نووسین: نەوزاد عومەر
* سەرکێشی لە بەکاربەریدا چیتر تەنها وەک ڕێگەیەک بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە سەرەکییەکان نییە، بەڵکو گۆڕدراوە بۆ ئامرازێک بۆ دروست کردنی ناسنامەی تاک و ئینتیمای کۆمەڵایەتی. تەنانەت ئەوەی کە (تۆ چی بەکاردەهێنیت) دەبێتە ئەوەی کە (تۆ کێیت)، بە شێوەیەک لەئێستادا کاڵاکان دەتوانن گوزارشت لە پێگەی کۆمەڵایەتی، سەلیقە و ئەندێشەی تاک و هەستکردن بە وابەستەیی بۆ گرووپێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکەن.
* سیستەمی نیولیبراڵیزم کاریگەریی لەسەر درووستکردنی حەز و ئارەزوو (Creation of Desires) لە پێکهاتەی تاکی کوردیدا داناوە. بەو پێیەی کاپیتاڵیست تەنها کاڵا بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی ڕیکلام و بازرگانییەکی بەهێزەوە حەز و ئارەزووی خەیاڵی و دەستکردمان بۆ دروست دەکات. ئەمەش وای لە تاکی کورد کردووە کە بەردەوام هەست بە ناڕازیبوون لەوەی کە هەیەتی بکات، هەمیشە ئاواتەخوازی خاوەندارێتی زیاتر بکات.
* کولتووری بەسەرچوونی پلان بۆ داڕێژراوی کاڵاکان، بە ئامانجی دروستکردنی بەکاربەرێکی سەرکێش (Planned Obsolescence)، وا دەکات بەرهەمەکان بە شێوەیەک دیزاین بکرێن دوای ماوەیەکی دیاریکراو کۆن ببن، یان نەگونجێن بۆ بەکارهێنان ( چ لەڕووی تەکنیکییەوە، یان لەڕووی مۆدەوە)، ئەم کولتوورە بازاڕیکی بەرخۆری لە کوردستاندا دروست کردووە کە کڕیار بە شێوەیەکی بەردەوام بەرهەمی نوێ دەکڕێت.
* بازاڕکردن تەنها لە ئەرکێک بۆ کڕینی پێداویستییەکان، بۆ چالاکییەکی کات بەسەربردن و ڕێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری گۆڕاوە. لە کوردستان ناوەندە بازرگانییەکان (مۆڵەکان) لە بری تەنها بازاڕکردن بوونەتە شوێنی کۆبوونەوە و کات بەسەربردن.
* کولتووری گرنگیدان بە بەهای هێمای بازرگانیی کاڵاکان (القيمة التجارية) زیاتر لە بەهای بەکارهێنانی (القيمة الاستعمالية) لە کوردستاندا بە تەواوی زاڵە، بۆ نموونە کڕینی مۆبایلێکی زیرەکیی نوێ لەبەر پێداویستی کەسی کڕیار بە ئاپە زیرەکەکانی ناو مۆبایلەکە نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بە خاوەنەکەی دەدات، دەتوانم بڵێم لە ٩٠٪ ی تاکی کورد زیاتر لە ٩٥٪ ی ئاپی ناو مۆبایلەکانیان، یان نازانێت، یان بەکاری ناهێنێت.
* ئاسانکاری بۆ پرۆسەی قەرز و قەرزوەرگرتن لە ڕێگەی بانکەکانەوە (کارتی کریت، قەرزی بەرکاربەری) کە سیمای ئابووری نیولیبراڵیزمە، بە ڕوونی لە کوردستاندا دەبینرێت، بۆ ئەوەیە بەکاربەرێکی سەرکێش بتوانێت تەنانەت لە کاتی نەبوونی پارەشدا لە ڕێگەی قەرزەوە کە بووە بە شێوازی ژیانی هاوچەرخ (Credit and Debt) بەردەوامی بە ژیانی بەکاربەری خۆی بدات، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزی تاک و دەرئەنجامی خراپی کۆمەڵایەتی و کەسی لێدەکەوێتەوە.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە لەسەر کومەڵگەی کوردی:
١- کاریگەریی لەسەر تاک:
– دڵەڕاوکێ و نائارامی بەدواداچوونی بەردەوام بە دوای کاڵای نوێدا، کە سووڕێکی بێکۆتای حەز، ئارەزوو و تێرکردنی کاتی دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ناڕەزایی و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام.
– هەڵوەشاندنەوەی ئاسایشی ناوخۆیی (السلام الداخلي): کاتێک شوناس لە دەرەوە (لە ڕێگەی کاڵاکانەوە) وەردەگیرێت، نەک لە ناوەوە (لە ڕێگەی بەهاکان، بنەماکان، پێوەندییەکان)، تاکێکی لاواز و فشۆڵ بەرهەم دهێنێت کە بە ئاسانی کاریگەری لەسەر دادەنرێت.
– بارگرانی دارایی: دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانەی بەردەوام بێگومان بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگە پێویستی بە قەرزکردنە، ئەمەش دەبێتە هۆی فشاری دارایی بەرچاو و دڵەڕاوکێی بەردەوام. دەرئەنجام پەرستنی پارە دەبێتە ئایین، هەموو بەهاکان دەبن بە کاڵا و بە یاسای خستنە ڕوو و خواست لە بازاڕدا مامەڵەیان لەگەلدا دەکرێت .
