نووسین: پڕۆفیسۆر ڕاینەر م.
وەرگێڕان: کەریم مەلا ڕەشید
نادیدەکردنێکی ئەو پێشێلکارییانەی بە شێوازێکی سیستەماتیکی لە بنەما و پێوەرە ئەخلاقییەکان ئەنجام دەدرێن، كێشه بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی دیموكراسی دروست دەکەن، ئەوەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە شتێکەوە گرێدراوە کە پارادۆکسەکانی دیموکراسی پێ دەگوترێت، واتە هەبوونی کێشەیەک لە پەیوەندیی نێوان گەل و فەرمانڕەوا و نوخبەی دەسەڵاتدارێتی. ئەو لێكۆڵینه‌وانەی بە شێوازێکی سیسته‌ماتیک لەبارەی ئەو كێشه‌یه‌وە کراون، ڕەگوڕیشەیان بۆ سەردەمە دێرینەکاندەگەڕێتەوە. له میانەی دیسکۆرسی سیاسی‌دا، زۆربه‌ی كات گه‌ل به مێگه‌ل بەراورد دەکرێت، وه‌كوو مێگه‌لێک وایە و مەیلی ورووژان و نانەوەی پشێوییەکی نائەقڵانی هەیە، بۆیە پێویستی بە کۆنترۆڵ و بەرزەفتکردن هەیە. ئەوەش پاساوێکی زۆر گرنگە بۆ ڕابەرانی سیاسی بۆ کپکردن و دەمکوتکردنی مێگه‌لەکەیان و له ڕووانگه‌ی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیانەوە ڕەفتاری لەگەڵدا بکەن. لەم سەردەمە نوێیەدا لە پێش هەمووانەوە، بە ڕێگای سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە «ڕیتچارد نیكسۆن» دەنگی دایەوە، كاتێک «بێدەنگبوونی زۆرینەی» هاووڵاتیانی بە ڕەزامەندی لەقەڵەم دا و بۆ بەرپاکردنی جەنگی دژ بە ڤیتنام شرۆڤەی کرد.
مێژووناسی یۆنانی توكیدیدێس ( (Thukydides(399 تا 454)ز پێش پتر لە 1500 ساڵ یه‌كه‌مین كه‌س بوو به شێوازێکی سیستەماتیک خۆی بەو پرسانەوە سه‌رقاڵ کرد. توكیدیدێس یەکەمین کەس بوو دركی کرد بەو پەیوەندییەی نێوان وێناکردنی ئێمە بۆ شێوازەکانی حكوومڕانی و سروشتی ڕازیبوونی مرۆڤ و ملدانی. هەموو فۆرمێکی حكوومڕانی هەمیشە بە شێوەیەکی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ، گرێدراوە بەوەی ئایا ئێمە چ وێنایەکمان بۆ سروشتی ئەقڵی و ڕۆحیی مرۆڤ هەیە. توكیدیدێس ئەوکات باوەڕی وا بوو، ئاپۆرەی جەماوەر سۆزمەندە و مەیلی هەڵچوون و خرۆشانی هەیە و بەجۆش دێت، ئه‌وه‌ش لەسەر حسێبی ئەقڵانییەت و دانایی مرۆڤە و زیانی پێدەگەیەنێت، ئەو دەڵێت: «کۆ تێڕوانینی بگۆڕە، ڕاڕا و دەمدەمە، بێتوانایی و شکستەکانیان ده‌خه‌نه سەر ئه‌ستۆی ئەوانەی دیکە […][i]» ڕابەرانی سیاسیش لە لایه‌كی ترەوە، پێش هه‌موو شتێک، هەڵوێست و کارکردەکانیان ته‌نها بە ئاراستەی «دەسەڵاتدارێتییە، لەپێناوی ئەوەی چێژ و چاونه‌زێری بۆ حکوومڕانی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان تێر بکەن.» توكیدیدێس په‌ی به‌وه برد ئەگەر کۆمەڵگە بە شێوازێکی چاک ڕێکخراو بێت، ئەوا بەدڵنیایی ئەو خاڵە لاوازە سروشتییانەی مرۆڤ سەنگەلا دەکات. بە پێودانگی ئەو تێگەیشتنەی توكیدیدێس، شێوازی دیموکراسی بۆ حکوومڕانی توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی نییە. وەک له كتێبه‌كه‌یدا له‌باره‌ی جه‌نگی پیلۆپۆنیزی (Peloponnesian war)[ii] ئاماژەی پێ دەکات، بە لای ئەوەوە فۆرمی نموونه‌یی حکوومڕانی بریتییە لەو – حکوومڕانییەی حکوومەتەکەی پێریكلس [iii](Perikles) ڕابەرایەتی دەکرد – ئەوەش شێوازێكی حكوومڕانییە، «بەپێی ناوەکەی بریتییە لە جۆرێک دیموكراسی، بەڵام لە واقیعدا تەنها پیاوی یەکەم تێیدا دەسەڵاتدار و حکوومڕانە.»
