رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

بۆچی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە بازاڕێکی ئازادی راستەقینە هەیە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: بەمۆ نوری
وەرگێڕان: ئازادبوون

بۆ ماوەی دوو دەیەیە ئابوری سیاسی عێراق لەناو بازنەیەکدا  گیری خواردووە، پارتەکان کۆنترۆڵی کارو پیشەکان دەکەن، کاروپيشەکانیش دەنگەکان مسۆگەر دەکەن، دەنگەگەکانیش دووبارە دەسەڵاتی پارتە سیاسیەکان بەرهەم دەهێننەوە.

لەهیچ شوێنێکدا هێندەی هەرێمی کوردستان بەڕونی ئەوە دەرناکەوێت کە دامەزراندن لە حکومەتدا و هەلی کار بە تەزکیەی پارتەکان سەلامەترین رێگەن بۆ خەڵکانی ئاسایی کە بەدوای سەقامگیری ژیانیاندا دەگەڕێن.دیارە شکاندنی ئەو بازنەیەش زیاتر لەدروشمی چاکسازی و هەموارکردنەوەی دارایی پێویستە.

بەڵکو پێویستی بە بازاڕێکی ئازادی راستەقينە هەیە کەلەسەر بنەمای یاسا دانرابێت و بازاڕێکی کراوە بێت بۆ کێبڕکێ و وەبەرهێنان، بەجۆرێک کە داینەمیکیەتی بازاڕ بژێوی ژیان بخوڵقێنی نەک مەحسوبیەتی حيزبی، بەو پێیەش دەنگدەران دەتوانن بە بیروهۆشی خۆیان حوکم لەسەر پارتەکان بدەن نەک لەبەر مووچە حیزبیەکانیان.

ئابووریی مەحسوبیەت:

هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا، کەرتی گشتی زاڵە بەسەر ئابووری و بازاڕی کاردا. نەخشەڕێگایەکی بانکی نێودەوڵەتی بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە خەرجی گشتی لە نیوەی بەرهەمی ناوخۆیی زیاترە و حکومەت بەتەنها گەورەترین خاوەنکارە، بە جۆرێک کە مووچە و خانەنشینی بەشی زۆری بودجەی گشتی دەبات.

کاتێک دەوڵەت دەبێتە خاوەن کاری سەرەکی، پارتە سیاسیەکان دەبنە دەڵاڵی کارەکانی دەوڵەت و دەبنە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی دەرفەتی کارکردن. بۆیە هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا هان دەدرێن کە دەنگ بەو کەسانە بدەن کە کۆنترۆڵی مووچەکان دەکەن، نەک بەو کەسانەی کە بەرنامەیەکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدان پێشکەش دەکەن.

لەمێژەوە لەهەرێمی کوردستاندا ئەو میکانیزمەی کە پەیڕەودەکرێت بۆ گۆڕین لەپاشکۆیەتی ئابوریەوە بۆ وەلائی سیاسی،  بریتی بووە لە مەحسوبیەت. ئەمەش لەپێناو دەستگەیشتن بە کاری حکومەت و گرێبەستە حکومیەکان، پۆستە ئەمنیەکان لەرێگەی حیزبەکانەوە.

شرۆڤەکاران ئەوەیان رونکردۆتەوە کە چۆن  ئەم سیستەمە دوو رەهەندیە حیزبییە کە زەوی و دامەزراوەو داهات دابەش دەکات، وا لەخاوەن کارەکان دەکات کە زوو درک بەو راستيە بکەن، بۆ ئەوەی تەندەرەکانیان بۆ دەرچێت، موەڵەتەکانیان زامن بکەن، کاڵاکانیان لەخاڵەکانی پشکنین دەربازکەن،  پێویستیان بەسەرپەرشتیارێکە کە سەر بەدیوەخان بێت، یان پەیوەندی بە دەزگایەکی ئەمنیەوە هەبێت، یان بەکارێکی بازرگانی  گرێدراو لەگەڵ حیزبدا.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش تەمومژێک لە باجدان و بێرۆکراتیەت و گەندەڵی ئەوەندی تر رێگەی چوونە ناو بازاڕیان خنکاندووە.

