رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ویستى سروشتى و ویستى دروستکراو

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.کامەران مەنتک

     بەر لەدروستبوونى کۆمەڵگا، واتە لەحالەتى ژیانى سروشتیدا، ئەو حالەتەى تاوەکو ئێستا مرۆڤ بەو بەهەشتەى تێدەگات، کە لەئەنجامى کردەوە ناڕاست و خواروخێچه‌كانی لەدەستیداوە. ویستەکان زیاتر سروشتین و غەریزەكان بەڕێوەى دەبات، بۆئەوەى جەستەکە ئەو کردارانە ئەنجامبدات، کە خۆ پاراستن و مانەوە گەرەکیەتى، پەیوەندى نێوان ویست وغەریزەش، کە هەردوولا کاریگەرى هاوبەشیان لەسەریەکتردا هەیەو رەنگدانەوەى یەکترن، ئەوە دەردەخات، کە ئەو مرۆڤە گەیشتۆتە قۆناغێکى مەدەنى یاخود نا، چونکە ئەو کاتەى مرۆڤەک لە بوونەوەرێکى سروشتیەوە دەبێتە بوونەوەرێکى مەدەنى، واتە لە بوونەوەرێکى سروشتیەوە دەبێتە کەسایەتیەک لەنێوکۆمەڵگادا، پەیوەندیەکانى نێوان ویست و غەریزە دەگۆڕین.  لە پەیوەندیە نوێیەکەدا، ئاوه‌ز بەشداریەکى زۆر لەگەڵ غەریزەکەدا ده‌كات و هه‌وڵده‌دات رتووشى بکات. تەنانەت دەتوانین بڵێین، لە زۆر شوێندا جێگاى دەگرێتەوە.

ئەمەش وادەکات ئاوه‌زەکە، ویستەکەو غەریزەکەش گۆشبکات و لەدۆخێكی سروشتیەوە بیانگۆڕێت بۆ دوخێکى کۆمەڵایەتى و مەدەنى. کەواتە ویستەکە کاتێک دێتە نێو کۆمەڵگاو نەشونما دەکات، پەیوەندى لەگەڵ لایەنە مەعریفى و رەفتاریەکانى ترى خودى مرۆڤەکە پەیدا دەکات. لەگەڵ بەرەو پێشچوونى زەمەن و گەورەبوونى بڕى تاقیکردنەوەکانى مرۆڤ، ئەو پەیوەندیانە زۆرترو فراوانتر دەبن، ئەمەش بە پێى خۆى دەبێتە هۆى لەیەککشان و گەورەتربوونى چوارچێوەى ئازادیەکان. چونکە مرۆڤ کاتێک دەکەوێتە دۆخێکى مەدەنیەوە، جگە لەهۆکارە سروشتیەکان، زۆر هۆکارى تر کۆمەڵگایى لەدایک دەبن، کە کار لەگەورە بوون و پێگەیشتنى ئاوه‌زه‌کە دەکەن. ئەمەش کاریگەرى دەبێت لە چۆنیەتى فراژى بوون و پەروەردەکردنى کەسایەتى هەڵگرى ئاوه‌زەکە. مرۆڤ لەو دەمەدا فێرى ئەوە دەبێت تەنیا بەسک بیرنەکاتەوەو بۆ ئەو ڕۆژە نەژیت تیایدایە، بەڵکو بیر لەداهاتووش بکاتەوە، هەوڵبدات ئامانجێک بۆ خۆى دابنێت و هەموو ماوەى ژیانى بۆ خزمەتکردن و گەیشتن بەم ئامانجە تەرخان بکات. به‌واتایه‌كی تر هەوڵی ئەوەدەدات دواڕۆژ بۆ خۆى بەرجەستە بکات، ئەگەرچى بەرجەستەکردنى دواڕۆژ کارێکى ئاستەنگەو پەیوەندى بە رەهەندەکانى کات و شوێنەوە هەیە، کە ئەوانیش زۆر جاران بە هۆى گۆڕانە گەورەکانى سروشتەوە، گۆڕانى وایان بەسەردادێت، كه‌ ئاوه‌زی مرۆڤەکە درکى پێناکات و نایبڕێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەوڵانەى مرۆڤ بۆ بەرجەستە کردنى دواڕۆژ ده‌یدات، گۆڕانى زۆر گەورە بەسەر خودى مرۆڤەکە دادەهێنێت و ورد بوونەوە لە ژیانى داهاتوو، وایلێدەکات کار بۆ ئەوە بکات مەترسیەکانى دوا ڕۆژ کەمبکاتەوە، ئەو مەترسیانەى لەگەڵ مرۆڤەکەدا لە دایک دەبن و لەگەڵ ئەویشدا گەورە دەبن.  ئەگەرچى زۆرجاران ئەو مەترسیانە غەریزى و سروشتین، به‌ڵام مرۆڤ دەخەنە دڵەڕاوکێیەکى بەردەوامەوە، دڵەڕاوکێش کردارێکى نائاساییە لە ژیانى سروشتى مرۆڤدا و لەگەڵ ژیانى کۆمەڵگایدا مرۆڤدا لەدایک دەبێت و ئەرکێکى تری بۆ زێدە دەکات، كه‌ ئەویش هەوڵدانە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە، ئەمەش وادەکات مرۆڤ نەک بە تەنیا بیر لە ئازادیەکەى ئێستاى بکاتەوە بەڵکو هەوڵبدات ئازادى دواڕۆژیشى مسۆگەر بکات. هەرچەندە ئەمە کارێکى سەخت و ئاستەنگە، لەبەرئەوەى مامەڵەکردن لە گەڵ دوا ڕۆژ، هەر چەندە مامەڵە کردنێکى ئاوه‌زمەندانە بێت، ئادگارێکى میتافیزیکانەى پێوە دەلکێت. به‌ڵام ئەم کارە ئارامى و تارادەیەک سەقامگیریەکى دەروونى پێدەبەخشێت. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەى وایکردووە، ئایینەکان بە درێژایى تەمەنى مرۆڤایەتى، لەگەڵ مرۆڤدا بژین و لێى جیانەبنەوە، هاوکات هەر  ئەمەشە بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئەوانەى بە قووڵى لە دین گەیشتوون و پسپۆرن تیایدا، واتە لەلایەنى مەعریفى و گیانى ئاینیدا لە ئاستێکى بەرزدان و باوەڕێکى پتەویان لا دروستبووە، لە ئارامى و دڵنیاییەکى گەورەى دەروونیدا بژین، واتە لەمرۆڤێکى ئاسایى زیاتر هەست بە ئازادى دەکەن و دەتوانن باشتر چێژى لێوەربگرن.

