رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

كۆیــــلایــەتـــی هــــەرچەنـــــدە بەهـــێز بووبێت خۆی دەخواتەوەو لەكار دەوەستێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین؛ د.کامەران مەنتک

ئەمە خاڵێكی گرنگمان بۆ روون دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە، كە كۆیلایەتی هەرچەندە بەهێز بووبێت ورەگی داكوتابێت، لە چركەیەك لە چركەكان، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت خۆی دەخواتەوەو لەكار دەوەستێت، ئەو وەستانەش هەمیشە دەكەوێتە ئەو مەودایەی، كە لەناوەڕاستی قۆناغی گواستنەوەدایە، واتە لەو قۆناغەی، كە خاوەن كۆیەكان دووچاری شكست دەبن وئازادیخوازەكانیش زەنگی سەركەوتن لێدەدەن، لەنێوانی ئەو شكست وسەركەوتنەدا مەودایەك، پانتاییەك هەیە، كە لەخاڵێكدا دەست پێدەكات وبۆ ماوەیەك بەردەوام دەبێت، ماوەی بەردەوامبوونەكەشی تا ئەو كاتە دەبێت، كە ئازادیخوزاەكان، یاخود ئەو دەستەبژێرانەی دژی كۆیلایەتی وەستاونەتەوەو شەڕیان بۆ قۆناغێكی بێ كۆیلایەتی كردووە، لە رێگەی خۆیان لادەدەن ولە ئامانجەكانیان پەژیوان دەبنەوە، دیارە هۆكاری سەرەكی ئەو پەژیوانبوونەوەش، لەلایەك بۆ سەرنەكەوتن لە پراكتیزەكردنی پڕەنسیپەكانیان ولەلایەكی تر بۆ فریوخواردن ولەرێلادانیان دەگەڕێتەوە، چونكە واقعی دەسەڵاتدارێتی لەنێوان تیوورو جێبەجێكردندا جیاوازییەكی زۆری هەیە، ئەوەی لەقۆناغی سەرەتایی خەباتەكەیان دژی كۆیلایەتی دەیڵێن و ئەو دروشم و ئامانجانەی بەرزیدەكەنەوە، زۆر ئاسانترە لەوەی جێبەجێی بكەن، تەنانەت بەشێكی زۆری دروشمەكان توانای جێبەجێكردنیان نابێت، هاوكات لەكاتی جێبەجێكردنیاندا، سروشتی ئەو كەسانەی دەسەڵات دەگرنە دەست، دەگۆڕێت و ئەو سروشتە نامێنێت، كە بەر لە گرتنەدەستی دەسەڵاتدا دەیانبێت، لەبەرئەوەی پێشتر لە روانگەی تیووری و دواتریش  بەكردەیی دەسەڵاتەكەیان دەكەوێتە بن دەست، كە ئەمە لەلایەك وەك باسكرا جیاوازییەكی زۆر لەنێوان تیۆرو پراكتیزەكردندا هەیە، لەلایەكی، تر لە قۆناغی دووەمدا دەكەونە ژێر كاریگەری ئەفسوون وچێژەكانی دەسەڵات پیادەكردن و خۆیان بەشێوەیەك دەبینن، كە هەموو شتێكیان لەبەردەستدایەو وا دەزانن ئەو شتانەش، واتە ئەو سەرچاوانەی هێزو دەسەڵاتەی دەكەوێتە ژێر دەستیان تا سەر لەژێر دەستیان دەمێنێتەوە، دیارە ئەمەش ئەو وەهمەیە، كە هەموو دەسەڵاتدارێك تێی دەكەوێت و تەنانەت ئەو كاتەش هەستی پێناكات، كە تووڕەیی خەڵك دەگاتە سەر سەری و رەوانەی نێو لاپەڕەكانی مێژووی دەكەن!.