هەڵسەنگاندنێکی ئەمریکی لە ساڵی 2024 دا ئاماژە بەوە دەکات کە دەستپێکردن و بەگەڕخستنی بازرگانییەک لە عێراقدا رەنگە چەندین مانگی پێبچێت، بە هۆی بیرۆکراتیەت و کرێی زۆر کەدەبنە هۆی هەڵاوسانی تێچووەکان. پێداچوونەوەیەکی ئەنجومەنی بازرگانیی عێراق-بەریتانیا خەمڵاندوویەتی کە دامەزراندنی کۆمپانیایەک بە تێکڕا 160 ڕۆژی پێویستە، و گەندەڵی دەتوانێت نزیکەی پێنجیەکی قازانجەکەت ببات (ئەم رێژەیەش لەهەر شوێنێک بێت توانای کێبڕکێ لاواز دەکات). کەواتە سەیر نییە کە زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکان بە نافەرمی دەمێننەوەو بەوەش هەردوو کەرتی دەوڵەت و تایبەت لە قەوارەی خوازراوی گەشەپێدان بێبەش دەکات.

باجی پەراوێزخستن- چۆن هەرێمی کوردستان بەشداری لە کێشەی کۆچکردن بۆ ئەوروپا دەکات.

لە دەساڵی رابردوودا کێشەکە تەنها لە نەدانی مووچەی گشتیدا نییە بە هۆی گەندەڵییەوە، بەڵکو سەدان هەزار عێراقی بەتایبەتی گەنجانی کورد خۆیان بەبێبەش دەزانن لەم ئابورییەی کەلەسەر بنەمای مەحسوبیەت بنیاتنراوە.

ئەمە تەنها کێشەی تواناو کارامەیی نییە، بەڵکو کێشەی کەرامەتە، لەبەرئەوەی کاتێک هیچ پەیوەنیەکی حیزبیت نییە، ناتوانیت کاری حکومەتت دەستکەوێت، یان تەندەرێک ببەیتەوە، یان پرۆژەیەکی سەربەخۆی خۆت دامەزرێنیت، کاتێک ئەم لەمپەرانە دێنە بەردەم ئاسۆکانی ژیانت، کەسانێکی زۆر سەرکێشی بەژیانی خۆیانەوە دەکەن بۆ ئەوەی سنورەکان ببەزێنن لەپێناوی دۆزینەوەی دەرفەتێک لە شوێنێکی تر. 

ئەو دیمەنە تراژیدیانەی لاوانی کورد کە لەدەریاکاندا نوقم دەبن و لەناو کەرەڤانی بارهەڵگرەکاندا دەخنکێن بەتەنها چیرۆکی کۆچ نین، بەڵکو ئەمانە قوربانی ئەو رژێمەن کە هەلی کار دەبەستێتەوە بە دەنگدانەوە، ئەوەی سپۆنسەرێکی حیزبی نەبێت دوردەخریتەوە.

ئەوانەش کە ناتوانن یان ئارەزوی هاڵهاتن ناکەن، زۆر جار رێگەی نائومێدی دەگرنە بەر و دەبنە ئامانجی گروپە چەکدارەکان، هەروەک چۆن لەگەڵ داعش و میلیشیا ئێرانیەکان و گرووپەکانی تردا بینیمان کە چۆن لاوانی بێ هیوا بەکاردەهێنن کەهەست بە پەراویزخستن و بێبەشبوون دەکەن لەدەرفەتەکان.

بازاڕی ئازادی راستەقينە دەرفەتێک دەخاتە بەردەم ئەم لاوانە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ژیان لە نیشتیمانێکدا کە پشت بە بەهرەو کارامەیی و توانا ببەستێت نەک وەلائی سیاسی.

لێرەدا رۆڵی حکومەتە بیانیەکان، لایەنە بەخشەرەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دێتە ئاراوە، ئەوان لەجیاتی فەراهەمکردنی پارە بۆ هاوکاریکردنی هەمان کەناڵی مەحسوبیەت، دەتوانن چاکسازی رەگوڕيشەیی بکەنە پێشمەرجی موەڵەتدانی دیجیتاڵی و کڕین و گرێبەستەکان و بیکەنە مەرج بۆ وەبەرهێنان و هاوکاریکردن. ئەمەش لەو سیاقەدا کە دەستەبژێری سیاسی ناتوانێت خۆی خۆی چاک بکات ئەگەر فشارێکی دەرەکی نەبێت بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە.