رەنگە لێرەدا پرسیارێک بێتە ئارا، ئەویش ئەوەیە، کە منداڵ هێشتا فێرى بیرکردنەوە نەبووە، یاخود شێت، یاخود مرۆڤێکى کەم ئاوەز، ئەگەرچى ئەمانە لە ئاستێکى مەعریفى یەکجار نزمدان، کەچى لە بارێکى ئارامى و پڕلە دڵنیاییەوە دەژین؟! لێرەدا بارەکە وادەکەوێتەوە هەردوولا، مرۆڤە نەزانەکە و شێتەکە، ئازادترن لەو خەڵکانەى له‌ نێوەندى ئەم دوو ئاستەدان!. وەک باسمان کرد ئازادى پەیوەندى بە ویستەوە هەیە. منداڵ، یاخود شێت، یاکەم ئاوەز، یا ویستیان نیە، یاخود ویستەکەیان تەواو نیە، بۆیە خاوەنى کەسایەتیەکى تەواو نین. راستە وەکو مرۆڤێک لە نێو کۆمەڵگادا مافیان پارێزراوە، بەڵام هیچ ئەرکێکیان ناکەوێتە سەرشان. کەواتە بۆئەوەى ئازادى لە ئارا دابێت، پێویستە هاوێرکردن و لەیەکترجیاکردنەوە هەبێت.  هاوکات ئەو بابەتانەى، كه‌ دەیکاتە کرۆکى لێوردبوونەوەکەى لە دەورووبەر، یاخود بە شێوەیەکى تر لە پەیوەندیەکانى نێوان شتەکانى دەورووبەر، پێویستە روون و ئاشکرا بن، چونکە روونى و لەیەکتر هاوێر کردن، دوو ئەستوندەى گرنگى راستەقینەن، چەندەى رامان و لێوردبوونەوە لە بابەتەکان زۆرتر و بەهێزتر بێت، لە قۆناغە هزریەکەدا روونتر و جوانتر بەدیاردەکەوێت. شتێکى گومان هەڵنەگریشە، کەدرکپێکردنى مرۆڤ سنووردارە، لەو کاتەدا  ویستەکە بەتەنیا بۆ چەسپاندن، یاخود رەتکردنەوەى ئەو شتانە هەوڵدەدات و ئاوه‌زه‌کە درکى پێدەکات، بۆیە تەنیا ئەو یاسانەى روون و ئاشکران، ده‌توانن لە هەڵەکردن بیپارێزن.  چونکە چەمکى هەڵەکردنەکانیش لەگۆڕانی به‌رده‌وامدان. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کەخوا چیتر بەشێوەیەکى راستەخۆ لە هەڵەکانمان بەرپرسیار نابێت، چونکەخوا کامڵە، هەڵەکان دەرئەنجامى رەفتارەکانى خودی مرۆڤه‌كه‌یه‌، لەبەرئەوەى رەزامەندى ویست، رەزامەندى نواندنە لەسەر کردارێکى رەها، هەر بە هۆى ویستەکەوەیە ئەو شتەى روون و ئاشکرایە دەبێتە شتێکى گومان هەڵنەگر، به‌ڵام کاتێک ویستەکە بەرەو به‌ده‌ستهێنانی ماف دەچێت، ئه‌و كاته‌ زۆربەى ئەو شتانە ده‌سەپێنێت، کە سنوورى مەعریفەتى روون وئاشکرا دەبەزێنێت.  هاوکات کۆ کردنەوە لە نێوان درکپێکردنى سنووردارو درکپێکردنى بێسنوور، بەرەو ئەوەمان دەبات چیتر ئارەزووی به‌ده‌ستهێنانی مەعریفه‌ سنووردار نه‌مێنێت.  هەتا ئەگەر هەرگیز هەڵەش نەکه‌ین، ئەوا ئارەزووەکە هەمیشە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە مافەکە بزانین و لێی تێبگه‌ین، واته‌ ئەو شتانە بزانین، کەپێشتر بە روون و ئاشکرایى نەماندەزانى (لویس، نیه‌. 70).

