ئەم بابەتە بەشێكە لە کتێبی:
(بۆچی مەڕەکان ڕێچکە ناشکێنن؟)
نووسین: پڕۆفیسۆر ڕاینەر م.
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە : کەریم مەلا ڕەشید
لە چاپکراوەکانی ڕێکخراوی ئازادبوون 2025
دیموکراسی و ئازادی دوو وشەن، بە ڕادەیەکی سەرسوڕهێنەری ئەوتۆ لێوانلێون لە بەڵێن و ئومێدی زۆر مەزن بۆ کۆمەڵگە سیخناخ کراون، بەجۆرێک بۆی هەیە بە وزەیەکی بەجۆش گۆڕانکاری دروست بکەن. بەڵام ئەمڕۆکە ئەو وشانە لە سێبەرێک بەولاوە، هیچ شتێکی دیکە بەو ئومێدانەی لە بنەڕەتدا پێشتر پێیانەوە هەڵچنرابوون و گرێیان خواردبوو نابەستێتەوە. باشە، ئەی چی ڕووی دا؟ دیارە بە هیچ کلۆجێک ڕووی نەداوە کە مرۆڤ بەو ئەندازە زۆرە و لە قووڵایی دڵەوە هیوا و ئومێدەکانی خۆی بە دوو وشەوە گرێ بدات، هاوکات بەو سەختییە لە بنجوبناوانەوە لەباری کۆمەڵگەییەوە لە واتا جەوهەرییەکانی ڕابردووی بەو ئەندازە و شێوازە خراپە بەتاڵ بکرێتەوە، ساختەی تیا بکرێت و ببێتە مایەی بەدکاری. لە هەمان کاتیشدا لە دژی ئەو کەس و لایەنانە بەکار بهێنرێتەوە بیرکردنەوە و هەڵوێستیانی پێ گەشاوەتەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دیموکراسییەت ڕێک واتای هەڵبژاردنی ئۆلیگارشییەکانی1نوخبە سەرەکییە ئابووری و سیاسییەکان دەبەخشێت، ئەوانەی چەق و ناوەندەکانی سەرجەم بوارە کۆمەڵگەییەکانیان بۆ خۆیان پاوان کردووە، بەتایبەتی بواری ئابووری، بە شێوەیەکی جەوهەریش لە هەموو جۆرە لێپرسینەوەیەکی یاسایی و کۆنترۆڵێکی دیموکراسییانە بەدەرن و پارێزراون.
ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو بوارانەی پەیوەستن بە ڕێکخستنی ژیانی تایبەتیی کۆمەڵگەیی خۆمانەوە بخرێنە دەرەوەی ئاقاری یاسایی و بڕیارە دیموکراسییەکانەوە [واتە ڕادەستی نوخبەی دەسەڵاتدارێتی بکرێت]. ئازادییش ئەمڕۆکە بە واتای ئازادیی ئەو لایەنانە دێتەوە کە دۆخ و باری ئابوورییان بەهێزە و خاوەنی دەسەڵاتن. بەو شێوازی «ئۆروێڵی»یەی2 گۆڕینی واتای هەردوو وشەی دیموکراسی و ئازادی، ئیدی ئەو دوو وشەیەش جێگایەکی تایبەتییان، لە فەرهەنگی لەبننەهاتووی ئەو مێژووە درێژخایەنەی وشە دەستکاریکراو و هەڵەکان بۆ تەرخان کرا. ژەهراویکردنی ئەو دوو وشەیە بووە هۆی ئەوەی هەموو هیواکانمان، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی شارستانی تێدا شکۆمەندی و سەروەریی مرۆڤ پارێزراوبێت هەروەها ستەم و زەبروزەنگ سنووری بۆ دانرابێت، بڕوخێت و دووچاری پەشۆکان و شێوان بێت هەروەها کۆدەنگیمان لەسەر بیروڕایەکی دەستەجەمعی لەناوبچێت. سەئەنجام بە هۆی نەمانی خەونی گەیشتن بە شارستانێتی، ئەو خەونەی بەو دوو چەمکەوە گرێیان خواردبوو، ئیدی ئەمڕۆکە ئەستەمە بتوانین ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی باش و لەبار بۆ هاوسەنگی هێزی دەسەڵاتدارێتی داڕێژین، لەوەش خراپتر تەنانەت ناتوانین بیریشی لێ بکەینەوە.