بۆچی وەبەرهێنەران دوور دەکەونەوە

وەبەرهێنەرانی بیانی ئەوە دەبینن کە خەڵکی ناوخۆیش دەیبینن: یاسا ناڕوونەکان، ئاسانکاری لە پارەداندا، و ئەو گرێبەستانەی کە دوچاری دەستێوەردانی سیاسی دەبنەوە. هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 ئاماژە بە گەندەڵی، تۆمارکردنی تەمومژاوی، ڕێکارەکانی گومرگ و باج، و ڕێکارەکانی ڤیزای نائاسایی دەکات کە دەبنە هۆی لاوازکردنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی (FDI. فرێدۆم هاوس ئاماژە بەوە دەکات کە داواکردنی بەرتیل، هەڕەشەکان، و تەنانەت هەوڵی توندوتیژانە بۆ دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیاکان ، لەگەڵ حاڵەتەکانی ئەم دواییەی بەرتیلدان لە کەرتی پەیوەندییەکاندا نیشان دەدات کە ئەم رەفتارانە چەند قوڵ بوونەتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) پێکهاتەی فەرمی هەیە: یاسای وەبەرهێنانی 2006 و دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی باج و گومرگ بۆ ماوەی دەساڵ دەبەخشنە ئەو کەرتانەی ئەولەویەتیان هەیە، ئەمە لە سەرەتادا بووە هۆی بەرپابوونی ئەنجامدانی شەپۆلێک پرۆژە، بەڵام یاسا نوسراوەکان ئەرزشیان نییە ئەگەر بەسەر هەموودا جێبەجێنەکرێن. ئەگەر موەڵەتەکان بەپێیی تواناو لێهاتوویی نەدرێن و زەویەکان بە شەفافیەتەوە دابەشنەکرێن و کاربەدەستان خزمەتی خەڵک بکەن نەک بارەگای حیزبەکان. ئەگەر نا ئەوا هاندانی وەبەرهێنان دادەڕمێ و دەبێتە دابەشکردنێکی هەڕەمەکی داهاتەکان و لەئاکامدا هەردوو دادوەری و گەشەسەندن لاواز دەکات.

بازاڕی ئازاد دەتوانێت چی بگۆڕێت؟

بازاڕێکی ئازادی راستەقینە دەتوانێت بە چوار شێواز  عێراق و هەرێمی کوردستان فۆرمەڵە بکاتەوە، یەکەم: سەرچاوەکانی داهات فرەجۆر دەکات و خێزانەکان رزگار دەکات لە بەتەنها پشتبەستن بە وەزارەتەکان، بازنەی “هەلی کار بەرامبەر دەنگدان” دەشکێنێت. دووەم : چاکسازی لە پیشەیی دەرفەتەکاندا دەکات لە رێگەی بەدیجیتاڵکردنی موەڵەتەکان و تۆمارکردن و کڕینەکان، بەو پێیەش زاڵ دەبێت بەسەر باجە حیزبيەکاندا. سێیەم: رێگە خۆش دەکات بۆ وەبەرهێنانی بیانی راستەوخۆ(FDI)، لەبەرئەوەی کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکان کاتێک باج قبوڵ دەکەن کە بنەمای یاساییان هەبێت، بەڵام خۆیان لە پارەدانی ناڕەوا و دەستێوەردان دەپارێزن.

لەگەڵ هەبوونی دادگای کاراو گومرگی مۆدێرندا، تەوژمی وەبەرهێنان کەرتەکانی لۆجیستی و کشتوکاڵی و پیشەسازیش دەگرێتەوە.چوارەم: چوارچێوەیەکی یاسایی دەبەخشێتە ئابوریەکی نافەرمی لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچوون و هاندانی تۆمارکردنی کۆمپانیا بچووکەکان و فراوانکردنی بنەمای باجدان و ئاڕاستەکردنی خەرجييە گشتییەکانی دەوڵەت لە مەحسوبیەتەوە بۆ کاڵای گشتی.

شۆکە هەرێمی و جیۆپۆلیتیکیەکان

ئەم جۆرە چاکسازییانە – بەتایبەتی بانکداریی دیجیتاڵی و سیستەمی دارایی شەفاف – شەپۆلی کاریگەرییەکانیان عێراق تێدەپەڕێنن.

