنەوە، نەک ئەوەیش هەستیان بۆ حەقیقەت نەمێنێت، چونکە سیستم هەر لە ڕێی زمان و هەژمونی میدیاوە هەست و نەستی مرۆڤەکان داگیردەکات.

کۆنترۆڵکردنی زانیاری لە ڕێێ خودی زانیارییەوە بابەتێکی تری جیهانبینی ئۆروێڵە. لە کتێبی (١٩٨٤) دا، زۆر بە ووردی کاری لەسەر بەرجەستەکردنی ئەم بابەتە کردووە ئەویش لە ڕێی بەکارهێنانی وەزارەتی حەقیقەت بۆ نوسینەوەی مێژوو، ئەم وەزارەتە لە ڕێی تۆمارکردنی مێژووە ئەرکی پاراستنی سیستمی حوکمڕانییە. ئەگەرچی کەیسی ئیپستین لە ئەمریکادا تەقیەوە. ئەمەریکا وەک سیمبولی هێز و دیموکراسی، وەلێ هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد کردنە دەرەوەی ئەو بڕە زۆرە لە زانیاری سەبارەت بە تاوانەکانی ئیپستین و دوورگەکەی بە مانای شەفافیەت و ڕوونی نایەت، بەڵکو ووروژمی زانیارییەکان جۆرێکی ترە لە ناڕوونی، لە دروستکردنی تەپوتۆز لە دەوری ڕاستییەکان، جۆرێکە لە فەزحکردن بە مانای شاردنەوە. کەیسی ئیپستین تەواو ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپاتدەکاتەوە کە ئێمە لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزەکردنێکی نوێیداین، ئەویش کۆڵۆنیازەکردنی هەست و نەستی مرۆڤە لە ڕێی زانیاری و میدیاوە.

فەزای دونیای مەجازی و میدیای مۆدێرن ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشی نێوان خستنەڕوو و ئاشکراکردنی ڕاستیەکان و نادادپەروەری لە لایەک، سەرقاڵکردنی خەڵکە بە شتی هیچ و پووچەوە لە لایەکی تر، کاتێک مەبەستی سەرەکی میدیا دەبێتە کۆکردنەوەی خەڵک و بینەرانی لە دەوری هەواڵی یەک لە سەر یەک کە ئەمیان ئەویتریان دەسڕیتەوە، ئیدی مرۆڤ بایی ئەوەندە هەست و هۆشی نامێنێت تا هەڵوەستە لە سەر ڕووداوە جدییەکان بکات، چونکە زۆر بە سادەیی سنوری نێوان ڕاستی و ناڕاستی دەکوژێتەوە و نامێنێت. بۆ نموونە هەتا پیش جەنگی ئێران-ئیسرائیل و ئەمەریکا فایلی ئیپستین سەردێڕی هەواڵەکانی هەموو جیهان بوو، هەموو هەواڵەکانی تر کە پەیوەندی جدی بە ژیانی خەڵک و دونیاوە هەبوو بابەتی لاوەکی بوون.  ئێستاکە هەڕەشەی جەنگی جیهانی و جەنگی ئەتۆمی بابەتی رۆژەڤە، ئەوا ووروژمی پەیام، وێنە و زڕە وێنەی جەنگ هەموومانی کاس و بێ هۆش کردووە. وەلێ، ئەمەیش مانای ئەوە نییە خەڵک لە ڕێی هەواڵەکانەوە لە مەترسی ئەم جەنگە ئاگاداردەکرێنەوە، بەڵکو ئەوەی چاوێکی خێرا بە سۆشیال میدیادا بگێڕێت ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە ژاوەژاوی هەواڵەکان هێندەی سەر لە مرۆڤ دەشوێنێت نیو هێندە ووریای ناکاتەوە، دیسان جەنگ وەک ڕاستییەکی حەتمی لە ئێستادا لە رێی ژاوەژاوی میدیاییەوە ئاسایی دەکرێتەوە بە جۆرێک کە ئافەتەکانی جەنگ وەک شتێکی دوور لە ڕاستییەوە دەردەکەون. چونکە کاتێک مرۆڤ لە یەک کاتدا بەر ووروژمی چەندین وێنای خێرا و هەواڵی بەپەلە و یەک لە سەر یەک دەکەوێت ئەوەی ڕوودەدات پەرتبوونی هەست و نەستی مرۆڤە بۆ سەد پارچە، بە ڕادەیەک ئیتر ناتوانێت جیاوازی لە نێوان وێنا و کاریگەری زڕە وێنا بکات. ئیدی نەستی مرۆڤ دەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەو لۆگاریتیمەی کە میدیا بەڕێوەی دەبات ئەویش داگیرکردنی نەستی مرۆڤەکانە. هەربۆیە ئەوەی لە ئێستادا هەست و نەستی خەڵک بەڕێوە دەبات خودی ڕووداوەکان و جەزرەبەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو هەژموون و ووروژمی زانیارییە سەبارەت بە ڕووداوەکان، ئەو ترسەی کە ئۆروێڵ لە (١٩٨٤)دا باسی لێوە دەکرد،  کە چۆن هاوڵاتیان لە ڕێی زانیارییەوە هاندەدرێن کە ڕووداوە دژ بەیەک و نائاساییەکان قبوڵ بکەن و ئاسایی بکەنەوە، هاندەدرێن کە گومان لە ناو خۆیاندا سەرکوت بکەن و توانای بیرکردنەوەیان نەمێنێت.