ئەگەر بمانەوێت ئەو گۆڕانکارییانە تاوتوێ بکەین، ئەوا بەرەو ڕووی فەزایەکی گرژ دەبینەوە، ئەو فەزایەش هەموو کاتێک درکی پێ ناکرێت، لێ ناشتوانین خۆمانی لێ لا دەین. کاتێک لە ڕووانگەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆمانەوە لە واقیعی کۆمەڵگەیی دەڕوانین، وێنەیەکی جیاواز و ئەنجامی جیاواز، جیا لەوەی ئەگەر لە ڕوانگەی جیهانبینگەرییەوە و لە سەرووی ڕوانگەی کەسێتیی خۆمانەوە بەدیدەکەین کە، گیانی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان پیادەی دەکات و بنەماکانی ڕۆشنگەری سەبارەت بە ئازادی، یەکسانی و یەکڕیزی و گیانی کۆمەڵگەیی ئاڕاستەی دەکات. ئەوکات دەکرێت بە چاکی گفتوگۆ لەمەڕ جیاوازیی تێڕوانینەکان سەبارەت بە واقیعی کۆمەڵگەیی بکەین، بەڵام پێویستە بەڕوونی لەو فەزا گرژە بڕوانین و بەهەند وەریگرین، تەنانەت ئەگەر سەرئەنجام چارەسەریش نەکرێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر چاوێک بە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەو تێڕوانینانەدا بخشێنین، ئەوانەی پەیوەندییان بە دۆخی کۆمەڵگەیی جیهانبینییەوە هەیە، چونکە بۆی هەیە لە باسەکانی داهاتوومان زۆر بەسەختی بتوانین ناوکۆیی و تەبایی لەگەڵ ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆمان لەبارەی کۆمەڵگەوە، دروست بکەین.
دید و ئەو ئەزموونانەی لە جیهاندا دەیانگوزەرێنین، بەدڵنیاییەوە بەندن بە ئاستی بژێوی و گوزەرانی خۆمانەوە هەروەها پەیوەستن بەو ڕوانگەیەی ئێمە لێوەی دەڕوانین. هەمان شتیش بە پێوەرێکی زۆر تایبەتی بەسەر ڕوانگەمان بۆ جیهانی کۆمەڵگەیی دەسەپێت. جا چۆن ئێمە بارودۆخ و پەیوەندییە کۆمەڵگەییەکان هەڵدەسەنگێنین و بڕیاریان لەسەر دەدەین، بەندە بەو ڕوانگەیەی لێوەی لە جیهان دەڕوانین، واتە شوێن – لە ڕووی جوگرافییەوە، لە ڕووی مێژووییەوە، باری کۆمەڵایەتی یا ڕۆحی خۆمان – هەڵبەتە پانتایی هەڵکشانی ئەگەرەکان لەبەردەم ئەو ڕوانگانەی لەمەڕ جیهانی کۆمەڵگەیی هەن، بە ڕادەیەکی ئەوتۆن، ئیدی کۆتاییان نایات.
