رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

دیالیکتیکى ویست و ئاوه‌ز

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین؛ کامەران مەنتک

ئەگەر بە وردى لەم بابەتە بکۆلێنەوە، دەبینین مرۆڤ بەر لەوەى فێرى بیرکردنەوە بێت، ویستى هەبووە.  لەبەر ئەوەى ویست بزوێنەرێکى سەرەکى کردەوەو رەفتارەکانى مرۆڤە، بەڵام ئێمە کاتێک باس لە ویستێکى ئازاد دەکەین بەبێئەوەى تایبەتمەندیەکى بدەینێ و سنوورەکەى دیارى بکەین، یاخود ئاماژەیەک بۆ ئەو ویستە بکەین کە بە شێوەیەکى رەها ئازادە، تەنیا لە خۆ ئامادەکردن بۆ ئازادى دەدوێین، یاخود دەربارەى ئازادیەکى سروشتى بەکۆتا هاتوو دەدوێین، بەبێئەوەى لەسەر رەهایى، دواتریش لەسەر ویستێکى ئازاد بدوێین (هیجل، 1996. 166). جا لەبەرئەوەى تێگەیشتن بە تەنیا وەکو شتێکى نێگەتیڤانە سەیرى بە کۆتا نەهاتووه‌كان(اللامتناهیه‌) دەکات، بەو پێیەى شتێکى میتافیزیکه‌، کەواتە بەکۆتا نەهاتووى راستەقینە لە ویستى ئازاددا، دەبێتە شتێکى واقیعى و ئاماده‌، ویستى ئازاد خۆشى، ئەو بیرۆکەیەیه‌، کە بەسروشتى خۆى وا ده‌خواوێت ئێستاو لێرەدا ئامادەیی هه‌بێت (هیجل، 1996. 167-168). هیچ رەفتارو کردەوەیەک بێویست نابێت و ویستێکى لەدواوەیە.  بەڵام ئەو ویستە چەسپاو نییەو هەمیشە گۆڕانى بەسەردادێت. ئەگەر لە قۆناغى سروشتى مرۆڤدا، زیاتر غەریزە سروشتیەکان ویستى مرۆڤیان بەڕێوەبردبێت، ئەوا لە قۆناغى ناو کۆمەڵگادا، ویستەکە دەبێتە هۆى ئەوەى مرۆڤەکە  بەرلەوەى بەشێوەیەکى راستەوخۆ كارێك بكات، بیربکاتەوە و ئاوه‌زه‌كه‌ی بەکاربهێنێت. هەر ئەمەشە واى له‌فەیلەسوفێکى وەکو (توماس ئەکوینۆس)، واته‌ تۆمای ئه‌كوینی کردووە، ئاوه‌ز بە پلەى یەکەم و ویستەکە بەپلەى دووەم دابنێت و واى بۆ بچێت، کەیاساكان بنەماى خۆیان لەئاوه‌زدا دەدۆزێتەوە. ئەکوینى دەڵێت:”پڕەنسیپى یەکەم بۆ کردارەکانى مرۆڤ ئاوه‌زه‌، لەبەرئەوەى مرۆڤ بەبێ سوڵتانى ئاوه‌ز ناتوانێت وەکو بوونەوەرێکى زیرەک هەڵسوکەوت بکات. تایبەتمەندى یاسا لەوە دایە، کە لەفەرمانى ئاوه‌زه‌وه‌ دەردەچێت (لوبون، نیه‌. 43).  به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ئه‌م شرۆڤه‌كردنه‌ بكه‌ین، بۆمان روونده‌بێته‌وه‌،