«ئه‌ریستۆ»ی فەیلەسوف (322-384)پ.ز، هه‌ڵگری بۆچوونێکی هاوشێوە بوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە تیموكراسی (Timokratie)، شێوازێکی نموونەیی حکوومڕانییە و بریتییە لە «دەسەڵاتدارێتیی كه‌سانی به‌وه‌ج، موڵکدار و ده‌وڵه‌مه‌ند». لێره‌دا پێویسته هاوسه‌نگییەک له‌نێوان پێکهاتەی دیموكرسی و ئۆلیگارشی[iv] بە جۆرێک نە خه‌ڵكی هەژار کە زۆرینە پێکدەهێنن و نە نوخبەکانیش کە لە خه‌ڵكی دارا و کەمینەی گەل پێکدێن بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ بێت و دەسەڵاتدارتر بێت. ئه‌ریستۆ پێی وا بوو، دیموكراسی فۆرمێکە لەسەر داروپەردووی ڕووخانی تیموکراسی دروست بووەتەوە. چونكه دیموكراسی دەرفەت «بۆ خەڵکی هەژار دەڕەخسێنێت بە هۆی ئەوەی زۆرینە پێک دەهێنن، سه‌روه‌ت و سامانی کەسانی دارا و دەوڵەمەند لە نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن» ئه‌ریستۆ خۆی ئه‌وه‌ی بە لاوە نادادپەروەری بووە. هەر هه‌مان بیرۆكەش کراوە بە زەمینە بۆ داڕشتنی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكی: وه‌ک جێمس مادیسۆن (James Madison) (1751 تا 1836) کە به یه‌كێک له دامەزرێنەرانی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكی داده‌نرێت، ده‌ڵێت: هەر شێوازێكی حكوومڕانی، پێویسته به جۆرێک بنیاتنرا بێت کەمینەی ساماندار و خۆشگوزەران لە بەرانبەر زۆرینه‌ی خەڵکی هه‌ژاردا بپارێزێت. پێشنیارەکەی مادیسۆن بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرژیی ئەو پەیوه‌ندییانەیە کە لە‌نێوان گەل و نوخبەکاندا هەیە، بریتی بوو له پەیڕەوکردنی د‌یموكراسیی نوێنه‌رایه‌تی – واته به دیفاكتۆ فۆرمێکی ئۆلیگارشییە – تێیدا به‌رژه‌وه‌ندییە تایبه‌تییەکانی چینی کەمینەی ده‌وڵه‌مه‌ند بپارێزرێت، مسۆگەر و دەستەبەر بکرێت.
ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه‌ی پێشکەش کران بە تێروتەسەلی ئەوە ڕوون دەکەنەوە، مێژووی سەراپای ئەو بیرۆكانەی بە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا گوزه‌ریان كردووە زۆر بەقووڵی نوقمی دیموکراسییەکی ڕاڕا و گوماناوین، تەنانەت زۆرجار دژایەتیی دیموكراسیان کردووە.
