رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

بێدەنگین یان مردووین؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شارا تاهیر

کێ دەڵێت وەحشەتناکترین ئاماژەی دەروونێکی بیمارو شەتەک ترس و تۆقینە، یان توڕەیی و شەڕەنگێزییە! یاخود پەژموردەیی و خەفەتبارییە ! نەخێر، ترسناکترین ئاماژەی دەروونێکی بیمار ئەو بێدەنگی و بێ سرتە نائاساییە کە دەبێتە ڕیتم و ئاوازی ژیان، ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ بێدەنگی هەڵدەبژێریت و چیتر حەواس و حەوسەڵەت نییە هەست بە شتەکان و ڕووداوەکانی دەوربەری خۆی بکات!… ئەو دەمەی تەماشای ئازارەکانی خۆی و دەوروبەر دەکات هیچ هەستێک و کاردانەوەیەکی نییە! ئەو ساتەیە کە جیاوازی لە نێوان ژیان و مردندا نامێنێت. چونکە هیچ شتێک تامی ڕاستی خۆی نادات…. کارڵ یۆنگ فێرمان دەکات کە پەلە نەکەین لەوەی بەم کەسانە بڵێێن ئازاو خۆڕاگرن، بەرگەی ئازار دەگرن بەڵکو، ئەم کەسانە گەیشتوون بە دوا میکانیزمی بەرگری دەروونی خۆیان ئەویش ئەوەیە کە ڕۆح خۆی خەفە و بێهۆش دەکات. ئەم بێهۆشی و بی ڕۆحییە پەیوەندی بە هێزەوە نییە بەڵکو، دوا میکانیزمی بەرگرییە بۆ مانەوە، مانەوەی ئیگۆ تا بتوانێت بەرگەی ژیان بگرێت و گوزەران بکات وەلێ بێ رۆح و بێ هەست.

ئەم خەفەبوون و بێهۆشییەی ڕۆح کوژانەوەیەکی بێدەنگە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ میکانیزەبوونی ژیان.

ئەوەی کە هەناسە دەدەیت، دەچیت بۆ ئیش، پێدەکەنێت، قسەدەکەیت، وەلێ شتێک لە ناخدا کوژاوەتەوە، ئەویش هەستکردنە بە شتەکان. یۆنگ دەڵێت لە ماوەی کارکردنی کلینیکی خۆمدا لەگەڵ نەخۆشەکانمدا ئەم جۆرە لە بێدەنگیم بینیوە، بێدەنگی لەبەردەم حەسرەتی دەستخەڕۆبوون، بێدەنگی لەبەردەم وەحشەتی خیانەت، بێدەنگی بەر لە ئاوابوونی ژیان و چۆکدانان بەوەی ژیان هەر ئەوەندەت داتێ!

بە ڕای یۆنگ کاتێک هەستەکان دەمرن ئەوا ویژدان هاڕە دەکات و دەکەوێت، کاتێکیش ویژدان تێکشکا و نەما ئەوا تارماییەکەی (Shadow) ناخت ئیدی بە بێدەنگی و بە پەنهانی لەگەڵ ئاخاوتن- دانوستان دەکات، ئەو کاتە تارماییەکەت پێتدەڵێت: خۆت سەغڵەت مەکە هیچ شتێک نەبووە! هیچ شتێک گرنگ نییە، بە گوێچکەکانتدا دەچرپێنێت و دەڵێت: هیچ کەس راستەقینە نییە! ئازار بوونی نییە! تارماییەکەت هەمیشە چارەسەرێکی سارد وسڕی هەیە بە لۆژیکێکی گەرموگوڕ دەیچرپێنێ بە گوێچەکەکاندا: کە هیچ شتێک لە ژیاندا شایانی ئەوە نییە خۆتی بۆ بێدار و بیمار بکەیت!

بۆیە بێدەنگی لەمجۆرە بە مانای هێز و توانای مرۆڤ نایەت بەڵکو، کاتێک دەگەینە ئەم دۆخە لە بێدەنگی و بێباکی ئەوا گرنگە خۆمان بە ئاگا بهێنینەوە، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە نەست لە ڕێگەی خەونەکانمان ئاماژەی پیشوەخت بەم دۆخەی دەروون-نفس- دەدات. ئەو کاتەی خەون بەماڵەکەتەوە دەبینی کە جگە لە ژووری بەتاڵ هیچی تر نییە، کاتێک خەون بە داڕوخانی ماڵەکەتەوە دەبینی، بە بینینی ئەزیز و خۆشەویستەکان لە خەوندا وەک کەسانی نامۆ و نائاگا بە تۆ، بینینی ئاوێنە کە جگە لە چاوەکان هیچی تر تیایدا پرشنگ ناداتەوە، یۆنگ دەڵێت ئەمانە ئاماژەی شیعریی نین بەڵکو، زەنگی ئاگادارکردنەوەن کە دەروونمان بەرە و بێدەنگی و بێ سرتەیی دەڕوات. بە ڕای یۆنگ دەروون-نفس- ی تەندروست دەتوانێت تامی ئازار بکات و بیچێژێت وەلێ سەڕەڕای ئازار دەتوانێت لە ئێستادا و لە واقیعدا بژی، لە کاتێکدا دەروون- نفسی ترسناک یان دەروونێک کەلە دۆخی بێدەنگی کوشندەدایە توانای ئەزمونکردن و تامکردنی ئازاری نامێنێت ئەمەیش مانای (ئارامی و تەبایی دەروون) نییە. هەر بۆیە یۆنگ ئامۆژگاریمان دەکات و دەڵێت : کاتێک هەستت بەم بێدەنگییە کوشندەیە کرد ئەوە بزانە کە دەروونت و ئارام نییە بەڵکو، تۆ شتێک لە ناو خۆتدا بە زیندوویی ناشتووە، ئەوهەستانەت کە بە زیندووی دەیانێژین، نامرن و لەناو ناچن! خۆیان مەڵاس دەدەن، وەلێ دەگەڕێنەوە! ئەمجارەیان وەک هەست و سۆز نا! بەڵکو وەک قەدەرێک!

هاوشێوە