رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

یەكێــــــك لە كــــــــارە دزێوەكانــــــی سیستـــەمــی سیاســـــی لـــە دوای قۆناغی كۆیلایەتی، شاردنــــــەوەو ریتووشكردنی سیمـــاو روخســــاری كۆیلایەتی بووە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین؛ کامەران مەنتک

یەكێك لە كارە دزێوەكانی سیستەمی سیاسی لە دوای قۆناغی كۆیلایەتی، شاردنەوەو ریتووشكردنی سیماو روخساری كۆیلایەتی بووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو تواناكانیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی ئادگاری دزێو و قێزەونی كۆیلایەتی بڕازێننەوەو جوانی بكەن، ئەمەش یەكێك لەو هۆكارانە بووە، كۆیلەكانیش بەخۆیان نەزانن ولەكۆیلایەتی بوونی خۆیان تێنەگەن و هەرگیز خۆیان وەك كۆیلەیەك نەبینن و پێناسە نەكەن، ئەمە وایكردووە نەك هەر تەنیا بە گژ كۆیلایەتی دا نەچنەوە، بگرە بە توندییش بەرگری لێبكەن و بەگژ ئازادییەكاندا بچنەوە، بە واتایەكی تر خودی كۆیلەكان خۆیان باشترین پارێزەری كۆیلایەتی بن وبەهەموو توانایەكیشییانەوە رووبەڕووی ئەو هێزانە ببنەوە، كە دەیانەوێت رزگاریان بكەن! بۆیە ئەگەر سەیری هەموو ئەو شەڕو رووبەڕووبوونەوانە بكەین، كە لەنێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلەكاندا، یاخود ئەوانەی بەرگری لە كۆیلایەتی دەكەن ودەیانەوێت وەك خۆیان بمێنێتەوە لەگەڵ ئەوانەی خەبات بۆ ئازادییەكان دەكەن، بۆمان دەردەكەوێت زۆربەی ئەو كەرەستانەی لەلایەن هەردوو بەرەی شەڕكەردا بەكاردەهێنرێن، كۆیلەكان خۆیانن و تا رادەیەكی زۆر كوژراو بكوژ هەر كۆیلەكان دەبن، لەبەرئەوەی لەبەرەی خاوەن كۆیلەكانیشدا، ئەوە خاوەن كۆیلەكان نین، كە دەچنە گۆڕەپانی شەڕو خوێنی خۆیان دەڕێژن، بەڵكو ئەوان ئەو كۆیلانە بەكاردەهێنن، كە لەگەڵ كۆیلایەتی راهاتوون نایەوێت رزگاربن ولە ئازادییەكان دەترسن، ترسان لە ئازادی، لەبارترین دەرفەت بۆ خاوەن كۆیلەكان دەڕەخسێنێت، كە بتوانن بە باشترین شێوە كۆیلەكان بەكاربێنن وبەگژیەكتریان بكەنەوە، بۆیە وەك ئاماژەی پێكرا، زۆربەی شەڕەكانی مێژوو لەنێوان دوو جۆر كۆیلەدا بووە، ئەو كۆیلانەی دەیانەوێت سیستەمی كۆیلایەتی تێكبشكێنن وئەو كۆیلانەی شەڕ لەسەر پاراستنی سیستەمی كۆیلایەتی دەكەن.