لەم سەردەمە نوێیەماندا لە دیسکۆرس هەروەها گوتارە ڕەوانبێژییە سیاسییە ڕۆژانەکان، بەکارهێنانی چەمکی دیموكراسی هه‌ردەم ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره و گرنگ ده‌گێڕێت. ئیدی دیموكراسی نه‌ک تەنها کراوە بە فۆرمێک لە فۆرمەکانی حکوومڕانی، به‌ڵكوو تاقە شێوازیشە بە هۆیەوە هێزە دەسەڵاتدارە سیاسییەکان دەتوانن شەرعیەت وەرگرن. لە هەمان کاتیش‌دا نوخبه دەسەڵاتدارەکان، چەمکی دیموکراسییان زۆر بەلاوە گرنگە، چونکە «بۆ ئەندێشاندنی گەل بە پێویستی دەزانن» هەروەها لە هەمان کاتدا تێدەکۆشن له پەنای گوتاری ڕەوانبێژی و زمانلوسییان، لەبارەی دیموكراسییەت و لەپێناو جێگیرکردن و قایمکردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، لە پاڵەوە هەوڵ دەدەن پێکهاتەی ئۆلیگارشی گونجاو بنیات بنێن. لە هەمان کاتیش‌دا لە گوتار و باسەکانیاندا ئەو دەستکەوتە جەوهەرییانەی لە پرۆسەی دیموکراسی بەدەست هاتوون بە «دیموکراسییەکی زێدەڕۆ» لەقەڵەم دەدەن[v] و هەوڵ دەدەن بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو دامەزراوە و پێکهاتە دیموكراسییانەی هەن، بنکۆڵ بکەن و تا بکرێت هاووڵاتیانیش نادیدە بکەن بەرانبەر ئەو کردانەی لە دژی بەرژەوەندییەکانیان ئەنجامی دەەدەن. خەڵکی ئەنجامیان دەدەن نادیدە بکەن – هەڵبەتە ڕەوتی ئەو پڕۆسەیە لەم کاتەی ئێستامان بەشێوەیەکی مەترسیدار تاو دراوە و بەردەوامە.
دروستکردنی پێكهاتەی ئۆلیگارشی له‌ژێر پەردەی دیموكراسیدا بە ڕێژەیەکی زۆر سه‌رسوڕهێنەر دەرفەتی بۆ ڕەخسا، ئەگەر بە وردی لەو دیموكراسییانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بڕوانین، ئه‌وا لە واقیعدا خەسڵەتێکی تەواو ئۆلیگارشییان هەیە. ئه‌م بۆچوونە ته‌نها له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گران لە پرۆسەی بنکۆڵکردن و داماڵینی دیموکراسییەت سەرچاوەیان نەگرتووە، به‌ڵكوو له لایه‌ن خودی نوخبە دەسەڵاتدارەکانەوە ئاماژەی پێ کراوە و باس کراوە. بۆ نموونە لە ئه‌مه‌ریكا: له ڕاپۆرتێکدا ساڵی 1957 به ناونیشانی «قەیرانەکانی دیموكراسی» نووسه‌رەکانی ئاماژه به «دیموكراسییەکی زێدەڕۆ و سنووربەزێن» دەکەن - وه‌ک زانای سیاسی ساموێل هانتینگتۆن (Samuel Huntington) جه‌ختی له‌سه‌ر كرد، ئەوەش لە سەردەمێکدا، سه‌رۆکكۆماری ئەوکات ترومان (Truman) هێشتا لە توانایدا بوو بەپاڵپشتیی چەند دادیارێک و چەند خاوەن بانکێکی وۆڵ ستریت (Wall-Street) حكوومڕانیی وڵات بەڕێوە بەرێت. هەڵبەتە ئەو کات بەڕێوەبردن و بەرزەفتکردنی دیموکراسییەت هێشتا تا ڕادەیەک ئاسان بوو. له‌و كاته بەدواوە توانرا ئەو «زێدەڕۆییەی دیموكراسییەت» بەتەواوی بنەبڕ بکرێت، ئەوەش به ئه‌ندازه‌یه‌كی ئەوتۆ ئەنجام درا، له بەرواری ٢١/٤/٢٠١٤ ڕۆژنامەی واشنگتۆن تایمز(Washington Times) بۆی دەرکەوتووە کە: «ئه‌مه‌ریكا چیتر وڵاتێکی دیموكراسی نییه». سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا «جیمی كارته‌ر» له چاوپێكه‌وتنێكدا ٢٨/٦/٢٠١٥ ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ریكا پێک هاتووە له ئۆلیگارشییەکی تێكه‌ڵ به «ژمارەیەکی لەپێواننەهاتووی سیاسەتمەداری گەندەڵ و بەرتیلخۆر». كه‌واته لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ خودی نوخبه‌كانیش، ئۆلیگارشی وەکوو ئاکارێکی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، ڕاستییەکی ئاشکرا و حاشاهه‌ڵنه‌گره. جا ئه‌وه‌ی شارەزایی لە بواری میتۆدۆلۆژی هەبێت زۆر بە ڕوونی درک دەکات بەوەی گوتاری نوخبەکان پووکن و هیچ سەنگێکیان نیە. زانایانی بواری سیاسی مارتین گیلێنس Martin Gilens)) و بنیامین په‌یج (Benjamin Page) له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان وەکوو نموونەیەک وەرگرت و کردیان بە بابەتی لێکۆڵینەوە لەوەی ئاخۆ ئەو بڕیارە سیاسییانەی حکوومەتی ئەمەریکی دەیاندات، بە خواستی ڕێژەی چەند لە سەدی زۆرینەی هەرە زۆری هاووڵاتییان دەدرێن. شیكارییه‌كانیان ئەوەیان دەرخست، دەنگی هاووڵاتییان سەبارەت بەو بڕیارە سیاسییانەی حکوومەت دەیاندات نزیکی سفرە و تەنانەت لە سەدا 70٪ هاووڵاتییان به‌هیچ کلۆجێک کاریگەرییان لەسەر ئەو بڕیاره سیاسییانە نییه[vi].