برا گەورە سەیرتان دەکات!

ئەوەی ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆروێڵی خوێندبێتەوە دەزانێت کە یەکێک لە بەهێزترین و بێزارکەرترین سیمبول لەو ڕۆمانەدا بریتییە لە کارەکتەری “برا گەورە”: برا گەورە نوێنەر و ئاماژەیە بۆ سیستمێکی تۆکمەی چاودێڕی و کۆنترۆڵ، کە تیایدا حکومەت وەک دەسەڵات بە بەردەوامی چاودێری هاوڵاتیان دەکات. پۆستەرەکان لەسەرانسەری شاردا بڵاوبۆتەوە لە سەریان نوسراوە “برا گەورە سەیرت دەکات”. دەستەواژەی برا گەورە -سەیرت دەکات یەکێکە لە تێزە سەرەکیەکانی ئۆروێل بۆ ئاماژەکردن بە پەیوەندی نێوان هێز، چاودێری-کۆنترۆڵ و ترس. هەربۆیە بیرۆکەی بینین و بینراو دەبێتە ئامرازێک کە دەسەڵات بەکاریدەهێنێت بۆ ‌ کۆنترۆڵکردن، زامنکردنی گوێڕایەڵی و سەرکوتکردنی بیری ئازاد و  سەربەخۆ.  لە جیهانە دیستۆپییەکەی ئۆروێڵدا زومی چاودێری لە هەموو سووچ و پەنایەکی ژیانی مرۆڤەکانە. ئامێرێک بە ناوی تێلسکرین (Telescreen) چاودێری هاوڵاتیان دەکات و یەک بە یەکیان دەبینێت، بەجۆرێک ترس و تۆقین لە بینین بە ناو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە کە نازانن کەی و لە کوێ دەبینرێن هەر بۆیە وا هەڵسوکەوت دەکەن کە هەمیشە و بە بەردەوامی لە ژێڕ چاودێری چاوەکانی (Telescreen) دان. ئەم ترسە لە بینین وا دەکات خەڵک  زیندانێکی دەروونی بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەم زیندانە دەروونیە هێندە بەهێزە کە خەڵک ئاگای تەنانەت لە زمانی جەستەیە کە چۆن دەجوڵێتەوە، چونکە لە سزادانی برا گەورە دەترسن، ئەوەی کە ئۆروێڵ دەیەوێت پێمان بڵێێت کە کۆنترۆڵ و دیسپلین مەرج نییە تەنها لە ڕێی هێزی جەستە و فیزیکییەوە بکرێت، بەڵکو دەتوانیت مرۆڤەکان لە ڕێی ئەو باوەڕەوە کۆنترۆڵ بکەیت کە کەسێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات هەیە، هەمیشە چاودێرە بەسەرتەوە و ئامادەیە سزات بدات. دیسپلین لێرەدا واتە تۆ لەناوەوە سنوورەکانت لەلایەن دەسەڵاتێکی نادیارەوە بەزێنراون کە بەبێ ئەوەی سزای جەستەییت بدەن، پێشوەخت ناچاریان کردوویت پابەندی هەندێک یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و دەزگایی ببیت، چونکە هەمیشە لە ژێر چاودێریدایت. بەکوردی، فشار و چاودێریەکە لە فۆرمی ئەشکەنجەی جەستەییدا نەماوە، بەڵکە جۆرێکە لە کۆنترۆڵکردنی نائاگایی.