دەوڵەتە دراوسێکانی وەک تورکیا و ئێران بۆ سەپاندنی نفوزی خۆیان پشت بە کۆنترۆڵی بازرگانی، تەحویلاتی نافەرمی، و تۆڕەکانی مەحسوبیەت دەبەستن.بەتایبەتی ئێران لەسەر کەناڵە ناڕوونەکان گەشە دەکات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی سەری  و پارەدارکردنی پارتەکان. فەراهەمکردنی سیستەمێکی دارایی دیجیتاڵ زۆربەی ئەو سەپاندنی نفوزانە لەناودەبات. لەبەرئەوە چاکسازیی بازاڕ تەنها هەوڵێکی ئابووریانە نییە بەڵکو جیۆسیاسیشە: سەروەریی عێراق بەهێز دەکات و زەمینە بۆ ئەو هێزانە خۆش دەکات کە هەوڵی  سنوردارکردنی نفوزی ئێران دەدەن لەناوچەکەدا.

. گەیشتن بە ئامانج،

سێ لەپێشینەی سەرەکی گرنگترینن. یەکەم، پاککردنەوەی ئەو کەناڵانەی کە سەرمایەیان پێدا دەڕوات ئەوەش لەڕێگەی  ڕێکخستنی تۆمارکردن لە یەک پەنجەرەی دیجیتاڵیدا(نافذة رقمية) لەگەڵ پابەندبوون بە وادەکانیانەوە.

 و دیجیتاڵکردنی گومرگ بۆ نەهێشتنی پارەدانە لاوەکییەکان. دووەم، پێکهێنانی پایەیەکی پتەو بۆ دادوەری بازرگانی لەرێگای دروستکردنی دادگای تایبەتمەندو ناوبژیوانی کاراو بەهێزکردنی کێبڕکێ و بۆ سنوردارکردنی قۆرخکاری و کارتێڵەکان. ئەمانەش ئەو پێشنیارانەن کە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥  جەختی لەسەر کردۆتەوە بۆ عێراق. سێیەم: داماڵینی بازاڕ لە سیاسەت کاتێک بازاڕو دەوڵەت بەریەک دەکەون، ئەمەش لە ڕێگەی دەستەکانی وەبەرهینانەوە، بەجۆرێک کە دابینکردنی زەوی و تەندەرە گەورەکان بە تەواوەتی شەفاف بن. ورێگری لە بەرپرسەکان بکرێت بەشداری تەندەرەکان بکەن لەرێگەی کۆمپانیاکانیانەوە کاتێک پۆستی فەرمیان هەیە.

لێکەوتە سیاسیەکان – کۆتاییهاتنی کار بەرامبەر بە دەنگدان

کاریگەرییە سیاسیەکانی چاکسازی مەزن دەبن، کاتێک کەرتی تایبەت دەبێتە سەرچاوەیەکی راستەقینەی بوژاندنەوە، ئەو کاتە هاوڵاتیان دەنگ نادەن لە پێناوی پاراستنی مووچەکانیان ، بەڵکو دەبنە پاڵپشتێکی تۆکمە بۆ ستراتیژی گەشەسەندن، ئەو کاتە پارتە سیاسیەکان دەبێت کێبڕکێ بکەن لە سەر چاککردنی کارەباو وەبەرهێنانی بیانی راستەوخۆو پەروەردەو سیاسەتی تەندروستی، نەک لەسەر بەڵێنی پێدانی مووچە.

کەسە بەگومانەکان دەڵێن کە هەرگیز دەستەبژێری سیاسی واز لە مەحسوبیەت ناهێنێ، بەڵام بازاڕی ئازاد خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش دەکات لە دور مەودادا، لەبەرئەوەی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی باج و داهات قەیرانە داراییەکان کەمدەکاتەوە، گەشەسەندنیش بە هەوڵی کەرتی تایبەت شۆکەکانی هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت هێور دەکاتەوە.

ئەڵتەرناتیڤی تر بریتییە لە ئابوریەکی پوکاوە کە خاوەنکاران بە چرپە باسی باجی حیزبەکان دەکەن، وەبەرهێنەران دوور دەکەونەوەو گەنجانیش داهاتویان بەوە دەپێون کەکێ فۆرمەکانیان مۆر دەکات. بازاڕی ئازاد بیرۆکەیەکی رۆژاوایی نییە بەڵکو پابەند بوونە بە بنەمایەکی یەکسان. سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەم پابەندبوونە دڵنیاترین رێگایە بۆ پاراستنی کەرامەت، هەروەها بۆ سیاسەتێک کە خەڵک دەنگ بە فیکر بدات نەک لەپێناوی پاراستنی کارەکەیدا.

هاوشێوە