كه‌ ئەکوینى یه‌ك پلەی لە زنجیرەى کردارەکاندا بازداوە، چونکە وەک ئاماژەى پێکرا مرۆڤ بەبێ ویست ناتوانێت هیچ جولەیەک بكات. بۆ نمونه‌ کاتێك مرۆڤ برسى دەبێت، ئەگەر ویستەکەى پاڵى نەنێت بۆ ئەوەى هەڵسێتەوە و هه‌وبدات خۆراك په‌یدا بكات، ئاوه‌ز ناتوانێت خۆراکەکەى بۆ ئامادە بکات، کەواتە ویست بە پلەى یەکەم دێت، كه‌هه‌ستی برسیبوونه‌كه‌ ده‌یبزوێنێت، دواى ئەوە رۆڵى ئاوه‌زه‌كه‌ دێتە پێشه‌وه‌، ئاوه‌ز وەکو ئامێرێکى کۆنترۆڵى لێدێت بۆ ویستەکە، ئەو ئامێرە چەندەى نەرمتر بێت و زانیارى زیاتر بێت، هێندە کۆنتڕۆڵەکە سەرتاپا گیرترو بەرفراوانتر دەبێت.  ئەمەش هەنگاوو رەفتارەکانى مرۆڤ لە رەفتارێکى غەریزى و سروشتییەوە دەکاتە رەفتارێکى کۆمەڵگایى و کەسیەتى، واته‌ چیتر ویستەکە به‌ته‌نیا ناتوانێت مرۆڤه‌كه‌ بەڕێوەبەرێت.  بەڵکو بەزارەوه‌ میللیه‌كه‌ی دەتوانین بڵیین هەویێەکى بۆ پەیدا دەبێت، کەپێى دەگوترێت، ئاوه‌ز.  ویست لە رێگاى ئاوه‌زه‌وه‌ هەوڵى بەدەستهێنانى ئامانجەکانى دەداتو هه‌ر ئاوه‌زیشه‌ ئامانجه‌كانی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات. ئاوه‌زیش لە سۆنگەى سروشتە گیانیەکەى خۆیدا ناتوانێت مەعریفە سنووردار بکات، چونکە مەعریفەش لەو بوارەدا تایبەتمەندیەکى کۆنکریتى په‌یدا ده‌كات، به‌ڵام دەتوانێت لەسروشتە گشتیەکەى مەعریفەدا هەندێک شت به‌دەستبێنێت، ئەمەشیان لەژێر كاریگه‌ری هۆکارو کارله‌یه‌كترکردنەکانى دەوروبەر بەدەر نیە. بۆیە پێویستەجیاوازیەک لە نێوان کردارى ویست لەگەڵ چالاکیەکانى ویست بكه‌ین. کردارەکان بە شێوەیەکى راستەوخۆ لە رێگاى ویستەوە ئەنجام دەدرێن.، هه‌رچی چالاکیەکانى ویست ئەو کردارانەیه‌، کە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزێکى دەرەوە پاڵیان پێوەدەنرێت و ئەنجامدەدرێت. بۆ نمونه‌ کاتێک سەربازێک ئەخمەسى چەکەکەى رادەکێشێت، کە لەلایەن کەسێکى ترەوە فەرمانى پێکراوە،

ئەمە چالاکى ویستەکەیە، به‌ڵام کردارى ته‌قه‌كردنه‌كه‌، واته‌ لێدانەکە، كه‌به‌شێوه‌یه‌كی راستەوخۆ لەویستى ئه‌و ده‌كه‌وێته‌وه‌، پێیدەگوترێت کردارى ویست. هەردوو کارەکەش هەڵبژێردراوە، به‌ڵام تەنیا کارە راستەخۆکە، واتە لێدانەکە لەلایه‌ن ویستەوە هەڵبژێردراوە (S.T.D, 1957. 217-218). بۆیە هەر کاتێک باس لە مەعریفەو ویست دەکرێت یەکسەر بابەتى ئاوه‌ز دێتە پێشەوە. کاتێک ئەو ئاوه‌زه‌ش دێتە ئارا، ئیتر ویستەکە چیتر ناتوانێت دەستبەردارى بێت، بەم چه‌شنه‌ کاروکاردانەوەکە لەنێوان ویست و ئاوه‌زدا، کارو کاردانەوەیەکى دوولایەنە دەبێت، ویستەکە ده‌یه‌وێت ئاوه‌زه‌كە کۆنتڕۆڵ بکات، ئاوه‌زه‌کەش ئارەزووى ئەوە دەکات لەگەڵ ویستێکى بەتوانادا مامەڵە بکات، كه‌ بە راستى ئازاد بێت و لە یەکێتیه‌كى نێوان ئاوه‌زی تیوورى و ئاوه‌زى پراکتیکى پێکهاتبێت. ئه‌و ویسته‌ ئازاده‌ی، کە بەراستى خاوەنى ئازادى خۆیەتى، بە شێوەیەکى راستەوخۆ سیمایەکى تاکیانه‌ی پێوەیە (HEGEL, 1916. 239). ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزەی له‌نێوان ویست و ئاوه‌زه‌كه‌دا هه‌یه‌‌، ئه‌وه‌ وادەکات مرۆڤێک لەمرۆڤێکى تر بەهێزتر یاخود لاوازتر بێت بێت… هەر هه‌مان ئازادیش لەتەمەنێکه‌وه‌ بۆ تەمەنێکى تر ده‌گۆڕدرێت. چونکە چەندەى ئاوه‌زه‌کە زیاتر  گۆشبکرێت، هێندە کاریگەرى لەسەرویستەکە زیاتر دەبێت، لەویستێکى بێهێزەوە دەیگۆڕێت بۆ ویستێکى بەهێز.  کەواتە لێرەدا ئاوه‌ز ویستەکە رێکدەخات و وایلێدەکات بە ئاسانى نەکەوێتە ژێر کاریگەرى غەریزە سروشتیەکانەوە، بگرە یارمه‌تیشیده‌دات بۆئه‌وه‌ی بە سەریشیاندا زاڵبێت و کۆنتڕۆڵیان بکات، هەرشه‌نده‌ هه‌ندیك له‌ فه‌یله‌سووفه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینن و ته‌نانه‌ت وایده‌بینن شتیك نیه‌ به‌ناوی ویست!. بۆ نمونه‌ فه‌یله‌سووفی ئه‌لمانی (فریدریك نیچە) هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌و پێیوایه‌، کە ویست هەر بوونى نیە!. له‌مباره‌یوه‌ نیچه‌ ده‌ڵێت:”ئەگەر بڵێین ویستەکە لاوازە، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ دەتوانێت فریومان بدات، چونکە هیچ ویستێک لە ئارادا نیە‍، نەویستى لاواز، نە ویستى بە هێز.  زۆربوون و بەرهەڵدابوونى ئامانجەکان و جیاوازى لە نێوانیاندا، وا دەکات ویستێکى بێهێز ویستێكی تر به‌هێزتر بە دیاربکەوێت، هەماهەنگى لەنێوان ئەو ئامانجانەدا دەبێتە هۆى سەرکەوتن و دەسەڵات گرتنه‌ دەستى یەکێک لەو ئامانجانە، ئەمەش وا ده‌كات وه‌ك ویستێکى بە هێز به‌دیاركه‌وێت (نیچه‌، ء137. 8).