تەنانەت یەکێکى وەکو هیگل هەڵەکردن بە رەتکردنەوەى خودى بوونەکە دەزانێت، کاتێک دەڵێت مادامەکى ویستەکە نابێتە بیرۆکە، بە شێوەیەکى کرداریش ئازاد

نابێت، تەنیا بەوە نەبێت، کە لە بوونى شتێکى دیاریکراودا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌و كاته‌ هەبوونەکەش خۆى لە خودى ئازادیەکەدا دەدۆزێتەوە، ئەمەش ئەوەى لێدەکەوێتەوە، کە توندو تیژى و بە زۆر پێکردن، خوده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راستەوخۆ تێكده‌شكێنێت (هیجل، 1996. 246). لەراستیدا ئەمە بیرو باوەڕى موعتەزیلەکانیشه‌. واته‌ سەربارى جیاوازى ئایین، بەشێک لەفەیلەسوفە دیانەکان و موسڵمانەکان لەسەر ئه‌م بۆچوونه‌ رێکن، چونکە ئەم بابەتە خۆى لە خۆێدا بابەتێکى فەلسەفیە، بۆچوونە فەلسەفیەکەش لە نێوان هەردوولایاندا وەکو یەکە.  بۆ نمونه‌( وائلى کوڕى عەتا )، کە بە دامەزرێنەرى رێبازى موعتەزیلە دادەنرێت لە ئیسلامداو تەنانەت ناوى موعتەزیلەش وەک بەشێک لە مێژوونوسان باسیده‌كه‌ن، لەوە هاتووه‌، کە ئەو ته‌ركی مەجلیسى( حسن البصری ) كردووه‌ و لێی جیابۆته‌وه‌، پێى وایە خوا حەکیم و دادپه‌روه‌ره‌، نابێت زوڵم یاخود شەڕانگێزى بخرێتە پاڵ، ناشكرێت فەرمانى وا به‌سەر بەندەکانى بسه‌پێنیت، کە بە پێچەوانەى فەرمایشتەکانى خۆى بێت. واته‌ فەرمانیان پێبکات كاریك بكه‌ن و پاشان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ سزایان بدات!. مرۆڤ خۆى بەرپرسیارە لە چاکەو خراپەو باوەڕهێنان و گاورى و خوا پەرستن و لە رێگالادان، لەبەرئەوە خواى گەورە داواى لە مرۆڤ ناکات شتێک بکات ئەگەر خۆى تواناى ئەنجامدانى ئەو کارەى پێنەبەخشیبێت.  وائل ئەمەى بە مەرجێک دادەنا بۆ ئازادى ویستى مرۆڤ، لەبەرئەوەى کردارى ویست تایبەتە بە مرۆڤ نەک بەخوا، ئەمەش واتاى ئەوەیە، کە خوا هەرگیز فەرمایشت بە ( معاصى ) ناکات.  بەڵکو مرۆڤ بە ویست و هەڵبژاردنى خۆى كاره‌كه‌ دەکات (الراوی، 1986. 55).

