رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین؛ د.کامەران مەنتک

یەكێكی تر لە كارەساتەكانی مۆدێرنیتە ئەوەیە، كە هەموو تواناكانی هزری خرایە گەڕ بۆ ئەوەی پاساو بۆ رەوایەتی دەسەڵاتی فەرمانڕەواكان بێننەوە، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی تێكشكاندنی تییوری ئاینی، كە فەرمانڕەواكانی بە خوا، یاخود نوێنەری خوا لەسەر زەوی لە قەڵەم دەدا، یەو تیوورە نوێیانەی، كە باسی پەیمانی كۆمەڵایەتی دەكات، واتە دیاریكردنی بنەماكانی پەیوەندییەكانی نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانەكان، هەوڵیاندا سەرچاوەی دەسەڵاتەكانی فەرمانڕەواكان لە خواوە بگوازنەوە بۆ گەل، واتە لەرووی هزری سیاسییەوە مۆدێرنیتە هەوڵیدا پاساو بۆ فەرمانڕەوا نوێكان بێنێتەوە، ئەوانەی، كە بەهۆی پێشكەوتنە پیشەسازییەكانەوە چیتر نەیاندەتوانی بەناوی خواوە فەرمانڕەوایەتی بكەن، هەموو ئەو تیوورانەی باسی گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەكەن ولە هزری سیاسی نوێدا وەك بنەمایەكی نوێ وجیاواز بۆ شیكردنەوەی سیستەمی سیاسی، یاخود بە واتایەكی تر بۆ دیاریكردنی پەیوەندیەكانی نێوان فەرمانڕەوا وبەرفەرمان (حاكم ومحكوم) پێشكەش كراون ولەزانكۆكاندا بە بایەخەوە دەخوێندرێن، لە بنەڕەتدا جگە لە پاساو هێنانەوەیەك بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا وقوربانیكردنی تاك لەپێناو كۆمەڵگاكەیدا زیاتر شتێكی تر نیە، دەكرێت بڵێێن لە پەنای رزگاركردنی دەسەڵاتی سیاسی لەدەسەڵاتێكی ثیۆكراتیەوە، كەبەناوی خواوە، یاخود لەپەنای خواو ئاینەوە حوكمی دەكرد، گواستەوە بۆ شیكردنەوەی دەسەڵات لەسەر بنەمای گرێبەستێكەوە، گرێبەستێكی گریمان كراو، كە وێنایەك بۆ كۆبوونەوەیەكی خەڵك پێشكەش دەكات، كە دەیانەوێت لەژیانی فەوزای سروشتی رزگار ببن وبەئارەزووی خۆیان لەپێناو ژیانێكی كۆمەڵگەیی بە پیشەسازی كراو، دەست بەرداری ژیانە سروشتیەكە دەبن، لەبەرئەوەی وا وێنای ژیانی سروشتی دەكات، كە ژیانێكی پڕ لەفەوزاو ئاژاوەیەوەو ئەو ژیانە دەكەنە قوربانی ژیانی ناو كۆمەڵگا ودەست بەرداری زۆر لە مافەكانیان دەبن لەپێناو ئەو ژیانەدا!.

لەراستیدا ئەو جۆرە شیكردنەوە یۆتۆپیاییانە جگە لە بەكۆیلەكردنی تاك بۆ كۆمەڵگاو هەوڵدان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو بەكۆیلەكردنە زیاتر هیچی تر نیە! چونكە ژیانی سروشتی هەرگیز ئەو دۆزەخە نیە، كە وەسف دەكرێت، بەپێچەوانەوە ژیانی راستەقینەی مرۆڤەكانە، وەك بەشێك لەوانەی باسی گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەكەن راشكاوانە ئاماژەی بۆ دەكەن، لەو قۆناغەدا مرۆڤ وەك  بوونەوەرێك لەنێو هەموو بوونەوەرەكانی تر، كە بۆ ماوەیەك لەپانتاییەكی جوگرافی دیاركراو دەژین و پاشانیش گوزەر دەكەن، تەمەنی خۆی بە رێدەكات، تەنانەت دەكرێت بڵێین ئەو قۆناغە ئەو بەهەشتەیە، كە مرۆڤ خەونی بۆ دەخوازێت وبەهۆی ژیانی كۆمەڵگاییەوە لە دەستیداوە (چیرۆكی ئادەم ودەركرانی لەبەهەشت!). لەو ژیانە سروشتیەدا هەرگیز مرۆڤ لەپێناو سەپاندنی هێزی خۆی، مرۆڤی تری نەدەكوشت و نە بەكۆیلەی دەكرد، وەك ئەوەی لەژیانی ناوكۆمەڵگا روودەدات! تەنانەت شەڕەكانیش لەژیانی سروشتیدا لەپێناو دەستكەوتێك وپێویستیەكی سروشتی دابوو، بەپێچەوانەی ژیانی ناو كۆمەڵگا، كە ملیۆنان مرۆڤ بە كوشندەترین چەكەوە دەخرێنە ناو شەڕێكی بێ بەزەییانەوە لەپێناو هێنانەدی بەرژەوەندیەكانی چین وتاقمێكەوە بەكوشت دەدرێن!.

