رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

باجی گەشەی ئابووری و بەختەوەرییەکی بریندار   

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: نەوزاد عومەر

 مەکینەی سەرمایەداری توانیویەتی کاڵا و خزمەتگوزاریی زیاتر و زیاتر بۆ مرۆڤایەتی دابین بکات، هەروەها سەرکەوتوو بووە لە تێرکردنی زۆرێک لە پێداویستییە ماددییەکانی مرۆڤ (لە سەر حیسابی سروشت). بەڵام هەرگیز لە تێرکردنی پێداویستییە دەروونییەکانی مرۆڤ (هەستکردن بە ئینتیما، بەدیهێنانی خود و لە خۆڕازیبوون، سەقامگیری دەروونی و بەخشینی مانا بە بوون) سەرکەوتوو نەبووە، هەروەها لە ساڕێژکردنی ئەو دڵەڕاوکێ وجودییەی کە لەسەر ئەم هەسارەیە هاوڕێی سەفەری مرۆڤایەتی بووە، تەنانەت ڕەزامەندی ماددیش تێچووی خۆی هەیە و زەبرێکی دەروونی زۆری لێکەوتۆتەوە و بێبەرامبەر نەبووە، چونکە نوێنەرایەتی ئەو هەموو بڕە لە گرژیی بەردەوام و فشاری کۆمەڵایەتی دەکات، کە پێوەندییان بە شێوازی ژیانی مۆدێرن و ئەو نەخۆشییە دەروونییانەوە هەیە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردە بەکاربەرییە سەرکێشییەکانەدا دروستبوون. هەستکردن بە نادادپەروەری، چەوساندنەوە و بێزاری کە لە ئەنجامی نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا هاتونەتە ئاراوە، تەنانەت لە دیموکراسیترین وڵاتانی جیهانیشدا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. هەروەها ترس و ناسەقامگیری بەهۆی نەبوونی ئاسایشی کار و داڕمانی پێکهاتە تەقلیدییەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتی (بۆ نموونە خێزانی فراوان)، و پێشبڕکێی هێمنانەی نێوان مرۆڤەکان بەرەو مەسرەفگەرایی بە مەبەستی خۆنمایشکردن، شانازیکردن و پشتڕاستکردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی چینایەتییەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی هاوسەنگی دارایی (قەرزداربوون) و تەندروستی (کارکردنی کاتژمێری درێژ و کەمی پشوو) بێت. بێگومان باجی گەشەی بەردەوام و بێسنووری مەکینەی سەرمایەداری هەر  ژینگەیی نەبووە، واتە تەنها بە کەش و هەواو و سروشتەوە سنووردار نەبووە، بەڵکو مرۆڤەکانیشی ملکەچ و گوێ ڕایەڵ بە حاڵەتی دەروونی کردووە. دەرئەنجام چێژە ماددی و هەستییارەکانی دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە بەختەوەرییەکی برینداریان بەرهەم هێناوە: کاڵای زیاتر و مەسرەفگەرایی زیاتر نەک بەهەشتێکی زەمینی بۆ مرۆڤایەتی بنیات نەنا، بەڵکو لە بەرامبەردا ئازاری دەروونی و دەردەسەری و بێزاری زیاتری لێکەوتۆتەوە.

 ئەم پارادۆکسەی کە لیپۆڤێتسکی لە کتێبەکانیدا لێکۆلێنەوەی لەسەریان کردووە، بانگهێشتمان دەکات پێداچوونەوە بە دڵنیاییەکانماندا بکەین سەبارەت بەو فۆڕمە بەرخۆرییەی کە ئێستا وەک ڕێگایەک لەسەری دەڕۆین، بۆئەوەی بە قووڵی بیر لە دۆخی مرۆڤایەتی بکەینەوە. بە دڵنیاییەوە بەکاربەریی سەرکێشانەی ماددی توانای تێرکردنی پێداویستییە ماددییەکانی مرۆڤی هەیە، بەڵام توانای تێرکردنی پێداویستییە دەروونییەکانی نییە. مەسرەفگەرایی زیاتر    بە هیچ شێوەیەک بە مانای بەختەوەری زیاتر نییە، بەڵکو تەنها بە مانای چێژێکی کاتی و ساتەوەختییە، کە بە خێرایی نامێنێت.  هاوشێوەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان وادەکات لە خولگەیەکی گەڕان بەدوای مەسرەفگەرایی زیاتردا خۆمان ببینینەوە،  هەر جارێک کە مژێکی لێدەدەین هەستێکی خۆشمان پێدەبەخشێت، مێشکمان بۆ مژێکی دیکە بانگهێشتمان دەکات.  

 لە کۆتاییدا لیپۆڤێتسکی پێی وایە دیاردەی سەرکێشی لە بەرکاربەریدا وەک دیاردەیەک جۆرێکە لە توندڕەوی، کە بووەتە تایبەتمەندی ئەم سەردەمە. پێویستە تەنها هەر ئەم توندڕەوییە ڕەخنەی لێبگیرێت، نەک خودی بەکاربردن کاتێک عەقڵانی و پێگەیشتوو دەبێت. هەر بۆیە لیپۆڤێتسکی بانگەشە بۆ زاهیدبوون، یان شێوازی ژیانی دەروێشی ناکات، بەڵکو بانگەشە بۆ میانڕەوی (پێچەوانەی توندڕەوی) لە هەموو شتێکدا بە مەسرەفگەراییشەوە دەکات، بانگەشە بۆ هۆشیارییەك دەکات، کە بەدواداچوون بۆ کەڵەکەکردنی کاڵا و کەلوپەل، بەدواداچوون بۆ براندەکان نە بە ئامانجی کۆتایی بوون و نە بەئامانجی ژیان دەزانێت.  لە لایەکی دیکەوە لیپۆڤێتسکی داوا لە حکومەتەکان دەکات، شانبەشانی سیاسەتی ئیکۆلۆژی بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و پاراستنی سروشت، بە گشتی سیاسەتێک بگرنەبەر کە ناوی لێدەنێت ئیکۆلۆژیای ڕۆح و بوون. لەم چوارچێوەیەدا داوای دروستکردنی نەخشەی نوێی پەروەردە و شێوەی کارکردن دەکات کە ڕێگە بە تاکەکان بدرێت ناسنامەی تاکەکەسی خۆیان، بەدیهێنانی خود و  تێرکردنی پێداویستییە دەروونییەکانیان لەسەر خاکێکی دیکەی مانابەخش جگە لە بەهەشتی کاتی مەسرەفگەراییدا تێر بکەن. هەروەها دەڵێت: ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ لەڕێگەی سۆز و خۆشەویستییەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی دیکە، بتوانێت ڕێژەگەرایی بهێنێتە دونیای مەسرەفگەرایی ماددییەوە، ئەمەش ئاسۆیەکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دەروونی لەسەر بنەمای حیکمەت و لابردنی وەهمەکان لە ڕووی ڕۆحدا دەکاتەوە

هاوشێوە