نووسین: نەوزاد عومەر
تێڕوانینی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەرەنسی جایڵێس لیپۆڤێتسکی بۆ دیاردەی بەکاربەریی سەرکێشانە، یان زێدەڕۆیی لە بەرخۆریدا (hyperconsommation) لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا پەیوەستە بە دیاردەیەکی پێشووترەوە، کە لە یەکەم کتێبی خۆیدا بە ناوی (سەردەمی بۆشایی… لەسەر تاکگەرایی هاوچەرخ و گۆڕانکارییەکانی پۆستمۆدێرنیتە) کە لە ساڵی ٢٠١٨دا حافز ئیدۆخراز کاری وەرگێڕانی لە فرەنسییەوە بۆ عەرەبی بۆ کردوە، لە لایەن سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نماوە بڵاوکراوەتەوە. لیپۆڤێتسکی تێبینی کردووە ئەمە پێوەندی بە دیاردەی بۆشایی، یان بەتاڵبوونەوەی ئایدیۆلۆژیاوە هەیە، کە بە نەمانی پرسە گەورەکانی مرۆڤایەتی، وەک داڕمانی وەهمی شۆڕشگێڕی، مردنی ئایدۆلۆژیا و گێڕانەوەی حیکایەتە گەورەکان نوێنەرایەتی دەکرێت.
ئەم بۆشاییەی کە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنیتەدا هەیە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری قووڵی لە ئاستی تاک و کۆمەڵگەدا بەدوای خۆیدا هێناوە، وەک تاکگەراییەکی بێباک، خودسەنتەری و سەرقاڵبوون بە خودەوە بەدەر لە هەموو شتێکی تر، گەڕان بەدوای بەرژەوەندی خۆپەرستی وەک یەکەم و دواهەمین شتێک، پەیتا پەیتا کشانەوەی سیاسەت لە کایە گشتییەکاندا کە بەشێوەیەکی ڕوون دەرکەوتووە (دیاردەی ماندوبوونی دیموکراسی لە فەزای گشتیدا، بۆنموونە کەمبوونەوەی ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسی و سەندیکاییەکان، دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا)، هەروەها گەڕان بەدوای بەدەستهێنانی چێژدا جێگەی خەباتی سیاسی گرتۆتەوە، بەدواداچوون بۆ کەڵەکردنی سەروەت و سامان جێگەی خەونی گەیشتن بە گۆڕانکارییە ڕادیکاڵانەکانی گرتۆتەوە. لیپۆڤێتسکی پێیوایە مرۆڤی پۆستمۆدێرن، خاڵی بووە لە هەموو مەسەلەیەکی گەورەی ئامانجدار کە پێویست دەکات گرنگییان پێبدات، یان لە پێناویاندا بژێت بۆئەوەی مانا بە بوونی خۆی بدات. بەڵکو بۆ ماشێنی زەبەلاحی سەرمایەداری کە دۆخی بەتاڵ و تێکشکاوی دەروونی قۆستۆتەوە، بووە بە نان و نێچیرێکی ئاسان. ئەم ئامێرە لە ڕێگەی هەموو ئامرازەکانی بازاڕکردنی مۆدێرنەوە (میدیای گشتی و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونی) مرۆڤی پۆستمۆدێرنی ملکەچ و ڕام کردووە، سوودی لە وروژاندنی ئارەزووەکانی، هاندانی شەهوەتەکانی و لە نائاگاییەکانی وەرگرتووە و گۆڕیویەتی بۆ خودێکی بەکاربەر.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، سەرمایەداریی مۆدێرن لە ڕێگەی بەختەوەریی بەکاربردنی بەردەوام و هەمیشە نوێبووەوە بەڵێنی بەهەشتێکی زەمینی بە مرۆڤایەتی داوە (بە وتەی بیرمەندی کۆچکردوو عەبدولوەهاب ئەلمەسیری). بەکاربردن.. لە سەرووی هەموو ڕێوڕەسمەکانی ترەوەیە، بووە بە تاکە فۆڕمێکی پەرستن کە لەلایەن خوداوەندەکانی ئایینی سەرمایەداریی نوێیەوە یاسای بۆ دەرچووە. بەڵام ئایا سەرمایەداری دوای ئەو هەموو دەیان ساڵە بەڵێنەکەی جێبەجێ کردووە، ئایا بەکاربردنی بێباک بەختەوەری دونیایی بۆ مرۆڤایەتی بەدەستهێناوە و لە ئازار و ناخۆشی ڕزگاری کردووە؟ ئایا تەنانەت ئەو ئەگەرەشی هەیە کە بتوانێت ئەمە بەدەستبهێنێت؟. دەتوانین لە کتێبێکی دیکەی لیپۆڤێتسکی، بە ناوی (بەختەوەری ناودژ) کە زیاتر لە دوو دەیە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبی کە بە ناوی (سەردەمی بۆشایی… لەسەر تاکگەرایی هاوچەرخ و گۆڕانکارییەکانی پۆستمۆدێرنیتە) بلاوکرایەوە، وەڵامی ئەم پرسیارانە بدۆزینەوە.
