نووسین: نەوزاد عومەر
جایڵێس لیپۆڤێتسکی (Gilles Lipovetsky) فەیلەسوف و زانای کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەڕەنسییە، لە ساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە. بە یەکێک لە بیرمەندە دیارەکان دادەنرێت، کە شیکردنەوەیان بۆ کۆمەڵگەکانی پۆستمۆدێرن و بەتایبەت دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە، تاکگەرایی هاوچەرخ و کولتووری مۆدێرن کردووە. مامۆستایە لە زانکۆی گرێنۆبڵ لە فەرەنسا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانییە بۆ پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی فەرەنسا. بەوەوە ناسراوە کە لە شیکردنەوەکانیدا پابەند بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری دیاریکراو نییە، بەڵکو سوودی لە فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مێژوو و ئابووری بۆ تێگەیشتنی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ وەرگرتووە. بە زاراوەی کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرن ناوبانگی دەرکردووە و خۆێندنەوەیەکی قووڵی بۆ تایبەتمەندییەکانی وەک سەرزارەکی، گرنگیدان بە خۆشی و چێژ، پاشەکشەی پێوەندییە مرۆڤایەتیەکان پێشکەشکردووە، سەرەڕای ئەوەش بە چاوێکی ڕەشبینییەوە سەیری ئەم گۆڕانکارییانە ناکات، بەڵکو هەوڵدەدات لە ناودژی، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان تێبگات. لیپۆڤێتسکی بە چەندین بەرهەمی بنەڕەتی ناسراوە کە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییان لە تێگەیشتن سەبارەت بە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان درووستکردووە. گرنگترین بەرهەم و بیرۆکە ناوەندییەکانی بریتیین لە:
١. سەردەمی بۆشایی… لەسەر تاکگەرایی هاوچەرخ و گۆڕانکارییەکانی پۆستمۆدێرنیتە (عصر الفراغ… حول الفردانية المعاصرة في ما بعد الحداثة) ساڵی١٩٨٣.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم کتێبە: باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان چیتر لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیا گەورانەی (وەک سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزم، ئایین) کە ڕۆژێک مانایان بە ژیان بەخشی بوو دانامەزرێن. بەڵکو کۆمەڵگەی مۆدێرن چووەتە ناو سەردەمی کات بەسەربردنەوە. کە تاکگەرایی، مەسرەفگەرایی و بەدواداچوون بۆ چێژی کەسی تێیدا زاڵبووە. ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگە ڕووخاوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ مۆدێلێکی نوێ ئەگەرچی تێیدا دیموکراسی و ئازادیی تاکەکەسی زیاترە، بەڵام بە سەرزارەکی و فشۆڵی تایبەتمەندە. بەناوبانگترین کتێبی جایڵێس لیپۆڤێتسکی دادەنرێت، لە شیکردنەوەی کۆمەڵگەکانی پۆستمۆدێرندا بە بەرهەمێکی ناوازە هەژمار دەکرێت.
٢. ئیمپراتۆریەتی مۆدە… ڕۆڵی مۆدە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا ( إمبراطورية الموضة.. دور الموضة في المجتمعات الحديثة) ساڵی ١٩٨٧.
تەوەری سەرەکی ئەم کتێبە شیکاری بۆ ڕۆڵی فاشن لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا دەکات، کە چۆن مۆدە بووەتە پارادایمێکی بنەڕەتی، نەک تەنها جلوبەرگ بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەک: هونەر، سیاسەت، سێکس، بەڕێوەبردن و تەنانەت بیروباوەڕەکانیش کۆنتڕۆڵ دەکات. مۆدە ئامێرێکە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا خوازراوەکان و بەکاربردنیان و گۆڕینی بە خێرایی ئارەزووەکان و جێگۆڕکاری کردنیان، ڕەنگدانەوەی سروشتی گۆڕانکارییەکی خێرا و کاتی کۆمەڵگەی بەکاربەرە.
٣. ژنایەتی سێیەم: کۆتایی ژنی نەریتی و لەدایکبوونی ژنی مۆدێرن (الأنوثة الثالثة: نهاية المرأة التقليدية و ولادة المرأة الحديثة) ساڵی ١٩٩٧.
بیرۆکەی سەرەکی لەم کتێبەدا بریتییە: لە بەدواداچوون بۆ وێنە و ڕۆڵی ژن بە درێژایی مێژوو، کە دەڵێت ئێمە لە قۆناغی ژنایەتی سێیەمدا دەژین:
قۆناغی یەکەم: ژنی نەریتییە، کە ڕۆڵی لە ماڵ و خێزاندا قەتیس کرابوو.
قۆناغی دووەم: قۆناغی ئازادی ژنان و خەبات لە پێناو یەکسانی لە مافەکانیدا لەگەڵ پیاودایە.
قۆناغی سێیەم (ئێستا): یان قۆناغی پۆستفێمینیزم، کە تێیدا ژن ئازادییەکی بێوێنەیان بۆ داڕشتنی ناسنامەی خۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی فشاری نوێ بۆ سەرکەوتن لە هەموو بوارەکان (کار، دایکایەتی، جوانی، ژیانی کۆمەڵایەتی) دا بوونەتەوە، ئەمەش گرژی و تەنگژەی نوێی بۆ دروست کردوون.