پەنا بردنە بەر هێزێکى میتافیزکى یاخود بە زارەوەیەکى ئایینى پەنا بردنە بەر خوا بۆ ئەوەى بیکەنە سۆنگەى کارەباش وخراپەکان، باوه‌ڕهێنان به‌وه‌ی، کەویستێکى گەورەتر هەیەو پاڵ بە ویستە بچوکەکە، واتە ویستى مرۆڤەکەوە دەنێت کارێک ئەنجامبدات، یاخود ئەنجامینەدات، تەنیا دۆزینەوەى پاساوێکە بۆ ئەوەى مرۆڤ خۆى لەئەنجامى ئەو کردارانە بدزێتەوە، کە ناوى تاوانى پێبڕیون و ویژدانى ئازاردەدەن، بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکات، کە بەر لە هەموو کەسێک بڕوا بەخودى خۆى بێنێت، کە ئەو لە ئەنجامدانى ئەو کارانەدا بەرپرس نیەو ویستێکى لەخۆى گەورەتر ئەم کارانەى پێکردووە!. کەواتە ئەو، واتا مرۆڤەکە تەنیا ئامڕازێک بووە بە گوێرەى خواستەکانى ئەو ویستە باڵایە جولاوەتەوە، کە لەسەرووى ئەودا بووە. دیکارت زۆر بە جوانى لەم لایەنە دواوەو چارەسەری کردوە، کاتێک دەڵێت :” هەر بەم جۆرەش خوا پێشتر هەموو رەفتارو کردارەکانى مرۆڤ دەزانێت و موقەدەریان دەکات، به‌ڵام ویستى مرۆڤ دیارى ناکات. بەواتایه‌كیتر، مرۆڤ خۆى کارەکە ئەنجامدەدات، به‌ڵام خوا پێشتر کارو کردارەکەى  دەزانێت، نەک لەبەر ئەوەى خوا پێشتر کارەکەى مرۆڤ دەزانێت بۆیە مرۆڤەکە ئه‌و كاره‌، به‌ڵكو خوا ویستی داوه‌ته‌ مرۆڤ و ئه‌و كاره‌كه‌ به‌ویستی خۆی ده‌كات. دیکارت دەیویست جەخت بکاتە سەر بابەتى هەڵبژاردنى مرۆڤ، بۆئەوەى ئەو بابەتە رەتبکاتەوە، کە دوچارى گومان بووە، هاوکات رەزامەندى خۆى سەبارەت بە راستى مەسەلەیەک رابگەیەنێت، کە بەمتمانەوە درکى پێکرابێت، دواتر دیکارت بە راشکاوى دەڵێت:” ئێمە بە شێوەیەکى ئازادانە هەڵەکان هەڵدەبژێرین، یاخود رەتیان دەکەینەوە، خوا لەمبارەیەوە به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بەرپرسیار نیە” (كاثلستون، 1379.  194).

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە بۆئەوەى ئازادى هەبێت، یاخود بە واتایەکى تر، بۆئەوەى بزانرێت ئازادى لە ئارادایە، بەر لە هەموو شتیک، دەبێت رەفتارێک، کردارێک  هەبێت، هەر کردارێکیش بەو پێیەى کەوا دیاردەیەکى دەرەکیە، لە کۆمەڵێکى ئاڵۆز لە پارچەى بەیەکەوە گرێدراو پێکهاتووە، واتە لە کۆمەڵێک یەکە پێکهاتووە، کە بەکۆتا نایەن، ئەمە جۆرە شێوازێک و تایبەیمەندیەک بە کارەکە دەبەخشێت، کە ناواخنەکەى بە تەنیا بەیەکەیەکى دەرەکى لاتەریک، سنووردار نەکراوە، بەڵکو ئەو ناواخنە گشتگیرەو له‌کۆمەڵێک یەکەى بەیەکەوە گرێدراو پێكهاتووه‌، بۆیە ئامانجەکانیش به‌هۆی ئەوەى لە یەکەیەکى ئاوه‌زمه‌ند دەردەچن، زیاتر شێوازێکى تەجریدیانە بەخۆیانەوە دەگرن، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا لایەنە سەرتاپاگیریەکە، واتە نیازەکە لە خۆوە دەگرن (هیجل، 1996. 276). لەبەرئەوەى نیازەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندان، دەبێت ئەو کارە لە کات و شوێنێکى دیاریکراو دابێت. چونکە دیارکردنى کات و شوێن بایەخێکى ئێجگار گەورەى له‌ دیاریکردنى بڕى ئازادبوون، یاخود ئازادنەبوونى ئەو ویستەى  کارەکەى ئەنجامداوە هه‌یه‌. لەبەرئەوەى رامان له‌ ئازاد بوونى کارەکە، بەگوێرەى ئەو روانگەیە دەگۆڕێت، کە سەیرى کارەکەى پێدەکرێت.