ئەمێستاکێ، لانی کەم لە ڕووی مێژووییەوە، شوێن و تا ڕادەیەکی زۆر، ڕوانگەی جوگرافیاییش بە بایەخەوە، بەش دەکەین؛ هەڵبەتە ناوەندەکانی فێرکردن و پێگەیاندن3 بایەخ بە بەشکردنی ڕوانگە ڕۆحییەکانمانیشمان سەبارەت بە جیهانی کۆمەڵگەیی دەدەن. ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پانتایی ئەو دەرفەتانەی بۆ تێڕوانینەکان دەڕەخسێن و کاریگەری دەبێت لەسەر ناوکۆیی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان تێڕوانینەکانمان سەبارەت بە جیهانی کۆمەڵگەیی. ئەگەر بکرێت بە خەتێکی درشت وێناکردنی خۆمان، کەمتازۆر، بۆ واقیعی کۆمەڵگەیی بەم شێوەیە بنەخشێنین: ئەوەی بڕیار لەسەر باری ڕاستەقینەی ژیانی تایبەتیی خۆمان دەدا بریتییە لەو سەردەمەی تیا دەژیین، بەوەی لە سەردەمێکدا دەژیین، کواڵێتیی شارستانێتی لە ئاستێکی پێشکەوتوو و زۆر بەرزدایە. ئەو شوێنەی ئێمە لێوەی لە جیهان دەڕوانین، جێگایەکە پتر لە 70 ساڵە نە جەنگ و نە برسێتی بەخۆیەوە بینیوە، جێگایەکە ئاستێکی باشی ستانداردی ژیانی بۆ ڕەخساندووین،
زۆر بەرزترە لەوەی دایکوبابی ئێمە و باوباپیرانی ئەوانیشی تیا ژیاون. جێگایەکە سیستەمی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای دەوڵەتێکی دادپەروەرەوە فەراهم کراوە، ئازادیی بیروڕا، پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤی مسۆگەر کردووە، ژیانی کۆمەڵگەیی ئێمەی سەقامگیر کردووە و دڵنیایی پێ بەخشیوە. ڕاستییەکەی، لە کڵاوڕۆژنەی ئەم ڕوانگانەوە، ئاستی ئەو گەشەکردنەی کۆمەڵگاکانمان پێی گەیشتوون، مایەی ئەوەیە پێی بەختەوەر بین. بە هەمان شێوە لە ڕوانگەیەکی فراوانتری مێژووییەوە، شتەکان لە قازانجی ئێمەدان. سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری توێژێکی پانوبەرینی دانیشتوانی لە برسێتی و مەینەتی ڕزگار کرد. لە ماوەی 150 ساڵی ڕابردوودا بە هۆی شۆڕشە پیشەسازییەکانەوە، بەکارهێنانی مەکینە و بەپیشەسازیکردنی بواری کشتوکاڵ، ڕەخساندنی تەکنیکی گونجاو بۆ کۆئاژەڵداری و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی، گڵۆباڵیزەکردنی بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی بەرهەمهێنانی خۆراک، پەرەسەندنی بواری پزیشکی و تەکنیکەکانی دەرمانسازی و چارەسەری پزیشکی کە بەگشتی بووە هۆکاری تەمەندرێژی و کواڵێتیی ژیانی باشتر کرد و بە ئەندازەیەکی ئەوتۆی بێوێنە بەرز کردەوە. سەرلەبەری ئەو دەستکەوتانەی بوون بە مایەی خۆشگوزەرانی مرۆڤ بەگشتی هەروەها بە بەشداریی گەشەی تەکنیکی و تەشەنەکردنی بۆ نێو سەرجەم بوارەکانی ژیان، جا خۆراک بێت یا بواری پەیوەندیکردن هەروەها ئاسانی جوولانەوە و پێڕاگەیشتن (mobility)
و بواری تەندروستی بێت، هەموو ئەوانە دۆخێکیان بۆ ڕەخساندن، نەوەکانی پێشتر تەنها خەویان پێوە دەبینی. ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم زێدەڕۆیی لە بڕی بەرخۆری و بەکارهێنان هەروەها تەشەنەکردنی ڕۆژانەی پیشەسازییەکانی ڕابواردن و کاتبەسەربردن بۆ نێو ژیانی تایبەتیی ڕۆژانەمان، دەرفەتێکی ڕوولەزیادی ڕەخساند بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەرگەی نامۆیی و نامۆبوون لە کاردا4 بگرن و لە هەمان کاتیشدا بە هۆی ئەو دەرفەتانەوە بتوانرێت نیگەرانی و نائارامیی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەربەست بکرێت. بە هەمان شێوەش ئەو پەرەسەندنانە لەسەر ئاستی جیهان بەرپا کران، ئەوانەش قازانجیان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش هەبوو. ماوەیەکی کورت، پاش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNO) دامەزرا، لەپێناوی ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەراپای جیهان ئاشتی بەرقەرار و پارێزراو بێت. ئەو ئامانجە، لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە و لە دەقی نووسراوەکەدا جەخت لەسەر قەدەغەکردنێکی گشتی و تەواوی توندوتیژی کراوە، هەروەها هیچ وڵاتێک بۆی نەبێت هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە. دادگای نێودەوڵەتی لە دێن-هاگDen Haag) ) وەکوو بڕیادەرێکی یاسایی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا. مافی گەلان و مافە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاشتی،
دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەردەوام پەرەیان پێدراوە. کەواتە لە ڕووی مێژووی شارستانێتییەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە و ئەو دەستکەوتە شارستانییانەی بۆ هاوبەشیی بەها و سەروەرییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بەدی هاتوون، بۆنەیەکی باشە بۆ ئەوەی ئاهەنگی بۆ بگێڕن. لەنێو سەرجەم ئەو فۆرمانەی ڕێکخستنی کۆمەڵگایان لەسەر بنیاتنراوە و تا ئێستا بە ڕادەیەکی زۆر جێگیر بووە، بە تێڕوانینی ئێمە بریتییە لە پاراستنی گرێی نێوان سەرمایەداری لەگەڵ دیموکراسییەتدا ئەوەش وێڕای هەموو ئەو کێشانەی لە نێوانیاندا هەیە. بێگومان ئێمە بەبێ ڕەچاوکردنی هەموو ئەو پێشکەوتنانەی لە سەرجەم بوارەکاندا بەدی هاتوون ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی زۆر سەخت بووینەتەوە. بەڵام لە ڕوانگەی ئەو ڕاستییەی کانت ((Kant5 گوتەنی، مرۆڤ ئیدی وەهایە، لە دارێکی چەوت دروستکراوە و ڕاستەوخۆ بۆ کاری دارتاشی ناشێت، بە هەمان شێوەش لە ڕوانگەی چڕیی ئەو ئاڵۆزییانەی لە واقیعدا هەن ئەستەمە چارەسەرێکی بنەبڕکەر و یەکلاکەرەوە هەبێت. وێڕای ئەوە ئێمە گەش بینین و لەو باوەڕە داین پێشکەوتنی تەکنیکی کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر کارامەیی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و داڕشتنی ئەو نەخشەیەی بۆ بازاڕی بازرگانی نمایش دەکرێت، ئەوانەی چارەسەری ئەو کێشانە دەکەن ئێمە ئەمڕۆکە بە هەڕەشە دەیانبینین.
کەواتە ئاشکرایە ئێمە لە سەردەم و شوێنێکی پەسندکراودا دەژیین، ئەوەی بەپێی پێوەرە مێژووییە گەورەکان، مرۆڤ دەشێت بە بەختەوەر لەقەڵەمیان بدات. هەڵبەتە لێرەدا ئەو دۆخە هەموو ئەو مرۆڤانە یان لەوانەیە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خەڵکانەی لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین نەگرێتەوە و ئامادە نەبن نەک تەنها بەو ئاوازەی ئەم کۆڕە بەختەوەرە دەیچڕێت بەشدار بن و لەگەڵیاندا خۆشی دەربڕن، بەڵکوو بە هیچ کلۆجێک نەیانەوێت گوێ لەو ئاوازە بگرن کە کۆڕەکە دەیچڕێت. کەواتە وشەی «ئێمە» بۆی نییە هەموو مرۆڤێک بگرێتەوە. کەواتە ئەو «ئێمە»یە کە بناغەی ئەو جۆرە تێڕوانینەیە، دەبێت بەهەند وەربگیرێت و زیاتر لێی ورد بینەوە.
