نووسین: هۆمەر محەمەد
وەرچەرخان لە ڕەنگی ڕەشەوە بۆ ڕەنگە گەش و ئاڵوواڵاکان یەکێکە لەو بەها کولتووریانەی کورد کە توانیوێتی شەڕی مانەوەی پێبکات. ئەمە تەنانەت لە لای ژنانی ئەنفالکراویش، لەکاتی گرتنی سەدام دا ڕەنگی دایەوە، ئەوەش تەنها گۆڕینی پۆشاک نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لە وەرچەرخانی شوناسی مەزڵومییەت بۆ شوناسی هێز و بەرگری. نموونەی هەرە بەرجەستەی ئەم وەرچەرخانە، چیرۆکی زارا ساڵح محەمەدە کە ڕۆژنامەنووس ئاراز فایەق لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٤٠٧٢ی ساڵی ٢٠٠٦دا تۆماری کردووە. زارا، کە دایکی چەند کوڕو کچێکی ئەنفالکراوانی گەرمیانە، پاش ساڵانێکی درێژ لە ڕەشپۆشی و ماتەمینی، بە پۆشینی کراسێکی سوور لە کاتی دەستگیرکردنی سەدامی دیکتاتۆردا، لە ڕێگەی ئاماژەی ڕەنگەکانەوە وەک زمانی بینراو پەیامی شادی و سەرکەوتنی ئیرادەی ژیانی بە گوێی مێژوودادا. بەبێ ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێت، بەڕەنگی سووری کراسەکەی ئازاری نەتەوەیەک و شادی ژنێکی کوردی گەرمیانی ئەنفالکراوی نیشانی هەموواندایەوە.
هەرچەندە لە ئێستادا تەنها هەڵوێستەکەی (زارا ساڵح)م وەک بەڵگەی نووسراو لەبەردەستە، بەڵام ئەم کردە سیمبۆلییە لەو سەردەمەدا، لە چوارچێوەی هەڵوێستی ژنێکدا نەمایەوە. بەڵکو کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکانی کوردستان لە ڕێگەی ڕاپۆرتە مەیدانییەکانیانەوە لە کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان، وێنەی چەند ژنێکی تری شەهیدان و ئەنفالکراوانیان پیشان دا کە بە شێوەیەکی خۆرسک جلی ڕەشیان فڕێ دا و بە پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە دەرکەوتن. لە یادەوەریی ئەو سەردەمەی میدیادا، دیمەنی سێ ژنی سوورپۆش لە بیر ناچنەوە کە دەیانگوت: ئیدی ڕەشپۆشیمان کۆتایی هات. باشم لەبیرە کە یەکێکیان بە گوزارشتێکی قووڵەوە ئاماژەی بەوە دەکرد کە پاش ساڵانێکی زۆر لە ڕەشپۆشی، بە گرتنی دیکتاتۆر هێندە دڵخۆشە کە تا هەفتەیەک ئەو کراسە سوورەی لەبەردا دەبێت و جارێکی تریش ناگەڕێتەوە بۆ پۆشینی ڕەنگی ڕەش.
تەنانەت لەو بەرهەمە سینەماییانەی کە چیرۆکی ئەنفال دەگێڕنەوە، گەرچی ژنان زۆربەی کات بە پۆشاکی ڕەشەوە دەردەکەون، بەڵام بوونی نەخشی گوڵی شین و سوور و سپی لەناو پۆشاکە ڕەشەکانیاندا ئاماژەیەکی سیمبۆلی قووڵە. ئەم وردەکارییە بینراوە نیشان دەدات کە ژنی کورد تەنانەت لەناو تراژیدیترین ساتەکاندا دەستبەرداری ڕەنگەکان نەبووە. لێرەوە دەردەکەوێت کە پڕۆژەی تاوانبارانی جینۆساید بۆ سڕینەوەی فیزیکیی کورد و گۆڕینی شوناسی کولتووری ئەم گەلە بۆ تاقە ڕەنگێکی تاریک و بێدەنگ، شکستی هێناوە. مانەوەی ئەم ڕەنگانە لەناو جەرگەی ڕەشپۆشیدا، بەڵگەی ئەوەیە کە کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناسی فرەڕەنگ و زیندوو لە مێژوودا ماوەتەوە و تەسلیمی ئەو یەکڕەنگییە نەبووە کە داگیرکەران دەیانویست وەک دەرئەنجامی سڕینەوە بەسەریدا بسەپێنن.
ئەم وەرچەرخانە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە کورد ئەگەرچی ڕووبەڕووی پڕۆسەی سڕینەوە بووەوە، بەڵام شوناسی کەلتووری و جوانییەکانی ژیانی وەک ئامرازێکی بەرگری پاراست. تەنانەت مانەوەی پارچە قوماشی ڕەنگاوڕەنگی سوور، سەوز و شین لە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیاباندا، گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەم ڕەنگانە بەشێکن لە شوناسی مانەوەی نەتەوەیەک کە فاشیزم نەیتوانی بیانسڕێتەوە و سەرئەنجام ڕەنگەکان بە زیندوویی مانەوە و ستەمکارانیش چوونە ناو زبڵدانی مێژوو.