دەبێت ئەوە بزانین، زۆربەی هەرە زۆری ئەو دروشم و پرەنسیپانەی بەرز دەكرینەوەو بەر لە گەیشتن بە دەسەڵات لافیان پێوە لێدەدرێت ، هەر قسەی رووتن و یاخود توانای بوونە كردارییان نییە، یاخود هەر لە بنەڕەتەوە وەك ئامڕازێك بۆ فریودانی رای گشتیی بەكاردەهێنرێن، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسانەی دروشمەكان بەرزدەكەنەوە گیانی خۆشیانی لەسەر دابنێن، چونكە لەلایەك هەمیشە ئەوانەی لەو قۆناغەدا دەبنە قوربانی كۆیلەكانن و ئەوان لە پەنای ئازادیەكانیاندا شەڕ بۆ قۆناغێكی نوێی كۆیلایەتی دەكەن و وەك لە بەشەكانی پێشووتردا باسكرا، خاوەن كۆیلەكان هەرگیز خۆیان ناچنە گۆڕەپانی شەڕەكانەوە، لەلایەكی تر ئەگەر ئەو قوربانیدانەی دواتر هاوڕێكانی، ئەوانەی دواتر دەگەنە دەسەڵات و وێنەیان بەرز دەكەنەوەو پەیكەریان بۆ دروست دەكەن، یا بە هەڵە دەبنە قوربانی، یاخود دەبنە قوربانی خاوەن كۆیلەكان و لە دواوە لێیان دەدرێت و گۆڕەپانەكەیان لێپاكدەكرێتەوە! بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك بەر لە قۆناغی گەیشتن بە دەسەڵات باوەڕ بە دروشم و پڕەنسیپەكانی هیچ هێزێك بكرێت، لەبەرئەوەی تەنیا لە دەسەڵاتدارێتیدا ئەو راستگۆییە بەدیاردەكەوێت، دیارە نمونەس مێژوویش ئێجگار زۆرەو تەنانەت زۆرجار چەتەو رێگرو دزو وڵاتفرۆشەكانیش دروشمی نیشتمانی بەرزدەكەنەوەو دواتریش، كە دەسەڵات دەگرنە دەست وڵاتەكەیان بەشێوەیەك وێران دەكەن، كە هیچ دوژمنێك بوێری ئەوەی نەبووە ئاوا ئەتكی بكات!.

بۆیە بەشێكی زۆر لەوانەی دروشمی بریقەدارو پڕەنسیپی مرۆڤانەو دادپەوەری و برایەتی و …. هتد بەرزدەكەنەوە، هەر لەبنەڕەتەوە راستگۆ نین و ئەو دروشمانە لەپێناو گرتنە دەسەڵات وبەدیهێنانی ئامانجە تایبەتییەكانی خۆیان بەكاردەهێنن، یاخود راستگۆ بووینە، بەڵام لەئاستی ئەو ئەركە نوێیەدا نەبووینەو كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییەكانی دەسەڵات، كە بەر لەهەموو شتێك بە كۆمەڵێك لە كۆیلەكانی دوێنی، واتە كۆیلەكانی سەردەمی پێشووتر دەورە دەدرێن، كە ئەوانە بەكردەوە چێژی پیادەكردنی دەسەڵات وملپێكەچكردنی كەسانی دیكەیان دەخەنە بەردەست، ئەمە جگە لەوەی لەسەردەمی نوێدا، بەهۆی جەنجاڵی وئاڵۆزبوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ودابەشبونی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان، بەشێكی زۆر لەو دەستەبژێرە بەناو شۆڕشگێڕانە، لەلایەن هێزی دەرەكییەوە دروستدەكرێن و هەر لەسەرەتاوە خاوەنی خۆیان نەبووینەو بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندی كەسانی تر بەكارهێنراون، كاتێك جڵەوی دەسەڵاتیش دەگرنە دەست، ئیرادەی ئەوەیان نابێت ئەو پڕەنسیپانە بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە سەرەتا بەڵێنیان پێ بە خەڵك داوە، بۆیە بە ماوەیەكی كەمتر لەوەی هەیە، رووی راستەقینەیان دەردەكەوێت و ئەو هێڵەی ئاماژەمان پێكرد، كە لەنێوان كۆیلایەتی وئازادیدا هەیە، وردە وردە بەرەو كۆتا دەچێت وسەرەتاكانی قۆناغێكی تر لە كۆیلایەتی دەست پێدەكات ولەگەڵ  ئەویشدا گەڕێكی تر لە خەبات دژی كۆیلایەتی دەست پێدەكاتەوە!.