کاتێک باس لە دیسپلین و جەستەی دیسپلینکراو دەکەین ئەوا ناتوانین ئاوڕ لە مێشێل فۆکو نەدەینەوە. فۆکو لهنوسینه‌كانیدا (بەتایبەتی چاودێریکردن و سزادان) بە گشتی وا باس له‌‌ جه‌سته‌ی دیسپلینكراودەکات‌ کە بەبێ سزادانێکی کردەگیانە، بێ پڕۆسەی ئەشکەنجەدانێکی ئاشکرا لەبەر چاوی خەڵکیدا، تەکنیکێک هەیە پێشوەخت ملکەچ و ڕامیکردووە. لەبری ئەوەی هێزێکی سزادەری یاسایی یان پۆلیسی لێپرسینەوە ئەشکەنجەی بدات، خۆی و بەها هەڵگیراوەکانی ناو خۆی، فانتازیە کۆمەڵایەتیەکانی، بوونەتەوە بە سانسۆر بەسەریەوە. جەستەی دیسپلینکراو تەواوی سیفات و خاسیه‌ته‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ و له‌ ڕێی پرۆسه‌یه‌كی فەرهەنگی/دەروونی، کە ‌مه‌به‌ستەکەی تەنها و تەنها دیسپلینكردنه‌‌، وه‌رده‌گرێت، هاوكاتیش خۆی به‌به‌رده‌وامی خه‌ریكی دیسپلینكردنی خۆیه‌تی تا له‌و سنوور و چوارچێوه‌یه‌ ده‌رنه‌چێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆی داڕشتوه‌. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌م جۆره‌ له‌ جه‌سته،‌ خۆی له‌ ڕێی دیسپلینكردن و ڕامكردن و كۆنترۆڵكردنی خۆیه‌وه‌، بەچاوپۆشین لەوەی چ سترەکتورێکی پانۆپتیکییانەی لەپشتە، ئاكتیڤانه‌ به‌شداره‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و ژێرده‌سته‌کردنی خۆیدا. ئەوەی کە لە جەستەی دیسپلینکراودا گرنگە خۆسانسۆرکردن و خود چاودێریکردنە بە پێی ویژدان و بەها و نۆرمە باوەکان، واتە مرۆڤ بە ویژدانی خۆی، لێ بەو بەهایانەیشی کە لەلایەن کۆمەڵگەوە تێیدا چێنراون، خۆی خۆی ڕامدەکات. لەوەیش گرنگتر، پۆلێنکردنیەتی لە شوێنی بۆدیاریکراودا تا هەمیشە لە ژێر چاودێریدا بێت و لێی دەرنەچێت (جا خەستەخانە بێت، کارگە یا خوێندنگە، خێزان و دەزگای سەربازی یا زیندان بێت). ئەم جۆرە لە جەستە، ئاکتیڤانە بەشدران لە ئەشکەنجەدان و بێنرخکردنی خۆیاندا، لە ڕێی خۆدیسپلینکردن و خۆ کۆنترۆڵکردن و باوەڕنەکردنیانەوە بە خۆیان وەک جەستەیەکی ئازاد.

جا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە دونیای ئەمڕۆدا و لە سایەی هەژمونی تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکردا، مرۆڤ جەستە دیسپلینکراوەکەی فۆکۆ یان زیندانە دەروونیەکەی ئۆروێڵی تێپەڕاندوە؟