كه‌واته‌ تەمەن رۆڵى خۆى لە گۆشکردنى ئاوه‌زه‌کە. چونکە تاقیکردنەوەکانى مرۆڤ رۆژ لەدواى رۆژ بەهۆى تێکەلاو بوون لەگەڵ دەوروبەرەکەى، وەڵامى زۆر پرسیارى پەنهان و شاراوەى بۆ رووندەکاتەوە، کە رۆژگارو کات رۆڵیان لە ئاشکراکردنیاندا هەیە. بۆیە ئەو تاقیکردنەوانەى ژیان وادەکات نەرمتر مامەڵە بکات و بەئاسانى هەڵنەچێت. واتە لێرەدا ئەو رۆشنبیریەى لەرێگاى تاقیکردنەوەى راستەوخۆو پڕاکتیکیەکانى خۆیەوە، یاخود لە رێگاى خوێندنەوەو سوود وەرگرتن لە تاقیکردنەوەى کەسانى ترەوە لای مرۆڤ دروستده‌بێت، کاریگه‌ری لە ویستەکە دەبێت و بە هێزترى دەکات. ئەگەرچى ئەو نەرمى و ئارامیەى زۆرجاران ئەو جۆرە کەسایەتیە بەرامبەر رووداوەکان دەنوێنێت، ئەگەر بە وردى لێى نەکۆڵرێتەوە، ره‌نگه‌ وا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، کە رۆشنبیرى دەبێتە سۆنگەى بێهێز بوونى ویست. هەر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ نیچە رۆشنبیرى بە ئامڕازێک له‌قه‌ڵم ده‌دات، كه‌ویست بێهێزو بنه‌بڕ ده‌كات و وا ده‌كات مرۆڤه‌كان به‌نا ئاسوودەیی بژین.  نیچە وا تێدەگات، کە رۆشنبیرى سیفەتى مەڕ ئاسا لاى مرۆڤه‌كان دروستدەکات (نیچه‌، ء137. 115-116). دیاره‌ ئەم خویندنه‌وه‌یه‌ رێك پێچەوانەى راستەقینەیە!. چونکە کاتێک ویست بەو نەرمى و هێمنیە رەفتار دەکات،

