رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئەو کارانەی کە زیرەکیی دەستکرد لە ئــامـــــــادەکــردنـیانـدا ڕۆڵـــــی دەبێـــت

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەسازیی بۆ قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی…

نووسین: د.ئیهاب خەلیفە

وەرگێڕان: نەوزاد عومەر

بەشی چوارەم

 مەحاڵە هەموو ئەو بەکارهێنانانە بژمێرین کە زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا دەتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام دڵنیایە کە ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا دەگێڕێت، کە لە ئاستی کەسییەوە دەست پێدەکات و لە ئاستی نیشتمانی و نێونەتەوەییدا کۆتایی دێت، چونکە ئەو ئەرکارنە ئەنجام دەدات، کە یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان، تەنانەت ئەرکەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی نێوان وڵاتانیش ئەنجام دەدات. لەوانە بۆ نموونە:

یاریدەدەری کەسی: لە ئاستی کەسیدا زیرەکیی دەستکرد دەبێتە یاریدەدەر بۆ هەرمرۆڤێک کە پشتی پێ ببەستێت لە جێبەجێکردنی  زۆرێک لە ئەرکە ڕۆژانەکانیدا، لە ئەرکە سادەکانەوە دەستپێدەکات وەک ناردنی ئیمەیڵ و ڕێکخستنی کات و ژوان و پارەدانی بلێت، تا دەگاتە چاودێری منداڵان و بەساڵاچووان، ئامادەکردنی خواردن و قەدکردنەوەی جل و بەرگ، هەروەها کۆتایی بەو گومانە دەهێنێت کە نابێتە هاوڕێ، یان هاوسەر چونکە هەندێک لە مرۆڤەکان پێیان باشترە ژیانیان لەگەڵ ئەواندا بەردەوامی پێبدەن، لەبەرئەوەی لە هەستەکان تێدەگات و کارلێکیان لەگەڵدا دەکات، پێداویستییەکان دەناسێت و پڕیان دەکاتەوە، لە کێشەکان تێدەگات و بەشداری لە چارەسەرکردنیاندا دەکات، لەگەڵ هەموو ئەم لێهاتووییانەی پێیدەگات دەکرێت سیمای ڕووخسار و شێوەی جەستەی بەو شێوەیەی کە سەرنجی خاوەنەکەی ڕادەکێشێت دیزاینیان بۆ بکرێت، ئەمەش ئەو تایبەتمەندییەی پێدەبەخشێت کە بۆ زۆرێک لە خەڵک ببێتە هەڵبژاردەیەکی سەرنجڕاکێش.

– پزیشک و مامۆستا و کرێکار: لە داهاتوودا زیرەکیی دەستکرد  شوێن زۆرێک لە پیشەکان دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو پیشە ڕۆتینانەی کە بۆ جێگرتنەوە کراوەن، وەک پیشەکانی ژمێریاری، ئەرکە کارگێڕییەکان، خزمەتگوزاری کڕیاران، وەرگێڕان و دەستکاریکردن و ئامادەکردنی پوختەی بابەتەکان، هەروەها بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەرکە قورسەکان، وەک لێخوڕینی خۆکارانە و گەیاندن و خزمەتگوزاریی لۆجستی، کارەکانی چاودێری و پشکنین و کاری کوالیتی، دەستەبەرکردنی ئاسانکاری و بەڕێوەبردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی. لە کۆتایدا شوێنی زۆرێک لە پیشە ئاڵۆزەکانیش دەگرێتەوە، وەک ئەوەی کە دەبێتە پزیشک، یان مامۆستا، یان ڕاوێژکار. نەخۆشییەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەر دەنووسیت، ڕوونکردنەوە بۆ وانەکان و هەڵسەنگاندنی قوتابیان دەکات، ئەگەر بمانەوێت کەوانەیەک بکەینەوە بۆئەوەوی پیشەی تری بۆ زیاد بکەین، کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ئەنجامیان بدات، دەکرێت بڵێین کە دەبێتە (ڕاهێنەر، چارەسەرکەری دەروونی، شیکارکەری دارایی، بەرنامەساز، دیزاینەر، توێژەر و سەرنوسەر…).

– ڕاوێژکار و داڕێژەری سیاسەت: سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد خاوەنی ئەو ئامڕازانەن کە توانای هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی حکومەت و دیاریکردنی توانای جێبەجێکردن، پێوانەکردنی ئاراستەکانی ڕای گشتی بەرامبەریان هەیە، هەروەها دیاریکردنی ئاستی قبوڵکردنیان هەیە. لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئاستی ئابووری، ئاسایش، یان کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، دەتوانێت پێداویستییەکانی داهاتووی دەوڵەت بەڕێوەببات. بەم شێوەیە لە کاتی داڕشتنی سیاسەتەکانی حکومەتدا دەبێتە پێویستییەکی بنەڕەتی، بۆ پەڕەپێدان، چاودیریکردن و هەڵسەنگاندنی ئەم سیاسەتانە حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن.

پۆلیس و جەنگاوەر: بە دڵنییاییەوە لە داهاتوودا تەکنەلۆژیاکانی  زیرەکیی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگیان لە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت، چ لە ئاستی ناوخۆیی، یان دەرەکی بێت. چونکە لە ڕێگەی ئەم تەکنەلۆژیانەوە دەتوانرێت هەموو تاکەکان بە شێوەیەکی زیندوو لە کاتی ڕاستەقینەدا چاودێری بکرێن و شوێنەکانی دەرچوون لە یاسا بە شێوەیەکی خێرا دیاری بکرێت، هەروەها بەدوداچوون بۆ گومانلێکراوەکان بکرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاکانی ناسینەوەی دەم و چاوەوە و لەهەر شوێنێکدا بن بدۆزرێنەوە. هەروەها دەتوانرێت چاودێری مامەڵەی گواستنەوەی پارە بکرێت، تاوانەکانی فێڵبازی و سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردن لە تیرۆریزم دەستنیشان بکرێت. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، پشتبەستن بە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە ئێستاوە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا دەستی پێکردووە، چ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی، یان دەریاییەوە بێت، یان لە ڕێگەی ڕۆبۆتی بکوژەوە، یان لە ڕێگەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بێت.