به‌ڵام گومانى تیانیە هەرکارێک، کە مرۆڤ ئەنجامیدەدات، دەبێت لەیەک کاتدا ئازادى و پێداویستى تێدا بێت وئەو دوو یەکەیەش لەگەڵ یەکتردا کۆک وتەبابن، چونکە لە هەموو کارێک بڕێکى دیاریکراو لە ئازادى و بڕێکى دیاریکراو لە پێداویستى دەبینرێت، هەرچەندە بڕى ئازادیەکە زۆرتربێت، بڕى پێداویستیەکە کەمتر دەبێت، پێچەوانەى ئەمەش هەر راستە، واتە ئەگەربڕى ئازادى کەم بوو، ئەوا بڕى پێداویستیەکە زۆرتر دەبێت، بەگوێرەى ئەو گۆشە نیگایەى سەیرى کارەکەى پێدەکرێت، وەلێ رێژەکە لە نێوان هەردوکیاندا، واتە لە نێوان ئازادى و پێداویستیەکەدا، بەردەوام پێچەوانەى یەکترە (تولستوی، 1913. 183). لێرەدا پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا لە کۆتاییدا ئازادى لەگەڵ پێداویستیدا تێکەلاوى یەکتر ده‌بێت؟. ئەو پرسیارە دوو لایەن تێکەڵ بە یەکتر دەکات، ئازادى، کە لەم دیدەوە زیاتر بەلایەنە گیانیەکەوە به‌ستراوه‌ته‌وه‌، لەگەڵ پێداویستى، کە پەیوه‌سته‌ بەرووی دەرەوەی مرۆڤ، واتە بەو هۆکارە دەرەکیەکانەی هەیەو کاریگەریان لەسەر رەفتارەکانى مرۆڤ هەیە. دەربارەى لایەنى یەکەم، وەک هیگل دەڵێت گیان بەشێوەیەکى گشتى سروشتى هەبووەکانى(موجودات) ئادەمیزادە، ئەو هەبووانەش (الموجودات ) دوو لایەنەن، لایەنى یەکەمیان تاکیەتێكی راشکاوانەیە بۆ هۆش و ویست، لایەنى دووەمیشیان پەیوەندى بەو دامودەزگایانەوە هەیە، کە مرۆڤ تیایدا دەژیت، واتە خێزان و کۆمەڵگاى مەدەنى. ئەو دامودەزگایانەش پێکهاتەى دەستوورن، دەستووریش بنەمایەکى بەهێزو پتەوە نەک بەتەنیا بۆ دەوڵەت، بەڵکو بۆ هەست و متمانەى هاووڵاتیانیش بەو ده‌وڵه‌ته‌.

