نووسین: هۆمەر محەمەد
ساڵانە یادی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین کە نە هەڵەبجەییەکان و نە کورد بەگشتی لە ئاستی گەورەیی ئەو تراژیدیایەدا نەبووین. کورد هێشتا لەئاستی ئەوەدا نییە بتوانێت گوزارشت لەتاوانە گەورەکە بکات دەنا هەڵەبجە تەنها شارێکی بریندار نییە، بەڵکو شوناسی هێزو هێزی شوناسی نەتەوەیەکە، هەر بۆیە دەبوو ئێستا ئەم شارە لە ڕووی سومبولییەوە لە ئاستی پایتەختدا بوایە.
پێویست بوو هەڵەبجە خاوەنی گەورەترین یاریگای نێودەوڵەتی و هۆڵی شایستە بێت بۆ کۆنفرانسە جیهانییەکان بێت هەتا مەکۆیەک بێت بۆ کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی، نەک هەر بۆ ئەوەی دەنگی مەزڵومییەتی ئێمە بە زیندوویی ڕابگرێت. بەڵکو دەنگی هەستانەوەو داهێنان و گیانی بەرەنگاریی ئێمە بێت. بەداخەوە کەمتەرخەمی و بێباکی لە ئاست ئەو خوێن و تراژیدیاو تاوانە گەورەیە گەیشتە ئاستێک هەڵەبجە بەتابلۆیەک فریو بدرێ، واتا بەتابلۆیەک پارێزگاو لەناوەوەش هەر قەزاکەی جاران بێت.
بۆیە لە ڕووی مەعریفی و مێژووییەوە. دەبوو زۆر پێشبکەوێت دەبوو گەنجانی دڵسۆزی ئەو شارە قۆڵیان لە نووسینەوەی چیرۆکی ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی هەڵەبجە هەڵماڵیایە. هەتا هیچ ماڵێک نەمایە کە چیرۆکەکەی وەک کتێبێک چاپ نەکرابێت و لە مۆنۆمێنتەکەدا بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان نەکرابێت.
لەم یادەدا پێشنیارێکی ڕژد ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵەبجە دەکەم کە هەر لەم یادەوە دەست پێبکەن. یەکەم هەنگاو لە مۆنۆمێنتەکەدا بەشێکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی هەموو ئەو چاپەمەنی و نووسینانەی کە لەسەر هەڵەبجە نووسراون.
هەروەها پێشنیار دەکەم ستۆدیۆیەکی مۆدێرن لەناو مۆنۆمێنتەکەدا دروست بکرێت و ڕۆژانە بە شێوەیەکی سیستماتیک سێ بۆ پێنج کەس لە ڕزگاربووان و شایەتحاڵەکان بانگهێشت بکرێن تا چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕنەوە و بەڤێدیۆ و کامێرای باش تۆمار بکرێت. پاشان مۆنتێرێکی شارەزا فیلمی دۆکیومێنتاری لەو گێڕانەوانە بەشێوەیەکی هونەریی و پێی ستانداردە جیهانییەکان دروست بکات.
ئەم کارە تەنها دۆکیومێنتکردن نییە بەڵکو باشترین ڕێزلێنانە بۆ ڕۆحی شەهیدەکان و دەبێتە جۆرێک لە سەبووری و ئارامیش بۆ بریندارەکان، کە دەبینن ئێش و ئازارەکانیان وەک مێژوویەکی زیندوو بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.
لەیادی هەڵەبجەدا جگەلە وشەو ڕێزو خۆشەویستی هیچم نییە پێشکەشی خەڵکی شارەکەی بکەم ؟
جگەلە وەفاداریی هیچی ترم نییە بۆئەم یادە کە تێیدا کوردەکان مردنێک مردن لەمردنی هیچ کەس نەچوو، بەکۆمەڵ مردن بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێنیان لێ بێت.
ڕۆحی شەهیدەکان شاد بێت و ئێوەی ئازیزیش سەلامەت بن.