هەڵبەتە له وڵاتە ئه‌وروپییەکانیش دۆخه‌كه باشتر نییە و بە جۆرێکی دیکە نییە. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیەوێت، کەم تا زۆر، وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بۆ دۆخه‌كه بەدەست بهێنێت، بۆ بەرچاوڕوونی چاكتر وایه خۆی چاوێک بەو زانیارییانەدا بخشێنێت، ئەوانەی لە میدیاکانی خودی ئەو نوخبانەدا بڵاو دەکرێنەوە، لەوانە بۆ نموونه وۆڵ ستریت ژۆرناڵ (Wall Stree Journalt). هەڵبەتە له‌م میدیانەدا دەکرێت جاروبار ڕاستییەکان بە بێگەردی و بەبێ دەستکاری ببینرێن، لەبەر ئەوەی بابەتەکانی ئەو جۆرە ناوەندانە بۆ نوخبەی سەرمایەداران و بازرگانان گرنگن و پێویستە بیرۆکەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەبارەی ئەو دۆخە واقعییەی لە ئارادایە وەرگرن. جا لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە میدیایانەی زانیاری بە ئەندامان و توێژی نوخبەکان دەبەخشن، بۆیان هەیە بەدەر بن لەو گوتارە سیاسییە کرچ‌وکاڵ و ڕەوانبێژییانەی بەردەوام بە شێوازی پڕوپاگەندە لە ماسمیدیاکاندا دەرخواردی خەڵکی دەدرێن. «وۆڵ ستریت ژۆرناڵ» له ژمارەی ڕۆژی ٢٨/٢/٢٠١٣ زۆر ڕاشکاوانە ئەوەی ئاشکرا کردووە كه نوخبە نیولیبراڵییەکان – وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگدان دەسەڵات وەردەگرن، بەڵام له زۆربه‌ی هەرە زۆری وڵاتاندا – پرۆگرامەکەیان بە جۆرێکی تۆکمەی ئەوتۆ داڕێژراون، چیتر بە دەنگدان و پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی دیموکراسییانە نایەنە لابردن یا لە پلەوپایەکانیان وەلا نانرێن. له وڵاتانی ئه‌وروپادا بە هەمان شێوە زۆر بەچاکی درک بەوە دەکرێت کە دەنگدەران بەتەواوی کەوتوونەتە نێو ئەندێشە و خەیاڵی ئەوەی گوایە کاریگەرییەکی جدییان لەسەر بڕیارە سیاسییە گرنگەکانی وڵات هەیە!