ئەمەش ئەستوندەى  ئازادیە گشتیەکانە، چونکە بەشەکانى ترى ئازادى لەمه‌دا له‌دایك ده‌بێت، هاوکات لەویشدا ئاوه‌زمه‌ندانە دەبێت، دواى ئەوە بەشێوەیەکى ناواخنى یەکیتیه‌ك لە نێوان ئازادى و پێداویستیەکانەوە پەیدا دەبێت، بۆیە دەبینین زۆرجار خودى پێداویستیش لەسەر شێوەى ئازادیه‌كاندا دێتە بەرچاو(هیجل، 1996. 51). فەیلەسوفى روسى  بردیف (Perdiaeff )، پێى وایە بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە پێویستە جیاوازى لەنێوان دوو وێنەى لەیەکتر جیاوازى ئازادى بکەین، ئازادیەکى کورتبڕو ناماقوڵ، ئازادیەکى ئاوه‌زمه‌ندانەو ماقووڵ. مرۆڤیش لەنێوان ئازادیەکى خراپ، ئەو ئازادیەى کورتبڕەو دەشێت ناوى بنێن، ئازادیه‌كی بچووک و  پێداویستیەکى باش، کە لە خودى خۆیدا ئەو ئازادیە گەورەیە، کەبە ئازادى ئاوه‌زمه‌ندانە ناودەبرێت. بەڕاى بردیف زۆر لە فەیلەسوفەکان ئازادى و ملکەچ بوون بۆ ئاوه‌ز، واتە ئازادى و  پێداویستیەکانیان تێکەڵ بەیەکترکردووە. به‌ڵام ئازادى ئەگەر تەنیا بووە ملکەچ کردنێک بۆ ئاوه‌ز، دەبێتە ئازادیەکى خراپ!. کەواتە هەڵوێستى مرۆڤ لە نێوان هەڵبژاردنى یەکێک لەم دوو لایەنانەدایە، یا ئازادیەکى خراپ، یاخود پێداویستیەکى باش. ئازادى یەکەم بەرەو ملکەچ بوونێکى کوێرانەمان دەبات بۆ هەواو هەوەسەکانمان، ئازادى دووەم وامان لێدەکات بکەوینە ژێر نیرى ئاوه‌ز، مرۆڤیش لە نێوان ئەم دوو ئازادیەدا بەردەوام لە هاتووچۆدایە (ابراهیم، نیه‌. 65). به‌ڵام چۆن پێداویستى لە ئەنجامدانى کارەکاندا دەناسرێتەوە، چۆن دەزانین، کەوا ویستێکى ئازاد، یاخود پێداویستیەک لە ئەنجامدانى جولانەوەیەک، کردارێکدا رۆڵى خۆى زیاتر دەبینێت؟. هۆکارە زەمەنیەکە له‌مه‌دا رۆلێکى بەرچاوى هەیە. لەزەمەنى کەوتنەوەی كرداره‌كه‌، یاخود هاتنە دنیاى کارەکەدا، کە دەشێت ببێتە هۆى سەرهەڵدانى رووداوێکى گرنگ و کاریگەری لەسەر دوارۆژى مرۆڤەکە هه‌بێت، هاوکات بەهۆى ئەوەى خودەکە، واتە ویست و ئاوه‌زەکە، بە شێوەیەکى وا ئاوێتەى یەکتر دەبن و دەکەونە ناو ئەنجامدانى کردارەکانەوە، کە ناتوانن لە کاتى پڕۆسەى ئەنجامدانى کردارەکەدا، هەموو لایەنەکانى کردارەکە بەباشى هەڵسەنگێنن، بۆیە پێداویستى ئازادبوون، یاخود ئازادنەبوونى ویستەکەیان لەئەنجامدانى کارەکەدا بە باشى بۆ بەدیارناکەوێت، به‌ڵام بەتێپەر بوونى کات، واتە لە زەمەنێکى  جیاواز لەو زەمەنەى کردارەکەى تیادا ئەنجامدراوە.

 ئەو کارە دەبێتە بونەوەرێکى سەربەخۆ و لەجەستەکەیدا، واتە لە جەستەى بكه‌ره‌كه‌یدا جیادەبێتەوە و لە کۆى هەموو جولانەوەکانى ترى مرۆڤەکە دادەبڕێت. بە واتایەکى تر، ئەو کاتەى پڕۆسەى لەدایکبوونى کردارەکە تەواودەبێت، ئەو کاتە دەتوانین وەکو یەکەیەکى کامڵ، بەروونى لایەنى پێداویستى و ئازادیەکەى تیادا بەدیبکەین. چونکە لەو قۆناغەدا جگە لەخودى کردارەکە، دەتوانرێت ئەو هۆکارانەش بەدیبکرێت، کە رۆڵێكی راستەوخۆ، یا ناڕاستەوخۆیان لە ئەنجامدانى کردارەکەدا بینیوە. بۆیە بەهۆى خودى کردارەکە خۆى و ئەو هۆکارانەى بونەتە هۆی لەدایکبوونى کردارەکە، دەتوانین ئازادبوون، یاخود ئازادنەبوونى بەدیاربخەین، بەم دیارکردنەش ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە، کە کردارەکە لەئەنجامى پێداویستیەکە دابووە، واتە هەر دەبوایە ئەو کردارە لەو کات و شوێنە تایبەتى و دیاریکراوەدا ئەنجام بدرێت، یاخود ویستێکى ئازاد ئەنجامیداوە، کە دەیتوانى لەو کات و  شوێنەدا ئەنجامى بدات، یاخود ئەنجامى نەدات!. هاوکات کاریگەرى ئەو کردارەشمان  لەسەر كۆی ئەو کردارانەى تر بۆ دەردەکەوێت، کە دواى ئەو لەدایک دەبێت.  چونکە هەر دواى پڕۆسه‌ی لەدایکبوونەکە، وەک ئاماژەى پێکرا كرداره‌كه‌ دەبێتە کردارێکى کامڵ، هەر یەکەیەکى کامڵیش لە نێو بازنەى کۆمەڵێک جولانەوەى تردا بێت، دەبێتە هۆکارێکى سەربەخۆ لەنێو هۆکارەکانیترو رۆڵى خۆى لەسەرهەڵدان و لەدایکبوونى ئەو کردارانەى، کە لەسۆنگەى جولانەوەى نێو بازنەکەدا دێتە ئارا ده‌بینێت، بە هۆى ئەمەشەوە، واتە بەهۆى ئەو کۆمەڵە کردارانەوە ده‌توانرێت رەوتى ژیانى مرۆڤ تارادەیەکى باش دەستنیشانبکرێت، کە چۆن وبەچ شێوازێک بەرەو چارەنوس دەچێت. کۆى ئەمانەش بەیەکەوە ئەوە دەگەیەنن، کە ئەگەر ویست و هەڵبژاردن له‌یه‌ك هاوکێشەیەکدا کۆبکرێتەوە، دەرئەنجامەکەى بەدیارکەوتنى چارەنووس ، یاخود ئەو مەنزڵگایە دەبێت، کەچارەنوسەکە بەرەو لاى هەنگاو دەنێت. لێرەدا پێویستە له‌سه‌ر خاڵێكدا هەڵوەستە بکەین، زۆرجار تواناکان لە روکەشدا لە کاردەکەون وپەیوەندیان نە بەهەڵبژاردن نە بەویستەکەوە دەمێنێت، بۆ نمونه‌ کاتێک بە هۆى روخانى پردێک رێگات لێدەگیرێت و ناتوانیت لەروبارێک بپەڕیتەوە، ئەمە واتاى ئەوە نیە ئازادى پەڕینەوەت لێگیراوه‌، بەڵکو واتاى ئەوەیە، كه‌ تواناى پەڕینەوە نەماوه‌!. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەى لە دەرەوەى تواناى مرۆڤە، بەم جۆرە بە زۆر پێکردنەش دەگوترێت بە زۆرپێکردنى سروشتى، یاخود پێداویستیە فیزیکیەکان (CARTER, 1999. 221).