ئەگەر سەرەتا كۆیلەكردن لەئەنجامی ملكەچ كردن بۆ بەهێزتر بوو بێت، لەقۆناغی نوێدا لەپەنای یاساو ژیانی ناوكۆمەڵگاییدا ئەو هێزە رتووش دەكرێت ودەڕازێنرێتەوە، كەچی لەبنەڕەتدا ئەمە هیچ لەكرۆكی خودی كۆیلایەتیەكە ناگۆڕێت، تەنیا شێوەكەی لەشێوەیەكی ئاشكراو راستەوخۆ، دەكاتە شێوەیەكی شاراوە! بگرە مەترسیدارتریش دەبێت، ئەوەیە دەستكەوتەكانی مۆدێرنیتە، كە دەیەوێت لەپەنای شیكردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا  جۆرە شیكردنەوەیەكی تر، یاخود جۆرە پاساوێكی تر بۆكۆیلایەتی نوێ بێنێتەوە، بەڵام ئەوەی كۆیلایەتی ئەو قۆناغە لەقۆناغەكانی پێش خۆی جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كۆیلایەتی چڕترو ئاڵۆزترو مەترسیدارتر كردەوە، لەسەردەمی نوێدا لەپەنای دەوڵەتی نەتەوەوە چوارچێوەی جوگرافی جولانەوەی كۆیلەكان، كە بەچەمكی نوێ ناوی هاوڵاتیان لێنا بەرتەسكتر دەبێتەوە! لەبەرئەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەراورد بە قۆناغی ئیمپراتۆریاكان، بچووكتر بووەوە، لەو ركە (قەفەسە) نوێیەی، كە ناوی دەنرێت نیشتمان ودەوڵەتی نەتەوەیی، كۆیلەكان لەپێناو هێشتنەوەو پاراستنی كۆیلایەتیەكەیان، بە شانازیەوە ژیانی خۆیان دەكەنە قوربانی ئەو  ركەیەی (قەفەسە)ی ناوی نیشتمانی لێنراوە! ئەگەر پێشتر ئاینەكان رەفتارەكانی كۆیلەكانیان رێكخستبێت، ئەوە لەسەر دەمی نوێدا یاسایەك بەرهەم دەهێنرێت، كەلەپەنای یەكسانی و هاوڵاتی بووندا، هەموو شتێك دەخاتە خزمەت چینی سەرمایەدارو دەسەڵاتدارەوە، بەواتایەكی تر ئەوەی پێی دەگوترێت یاساو تا رادەی پیرۆزبوون پیرۆز دەكرێت، جگە لە ئامڕازێك بۆ ملكەچكردن و زیاتر گوێڕایەڵكردنی كۆیلەكان زیاتر نیە! .

دەتوانین بڵێین، مۆدێرنیتە چەندەی ئامڕازی نوێی داهێنا، هێندەش زیاتر بواری كۆیلایەتی وبەكۆیلەكردنی فراوانتر كرد، مرۆڤی لەبوونەوەرێكی سروشتیەوە گۆڕی بۆ رۆبۆتێك، كە وەك ژمارە مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێك و تەنانەت خودی خۆشیدا بكات! نەك بەیەكجاری لەسروشت دابڕێت، بگرە كاتی ئەوەی نەمێنێت چێژ لەجوانیەكانی سروشتیش وەربگرێت. راستە كاركردن زۆر گرنگە لەپێناو پێشكەوتن، هەرگەلێك كار نەكات ناتوانێت پێشبكەوێت، بەڵام بەر لەوەی بیر لەكار كردن بكەینەوە، كە مرۆڤەكان وەك كۆیلەیەك هەموو خەون وژیانی خۆیانی بۆ تەرخان بكەن، پێویستە لەپێشكەوتن تێبگەین وسەرلەنوێ پێناسەی پێشكەوتن لەسەردەمی مۆدێرنیتە بكەینەوە، ئایا پێشكەوتن تەنیا ئەوەیە تۆ بتوانیت هەموو تەمەنی خۆت بەفیڕۆ بدەیت بۆ ئەوەی  تەنیا ماڵێك دروست بكەیت تیادیا بحەوێیتەوە، ئایا ئەوە پێشكەوتنە هەموو تەمەنی گەنجی وتواناكانی چێژ وەرگرتن لەژیان بەكاربێنێت بۆئەوەی چەند ساڵێك بەئاسوودەیی تیایدا بژیت، كەهەموو ئەو توانایانەت لەدەست داوە و دڵنیاش نەبی بتوانیت ئەو ئاواتەت بێنێتە دی!