لەو خاڵەدا دەگەینە ئەو سەرئەنجامەی، كە فەرمانڕەواكان لەسەردەمی نوێدا زۆر جیاوانترن لە فەرمانڕەواكانی كۆن، كە لەسەر بنەمای یەكێك لە تایبەتمەدنییەكانی خۆیان دەگەیشتنە دەسەڵات، وەك ژیری، یاخود ئازایەتی یاخود هەردووكیان بەیەكەوە، كەچی لەسەردەمی نوێدا بەهۆی ئاڵۆزبوونی ململانێكان و دابەشبوونی جیهان بەسەر چەند جەمسەرێكەوە، چۆن سنوورەكان بەگوێرەی بەرژەوەندی ئەو جەمسەرانە دابەش دەكرێن، بەهەمان شێوە كەسایەتی فەرمانڕەواكانیش، واتە خاوەن كۆیلەكانیش لەسەر هەمان بنەما دادەنرێن، واتە خاوەن كۆیلە نوێیەكان هەرگیز لەسەر بنەمای ئازایەتی و ژیری و … هتد دانانرێن، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەتوانین بڵێین لەسەر بنەمای بوودەڵەیی و ناتوانایی و ئامادەبوونییانە بۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەو بڕیارانەی، كە لەلایەن ئەو زلهێزانەوە بۆیان دەردەچێت، ئەگەر ئەو بڕیارانە دژی بەرژەوەندی گەلەكەی خۆشیان بێت، رەنگ بێت یەكێك لە نمونە باشەكانیش بۆ شیكردنەوەی ئەم بۆچوونە، بنەماڵەی ئالسعودی شانشینی سعودییە بێت، كە لە ساڵی 1945 ەوە لەگەڵ ئەمریكییەكان رێككەوتن، هەموو بەرژەوەندییەكانی ئەوان مسۆگەر بكەن، بەرامبەر ئەمەش ئەمریكییەكان ئەو بنەماڵەیە لە مەترسییە دەرەكی و ناوەخۆییەكان بپارێزن، واتە لەو هاوكێشەیەدا گەلی سعودیش هاوشانی هەڕەشە دەرەكییەكان هەژمار كران!. ئەمە پێمان دەڵێت شیكردنەوەی كۆیلایەتی و پەیوەندی نێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلەكان لەسەردەمی نوێدا دەبێت لە روانگەیەكی زۆر فراوانترەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەرئەوەی خاوەن كۆیلە نوێیەكانیش  خۆیان جۆرێكی ترن لە كۆیلەو زۆر خراپتریش بەكاردەهێنرێن، هەركاتێكیش كارییان پێیان نەمێنێت، دەیانخەنەوە بەردەست كۆیلەكان، واتە بەردەست گەلەكانی خۆیان بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێبكەنەوە، زۆر لەو فەرمانرەوایانەی لەم دواییەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداو فوویان تێكراو بەرزكرانەوە، لە كۆتایدا بە هەمان چارەنووس رۆیشتن، وەك سەدام حوسێن و موعەمەر قەزافی و سەرۆكی تونس و … هتد، كە چۆن یا خۆیان خستیانە بەردەستی گەلەكانی خۆیان، یا خەڵكیان لێهاندان و شاربەدەرییان كردن یاخود لە ناویان بردن.