لە ڕوانگەیەکی مێژوویی فراوانتر هەروەها لە ڕوانگەی پێودانگە جیهانییەکان، ئێمە بۆمان هەیە خۆمان بە براوە و سوودمەندی ئەو سیستەمە جیهانییەی ئێستا بەڕێوەیە بزانین. ئیدی لە هەموو سەردەمەکاندا کەسانی سەرکەوتوو، براوە و سوودمەندی سیستەمی کۆمەڵگەیی هەن، نەک تەنها ئەو سیستەمە زۆر بەچاک بزانن و پەسندی بکەن، بەڵکوو سەراپای جیهان بەگشتی، بەڕێکوپێک، بێکەمایەسی و خۆشگوزەران ببینن و ئەوانەشی زەرەرمەند و دۆڕاوی ئەو دۆخە سەپاوەن بە خەتابار بزانن بۆ ئەو بارودۆخەی تێدان، ئەو دۆخەی لە ڕاستیدا دووچاری کراون. هاوکات خولیای ئەوەن لە دواڕۆژیشدا سیستەمێکی کۆمەڵگەیی بێتە کایەوە، هەر ئەوان لە سایەیدا سوودمەند بن و بە گەشبینییەوە چاوەڕێی بن. لایەنی دۆڕاو و ئەوانەی بوونەتە قوربانی ئەو سیستەمە کۆمەڵگەییە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بە شێوەیەکی جیاواز و بەتەواوی جیا لەو ڕوانگەیەی «ئێمە» شتەکانی بەدی دەکەن. جا چ لە ناوچەیەکی جوگرافی دیکە بن یا سەر بە چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە، یا لانی زۆر لەوانەیە تەنها چەند گەڕەکێک لەولامانەوە بژین، یاخود لە کیشوەرێکی دیکە بن یا لە ئانوساتێکی جیاواز، چەند ساڵێک کەمتر یاخود لە نەوەی ئایندە بن، هەموو ئەوانە بەش دەکەن بۆ ئەوەی لە بنجوبناوانەوە وێنەیەکی دیکەی جیاواز بۆ دۆخەکە بەدی بکەن.
ئایا چ ئاسۆیەک بۆ ڕوانگەی لایەنی دۆڕاو و قوربانیانی ئەو سیستەمە کۆمەڵگەییە دەمێنێتەوە؟ بوون بە قوربانی دەبێتە مایەی ترس و هەستکردن بە ترس دەخوڵقێنێت و دەبێتە هۆی بەرتەسکردنەوەی پانتایی تێڕوانینەکانی مرۆڤ. برسیکراوەکان، ئەشکەنجەدراوان و هەموو ئەوانەی لەژێر هەڕەشەی دەروونی و جەستەیی دان، جگە لە گوزەرانکردن لەنێو فەزای بیرکردنەوە وەکوو قوربانییەک هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە. ڕێک ئەو قوربانییانەن، کە «ئێمە» ناگرێتەوە و هەر ئەو قوربانییانە دەزانن چۆن جەخت بکەنەوە لەسەر خراپی و چاکی سیستەمی حکوومڕانی و ئەو سیستەمە ئابوورییەی ئەمێستاکێ بەڕێوەیە.