واتاى ئەوەیە، کە بەتەواوى کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵى ئاوه‌زه‌کە، لەبەرئەوەى ئاوه‌زه‌كه‌ قاڵبۆته‌وه‌و پێگەیشتوە. واتە مرۆڤ لێرەدا گەیشتۆتە رادەیەکى مەدەنیەت و بەسەر غەریزە سروشتیەکانیدا زاڵبووە، ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانى دروستکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى، هەر لەو خاڵەشدایە دەتوانین سوود لە فەلسەفەى مێژووى کۆمەڵگا وەرگرین لە پێناو خزمەتکردنى فەلسەفەى تاکگه‌رایی، كه‌ رێگامان بۆ خۆشده‌كات كار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ره‌وگه‌یه‌كی تر بكه‌ین له‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان. واتە دەتوانین سوود لە فەلسەفەى مێژوو وەربگرین بۆ دروستكردنی كه‌سایه‌تیه‌كی تایبەت بە سەردەم، بەده‌ربڕینێكیتر دروستکردنى ویستێک، کە بتوانێت ئەرک و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانی قۆناغەکەى خۆى بە شێوەیەکى گونجاو هەڵگرێت. واتە ده‌توانرێت بە تێگەیشتن لە مێژووى ویستى کۆمەڵگاکان، ویستێکى بە هێزو بەتوانا بەرهەم بهێنرێت، کە بتوانێت شارستانیەت دروست بکات. چونکە  ژیانە مادى و مەعنەویەکانى  تاک بە شێوەیەکى توند بە کۆمەڵگاو مێژووى پەرەسەندنى کۆمەڵگاوە بەندە. ناسنامەو کەسایەتى مرۆڤ، بەرهەمى کارکردنى ئەو هێزانەیە، کە بوونیان لە کۆمەڵگادا هەیە، هاوکات بیر کردنەوە”لە خود، بیر کردنەوە لە هەستکردن بە ناسنامەى ئاکارى و کۆمەلایەتى تاک لە کۆمەڵگایەکى تایبەتیدا، پێویستى بە تێگەیشتنى ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە” (برلین، 1348. 286). بە واتایەکى تر مرۆڤ  بەردەوام پێویستى بە دەوروبەرێک هەیە، کە مۆرکەکەى بە خۆوە بگرێت، گەڵیدا بکەوێتە ململانێ و کارو کاردانەوەى بەرامبەر دروستبکات.  ئەم کارو کاردانەوەیەش دەبێتە سۆنگەى گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنى خودی مرۆڤه‌کە. تەنانەت ئەو ململانێیە زۆر جاران ناوەوەى خودەکە خۆشى دەگرێتەوە، مرۆڤ زۆر جاران لە پێناو ئازاد بوونە گیانیەکەیدا پەنا بۆ شەڕ دەبات لەگەڵ  خودى خۆیدا، ئەمەش تواناى بەرگەگرتن و بەرپەچدانەوەى خودەکە زیاتر دەکات. ئەمەیە وا لە زاهیدێک دەکات بەرگەى زۆر ئازارو ئێش بگرێت، چونکە بەردەوام لە شەڕ دایە لەگەڵ خودى خۆیدا، بەردەوام لەسەرکەوتنێکەوە بۆ ژێر کەوتنێک و لەژێر کەوتنێکەوە بۆ سەرکەوتنێک هەنگاودەنێت. بۆئەوەى ئەو شەڕەش بەردەوام بێت پێویسته‌ دوژمنێک هەبێت و ئەو بۆ خۆى ئەو دوژمنە دروست دەکات!. دیارە ئەمەش پێچەوانەى مرۆڤى سروشتیە، واتە مرۆڤ لەحاڵەتە سروشتیەکەیدا، کە دوژمنەکانى زیاتر لەدەرەوەى خودى خۆیدایە، به‌ڵام له‌ژیانی كۆمه‌ڵگایدا به‌شێك له‌شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌وه‌ی خودی مرۆڤه‌كه‌و لەم مەیدانەدا فریشتەیەک و ئەهریمەنێک بەردەوام لە شەڕدان و هەر جارەى یەکێکیان سەردەکەوێت (روسو، نیه‌. 54).

هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن، کە هەرجوله‌یه‌کى مرۆڤ، سەرەتا ویستێکى گەرەکە، ئەو ویستەش ئەگەر بە شێوە سروشتیەکەى خۆى بمێنێتەوە، ناتوانێ رۆلێکى لە کردەوەو رەفتارەکانى کەسایەتیەکدا هه‌بێت، بەڵکو پێویستى بە رتوش و رێکخستن هەیە. ئەو رێکخستنەش ئەرکى ئاوه‌زه‌، ویست فەرمان بە ئاوه‌ز دەکات كارێك بكات یاخود نه‌یكات، ئەگەر ئەو كرداره‌ قۆناغى  سروشتى بڕیبو و شێوازێکى کۆمەلایەتیانەى وه‌رگرتبوو، واتە ئاوه‌زه‌کە قبووڵى دەکرد، فەرمانەكه‌ یەکسەر جێبەجێدەکات، یاخود هەموارى دەکات و ئینجا جێبەجێى دەکات، یا دژى دەوەستێته‌وه‌و جێبەجێى ناکات، بەمەش ململانییەکى سەخت لە نێو خودى مرۆڤەکەدا سەرهەڵدەدات. لەبەرئەوەى کاتێک ویست خۆى وەک بابەتێکی ئازاد دەناسێت، واتای ئه‌وه‌یه‌ یەکەم هەنگاوى ئاوه‌زمه‌ندانه‌بوونى ویستەکە دەستیپێکردووە(HEGEL, 1916. 239). ئاوه‌زمه‌ندبوونى ویستەکەش بە تێپەڕبوونى کات و تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ زیاتر دەبێت، بۆیە  بەرەنگاربوونەوەیەک لە نێوان ئاوه‌زو ویستدا دێتە ئارا. ئەو بەرەنگاربوونەوەیە وادەکات مرۆڤەکە بۆ ماوەیەک لەپەشۆکانێکى دەروونیدا بژیت، تا لایەکیان بەسەر لایەکەى تردا زاڵدەبێت. بەم زاڵ بوونەش بڕیارێک دەردەچێت و ئەم بڕیارە خۆى لەخوێدا دەبێتە هۆى لە دایکبوونى جولانەوەیەک،