٤. بەختەوەریی ناودژ.. وتارێک سەبارەت بە کۆمەڵگەی بەکاربەریی سەرکێشانە ( السعادة المتناقضة.. مقال عن مجتمع الاستهلاك المفرط) ساڵی ٢٠٠٦.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم کتێبە باس: لە پارادۆکسی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان دەکات، کە سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنیکی گەورە، بوونی کاڵای زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان، بەڵام هەستی نارەزایەتی و دڵەڕاوکێ لەگەشەکردندایە. جایڵێس پشکنین بۆ ئەوە دەکات کە چۆن کۆمەڵگەی دەوڵەمەند، چاوەڕوانیی بێسنوور، فۆڕمی نوێی فشاری دەروونی و نارەزایی درووستکردووە، ئەمەش بەرگێکی پارادۆکس و ناودژ دەکاتە بەر بەختەوەری کە بەدەستهێنانی ڕاستەقینەی ئەستەم دەبێت.
٥. مۆدێرنیتەی دووەم… بازدانێکی نوێی تاکگەرایی (لحداثة الثانية… وثبة جديدة للفردانية) ساڵی ٢٠١١.
لێرەدا بیرۆکەی سەرەکی، ئەوە پێشنیار دەکات کە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێ کە قۆناغی پۆستمۆدێرنیتەیە، کە لە کتێبی سەردەمی بۆشاییدا پێناسەی کردووە، ئەویش بریتییە (مۆدێرنیتەی دووەم)، یان پۆستمۆدێرنیتە. لەم قۆناغەدا ئیتر تاکگەرایی تەنها بەدواداچوون بۆ چێژ وەرگرتن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە، کە تاک پێویستە چالاک، بەرپرسیار، بەرهەمدار و خەمخۆری پرسە جیهانییەکانی وەک (ژینگە و مافەکانی مرۆڤ) بێت.
٦. جوانییەکی بکوژ.. لەسەر مێژووی جوانی ژن (الجمال القاتل.. عن تاريخ جمال المرأة) ساڵی ٢٠١٣. کە بە هاوبەشی لەگەڵ تویژەر ئۆرێلیا گۆڵدییێ نووسراوە.
بیرۆکەی سەرەکی لەم کتێبەدا: لێکۆڵێنەوە لەو فشار و مەترسییە زەبەلاحانە دەکات کە ژنان لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا لە بەدواداچوون بۆ ئایدیالی جوانیدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە. شیکاری دەکات کە چۆن پرۆسەی جوانکردن لە تەنها ڕازاندنەوە بۆ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی ناچاری، هەندێکجاریش بۆ کردەوەی ئەشکەنجەدانی خۆبەخشانە (لە ڕێگەی نەشتەرگەری و ڕێجیمێکی توندەوە) لە ژێر باڵادەستی ستانداردە جیهانییەکانی جوانکاریدا ماناکانی گۆڕاوە.
دەتوانین پوختەی بیروکەکانی جایڵێس لیپۆڤێتسکی لم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە:
* سەرنجدان لەسەر تاک: نیگەرانییەکانی تاک و بەدواداچوون بۆ بەختەوەری تاک، کە هێزی بزووێنەری کۆمەڵگە مۆدێرنەکانە.
* کۆمەڵگەی بەکاربەر: نەک تەنها چەمکێکی ئابوورییە، بەڵکو چەمکێکی کولتوورییە کە بەها نوێیەکان وەک تایبەتمەندی، چێژ و نوێبوونەوەی بەردەوام دیاری دەکات.
* ناودژیی: کۆمەڵگە مۆدێرنەکان پڕن لە ناودژیی، وەک ئازادییەکی زیاتر بەڵام دڵەڕاوکێیەکی زیاتر، ڕەفاهیەتی زۆر بەڵام خۆشبەختییەکی ناتەواو و تێکشکاو.
* ڕوانگەیەکی هاوسەنگ: لیپۆڤێتسکی نە گەشبینێکی کوێرە و نە ڕەشبینێکی تاریکە، بەڵکو هەوڵدەدات بە لۆژیک لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورانە تێبگات.
بە کورتی…. جایڵێس لیپۆڤێتسکی فەیلەسوفی سەردەمی بەکاربەری و تاکگەرایی هاوچەرخە، هەروەها ئامڕازی شیکاریی پێویستی بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ژیانی مۆدێرمان دابین کردووە. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە سیمای کۆمەڵگە هاوچەرخەکانە بە تایبەتی کاپیتاڵیستەکان، بەڵام کۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەکانیش (المجتمعات النامية) لەڕێگەی جیهانگیریی، ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە ڕووبەڕووی ململانێیەکی گەورە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کولتووری دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە (hyperconsommation)دا بوونەتەوە. بێگومان کۆمەڵگەی کوردیش لە کاریگەریی ئەو دیاردەیە کە ئاڵۆز و فرەڕەهەندە بەدەر نییە، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی تاکی کورد، هەر لە شێوازی زێدەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە، تا شێوازی تەلار و خانووبەرە، بەکارهێنانی ئۆتۆمبیل، کڕینی جل وبەرگ، نەشتەرگەری جوانکاری بەتایبەت لای خانمان، کڕینی ئامێرە تەکنەلۆژییەکانی وەک مۆبایل …هتد. ئەم کولتوورە بەشێوەیەک لە ئێستادا بەسەر هزرماندا زاڵ بووە کە تاکەکەکان نەک هەر لە خەم و هەڵپەی مسۆگەرکردنی بەرخۆریی ئێستا دان. بەڵکو هەڵپەی مسۆگەرکردنی ئایندەی بەکاربەری نەک هەر بۆ خودی خۆیان بەڵکو بۆ نەوەکانیشیان دەکەن، بەوەندەش کۆتایی نایەت تەنانەت شین بۆ ئەو ڕۆژانەی دەگێڕێن کە لە ڕابردوودا نەیتوانیوە بەکاربەرێکی سەرکێش بن. دەرئەنجام ئەم کولتوورە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئاستی تاک، کۆمەڵ و ژینگە بەجێهێشتووە.