کە لەوێدا تیشک دەخاتە سەر سەرکێشی بەکاربەری لە کۆمەڵگەدا، ئەم کتێبە بەرهەمی هەوڵی توێژینەوەیەکی هەمەلایەنەتر و قووڵترە لەسەر ئەم بابەتە، هەروەها توێژینەوەکە باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە سەرمایەداری بە هاتنە ناو قۆناغی سەرکێشی لە بەکاربەریدا و ئەو دیاردانەی کە هاوڕێیەتی ئەم گۆڕانکارییانەیان لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا کردووە. نووسەر بەوە ناسراوە کە توانایەکی سەرنجڕاکێشی بۆ چاودێریکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا و دانانیان لە ژێر وردبینی توێژینەوەی زانستی لەسەر بنەمای توێژینەوەی مەیدانی و بەکارهێنانی ئامرازە میتۆدۆلۆژییەکان کە لە ڕووی ئەکادیمییەوە لە بواری کۆمەڵناسیدا ناسراون هەیە.
هەروەها کەسێکی لێهاتووە لە دروستکردنی چەمکی تیۆریدا کە یارمەتیدەرە لە شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییە چاودێریکراوەکان و وایان لێدەکات تێبگەین و وەریبگرین. خاڵی دەستپێکی لیپۆڤێتسکی ئەو پارادۆکسە سەرسوڕهێنەرەیە: لە لایەک کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا ( ئێستا بەهەمان شێوە بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی تریش دەگونجێت کە پێیوەندییان بە بزووتنەوەی بەجیهانیبوونی سەرمایەدارییەوە کردووە) لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا لە ڕووی بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووریدا شاهیدی پێشکەوتنێکی گەورە بوون، بەکاربردن گەیشتووەتە ئاستێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەرگیز مرۆڤایەتی بە ئەندازەی ئێستا بەدبەختتر نەبووە و نەخۆشیی دەروونی و دەمارییەکان هەرگیز بڵاوبوونەوەی وا ترسناکیان بەخۆوە نەبینیوە. بە دڵنیاییەوە نە بڕی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP)، نە ڕێژەی گەشەی ئابووری، نە قەبارەی کاڵا تەکنیکییەکان کە لە بەردەستی خێزانەکاندان (خانوو، ئۆتۆمبێل، ئامێری ناوماڵ) لە نزیک و دوورەوە نیشاندەری بەختەوەریی کۆمەڵگەکانیان نەبوون، تەنانەت لیپۆڤێتسکی سەیری ئەم نیشاندەرە ئابوورییانە وەک شێوازێک لە بتپەرستی نوێ و فۆرمێک لە ئەفسانەی مۆدێرن دەکات کە جێگەی ئەفسانەی ئایینی کۆنی گرتۆتەوە.