لەم جۆرە كۆیلایەتییەدا دیالێكتیكی نێوان ئازادییەكان و كۆیلایەتی گۆڕانكاری بەسەر دادێت، كە پێشتر وەك روونكرایەوە دەبوایە لە چوارچێوەی ئازادییەكاندا بۆ كۆیلایەتی و لە چوارچێوەی كۆیلایەتیشدا بۆ ئازادییەكان بگەڕابووینایە، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی دوو جۆر لە كۆیلایەتی دەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلەكاندا (فەرمانڕەواو بەرفەرمان) بكۆڵینەوە، چونكە ئەو هێڵەی لەنێوان كۆیلایەتی وئازادیدا هەیە، رێك وەك ئەو هێڵە وایە، كە دەكەوێتە چوارچێوەی ئازادی هەڵبژاردنەوە، دیارە ئازادی هەڵبژاردن ئەو هێڵەیە دەكەوێتە نێوان بیركردنەوەو جێبەجێكردنی بیركردنەوە و گۆڕینی بۆ كردار، لەگەڵ ئەنجامدانی كردارەكە، ئازادی هەڵبژاردن بە كۆتا دێت، لەبەرئەوەی ئەو كارە جێبەجێدكرێت، كە دەرئەنجامی هەڵبژاردن بووە، بەشێوەیەكی روونتر مرۆڤ تەنیا لەو كاتەدا هەڵبژاردن لەنێوان كۆمەڵێك بژاردەدا بكات، كە هێشتا هیچ یەكێك لەو بژاردانەی نەكردۆتە كردار، هەركاتێك بژاردەیەكی هەڵبژاردو كردی بەكردار، ئیتر پڕۆسەی ئازادی هەڵبژاردن بە كۆتا دێت وتەواو دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو هێڵەی لە نێوان ئازادی وكۆیلایەتیدا هەیە، كاتێك دەگاتە ئازادی، یاخود كۆیلایەتی، زەمەنێك، یاخود قۆناغێكی مێژوویی بە كۆتا دێت، یاخود دەكرێت بڵێین سەرەتای بە كۆتاهاتنی قۆناغێك دەست پێدەكات، ئەمەش ئەو دیالێكتیكەیە، كە رەوتی مێژووی لەسەر بەندە، تەمەنی ئەو قۆناغەش دەوەستێتە سەر شێوازی ئەو كاركردنەی، كە بۆ شەڕی كۆیلایەتی بەكارهاتووە، بۆ نمونە ئەگەر ئەو بزووتنەوەی، دروشمی شەڕی كۆیلایەتی بەرزدەكاتەوە، كۆمەڵێك دامودەزگای كارامە بۆ رایكردنی كارەكانی دابمەزرێنێت، ئەوە ئەو قۆناغەی تەمەنی ئازادییەكانی تیادا دەمێنێتەوە درێژتر دەبێت، لەبەرئەوەی هەموو پەژیوان بوونەوەیەك لەو پڕەنسیپەی بەرزیكردۆتەوە، پێویستی بە كۆمەڵێك رێكاری دامودەزگایی دەبێت، كە ئەمە ئەركێكی ئاسان نییە، بە تایبەتی لە قۆناغەكانی سەرەتاییدا، چونكە كاریگەری دروشمەكان بەو ئاسانییە ناسڕێتەوە و كۆمەڵگە بۆ ماوەیەكی زۆر مەست دەكات ودەكەوێتە ژێر كاریگەرییەكانی، بەڵام لەكۆتایدا ئەو دامودەزگایانەش یا لەڕێڕەوی خۆیان لادەدەن چەندین گزی یاسایی بەكاردەهێنن، بۆ بازدان بەسەر پڕەنسیپەكان، یاخود لەشوێنی ئەوان دەزگای تر دادەمەزرێت، كە بە تەواوی رەنگدانەوەی بەرژەوەندییەكانی چینی دەسەڵاتدار بێت، لێرەدا ناكرێت ئەو خاڵە فەرامۆش بكەین، كە لەقۆناغەكانی گەشەسەندنی سەرمایەداریدا، كە دواتر بەدرێژی باسی دەكەین، دامودەزگای تایبەت ورێكخراو بە پڕۆسەی بەكۆیلەكردن لەژێر چەندین ناوی جیاوازدا دادەمەزرێت و رۆڵی ئازادی هەبژاردن بەرادەیەكی زۆر بێبایەخ دەبێت و فەرامۆش دەكرێت، كە لەقۆناغەكانی پێشووتردا ئەو رۆڵە زەق و زیاتر بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نابێت ئەوە فەرامۆش بكەین، كە مەسەلەی ململانێ لەنێوان كۆیلایەتی وئازادی، مەسەلەیەكە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیە، تاوەكو مرۆڤ لەسەر ئەو گۆی زەمینەدا ژیان بكات، ئەو ململانێیە درێژە دەكێشێت، تەنیا شێوازەكەی گۆڕانكاری بەسەر دادێت، بەڵام لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە ئەگەر سەرنج لە كۆی مێژووی مرۆڤایەتی بدەین، دەبینین لەگەڵ فراوانبوونی چوارچێوەی ئازادییەكان، چوارچێوەی كۆیلایەتی بۆ ژمارەیەكی زۆرتر لە خەڵك فراوانترو گەورەتر دەبێت، كەمینەیەك چێژ لە ئازادییەكان وەردەگرن ولەژیانی خۆیان سوودی لێوەردەگرن، بەڵام زۆرینەیەكی رەها، كە ژمارەكەیان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، یا لەژێر سایەی خەونی ئازادییەكاندا دەژین ولە راستەقینەشدا وەك كۆیلەیەكی نوێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، كە هێشتا پێناسەیەكی ورد بۆ ئەو كۆیلایەتییە نوێیە نەدۆزراوەتەوەو بەوردی شرۆڤە نەكراوە، یاخود بەهۆی ئەو ژیانە سەختەی بۆی دروست كراوە، دەبێتە ئامڕازێكی بەرهەمهێنانی نوێ وتەنانەت نەتوانای بیركردنەوەی لە ژیانی خۆی دەمێنێت، نەحەزیش دەكات بیر بكاتەوە، بە چوارچێوەی ژیانی خۆی رازی دەبێت و گرنگ بنمیچێك هەبێت لەژێریدا بخەوێت و لوقمە نانێك هەبێت بیخوات، كە ئەمە لەسەردەمی شۆڕشی گەیاندندا، سەختتر دەبێت، زۆرینەی مرۆڤەكان نەك توانای بیركردنەوەیان نامێنێت، بگرە لەرێگەی میدیاو دەزگاكانی بڵاوكردنەوەو پەخشكردن وئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە، مەودای بیركردنەوەشیان ئاڕاستە دەكرێت.

هاوشێوە