کارێک، یاخود رەفتارێکى لێدەکەوێتەوە. ئەم ململانیێە لەوانەیە ماوەیەکى زۆر بخایەنێت، لەوانەشە هەر هەمووى لە چەند چرکەیەک تێنه‌په‌ڕێت، کورت و درێژى ماوەى ئەو ململانیێەش دەکەوێتە سەر ئاستى هوشیارى ئاوه‌زه‌کە، هاوکات ئاستى بەهێزى، یاخود بێهێزى ویستەکەش رۆڵى خۆى لەمەدا دەگێڕێت. ئاوه‌زی هوشیار دەتوانێت بۆ ماوەیەکێ زۆر بەرامبەر خواستەکانى ویست بوەستێت و رێگا نەدات هیچ کارێک بێتە ئارا، ئەگەر واى بۆچوو، کە ئه‌و كاره‌ بە پێوەرەکانى ئەو لەگەڵ رەوتى کۆمەڵگا، یاخود له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خودی مرۆڤه‌كه‌دا ناگونجێت و دەرئەنجامێکى خراپى لێدەکەوێتەوە.  کەواتە ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕیه‌ك له‌ئاوه‌زه‌كه‌دا هه‌بێت ویستێکى بە توانا ده‌توانێت لەو ململانێیەدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت(CARTER, 1999. 239). لە کۆتایدا ئەو کردارە دێتەبەرهەم، کە ویستەکە بڕیارى لەسەرداوە. وەک ئاماژەى پێکرا، تەمەن و کامڵبوونى ئاوه‌ز تاڕادەیەکى زۆر رۆڵى خۆى له‌م پڕۆسه‌یه‌دا دەبینێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ شوپنهاوەر ویست بە پلەى یەکەم و ئاوه‌ز بە پلەى دووهەم دادەنێت، واتە ئاوه‌ز ده‌خاته‌ خزمه‌تی ویسته‌وه‌، ئەگەر ئەمە لە قۆناغێکدا راست بێت، ره‌نگه‌ لە قۆناغێکى تردا راست دەرنەچێت، چونکە كاتێك ئاوه‌زه‌كه‌ بەرادەیەکى زۆر فراژى دەبێت، رێزى پێشەوە بە ویستەکە چۆلده‌كات و خۆى دەکەوێتە خاڵى یەکەم.  کەواتە دەتوانین بڵێین لە قۆناغى پێگەینى ئاوه‌زدا، بە هۆى بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەى رووداوەکان، لەرێگاى گۆڕانى ئەو یاسایانەى کۆمەڵگا بە گوێرەى سەردەمەکە بۆ رێکخستنى کۆمەڵگاى دادەنێت، ویست و ئاوه‌ز شوێنیان دەگۆڕنەوەو رۆڵى ئاوه‌ز زیاتر دێتە پێشەوە.

