ئایا دەتوانین بەدروشمی بێ کردار وەڵامی جێنۆساید بدەینەوە؟
نووسين: هۆمەر محەمەد
دوای تێپەڕینی ٣٨ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، و دوای ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی، کاتی ئەوە هاتووە گوتاری کوردی لەم یادانەدا لە شینگێڕی و نواندنی مەزڵومیەتەوە بگۆڕێت بۆ گوتارێکی یاسایی، زانستی و نەتەوەیی بەهێز. پێویستە ئەم یادانە بکرێنە هەوێنی بنیاتنانی داهاتوویەکی پارێزراو. بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت سوود لە ئەزموونی گەلانی تری وەک جووەکان و کۆسۆڤۆ وەربگیرێت.
یەکەم: مۆدێلی جیهانی و وانەکان
١. مۆدێلی جووەکان و هۆڵۆکۆست: جووەکان هۆڵۆکۆستیان کردووە بە کۆڵەکەی پاراستنی بوونی خۆیان. ئەوان لە ڕێگەی دامەزراوەیی کردن وەک ناوەندی (یەدی ڤاشێم) هەموو بەڵگە و ناوێکیان ئەرشیف کردووە. هەروەها یادەکەیان بەستووەتەوە بە هێزەوە، دروشمی (جارێکی تر نا)یان گۆڕیوە بۆ هێزی سەربازی و ئابوری. لە ڕووی یاساییەوە تا ئێستاش ڕاوەدووی تاوانباران و ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە هاوکاری نازییەکانیان کردووە.
٢. ئەزموونی کۆسۆڤۆ: ئەوان یادی قوربانییەکانیان وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەکارهێنا. لە ڕێگەی هونەر و سینەماوە چیرۆکی خۆیان گەیاندە جیهان. کوردیش دەتوانێت لە هەردەرفەتێکی ڕەخساودا لەدەرەوەی کوردستان تەنانەت لە ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دونیاشدا بە زمانی سەردەم بەڵام بەکولتووریی خۆی ئەم یادانە بکاتەوە.
دووەم: پێداچوونەوە بە گوتاری ناوخۆیی
دوای سێ دەیە لە حوکمڕانی، دەبێت ئازاو ڕاشکاوبین لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ مێژوو. هیچ نەنگییەک نییە جیاوازی بکەین لە نێوان دەسەڵاتی دەوڵەت و نەتەوەی عەرەب. بەڵکو زۆر گرنگە کورد هێندە وریا بێت بزانێت ئەوەی لە جێنۆسایدی کورد بەرپرسیارو تاوانبارە دەوڵەتی عێراق و سیستمی سیاسی حزبی بەعس بووە، نەک عەرەب یان هیچ نەتەوەیەکی دی لە عێراقدا، لە هەمان کاتدا نابێت ڕۆڵی تاوانکاریی ئەو کوردانەش نادیدە بگیرێ و تاوانەکانیان بەسیفەتی کوردبوونیان بشاردرێتەوە، کە لەناو دامودەزگا ئەمنییەکان و میلیشیای جاشدا بوون بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەتاوانەکان بەشداربوون. ئەم ڕاشکاوییە یارمەتیمان دەدات باشتر هەنگاوبنێین و خێراتر بەرەو خۆڕێکخستنەوە و کۆیادەوەریی بچین و لە چوارچێوەی حزبی دەریبهێنین. چونکە هەتا ئەم یادانە لەژێر دەستی حزبدابن لەناو هەیمەنە و دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵەکانیشدا دەمێننەوە ئەوەش بەواتای داماڵینە لەمۆرک وشوناسە نەتەوەییەکەی.
سێیەم: پێشنیارە پراکتیکی و نوێیەکان بۆ یادکردنەوە
بۆ ئەوەی یادەکان تەنها لە وتار و کۆڕی ماتەمینیدا نەمێننەوە، دەکرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن:
١. لەهەموو شاروشارۆچکەکانی وەک هەڵەبجە، بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە و بۆ ئەنفال لە شارەکانی کەلار، رزگاری، کفری، چەمچەماڵ، بۆ (ئەنفالی گەرمیان)، لە قەزای دوکان و کۆمەڵگەی پیرەمەگروون، بۆ (ئەنفالی دۆڵی جافایەتی و سورداش)، لە چوارتا و گاپیڵۆن بۆ (ئەنفالی شارباژێر) و لە قەرزای قەرەداغ و ناحێی سێوسێنان بۆ (ئەنفالی قەرەداغ) یاخود هەموو شار و شارۆچکەکانی سەربە پاریزگای سلێمانی. بۆ (ئەنفالکراوانی پارێزگای هەولێریش) لە قەزای سۆران، مێرگە سوور، دارەتوو و کەورگۆسک، لە پارێزگای دهۆکیش لە قەزای زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ناوەندی پارێزگای دهۆک بۆ (ئەنفالی بادینان) تەنها ژورێک بۆ (ستۆدیۆیەک) دابمەزرێت، ڕۆژانە کەسوکاری ئەنفال یان ئەوانەی چیرۆکێکیان دەربارەی ئەنفال هەیە بهێندرێن لەو ستۆدیۆیەدا زۆر بەسادەیی چیرۆکی خۆیان تۆمار بکەن و بەشێوەی دیجیتاڵی هەڵبگیرێت و دابندرێت و دواتر بەتیمێکی پسپۆڕ بسپێردرێت بۆ ئەوەی فیلمی دۆکیومێنتارییان لێ دروست بکرێت و دەزگایەکی چاپیش هەموو ئەو چیرۆکانە (تەفریغ) بکات و بیانوسێتەوە و چاپ بکرێن و کتێبخانەی تایبەتیان لە مۆنۆمێنتەکاندا بۆ بکرێتەوە و لەوێ بفرۆشرێنەوە و داهاتەکەشی بۆ هەمان پڕۆژە خەرج بکرێتەوە.