 مرۆڤ هەموو تەمەنی خۆی بۆ داهێنانێك تەرخان دەكات، كە لەدوا جاردا ئەو داهێنانە هەرچەندە گەورەو سوودمەندیش بێت، بخرێتە ناو بازاڕی پڕ ساختەكاری سەرمایەداری وبەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی چین وتوێژێكی دیاركراوەوە بەكاربهێنرێت! تا ئێستا زۆربەی ئەو بەرهەمە مرۆییانەی بەداهێنان سەیر دەكرێت، پڕۆسەیەكی وردە لە تێكدانی ژیانی سروشتی مرۆڤەكان، هەندێكجار لەپێویستیەكانی مرۆڤیش رەتدەكات ودەیخاتە چوارچێوەی وەهمەكانی ئایندەو بەشتی لاوەكیەوە خەریكی دەكات، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا  داهێنانەكانی مرۆڤ چەندەی لە خزمەتی خودی مرۆڤ خۆی بەكارهاتووە، ئەگەر نەڵێین چەند هێندە زیاتر، بەلایەنی كەم دەتوانین بڵێین هێندە زیاتر لە خزمەتی وێرانكردن وتێكدانی سروشت وژیانی مرۆڤەكان بەكارهاتووە، ئەگەر سەیری ئەو چەكە وێرانكەرانە بكەین، كە مانەوەی مرۆڤ وتەنانەت گۆی زەویشی خستۆتە مەترسیەوە، هەرگیز بەراورد ناكرێت بەدۆزینەوەی چەند داهێنانێك لەبواری پزیشكی وداو ودەرمان وئاسانكردنی ژیانی مرۆڤەكان!.

تەنانەت ئەو چارەسەریانەی داشدەهێنرێن، بەشێوەیەك لەشێوەیەكان خۆشیان دەبنە بنەمایەك بۆ گوراندن وسەرهەڵدانی نەخۆشی تر، كە دەرهاویشتەی ئەو پێشكەوتن وبەكارهێنانی بەرهەمی ئەو پێشكەوتنەیە. پێكشەوتنی راستەقینەی مرۆڤەكان لەوەدایە چۆن بتوانێت لە تەمەنێكی كورتدا باشترین سوود وەربگرێت و خزمەتی خۆی ودەوروبەرەكەی بكات، كاتێك ئێمە پێشكەوتنێكی سەربازی، دوای ئەوەی قۆناغی بەسەر دەچێت ودەخرێتە خزمەت خەڵكی ئاساییەوە وەك پێشكەوتن دەبینین، ئەمە لە بنەڕەتدا گەڕانە دواوەیەكی گەورەیە، بۆ نمونە ئەوەی ناوی دەنێین شۆڕشی گەیاندن، كە ئەنتەرنێتی خستۆتە بەردەستی مرۆڤەكان لەزۆر لایەنەوە سوودی لێوەردەگرێت، ئەگەر لێی وردبینەوە دەبینین شان بەشانی ئەو سوودانە مەترسیەكانی سەر تەندروستی مرۆڤ و شەڕی بۆشایی ئاسمانی زێتر كردووە توانایەكی گەورەی وێرانكاری خستۆتە بەردەستی مرۆڤ، ئێستا ئەگەر سەیری بەشێكی كەمی ململانێی زلهێزەكان بكەین، دەبینیت ركابەریەكان گواستراونەتەوە بۆشایی ئاسمان وسەرگەرمی ئەوەن چۆن لە ئاسمانەوە زەوی خاپوور بكەن! ئەم فراوانخوازیە لەگۆڕەپانی شەڕ دەرئەنجامی ئەو شۆڕشەیە، كە پێی دەگوترێت شۆڕشی گەیاندن، ئەمە جگە لەوەی وەك ئامڕازێك بەكاردەهێنرێت بۆ لەقالبدانی بیركردنەوەی مرۆڤ ونەك بەتەنیا ئاوەزی، بەڵكو چێژو مگێزو زەمەنەكەشی دەگۆڕێت، ئێستا لەرێگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئەو بیرۆكانەی دەیانەوێت بڵاوی بكەنەوە، دەیگەیەننە كونج وكەلەبەری هەموو ماڵێك، ئەمە جگە لەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەموو خێزانێكی خستۆتە مەترسیەوە، ئەو بەهایانەش تێكدەشكینێت، كە مرۆڤەكان بەیەكەوە دەبەستیتەوەو بانگەشە بۆ ئەو بەهایانەش دەكات، كە مرۆڤ دەكاتە كەرەستەیەكی بێبەها لە بازاڕی سەرمایەداریدا!.

هاوشێوە