 ئەگەر گوتمان ناتوانرێت درک بەئازادى بکرێت تەنیا له‌رێگای ئەو کارە نەبێت، کە ئەنجامدەدرێت، بوار بۆ ئەوە نامێنێتەوە، کە بتوانین هەست بە ئازادى بکەین، بۆیە پێویستە بڵێین ئازادى و هەستکردن یەک شتە. کەواتە ئازادى حالەتێک نیە، بەڵکو کردارەو هەمیشە لەگوێزرانەوەیەکدایە لەبوارى لەتوانابوون بۆهاتنە هەبوون، ئەگەر ئەو هەموو هەبوونەکەمان(موجود) نەبێت لەو روانگەى، کە هەبوونەکە لەسەر ئێمەوە بەندە، یاخود لەو روانگەیەى کۆى ئەو هێزانەیە، کە بەهۆیەوە دەمانەوێت لە کۆیلایەتى مادەوە رزگار بین، هۆى ئەمەش ئەوەیە، ئازادى هەرگیز لەو بەر پرسیاریەتیە جیانابێتەوە، کە بەرانبەر خودى خۆمان هەمانە. بۆیە کاتێک مرۆڤ واز لەداواکردنى ئازادیەکەى خۆى دێنێت، بەخێرایى دەبێتە ئامڕازى بندەستى و کۆیلایەتى. لەراستەقینەدا مرۆڤ هەندێک جاران هەستدەکات ئازادە، لە هەندێک حالەتى تردا هەستدەکات بندەستە.  لە هەردوو حاڵەتیشدا مرۆڤ ئەو بڕە ئازادیەى هەیە، کە شایەنیەتى (ابراهیم، نیه‌. 26). کەواتە هەر کەس، شایەنى ئەو دۆخه‌یه‌، یاخود ئەوحاڵەتە ژیاریەیە، کە تیایدا دەژیت و رێکەوت و بەخت، یاخود چارەنوس، یا بە واتایەکى وردتر، خودە باڵاکە (  بەواتا فەلسەفیەکەى نەک دەروونیەکەى ) دەست لە کاروبارەکانى مرۆڤ وەرنادات، بەڵکو ویستى ئەو مرۆڤە خۆى هۆکارى بنەڕەتى و سەرەکی ئه‌و دۆخه‌یه‌، كه‌ تیایدایه‌، بۆ بەدیار کەوتنى ئەو ویستەش، وەک پێشتر ئاماژەى پێکرا، پێویستە کارێک ئەنجامبدرێت، هەر کارێکیش ئەگەر ئاوه‌ز نەخشەى بۆ بکێشێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رێژەى سەرکەوتنى تیادا زۆرتر بێت، کارێک دەبێت، کە زیاتر مۆرکى  کەسایەتى مرۆڤانەى پێوەدەلکێت و زیاتر لەگەڵ رەوتى گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمەڵگادا دەگونجێت. ئەگەر ئەنجامى ئەو کارەش لەو قۆناغەدا راست ده‌رنه‌چێت، یاخود راست نەخوێندرێتەوە، بەهۆى ئەوەى ئاوه‌زه‌كه‌ نەیتوانیبێت ئه‌و دۆخه‌ به‌ باشی هەڵسەنگێنێت و لێیتێبگات، کە کارەکەى تیادا ئەنجامدراوە.  ئەوا ئەو زیانانەى لەو ناڕاستیه‌ دەکەوێتەوە، زۆر کەمتر دەبێت، یاخود کاریگەرى نه‌رێنیانه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤەکە كه‌متر دەبێت.  ئەمەیە وا دەکات، کەوا له‌ كرداره‌كانمان تێبگەین، دەرئەنجامى هێزێکى شاراوەن و بە شوێنەوارەکانیان نەبێت، نا ناسرێنه‌وە، ئەمەش بەتەنیا کارەکانمان پێ ئەنجامنادات، بەڵکو ئەو بەڵگە پێداویستانەشمان لەسەر دەچەسپێنێت، کە بۆ روونکردنەوەى ئەو کارانە پێویستن (لوبون، نیه‌. 216).

وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، ئاوه‌ز پاڵنه‌رو بزوێنەری کارەکانە، بۆیە ئەگەر  ئاوه‌ز نەتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی دروست پاساو بۆ کارەکان بێنێتەوە، پەنا بۆراڤە کردنێکى میتافیزیکیانە دەبات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە بۆچوونە ئایدیاییەکانى ئازادیش، پەیوەندى پتەویان بە ئاوه‌زەوە هەیە. لەبەرئەوەى ئاوه‌زیش شتێکى چەسپاوو نەگۆڕنیە و لەگەڵ پێشکەوتنەکانى خودى مرۆڤەکە خۆی و ئەو کۆمەڵگایەى  تیایدا دەژیت، بەشێوەیەکى گشتى دەگۆڕێت، بۆیە بەردەوام کار لە ویستەکە دەکات و هەوڵدەدات لەگەڵ ئەو قاوغە نوێیەدا بیگونجێنێت، کە سەردەمەکەى دروستیکردووە.  هاوکات نابێت ئەوەش لەیاد بکەین، کەوا سەردەمیش، کاریگەرى خۆی بەسەر رتووشکردن و پێشخستنى ئاوەزه‌کەوە هەیە، واتە هۆکارى شوێن و کات رۆڵى خۆیان لەگەشەسەندنى ئاوه‌زه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست ده‌بینن. بۆیە یەکێکى وەکو هیدگەر ئاوه‌ز بە خودى بوون( وجود ) دانانێت، بەڵکو دەیخاتە قاوغى هەبوون(موجود)ەوە( هیدگر، 1380. 10). هەرکاتێکیش ئاوه‌ز کەوتە قاوغى هەبوونەوە، دەبێتە رەنگدانەوەى بوونەکە. جا ئەگەر بوونەکە تا رادەیەک چەسپاو بێت، یاخود لەسەرەخۆ بگۆڕێت، ئەوا هەبوونەکە وەکو بنەماکەى خۆى نابێت، بەڵکو خێراترو بە پەلەتر گۆڕانى بەسەر دادێت، بۆیە ئاوه‌ز وەک هەبوون لە ویستەکەدا دەچێتە خانەى بوونەوە، ئەگەرچى بوونێکى ناواخنیش بێت. خێراترو بەپەلەتر دەگۆڕێت. کەواتە ئەقڵ چەندەى پەروەردە بکرێت و بایەخى پێبدرێت، رادەى درککردنى بە بوونەکە زۆرتر دەبێت، چەندەى تواناى درکپێکردنیشى بەبوون زۆرتر بوو، بێگومان هەبوونەکەى کامڵتردەبێت. بەو پێیەش ئازادتر دەبێت لە هەڵبژاردنى کردارەکانیدا. بۆیە ئازادى پێویستى بە ویستى بیرۆکەیەک هەیە، تاوەکو ببێتە ئاوه‌زێكی بابەتیانە. بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش بێتە دى،