ئەوانەی خۆیان بە «ئێمە» هەژمار ناکەن، یاخود ناخوازن لەگەڵمان هەژمار بکرێن، ئەمانەن:
لەسەر ئاستی جیهان قوربانییانی ئەو سیستەمە ئابوورییە جیهانییەی »ئێمە« هۆکاری ئەوەین ژیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی ئەستەمە خەمڵاندن بۆ ژمارەیان بکرێت. جین زیگلەر (Jean Ziegler) نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ لەبارەی مافی دابینکردنی خۆراک، لە نێوان ساڵانی (2000 تا 2008)، ژمارەی ئەو مرۆڤانەی بە هۆی ئەو سیستەمە ئابوورییەوە ژیانیان لەدەست داوە بە زیاتر لە 50 میلیۆن مرۆڤ دەخەمڵێنێت، ئەوەش تەنها لە ساڵێکدا – بە درێژایی مێژووی ژیاری، هیچ سیستەمێکی کۆمەڵگەیی کارێکی لەو جۆرەی نەکردووە کە سیستەمی-ئابووریی نیولیبراڵەکان ئەنجامیان داوە.
ئەو پتر لە 800 میلیۆن مرۆڤانەی، واتە پتر لە یەک لەسەر دەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەژێر هێڵی برسێتی دەناڵێنن و لەوانەش ساڵ بە ساڵ پتر لە 30 میلیۆن مرۆڤ، واتە ڕۆژانە نزیکەی 100.000 مرۆڤ لە برسا دەمرن، ئەوەش »وێڕای ئەوەی کەرتی کشتوکاڵیی جیهانی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بواری خۆراک و کشتوکاڵی، لە قۆناغی ئێستای گەشەکردنیدا بەبێ هیچ گرفتێک 12 میلیارد مرۆڤ، واتە نزیکەی دوو هێندەی دانیشتوانی ئێستای جیهان تێر دەکات و دەکرێت خۆراکیان بە ئاسانی بۆ دابین بکرێت«
ئەو زیاتر لە یەک میلیارد مرۆڤەی لە قەراغی نزمترین دۆخی گوزەرانکردندا دەژین. ئەو پتر لە دوانزە میلیۆن مرۆڤەی لە وڵاتی ئەڵمانیا کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی هەژاری و بەوەش لە بەشداریکردنێکی ئاسایی لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتووری دابڕێنراون. یەک لە پێنجی کۆی هەموو مناڵان لە ئەڵمانیا بەردەوام بەهەژارییەوە گەورە دەبن و بەمیرات بۆیان دەمێنێتەوە. هەڵبەتە دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە نییە لەو وڵاتانەی وڵاتانی پیشەسازییان پێ دەگوترێت یاخود دەوڵەتی یاساسالاری.
ئەو بەشە لەهەژمارنەهاتووانەی چیتریش لە ژماردن نایەن: ئەو سەدان میلیۆن مرۆڤەی سەرمایەداران بە «ناپێویست» و «مرۆڤی لەزیادە» لەقەڵەمیان دەدەن، ئەوانەی چیتر وەکوو کڕیار و بەکارهێنەر ڕۆڵیان نییە یاخود بە کەڵکی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سەرمایەداران نایەن و فڕێدراونەتە لاوە بۆ کەنارەکانی کۆمەڵگەوە، ئەوانەی دەبێت سیستەمەکە بەچاکی بەرزەفتیان بکات نەبادە ڕاپەڕن.
ئەو پتر لە 40 میلیۆن مرۆڤەی، ئەمێستاکێ کراون بە قوربانی ئەو فۆرمە مۆدێرنانەی کۆیلەداری.
ئەو پتر لە 6 میلیۆن مرۆڤەی ساڵانە بە هۆی تێکدانی ژینگەوە ژیان لەدەست دەدەن.