چونکە ئێستاکە هەموومان لە دونیایەکدا دەژین پەیوەندی نێوان چاودێری و دەسەڵات بە شیوەیەکی تر تەماشا دەکرێت، تا ڕادەیەک سنوری نێوان چاودێریکەر و چاودێریکراو کاڵبۆتەوە. لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا تەکنۆلۆژیا و میدیا، بەدواداچوونی زانیاری، چاودێری ئۆنلاین بەهەمان چاوی ڕەخنەی فۆکۆ یان ئۆروێڵییەوە پرسیار دەربارەی تایبەتمەندی و ئازادی تاکە کەس دروستناکەن بەڵکو، ئەو وەهمەیان بۆ مرۆڤەکان دروستکردووە کە خۆیان هەم خاوەنی جەستەی خۆیانن وە هەم خاوەنی هۆش و بیری خۆیانن. چاودێریکردنی سیستەم لە ڕێی زومی کامێراکان و لە هەموو شوێن و جێگەیەک بە بیانووی پاراستنی سەلامەتی و ئاسایش نەک بۆ چاودێری و کۆنترۆڵکردن، دەرگای زیندانە دەروونیەکەی ئۆرووێڵی واڵاکردووە!  ئەمەیش وا دەکات ئێستاکە نەک هەر بە تەنها دەزگاکان چاودێری تاکەکان دەکەن بەڵکو، تاکەکان خۆیان چاودێری خۆیان و چاودێری دەرەوەی خۆیان دەکەن، ئەوەی مرۆڤ بە بەردەوامی و هەمیشە زوومی کامێرای لەبەردەستە خودی چەمکی چاودێری و ئازادی تاکە کەس دەباتە شوێنێکی تر جیاواز لەوەی پیشتر مرۆڤ ئەزمونی کردووە. چونکە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کێ، کێ چاودێری دەکات، برا گەورە لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ کاتێک ئەوە دەزانین کە بیرۆکەی “برا گەورە”کەی ئۆروێڵ ‌هێندە دەوروونی و سایکۆلۆژییە هێندە فیزیکی نییە، چونکە بوونی زوومێکی کامێرا کە هەمیشە و بەبەردەوامی دەتبینێت وا دەکات خەڵک بە بەردەوامی خۆی کۆنتڕۆل بکات و هەڵسوکەوت بکات کە دەرەوە دەیبینێت و چاودێری دەکات، هەربۆیە مرۆڤەکانی ناو ڕۆمانەکەی ئۆروێل هەمیشە لە ئامادە باشیدان و هەست و نەست ڕاستەقینەی خۆیان دەشاردەوە لە ترسی ئەوەی نەبادە لە لایەن پارتەوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. کاتێک برا گەورە خۆی چاودێری دەکرێت بێ ئەوەی بزانێت چاودێری دەکرێت، یان وا مامەڵە بکات کە چاودێری ناکرێت! ئەمە بۆ خۆی چەمکی برا گەورەیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە! چونکە فایلەکانی دوورگەی ئیبستین وامان لێدەکات بڵێێن کە فیگەری برا گەورە چیتر ڕەمز و خەیاڵێکی ئەدەبی ئۆرووێلی نییە، بەڵکو حەقیقەت و واقیعی سیستمێکە  کە ئێمە تیادادەژین وەلێ بێ ئەوەی هەستی پێبکەین و لێی تێبگەین، یان لانی کەم وەک جیهانەکەی ئۆروێڵ خۆمانی لێ بپارێزین. سیستمێک جیاواز لەوەی ئۆروێڵ زیادەڕۆیی لە کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ژیان و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان تەنانەت “برا گەورەیش” دەکات. 

لە کۆتاییدا بەکار‌هێنانی چەمکی “برا گەورە”ی  ئۆروێل بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە کەیسی ئیبستین یارمەتیمان دەدات پرسیاری زیاتر دەربارەی پەیوەندی نێوان هێز و دەسەڵاتی ئەو سیستمەی کە لە پشت دوورگەی ئیپستینەوەیە بکەین و بڵێێن:

ئایا کێ خاوەنی حەقیقەتە، کێ دەتوانێت بیشارێتەوە، ئەوە کێیە کە ئەم ڕاستییانە دەردەخات؟

کاریگەری دەسەڵاتە لەسەر ئەو سیستمەی داد کە دەسەڵات خۆی دروستیکردووە؟

ئایا هەر بە ڕاست دیوە پەنهان و تاریکەکانی برا گەورەی “برا گەورەکان” لە کوێدا خۆی مەڵاس داوە؟

هاوشێوە