سەرەتا دەبێت ببێتە بیرۆکەیەک، بۆ ئەوەى ناوەڕۆکێک بە خۆى بدات (228 HEGEL,1916.). بەدەربڕینێكیتر جۆرە واتایەک بە خۆوە هەڵدەگرێت، لەگەڵ ئەمەشدا تێگەیشتن و درکپێکردن بەو واتایە دێتە ئارا. کەواتە پەیوەندیەکى پتەو لە نێوان هێزى درکپێکردن و هێزى هەڵبژاردندا هەیە.  هەر ئەمەشە واى لە یەکێکى وەکو دیکارت کردووە بڵێت:” هەموو حوکمێکێ ئاوه‌زمه‌ندانه‌ پێویستى بە گونجاندنێک هەیە لە نێوان هێزى درکپێکردن و هێزى هەڵبژاردن، کە دوو سیفەتى تایبەتمەندن بۆ ئەو ئاوه‌زه‌ى هزرەکان وەردەگرێت و رۆڵێكی نه‌رێنیانه‌ی لە قبوڵکردنى ئەو بیرو هزرانەدا ده‌بێت.  کاتێک دەڵێین (من بیر دەکەمەوە). لەو رووه‌ مەعریفیەكه‌وه‌، هێزى دەرکپێکردنەکە ئاشکرا دەکات، بۆیە دیکارت راشکاوانەتر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌:” کاتێک دەمەوێت وا بیربکەمەوە، کە هەموو شتێک هەڵەیە، پێویستە من خۆم شتێک بم”.  بۆیە دیکارت حوکمى ئاوه‌ز بەئامڕازێک دادەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى گیانى فریودەرى و شەڕانگێزى، لاى دیكارت دەرکپێکردن هه‌نگاوی سەرەتایەو ئەو مکوڕبوونەى له‌و دركپێكردنه‌وه‌ هەڵدەقۆلێت، واگریمان دەکات، كه‌ ده‌بێت شتێك هه‌بێت درکی پێبكه‌ین. به‌ڵام كاتێك لە هزرەکان راده‌مێنین، ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ دەشێت ئەوان لە هەموو شتێکى تر سەربەخۆتربن، بۆیە دیکارت دەڵێ :”سەرچاوەى هەڵە ئەو کەلێنەیە، کە سنوورداربوونى درکپێکردن، لە سنووردارنەبوونى ویست جیادەکاتەوە”.  وەک دیکارت دەڵێت:”من بونەوەرێکم کەم شت درکپێدەکەم و زۆر شت نازانم “. هه‌ر بۆیه‌ دیکارت نەبوونى مەعریفە بە نزمترین پلەکانى ئازادى دادەنێت (لویس، نیه‌. 63). کەواتە خودە ئاوه‌زمه‌نده‌ کرۆکى مرۆڤەکەیە، مەعریفەى راستەقینەش وەک فارابى دەڵێت:” رێگاى هەڵزنانە بەرەو جیهانى سەرەوە” (عبید، 1984. 18).

کەواتە بۆئەوەى مرۆڤ زۆرتر ئازاد بێت و ویستە سروشتیەکەى لەلایەن ئاوه‌زێکى هوشیارەوە زیاتر رامبکرێت، پێویستە جیهانى زانین و مەعریفەکەى فراوانتر بێت.  بەم چەشنە ئەگەر زانین، چەکێک بێت بۆ نەهێشتن و لەناوبردنى نەزانى، ئەوا هاوکات چەکێکیشە بۆ به‌دەستهێنانى ئازادى زیاتر. لە بوارى پراکتیزەکردنیشدا، ئەو گەلانەى نەزان و دواکەوتوون، بەشێکى زۆریان، ئەگەر کاریگەرى هۆکارى دەرەکى نەبێت، دیل و بندەستن، هەر کاتێکیش بەرەو زانین و فێربوون هەنگاو بنێن، ئەوا زیاتر لەبه‌دەستهێنانى ئازادیه‌كان نزیکدەبنەوە، چونکە مرۆڤێکى نەزان، ویستەکەى لاوازو بێتواناترە لە مرۆڤێکى زانا. “ئەو  مرۆڤەى ویستى نەبێت، کۆیلەیەکى بن دەستە.  یاخود وەک خزمەتکار وایە، بۆ ویستى خوا، یا بۆ ویستى شەیتان (فروم، 1972. 69). مرۆڤى زانا، لەبەرئەوەى مەوداى مێشکى فراوانترە و تواناى بیرکردنەوەو رامانى زۆرترە، تواناى بڕیاردانى باشترە، هاوکات ئازادترە لە هەڵبژاردنەکانیدا، یاخود باشتر دەتوانێت لە بوون و هەبووندا رامینێت و لێى وردبێتەوە، ئەمە خۆى لە خۆێدا هەنگاو نانە بەرەو دنیایەکى پڕلەحیکمەت و هوشیارى، دنیایەک، کە سوفیستەکان، بە یەکگرتن لەگەڵ زاتى خوداوەندانى ناوزەند دەکەن، واتە بەرەو کامڵبوون چوون و نزیكبوونه‌وه‌ لەپلەى به‌رزی مرۆڤایه‌تی و هه‌نگاونان بەرەو پلەى خوداوەندان. له‌مباره‌یه‌وه‌ (مارتن لۆسەر) واى بۆ دەچێت، کە واز هێنان لە ئازادى ویست، واتاى وازهێنانە لە ئایندارى و ئه‌و دڵنیاییه‌ی له‌ ئاینداری ده‌كه‌وێته‌وه‌(فروم، 1972. 69). به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونەوەرێکى بزۆکە، هەر کە بابەتێک دەدۆزێتەوە، ئەو بابەتە دەبێتە بەشێک لە مێژووى هزرى خۆى، بۆیه‌ ئەگەر لە قۆناغیکدا وازى لێبێنێت، لەوانەیە لەقۆناغێکى تردا بەهەمان شێوە، یاخود بەشێوەیەکى تر سەر هەڵبداتەوە!.