۲– کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە:
– نایەکسانی چینایەتی: دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە بە ئاشکرا جیاوازی چینایەتی پیشان دەدات و زیاتری دەکات، چونکە خاوەندارێتی هەندێک کاڵا دەبێتە نیشانەی ئەوەی کە سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتی باڵاترە، زیادبوون و بەردەوام بوونی ئەم دیاردەیە هەستی ئیرەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کورد زیاتر دەکات و ئینتیمای نیشتمانی کەم دەکات.
– هەڵوەرینی بەهاکان: دابەزینی ئاستی بەهای کۆمەڵایەتیی نەریتی وەک هاودەنگی، خود کەفایی و سادەیی، لە بەرژەوەندی بەهای تاکگەرایی ماددیی و پراگماتیکی دایە وەک کێبڕکێ، ڕووکەشی و سەرکەوتنی دارایی، وا دەکات پارە ببێتە ئامانجی کۆتایی و سەرچاوەی بەدەستهێنانی گرنگی خۆی لەدەست بدات.
– سوودوەرگرتن لە هێزی کار: لە جیهانی پێشکەوتوودا دابینکردنی دارایی بۆ شێوازی دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانەی ژیان، زۆرجار لە وڵاتە هەژارەکاندا هێزی کاری هەرزان لە ژێر بارودۆخی کارکردنی نامرۆڤانەدا دەقۆزرێتەوە.
٣– کاریگەریی لەسەر ژینگە:
– بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان: خێراکردن لە بەرهەمهێنانی کاڵاکاندا دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی زۆر، ئەگەری بەردەوام نەبوونی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک (ئاو، کانزا، وزە)ی هەیە.
– تێکچوونی ژینگە: پیسبوونی هەوا، ئاو و خاک کە دەرئەنجامی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و فڕێدانی پاشماوەوە دروست دەبێت.
– کێشەی پاشماوە: بەرهەمهێنانی زۆر قەبارەیەکی گەورەی پاشماوەی بەجێهێشتووە، لەوانەش پاشماوەی ئەلیکترۆنی و پلاستیکی کە بۆ چەندین سەدە داهاتوو هەسارەکەی پیس کردووە.
– گۆڕانی کەشوھەوا: دەردانی گازی گەرمخانەیی لە خولی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەرخۆریدا، بەشدارییەکی سەرەکی لە دیاردەی گەرمبوونی جیهان (ظاهرة الاحتباس الحراري)دا کردووە.
٤- دەرئەنجام:
ئەگەر چی کۆمەڵگەی بەکاربەریی سەرکێشانە تایبەتمەندییەکی سەرەکی جیهانگیریی سەرمایەداری مۆدێرنە، سیستەمێکە پشت بە بەرهەمهێنانی بەردەوامی پێداویستییەکان دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی دینامیزمی ئابووری. بەڵام دەرئەنجامە دەروونی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی زۆر دوور مەوداون. زۆرێک لە بیرمەندان ئاماژە بە پێویستی گۆڕانکاری بەرەو “بەکارهێنانی هۆشیارانە”(Conscious Consumption) دەکەن، لەسەر بنەمای:
– جیاکردنەوە لە نێوان پێداویستییە ڕاستەقینەکان و حەز و ئارەزووە دەستکردەکان.
– گرنگیدان و تیشکخستنە سەر کوالیتی ژیان، نەک بڕی موڵک و قەبارەی سامان.
– لەبەرچاوگرتنی بەکاربردنی سەرکێشانە وەک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەرامبەر کۆمەڵگە و ژینگە.
– دووبارە دۆزینەوەی سەرچاوەکانی بەختەوەریی ناماددیی وەک (پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، داهێنان، سروشت).
– بەھێزکردنی زانیاری ڕەخنەگرانە لە دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە، پەرەپێدان بە تێگەیشتن لە مەترسیەکانی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، ئابووریی و ژینگەییەکانی.
– پاراستنی بەھا نەریتییەکان: بەھێزکردنی بەھای قناعەت و پێکەوەژیان لە جیاتی تاکگەرایی و بەکاربەریی.
– پشتیوانیکردن لە بەرھەمی ناوخۆیی، ھاندانی پیشەسازییە ناوخۆیییەکان و پیشەسازییە ھونەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاڵای هاوردەکراو.
– ڕێکخستنی ڕیکلام: دانانی یاسا بۆ ڕیکلامە بازرگانییەکان، کە ئامڕازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری بەکاربەریی سەرکێشانە.
– پرۆگرامی ڕاهێنانی بەکاربەر: زیادکردنی ڕێبازی پەروەردەی بەکاربەریی هۆشیارانە لە پلانی پەروەردەییدا.
– پاراستنی مافی بەکاربەر: بەھێزکردنی یاساکانی پاراستنی مافی بەکاربەر لە بازرگانیدا.
– ئابووریی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی: پشتیوانیکردن لە مۆدێلی ئابووریی ھاوکاریی کە تیشک دەخاتە سەر پێدانی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، هەروەها زیاد کردنی ڕۆڵی دەوڵەت لە چاودێریکردنی بازاڕدا. لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم ووتارە وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی ئاشنا بوونی خوێنەری جیددی کوردە بە کتێب و بیروڕاکانی فەیلەسووفی فەرەنسی دەربارەی دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی بەرخۆری کوردی، هەروەها ئاراستەکردنی داوایەکی دۆستانەیە لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە گرنگیدان بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەرەنسی، جایڵێس لیپۆڤێتسکی بۆ زمانی شیرینی کوردی کە گومانی تێدا نییە کە کتێبخانەی کوردی لەم بوارە هاوچەرخانەدا چەند هەژارە.