ئەو مرۆڤە سڤیلانەی دەبنە قوربانیی ئەو بۆمبانەی »ئێمە«، واتە هاوسەروەرانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی، لەپێناوی «بەرگریکردن لە خۆمان» و بەو ناوەی گوایە ئامانجمان «پشتگیریکردنە لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ»، ئەو بۆمبانەی وڵاتانی دیکەی پێ بۆمبباران دەکەین. تەنها لە ساڵی 2016، لە کۆتاییەکانی ماوەی سەرۆکایەتیی «ئۆباما»دا بەتێکڕایی 26.171 بۆمب بەسەر حەوت وڵاتدا بارێندرا کە بە درۆهەڵبەستن تاوانبارکرا بوون. «هەر بۆمبێک لەوانە لە داتابەیسەکانی تۆر (THOR-Datenbasis)ی ناوەندی توێژینەوەکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکی یاداشت کراون و جێگا و کاتی هاویشتنەکانیشیان تۆمار کراون» ئەو خەمڵاندنانەی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکرێن، هەر لە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەپێی داتابەیسەکان و بەپێی بناغەی ئەو ڕەخنانەی خراونەتە بەرچاو لەنێوان 8 تاکوو 30 میلیۆن خەڵکی سیڤیل کوژراون. قوربانییانی ئەو «جەنگانەی دژی تیرۆرن» ئەوانەی «ئێمە» بەرپایان کردوون، کات و شوێنەکانیشیان لەئەندازەبەدەرن، ژمارەی کوژراوەکان تەنها لە عێراق، ئەفگانستان و پاکستان دەگەنە نزیکەی 1,3 میلیۆن مرۆڤ.
پەراوێزەکان
1. ئۆلیگارش (Oligarsch)یان ئۆلیگارک Oligarch)) وشهیهكی یۆنانییه مهبهست له حكوومڕانی کەمینەیەکی خاوهن سهروهت و سامانن و سهرجهم هۆیهكانی بهرههمهێنان له وڵاتێكدا بۆ خۆیان پاوان دهكهن، سەرچاوەی ئەو سەروەت و سامانەیان گومان هەڵگرە و مەرج نییە پاک بێت. وەرگێڕ
2. مهبهست له ڕۆمانەکەی «جۆرج ئۆروێڵ»ە به ناوی «1984»، مەبەست لەو گۆڕانکارییانەیە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، لە بەکارهێنانی وشە و چەمکەکاندا دەیکەن، واتە بەرەواژکردنەوەی واتای بەکارهێنانیان. زمانێکی تایبەتە بە مەبەستی چەواشەکاری و فریودانی خەڵکی بەکار دەهێنرێت، بۆ نموونە بە جەنگ دەوترێت دابینکردنی ئاشتی، بە کۆیلەکردن و چەوسانەوە ئەڵێن ئازادی، بە سەرۆکێکی سەرکوتکەر براگەورە دەگوترێت و هتد. لە ڕاستیدا بایەخ و گرنگی ئەو ڕۆمانە مەزنە هەرگیز کۆن نابێت و پێویستە هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە، ڕۆمانەکەی کراو بە فیلم و لە ئینتەرنێت بەردەستە. وەرگێڕ
3. مەبەست لەو ناوەندە کۆمەڵایەتیانەن مرۆڤ بەهۆیان فێردەبێ وەکو فێرگەکان جا چ زانکۆ، قوتابخانە یاخود لەنێو خێزاندا بێت.
4. مەبەست لە تیۆری «نامۆبوونە»ەکەی «کارڵ مارکس»ە. نامۆبوون لە کاردا جۆرێکە لە ناچاربوونی مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کارێکی بەرهەمهێنەر، بەرهەم و دەستکەوتەکەی تەواو بە خۆی نامۆیە و مرۆڤ لە ئاکامی شێوازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دووچاری
5. مەبەست لە فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت Immanuel Kant))ە (1724-1804). «لێرەدا مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ وەکوو درختێکی چەوتە و بەبێ کەموکوڕی نەڕواوە و پێویستە گونجاندنی بۆ بکرێ بۆ ئەوەی بە کەڵکی دارتاشی بێت» وەرگێڕ