کەواتە وەکو هاوکێشەیەک چەندەى ئاوه‌ز هۆشمەندتر بێت،  ویستەکە ئازادتر دەبێت، پێچەوانەى ئەمەش هەر راستە، چەندەى ئاوه‌زەکە ناهۆشمەندتر بێت، هێندە ویستەکە لاوازو لەرزۆکتر دەبێت. ئەمەش ئەوە رووندەکاتەوە، کە ئەوانەى لەسەردەمى خۆیاندا رۆشنبیرن، دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان رۆشنبیری راسته‌قینه‌یه‌، خاوەن ویستێکى بە هێزترن لەخەڵکانى ئاسایى، ئەوان لەخەڵکانیتر باشتر دەتوانن بڕیار بدەن، بۆیە هەمیشە ئەوان پێشەنگى گۆڕانکاریە گەورەکانن له‌مێژوودا.  چونکە هه‌بوونی توانا لەسەر حوکمەکانى ئاوه‌ز، دەرگاى راست و هەڵە لەبەردەم مرۆڤ دەکاتەوە، پاراستنى حوکمى ئاوه‌زیش، حوکمکدانێکى راست دابیندەکات و وا دەکات مرۆڤەکە بەشێوەیەک لەشێوەکان لە خوداوەند بچێت!. لەبەرئەوەى خۆى حوکمى خۆى دەکات. ئازادى رەفتاره‌كانی مرۆڤ به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ بەرزى سروشتى مرۆڤەکە، بەو مەرجەى ئەو ئازادیە وەکو ئامڕازێک بەکار بهێنرێت بۆ پێگەیشتن و کامڵبوون، چونکە بەکارهێنانى ئازادى ویست، ده‌بێت بهشێوه‌یه‌كی تۆکم لە پێناو چاککردنەوەدا. چونكه‌ تەنیا بەکارهێنانێ چاکە، گەورەترین چاکەیە، کە مرۆڤ هەوڵى بۆ دەدات(لویس، نیه‌. 63). به‌ واتایه‌كی تر، ئەگەر مرۆڤ ویستى ئازاد بوو، پێویستە ئەو ئازادیە لەخزمه‌تی چاکەدا بەکاربێنێت و بەرەو کارى باش و خێرخوازى بەرێت. دیارە چەمکى چاکەو خراپەش، لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر جیاوازە، هاوکات جیاکردنەوەى کارى چاکەو خراپەش پێویستى بەزانین و مەعریفە هەیە. چونکە مەعریفە ئامڕازێکە لە ئامڕازەکانى ویست بۆ ئەوەى تاک بگەیەنێتە ئامانجەکانى خۆى. تاوەکو پارێزگارى لە مانەوەو تێرکردنى پێویستە هەمە جۆرەکانى خۆى بکات.  بە کورتى مەعریفە لە خزمەتى ویست دایە، یاخود بە واتایەکى تر لە خزمەتى جەستەدایە.  جەستەش تەنیا وێستەگەیەکە ویستەکەى تیا دانراوە.  بۆیە کە مرۆڤ سەیرى جەستەى خۆى دەکات، بەو پێیەى بابەتێکە لە نێو بابەتەکاندا، دەبینێ بە چەند پەیوەندیەکى ئاڵۆز، یاخود بە شێوەیەکى راستەوخۆبە ویستەوە لکاوە (فولغین، 1981. 41).

هاوشێوە