لە کاتێکدا سەبارەت بەو پرسانەی بە سیاسەتی ئابوورییەوە پەیوەستن، دەنگدەران هیچ ڕۆڵێک ناگێڕن، ئەوەش مایەی سه‌رسوڕمان نییە، چونكه لە واقیعدا نیولیبراڵیزم و دیموكراسییەت بە یەکەوە ناکۆکن و ناگونجێن. میلتۆن فریدمان (Milton Friedman) (١٩١٢-٢٠٠٦) به یه‌كێک له دامەزرێنەرانی لیبراڵیزمی نوێ هەژمار دەکرێت، ساڵی 1990 له یه‌كێک له هەواڵنامەکانی مۆنت پێرلین سۆسایەتی Mont Pelerin Society له نامیلكه‌یە‌كدا ڕاشكاوانە ده‌ڵێت: «هاکا كۆمه‌ڵگەیه‌كی د‌یموكراسیی بنیاتنرا، ئیدی ئابووریی ئازاد ده‌ڕووخێت و لەناو دەچێت» – بێگومان ئه‌وەش بە بۆچوونی نوخبەکان، نابێت ڕوو بدات و ڕێگریی لێ دەکرێت. كه‌واته دیموكراسی ته‌نها تا ئەو ئاستە ڕێگای پێ دەدرێت و ڕەوایەتی هەیە، ئەگەر تێکەڵ بە بواری ئابووری نەبێت و پێویستە بواری ئابووری دوور بێت و لە دەرەوەی ئەو بڕیارانەدا بێت کە پرۆسەی دیموكراسی دەیانگرێتەوە – واته سنووری دیموکراسییەت دەبێت تەنها لە ئاقارێکدا بمێنێتەوە، یاخود بەکورتی واتای ئەوەیە چیتر دیموكراسییەت بوونی نەبێت. له‌م ڕووانگه‌یه‌وه و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا نیولیبراڵیزم دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی دیموكراسییه.
لە ڕوانگەی كۆمپانیا فرەوڵاتی و نێونەتەوەییە زەبەلاحەکانەوە دیموكراسییەت بازرگانییەکی زەرەرمەند و مەترسیدارە. جا ئەگەر زۆرینەی هاووڵاتییان ئاماده نه‌بن درک بەوە بکەن کە ڕێکخستن و سەقامدانی[vii] کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای دیموکراسی «کۆتوبەند لەسەر بواری ئابووری» دروست دەکات، بەوەی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کۆمەکی کۆمەڵایەتی دەبنە فاکتەرێک زیان بە کەڵەکەبوونی سەرمایە و دوا جار بە سەرمایەداران دەگەیەنن. بۆیە نوخبەی دەسەڵاتدارێتی دەکەونە خۆ بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ گونجاندی پێکهاتەکان بگرنە بەر، بە جۆرێک بە هۆیانەوە دەسەڵاتێکی تاکڕەو و نادیموکراسییانە بسەپێنن، ئەوەش ڕێک لە سایەی نیولیبراڵیزمدا جێبەجێکرا.
کەواتە ناکرێت كۆمه‌ڵگەیه‌ک لەسەر بناغەی د‌یموكراسیی سەقامدراو لەگەڵ ئه‌و فۆرمانەی نوخبه ده‌سه‌ڵاتدارەکان بۆ حکوومڕانی کۆمەڵگە پەسندیان دەکەن و دەیانخوازن، بسازێن و تەبا بن. جا ئه‌گه‌ر دیموكراسییەت لە ڕوانگەی کاری سیاسییەوە تەنها بۆ ئەندێشاندنی خەڵکی بێت بەوەی گوایە دیموکراسی بەرقەرارە، ئەوا وەکوو ئەوەی پسپۆرەکان بەلاڕێدا بردوویانە ده‌بێتە «دیموكراسییەتی تەماشاکەران»[viii] و بەتەواوی دوور دەبێت لەوەی دیموکراسیی بەشداریی پێ کردنێکی ڕاستەقینە و کارای گەل لە پرۆسەی سیاسیی دەوڵەت و لەو بڕیارانەی بە بارودۆخی خۆیانەوە پەیوەستن – ڕێک ئەو بابەتەی نووسەر و ڕۆژنامه‌وانی زۆر بەتوانا و کارا واڵته‌ر لیپمان (Lippman Walter) (1925) وەکوو نوێنەرێکی بیری د‌یموكراسیی نوخبەگەری له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی «تراویلکەی جەماوەر» ئاماژەی پێ دەکات. له سایه‌ی د‌یموكراسیی ته‌ماشاكه‌ریدا، دەکرێت بە ئاسانی ئەندێشاندنی گەل بەردەوامی پێ بدرێت، بەوەی گوایە دیموکراسییەت بەرقەرارە و هاوکات کار دەکرێت لەسەر هێشتنەوە و دەستەبەرکردنی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی نوخبەکان تێیدان.