٢. یەکێک لەو بەها کولتوورییانەی لە جێنۆسایددا لەدەستمان داوە بەها کولتووریەکانن، بۆنموونە هاوخەمی بەکۆمەڵ پێش تاوانی ئەنفال داب و نەریتی کورد وابووە، پرسەی کەسێک دەبووە پرسەی گشتی خاوەن پرسە بەتەنیا قورسایی ڕێوڕەسمی پرسەی نەدەکەوتە ئەستۆ نە لەڕووی خەرجی ماڵی و نە لەڕووی مەعنەوییەوە، بەڵکو هەموو خەڵکی گوند و بگرە خەڵکی دەوروبەریش بەشدار دەبوون، دوو ژەمی خواردن لەماڵانی گوندەوە ئامادەدەکراو بۆ پیاوان دەبرایە مزگەوت و بۆ ژنانیش بۆ ماڵی پرسەدار، ئەمە جگە لەوەی هەر کۆمەڵە کەسێک پێکەوە زەخیرەیان دەکڕی و بەزەخیرەی خۆراکەوە بەشداری پرسەیان دەکرد، بەم نەریتە خاوەن ماڵ نەک خەرجی نەدەکەوتە سەر بەڵکو زەخیرەیەکی زۆریشی بۆ دەمایەوە. لەڕووی مەعنەویشەوە هەستی بەتەنیایی نەدەکرد.
٣. دەتوانرێت پشت بەستوو بەو کولتوورەی ڕابووردوو هەموو بەشدار و هاوسۆزی کەسوکاری قوربانییەکان بین و لەبری ئەوەی یادەکان ببنە ڕۆژی خەرجی بەهەدەردانی سامانی گشتی ببنە ڕۆژی دەستگرتنەوە و بەشداری ڕاستەقینەی دەستە جەمعی. بۆنموونە ڕۆژانی یادەکانی گازبارانی هەڵەبجە و قوربانیانی ئەنفال لە سەراسەری کوردستاندا لە هیچ شارێکدا قەسابخانەکان کارنەکەن، هیچ پەلەوەر و ئاژەڵێک لەو ڕۆژانەدا سەرنەبڕدرێت، لە هیچ چیشتخانەیەکیش گۆشت لێ نەنرێت و کەبابخانەکانیش کارنەکەن. ئەوەش وەک یادێکی سومبلی و بەرپەرچدانەوەی خوێن ڕێژی و رێزگرتن لەو منداڵانەی لەکاتی ئەنفالدا لەبرسان مردن، یاخود لەو باڵندە و مەل وئاژەڵانەی بەچەکی کیمیایی کوژران یان لەئەنفالدا بەتاڵان بران. سوودی جێخستنی ئەم نەریتە تەنها ماڵی نییە بەڵکو مەعنەوییە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان خەڵکانی بیانی و بەتایبەتیش عەرەب و نەتەوەکانی تری لێدەژین یان سەردانی دەکەن بەتایبەتیش لەوەرزی بەهار و گەشتوگوزاردا ئەگەر رۆژێک لە کوردستان بەر ئەو حاڵەتە بکەوێ و لەهیچ شوێنیک گوشتی دەست نەکەوێ لەلای دەبێتە پرسیار و لەیادەوەریدا دەمێنێتەوە. هەڵبەت سودێکی تریشی ئەوەیە لەو ڕۆژانەدا خانەوادەکانی (هەڵەبجە،گەرمیان، بالیسان و شوێنانی تر) قەرەباڵغیان دەکەوێتە سەر، بەڵام بەم نەریتە خەرجییان لەسەر کەم دەبێتەوە.
٤. ڕۆژانی یادی ئەنفال و هەڵەبجە بکرێن بەڕۆژی لێبوردەیی و ئاشتبوونەوە، وەک هەر ڕۆژانێکی تری جەژنەکانی قوربان و ڕەمەزان زوویرەکان ئاشت ببنەوە، یاخود تیم و گروپی کۆمەڵایەتی دروست بکرێن بۆ ئاشت کردنەوەیان و ئەمە ببێتە نەریت بۆ ڕێزگرتن لەقوربانیان ئەو تاوانانە.