     بەشێوەیەکى گشتى  ئەمە ئەو راستەقینەیە سادەیەمان بۆ رووندەکاتەوە، کە کردارەکانى ئەمڕۆی مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری دوێنێ و کاریگەریان لەسەر کردارەکانى بەیانیشیدا ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رسێ یه‌كه‌كه‌ی زه‌مه‌ن، دوێنێ و ئه‌مڕۆو سبه‌ی وەکو ئەلقەى زنجیرەیەک بەیەکەوە بەستراون، لەو رێگایەشەوە ئەگەر بۆ رادەیەکى کەمیش بێت، مرۆڤ ده‌توانێت بەیانى بخاتە ژێر سایه‌ی کۆنترۆڵى خۆیەوە. کە توانى ئەمەش بكات، ئەوا ترس و دڵەڕاوکێیەکەى کەمتر دەبێته‌وه‌ و شانبەشانى ئەمەش ئارامی و دڵنیاییە دەروونى و گیانیەکەى زیاتر دەبێت. دڵنیابوونیش لە داهاتوو، واتاى بەرفراوانبوونى چوارچێوەى ئازادیەکانه‌، گەیشتنە بەرادەیەک و پلەیەکى گەورەتر لە بەختیارى، به‌ڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کەمرۆڤ تواناى ئەوە به‌ده‌ستدینێت هەموو کردارەکانى خۆى کۆنترۆڵ بکات، چونکە لەبەر فراوانى و گەورەیى بوونەکە، لەبەر زۆرى کار لەیەکترکردن و کاریگەرى کردارەکان لەسەر یەکتر، هەمیشە شتى وا روودەدات، کە بەگوێرەى بچووکى مێشکى مرۆڤەکە و بچوکى تاقیکردنەوەکانى بەرامبەر گەورەیى گەردونى پڕ لە حەپەساندا، نەخەمڵێنراوە، بە واتایەکى تر زۆر شت روودەدات، کە ناکەوێتە ژێر تواناى خەمڵاندنى ئەو.