ڕێک ئه‌م كێشانه بوون، ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوی «قه‌یرانی دیموكراسی» پێوەی سەرقاڵ بوو و ساڵی 1975 له‌سه‌ر داوای كۆمیسیۆنێکی سێ لایه‌نە[ix] ئاماده‌كرا بوو. چەمکی «سێ-لایه‌نه» ناوی ئەو ئۆرگانە بوو هەروەها له‌وەشەوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌ندامانی نوخبەی ئەو كۆمیسیۆنە لە ڕاوێژكارانی سێ زلهێزی ئابووریی گه‌ورەی جیهان پێک هاتبوو، ئه‌وانیش ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا و ژاپۆن بوون. ئەو كۆمیسیۆنە سێ لایه‌نه په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ تۆڕی نوخبه‌كانی دیکە جیهان هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ «كۆنفرانسی بیلده‌ربێرگ»[x] و «پردی ئەتلانتیک»[xi]. ئه‌ندامانی لقی ئه‌ڵمانیا، بۆ نموونه، پێک هاتبوو له: «جۆزێف ئاكه‌رمان، گیرهارد شروێده‌ر، كلاوس كلێبه‌ر، شتێفان كۆرنیلیۆس، جۆزێف جۆفێی، جه‌م ئۆزده‌میر، میشایل هویته‌ر، وڵفگانگ ئیشینگه‌ر، فریدریش مێرتس و یوئاخیم گاوگ»
له ڕاپۆرتی «قه‌یرانی دیموكراسی»دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت، قه‌یرانی دیموكراسی بە هۆی ئه‌و «زێدەڕۆییەی دیموکراسییەت» دروست بووە، «له ڕووانگه‌ی نوخبەکانەوه» به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر چەند کەسایەتییەک لەگەڵ ئەو گرووپ و ڕێكخراوانەی هەن دووچاری ئاستێکی باشی سستبوون، بێدەربەستی و بێباکی بکرێن و لە پرۆسەی سیاسی بەشداریان پێ نەکرێت و دوور بخرێنەوە. لێرەدا ئەوە ڕوون و ئاشكرایه، بەشداریپێنەکردنی ئەو کەسێتی و گرووپانە، له سایەی دیموكراسیدا، لە ڕوانگەی نوخبەکانەوە، بە چاره‌سه‌رێكی بنەڕەتی و هەڵوێستێکی کارا سەیر دەکرێت. هەڵبەتە مەبەست لەو پەراوێزخستنە کەسێتی و ئەو چین و گرووپانەی نوخبەی ده‌سه‌ڵاتدار نییە، به‌ڵكوو مەبەست لەو کەسێتی و لایەنانەیە لەنێو گەل و جه‌ماوه‌ردا لە ڕووی سیاسییەوە ڕەخنەگر و دژبەری ئەو سیستەمەی دەسەڵاتدارێتین. كه‌واته تەنها ڕێگای گەیشتن بە دیموكراسییەتی ته‌ماشاكه‌ران، ئه‌وه‌ی نوخبه ده‌سه‌ڵاتدارەکان خوازیارین، بریتییە لەوەی نەک تەنها گەل تا ئەوپەڕەکەی له سیاسه‌ت دوور بخرێتەوە و داماڵدرێت، بەڵکوو دووچاری سستی و متبوونی سیاسیش بکرێن.
بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه، پێویستیان بە دابینکردنی ئەو ته‌كنیكانە هەیە کە بۆ ئەو مەبەستە دەگونجێن، به‌تایبه‌تی ئەو ته‌كنیكانەی سستی، دوورخستنەوە و دەستبەرداربوون لە سیاسەت لەنێو جەماوەردا دروست دەکەن، بۆ نموونه «سەرقاڵکردنی جەماوەر بەوەی تەنها گرنگی بە کێشە و باری دارایی خۆیان بۆ دابینكردنی پێداویستییەکانی بژێویی ژیانیان بدەن لەگەڵ ئافراندنی ترس، چاندنی گیانی بەکاربەری و بەرخۆری، سەرقاڵکردن بە هەواڵ و بابەتی پڕوپووچ و هتد» هەروەها بەکارهێنانی ئەو ته‌كنیكانەی بۆ ئاراسته‌كردن و كۆنترۆڵكردنی بیروڕای گشتی و بەرزەفتکردنی ناڕەزایی و توڕه‌ییەکانی جه‌ماوه‌ر بەکار دێن.