لەهیچ شوێنێكی دنیادا نییە خاوەن كۆیلەكان خۆیان بچنە بەرەكانی شەڕو شەڕ لەسەر پاراستن و هێشتنەوەی سیستەمی كۆیلایەتی بكەن، ئەوان ئەگەرچی دروشمی گەورە بەرزدەكەنەوەو زۆرجارانیش ئازادییەكان وەك ئامڕازێك بۆ بەرگریكردن لە كۆیلایەتی بەكاردەهێنن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوان ئەمە بۆ ئەوە ناكەن، كە ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵكو ئەوان دەیانەوێت باشترین ژیان نەك بۆ خۆیان بەڵكو بۆ نەوەی نەوەكانیشیان مسۆگەر بكەن، كەسانێك، كە بەو شێوەیە لەپێناو باشتركردنی ژیانی خۆیاندا بژین، هەرگیز نە ئامادە دەبن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، نە بەشایەنی ئەوەشی دەزانن لەگەڵ كۆیلەكان رووبەڕووببنەوە وخۆیان بهێننە ئاستی ئەوان، هەمیشە ئەو شتانەی لا ئەوان بەهای نییە، ژیانی كۆیلەكانیانە، بۆیە خوێنی كۆیلەكان هەرزان فرۆش دەكەن ولەجیاتی ئەوەی لە بواری بازرگانی وئابووریدا وەكو سەر ئاژەڵەكانی تر مامەڵەیان پێبكەن، دەیاننێرنە بەرەكانی شەڕو دەیانكەنە قوربانی مانەوەو خۆشگوزەرانی خۆیان، تا ئەو كاتەی كۆیلەكانیش لەمە تێدەگەن ودرك بەو راستییە دەكەن، هەموو شتێكیان لەدەستداوەو ئیتر توانای ناڕەزایەتی وهیچ بەرەنگاربوونەوەیەكیان نەماوە، لەبەرئەوەی زەمەنی توانای بەرەنگاربوونەوەو ململانێیەكانیان لای ئەو نەوەیە بەسەر دەچێت، دەبێت چاوەڕوانی نەوەیەكی تری هوشیار و زیندوو بكەن، بۆئەوەی ئەو ئەركە بخاتە ئەستۆی خۆی!.

لەم روانگەیەوە دەگەینە ئەو خاڵەی، چەندەی كۆیلە بەكۆیلایەتی بمێنێتەوە، هێندە زیاتر لە ژیانی كۆیلایەتی رادێت ولای ئاسایی دەبێت، هەموو ئەو ئامڕازانەی لەدەوروبەریشیدا هەیە، خزمەت بە كۆیلەبوونەكەی ئەو دەكەن، بە واتایەكی تر هەموو ئامڕازەكانی بەردەستی دەسەڵاتداران وسیستەمی سیاسی دەخرێتە خزمەت ئاسایكردن وقووڵكردنەوەی كۆیلایەتی، كاتێك بەتێپەڕینی كاتیش كۆیلایەتی زیاتر قووڵ دەبێتەوە، ئەوە شەڕكردن ورووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگتر و زەحمەت تر دەبێت، لە هەندێك كاتدا وا لەدەسەڵاتدارە ستەمكارەكان دەكات، لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا بگەنە ئەو رایەی، كە ئیتر جڵەوی هەموو شتێك كەوتۆتە دەست خۆیان هیچ كەسێك ناتوانێت رووبەڕوویان بێتەوەو شوێن پێی كورسی دەسەڵاتەكەیان لەق بكات، ئەمەش ئەو هەڵە زەقەیە، كە هەموو دەسەڵاتێكی چەوسێنەرو ستەمكار تێی دەكەوێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ستەمكار بگاتە هەر رادەیەك لە بەهیزی، هەرگیز ناتوانێت هەموو كایەكان بەتەواوی كۆنتڕڵ بكات وئەگەر بەسەر ركابەرو دوژمنەكاننیشیدا زاڵ بێیت وبییانخاتە ژیر ركێفی خۆیەوە، ئەوا بێئەوەی هەست پیبكات، لە ناوەخۆی درزی تیدەكەوێت نارەزایەتی نهینی دروست دەبێت، واتە ئەوانەی لەدەورەبەریدا خۆیان وەك خزمەتكارو دۆست نیشان دەدەن، دەبنە گەورەترین وترسناكترین دوژمن لەسەر كورسی دەسەڵاتەكەی، لەبەرئەوەی لەلایەك بەهۆی نزیكیان لە دەسەڵاتی ستەمكارەوە دەتوانن چێژ لە پیادەكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی نایاسایی و ناسروشتی وەربگرن، كە ئەمە فێری چێژ وەرگرتن لەدەسەڵاتیان دەكات، لەلایەكی تر گیانی خۆ بەگەورەبوونیان لادروست دەبێت هەرگیز خۆیان لە دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان بە كەمتر نابینن، ئەوەی ئەو رێگەیەش ئاسانترو خۆشتر دەكات بۆ یاخی بوون.