٥. ڕۆژانی ئەو یادانە نەک هەر نەکرێن بە پشوو بەڵکو دڵسۆزانەتر کاربکرێت.
٦. لەدەروازەی هەر گوندێکدا کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی گوندەکان (بەپارەی خۆیان و تێکۆشانی خۆیان و بەهەرەوەزی) ناوی هەموو ئەنفالکراوەکانیان لەدیوار بەندێکدا بنوسن.
٧. هەموو ماڵێکی شەهید یان ئەنفالکراو ناوی هەموو شەهیدەکانیان بەتابلۆیەک لەدیوی دەرەوەی حەوشەی ماڵەکانیان بنوسن.
٨. هەموو گوندێک ژورێک لە قوتابخانە یان مزگەوتی گوندەکەی تەرخان بکات بۆ نمایشکردنی وێنە و هەر کەلوپەلێک کە لەشەهیدەکانیان یان لە ئەنفالکراوەکان بەجێماوە هەتا وەک مۆزەخانەیەکی بچوک رۆڵی پاراستن و یادکردنەوە ببینن.
چوارەم: لەبری ڕەشپۆشی ڕەنگ پۆشی وەک وەڵامێک بۆ جێنۆساید
یادکردنەوەی قوربانیانی جێنۆساید “ئەنفالکراوان و شەهیدانی کیمیاباران و کۆمەڵکوژی بارزانیەکان و فەیلییەکان” باشتروایە بەرپرچدانەوەی هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی تاوانەکە بێت بۆنمونە لەبری “ڕەشپۆشی” بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە یادەکان بکرێنەوە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکاریی سەرەکی:
یەکەم: لەکولتووریی کۆنی کوردەواریدا بۆ ماتەمینی ڕەنگی شین پۆشراوە نەک ڕەش. واتە شینپۆشی باو بووە نەک ڕەشپۆشی.
دووەم: وێنە ئەرشیفییەکان ئاماژە بەڕەنگاوڕەنگی کولتووریی کورد دەدەن پێش جێنۆسایدکردن. وێنەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە پڕن لە ڕەنگی جیاواز، تەرمی ژن و منداڵ بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە، لەناو کۆڵانەکانی شار و دەشت و دەری هەڵەبجەدا یاخود لەناو گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراواندا پڕن لە (سوخمە، کەوا، کراسی گوڵدار، بازن، موستیلە و موتوومووری) هەمەڕەنگی ئەنفالکراوان.
بۆیە باشترین یادکردنەوەی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەیە نەهێڵین شوناسی کولتووری قوربانیەکان وونبێت، چەند گرنگە هەڵەبجەییەکان هەمان ئەو ڕەنگانە بپۆشنەوە کە لەبەری شەهیدەکانی کیمیاباراندا بوون؟ وەک چۆن ئەنفالکراوان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا خۆیان مردوون بەڵام رەنگی جلوبەرگ و کەلووپەلیان هەر زیندووە و شوناسی ڕەنگاوڕەنگیان پارێزراوە، بۆیە ناکرێت گۆڕی قوربانیەکان و ئەلبوومی وێنەکانمان پڕبن لەڕەنگ و ئێمە ئامانجی تاوانبارانی جێنۆساید بهێنینەدی کەدەیویست بۆهەمیشە بێ ڕەنگ و رەشپۆش و یەک ڕەنگ بین.
ئەوە جگە لەوەی فرە ڕەنگی و یادکردنەوەی کورد لەگەڵ ئەوانیدی هەر جیاواز بووە، ئەگەر شیعەکان بە ڕەنگی رەش و زنجیر لەخۆدان یادی حەسەن و حوسێن دەکەنەوە، ئەوا کورد بە ڕەنگاوڕەنگی و شایی و ئاهەنگ گێڕان یادی نەورۆز دەکاتەوە و لە پرسەگێڕیشدا شەهیدانی ڕۆژئاڤا بەگۆرانی و سروودی نیشتمانیەوە بەرەو گۆڕستان براون و هەرواش یادیان دەکەنەوە.
گەورەترین ڕێز بۆ قوربانییان ئەوەیە کە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕێز لە زیندووەکان بگرێ و دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤ ببێتە تاقانە لەناوچەکەدا پێموایە لەهەموو کاتێکدا لەتوانادا هەیە، ناوچەکانیان بکرێتە مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیان. ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری سەردەمیانە، ئەمە باشترین وەڵام و پەرچەکردارە بۆ ئەو تاوان و دوژمنایەتیەی فاشیزم کە ویستی کورد لەبەین بەرێ و لەنیشتمان بیسڕێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە، ئەم یادانە لە (ڕۆژی ماتەمینی)ەوە بگۆڕدرێن بۆ (ڕۆژی هەستانەوە) و بەهێزبوونی گیانی نەتەوەیی و مرۆیی بۆئەوەی بێ پەیام نەمێنینەوە و بەهەموو جیهانیش بڵێین: ئێمە ماوین و ئەم تاوانە لەیاد ناکەین.