ئەم بابەتە بەشێكە لە کتێبی:
(بۆچی مەڕەکان ڕێچکە ناشکێنن؟)
لە چاپکراوەکانی ڕێکخراوی ئازادبوون 2025
[i] ئەم جۆرە کەوانەیە […] ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەند دێڕێکی دیکە یا چەند ڕستەیەک لەنێوانیان هەیە. نووسەر هەر بەو مەبەستە بەکاری هێناوە.
[ii] «جه‌نگی پیلۆپۆنیزی» یه‌كێكه له جه‌نگه به‌ناوبانگه‌كانی مێژوو، له‌نێوان هاوپه‌یمانانی دوورگه‌كانی ده‌ریای ئه‌سینی لە‌نێوان هاوپه‌یمانه «پیلۆپۆنیزه‌كان» به سه‌ركردایه‌تیی «سپارتا» له‌نێوان 404 تا 431 ی پ.ز و به سه‌ركه‌وتنی «سپارتییه‌كان» كۆتایی پێ هات.
[iii] «پێریكلس» (429 تا 490)پ.ز یه‌كێكه له سیاسه‌تمه‌داره ناوداره‌كانی سه‌رده‌می كۆنی یۆنانی، جه‌نگاوه‌رێكی ئازا و له‌نێو خه‌ڵكدا خۆشه‌ویست، زیره‌ک، سه‌رڕاست و ده‌ستپاک بوو، ڕابه‌ری پڕۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی ئه‌سینا بوو و توانی به ڕێگای ده‌نگدان له كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراسیدا سی ساڵ حكوومڕان بێت.
[iv] ئۆلیگارشی Oligarchie)) یا ئۆلیگارکی oligarchy)) وشه‌یه‌كی یۆنانییه مه‌به‌ست له حكوومڕانی كه‌مایه‌تییه‌کی خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانن، سه‌رجه‌م هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له وڵاتێكدا بۆ خۆیان قۆرخ ده‌كه‌ن.
[v] لێرەدا مەبەست ئەوەیە، دەسەڵاتداران بۆ دروستکردنی تەگەرە لە پێش ئەو دیموکراسییەی هەیە، جاڕی ئەوە دەدەن ئاستێکی یەکجار زۆر دیموکراسییەت هەیە و پێویستە کەم بکرێتەوە و سنووردار بکرێت.
[vi] مارتین گیله‌نس Martin Gilens)) و بنیامین په‌یج Benjamin Page)) 2014.
[vii] «سەقامدان، سەقامدراو» وشەیەکی کوردییە لە «سەقام»ەوە سەرچاوە دەگرێت و بە واتای ڕێکخستن و تەکوزییە زۆرجار بەرانبەر بە وشەی «ئۆرگانیزەکردن، ئۆرگانیزەکراو هتد» بەکارم هێناوە، دیارە هەمان واتا بەدەستەوە دەدات.
[viii] واتە لە سایەی ئەو دیموکراسییەدا، گەل تەنها ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارە سیاسی و ئابوورییە گرنگەکان نییە و بەشداریی پێ ناکرێت.
[ix] كۆمیسیۆنی سێ-لایه‌نه (Trilateral Commission) له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا، ژاپۆن و ئه‌وروپا ساڵی1973 پێكهێنراوه به ئامانجی بته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی نێوانیان، كۆمیسیۆنه‌كه له نزیكه‌ی 400 ئه‌ندام پێک هاتووە.
[x] Conference كۆنفرانسێكی نافه‌رمی ساڵانه‌یه له ئوتێلی بیلده‌ربێرگ له هۆڵه‌ندا ده‌به‌سترێت و لە نزیكه‌ی 100تا 150 كه‌سایه‌تیی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار لە بوارە جیاوازەکانی وه‌كوو سه‌ربازی، میدیا، ئابووری، بانک، خوێندنی باڵا، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و سەرمایەداران هتد، پێک هاتووە.
[xi] «Atlantik-Brücke» یا (Atlantic Bridge) له گرووپێكی ناحكوومی پێک هاتووە، ساڵی 1952 به ئامانجی دروستكردنی پردێک له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا دامەزراوە سەبارەت بە بته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی بوارەکانی بازرگانی، سه‌ربازی، دراو و زانستی. ئەو چەمکە لە زمانی ئینگلیزیش زیاتر بە ئەڵمانی بەکار دێت.