ناسینی جەوهەری دەسەڵاتداری ستەمكارە، دوای ئەوە لەنزیكەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن بۆیان دەردەكەوێت، كە ئەو كەسانە شایستەی ئەو هەموو مل بۆكەچكردنە نینەو هەستی ئەوەیان لا دروست دەبێت، كە ئەوان خۆیان بەهێزترو شایستەترن ببینن، ئەمە جگە لەو سوكایەتییەی بەبەردەوام لەلایەن ستەمكارەكانەوە پێیان دەكرێت، هەرچەندە وەك ئاماژەی پێكرا سەرەتا ئەمە فێری ملكەچبوونی زیاتریان دەكات، بەڵام لە چركەیەكدا گیانی یاخی بوونیان، ئەگەر تا هەر رادەیەك سەركوتكرابێت، دەجولێنێتەوەو بیر لەیاخی یوون دەكەنەوە، بەم شێوەیە یاخی بوون و بەرەنگاربوونەوە دەست پێدەكات، تەمەنی یاخی بوونە هەرچەند درێژ بێت و ستەمكاران بنوانن بەرگری لە خۆیان بكەن، لە كۆتایدا هەر لە بەرژەوەندی ئەوانە تەواو دەبێت، كە ئاڵای بەرەنگاربوونەوەیان هەڵگرتووە، لەبەرئەوەی رۆژ بە رۆژ كۆیلەكان زیاتر دەچنە پاڵ ئەوانەو بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی لە ئارادایە زیاتر دەبێت، تا ئەو كاتە هەموو شتێك بەكۆتا دێت و قۆناغە دەگۆڕێت، بێگومان ئەو قۆناغە كۆمەڵگە تا ئەو پەڕی ماندوو بوون ماندوو دەكات زیانی زۆر گەورەی پێدەگەیەنت، ئەمە وا دەكات فەرمانڕەوا نوێیەكان تا ماوەیەكی زۆر خەریكی چاككردنەوەی ئەو وێرانكاریانە بن، كە بە هۆی شەڕو رووبەڕووبوونەوەكانەوە روویداوە، كە ئەمەش دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت، بەهۆی ئەو كارانەی دەیكەن، خەڵك لەخۆیان رازی بكەن و كۆمەڵگەكەیان تا رادەیەك ئاشتی و سەقامگیری بۆ ماوەیەك بە خۆیەوە ببینێت.

نمونەی ئێجگار زۆرمان لەمێژوودا هەیە، كە دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان بەدەستی كۆیلە یاخییەكانی خۆیان لە دەسەڵات خراون، چونكە ئەگەر هیچیان پێ نەكرێت، وەك تۆڵە كردنەوەیەك لەژێرەوە دەست لەگەڵ دوژمنەكانی دەسەڵاتەكە تێكەڵدەكەن وخاڵە لاوازەكانی دەخەنە بەردەست، رەنگ بێت لەمێژووی نوێدا حكومەتە دیكتاتۆرەكەی سەدام حوسێن باشترین نمونە بێت بۆ ئەو شیكردنەوەیە، وەك بینیمان چۆن دوای ماوەیەكی كەم لەرووخانی رژێمەكەی، كەسە نزیكەكان وتەنانەت پاسەوانە دڵسۆزەكانی خۆی لە ئەمریكا وەك پەناهەندە وەرگیران وژیانی نوێیان لەو وڵاتە دەستپێكرد، كە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ رووخاندنی رژێمەكەی سەدام، دیارە ئەمەش وەك تۆڵەكردنەوەیەكی نێگەتیڤانە بوو، بەرامبەر ئەو سووكایەتی وزوڵم وزۆرەی لە ماوەی دەسەڵاتی سەدامدا پێیان دەكرا!

هاوشێوە