بۆیە ئەوانەى دەیانەوێت وا نیشانبدەن، کەدەتوانن دوارۆژ بەتەواوى کۆنترۆل بکەن، رێسایەکى ماتماتیکى بۆ دواڕۆژ دادەنێن و نەخشەیەکى چەسپاو و رەهاى بۆدەکێشن، كه‌ دەبێت وەکو پێداویستیەک رووداوەکان یەک لەدواى یەک رووبدەن، ئەوانە بەشێوەیەک لەشێوەکان، دەکەونە نێوخانەى لایەنگرانى حەتمیەتى مێژوو. ئه‌گه‌ر ئەم بۆچوونانە ئاینى بن، وەکو جولەکەکان و زەردەشتیەکان، یاخود ئاینزا بن، وەکو کالڤنیەکان و هگنوتەکان، یاخود وەکو عەرەبە سەرەتاییەکان، یاخود تیورى زانستى بن، وەکو مارکیستەکانى سەدەى بیستەم. ئەوانە وەکو ئەرنۆلد توینبى دەڵێت :”پەیوەندیەکى توندیان بە پەرستنى بتى  پێداویستیەکانەوە هەیه‌”(توینبی، 1960. 289). ئەمە واى لەفەیلەسوفێکى گەورەى وەکو کانت کرد بگاتە ئەو بڕوایەى، کە لەلایەنى دەرەکیەوە، واتە روخسارەوە، هیچ ڕێگایەک نیە بۆ گەڕان بەدواى ئازادیه‌كاندا، بەمەش کانت دەیویست جیاوازى لەنێوان دیاردەکانى تایبەت بە کات و شوێن بكات. بەم پێودانگەش کردارە دەرەکیەکان تەنیا روخسارێکن بۆئەو شتانەى، کە لەناخى مرۆڤدایە. بە واتایەکى تر خودە راستەقینەکەى مرۆڤ لە ناخەوەیدایە. کەواتە ئێمە لەلاى خۆمانەوە ملکەچى یاساکانى پێداویستین، کەئەویش ملکەچى شوێن و کاتە و لەجیهانى تاقیکردنەوەدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. بۆیە کردارەکان، به‌ توندی بە هۆکارو پاڵنەرەکانى پشت خۆیانەوە بەندن، ئەمە کانتى گەیاندە ئەوەى بڵێت:”ئێمە لەسروشتى خۆمانەوە ئازادین، کە ئەویش زەمەن تێده‌په‌ڕێنێت و هیچ پەیوەندیەکى بەرێژەى دیاردە هەستپێکراوەکانه‌وه‌ نیە. تەنیا ئاکارەکانن دەتوانن ئەمە چارەسەری ئه‌مه‌ بكه‌ن، بۆ ئەوەى مرۆڤ بگاته‌ ئەو ئاستەى لەخودى خۆیدا هەست بەبوونى ئازادیەكان بکات”( رؤوف، 1986. 289).

لێرەدا راستەقینەیەکى تاڵمان بۆ دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە زۆربەى ئەو کەسانەى لەو بوارەیان توێوەتەوە، خۆشیان لە ناخى خۆیاندا نەیانتوانیوە خۆیان یەکلایبکەنەوە. بۆیە تاوێک ویست بە ئازاد لە قەلەم دەدەن، تاوێکى تر وانیشاندەدەن کە هۆکارى دەرەکى هەیەو کار لە ویستەکە دەکات، بەشێکى تریش هەوڵیانداوە هەردوو لایه‌ن لەگەڵ یەکتردا بگونجێنن و به‌یه‌كه‌وه‌یان كۆبكه‌نه‌وه‌. لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین، کەوا فەلسەفە، ناتوانێ وەکو پێویست چارەسەرى بوون یاخود نەبوونى ئازادى بکات، لەبەر ئەوەى  پەیوەندى بە خودى تاکەوە هەیە، ناتوانرێت لەم گەردوونەدا، دوو خودى بە تەواوى هاوکۆک و وەکو یەکتر بدۆزێتەوە.  چونکە خودەکان دەکەونە ژێرکاریگەرى هۆکارى فسیۆلۆژى و سروشتى و کۆمەڵگایى جیاوازەوە.  کە نەتوانرا ئەمەش بەرجەستە بکرێت. ناتوانرێت رێسایەکى گشتى بۆ دابنرێت و ببێتە پێوەرێک بۆ دیاریکردنى بڕى ئازادیەکان. ئەمەش ئەوە رووندەکاتەوە، کەچەمکى ئازادى لەروانگە فەلسەفیەکەیەوە چەمکێکى مەتاتیەو لەچوارچێوەیەکدا ئۆقرە ناگرێت، لە روانگەیەک بۆ روانگەیەک و لە سەردەمێک بۆ سەردەمێک و لەمرۆڤێک بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت. ئەم کارانەى ئەمڕۆش بە ئازادیان تێدەگەین بەیانى دەردەکەوێت کەوا کۆمەڵێک هۆکار، رۆڵیان لە هاتنە دنیایدا بینیوە.  بۆیەباشترین رێگا چارە، کە بتوانین وەکو راستەقینەیەک مامەڵە لەگەڵ ئازادیدا بکەین، خوێندەوەوسەیرکردنیەتى لە چەمکە یاساییەکەیدا.

هاوشێوە