 ئەمانە کۆمەڵێک لەو کارانەن بوون کە جێبەجێکردنیان ئەگەرچی بەشێوەیەکی تاقیکاری، یان بە شێوەیەکی ئەزموونی پەیتا پەیتا بە چاوی خۆمان دەبینین، بەڵام لە داهاتوودا زیاتر دەبن و لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە قۆرخ دەکرێن.

سیما کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد:

 شۆڕشی مەیریفی نوێی کە زیرەکیی دەستکرد ڕابەرایەتی دەکات، دەتوانێت بەشێوازێکی سەربەخۆ سەرلەنۆێ بناغەی ژیانی مرۆڤایەتی لە قالب بداتەوە. لەم ڕێڕەوەدا… میکانیزمەکانی کارکردن لە گۆڕاندایە و شاهیدی دووبارە داڕشتنەوەی هەلی کار و دامەزراوەکان، دووبارە دامەزراندنەوەی زۆرێک لە پیشەسازییەکان و سیستەمی کارکردن دەبین، یاسا و ڕێساکان دووبارە دەنووسرێنەوە، سەرلەنوێ پێداچوونەوە لە بودجە و پێداویستییەکان دەکرێت، زۆرێک لە چەمک و زاراوەکان دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. پێوەندیی نوێی لەنێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکردا سەرهەڵدەدات کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی هاوەڵێتی لەگەڵ ڕۆبۆت دایە، شێوازی ئابووری دەگۆڕێت دوای ئەوەی زیاتر ئاڵۆز و قورستر دەبێت بە هۆی زیادبوونی توانای پێشبینیکردن و بەڕێوەبردنی ئاژاوە و جامبازی لە بازاڕەکاندا، کە بە گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت.

– داتەپینی دامەزراوەکان و پێکهاتەیی فۆڕمەکانی کارکردن: چەندین دامەزراوە هەن بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە مەترسی داتەپینیان لەسەرە، لەوانە ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕاوێژکاری، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری کڕیار و زانیاری، بریکارەکانی گەشتیاری،  کۆمپانیاکانی ڕیکلام، نووسینگەکانی پارێزەری یاسایی و وەرگێڕان، جگە لە کەرتی بەرهەمهێنان کە لەسەر حسابی دامەزراندنی نەریتی فراوانتر دەبێت، لەگەڵ داڕشتنەوەی پێکهاتەیی بنەڕەتی لە کەرتەکانی وەک گواستنەوە، پێوەندییەکان، پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش و کارگێڕی بازرگانیدا.

– نەمانی پیشە کۆنەکان و دەرکەوتنی پیشەی تازە: هەموو پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکیی دەستکرد بەشداری لە پێکهاتەیی زۆرێک لە کار و بارەکاندا دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی لەناوچوونی چەندین پیشە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی پیشەی نوێ، وەک پیشەی ئەندازیاری مۆدێلی زمانەوانی، ڕاهێنەری داتا، ئەندازیاری یەکخستنی زیرەکیی دەستکرد، شیکارکەری سیاسەتەکانی زیرەکیی دەستکرد. ئەگەرچی هەموو ئەم پیشانە پەیوەستن بە زیرەکیی دەستکردەوە، بەڵام ڕەنگە پیشەی دیکەش دەرکەون، وەک پیشەی چارەسەری ئالوودەبوونی دیجیتاڵی،  ڕاهێنەری توانا عەقڵییەکان، دیزاینەری ئەزموونی مرۆیی و هەندێک پشەی دیکە کە بۆ چارەسەرکردنی لایەنی نەرێنی زۆر پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد وەک پێویستییەک دەرکەون.

– چڕبوونەوەی سامان و سەرمایە: ڕاستییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو کۆمپانیانەی کە وەبەرهێنانیان لە زیرەکیی دەستکردا کردووە. ئەوانەن کە بەهای بازاڕیان چەند هێندە زیادی کردووە، وەک (Nvidia)، (Microsoft) و (OpenAI)، جگە لەوەش لەم دواییانەدا ئاراستەی زۆربەی سەرمایە بەرەو وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرددا چووە، ئەمەش ڕەنگە لەسەر حسابی وەبەرهێنان لە کەرتە گرنگەکانی دیکەی وەک تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی ئابووریدا بێت، کە بەشداری لە قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیایەن (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا) و ئەو وڵاتانەی دیکە کە بەکاربەرن دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فۆرمێکی قووڵتر لە وابەستەیی سیاسی و ئابووری دروست بکات و فۆرمەکانی نایەکسانی لەنێوان وڵاتاندا زیاتر دەکات.

– پەراوێزخستنی لاواز و هەژارەکان: بەهۆی پێکهاتەیی پیشەکان و چڕبوونەوەی سەرمایەوە، هەژار و لاوازەکان لە سەردەمی زیرەکیی دەستکردا بە توندی دەناڵێنن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە بە خۆڕایی بۆ هەمووان بەردەست نابێت، تەنانەت نزیکەی تەواوی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکردی خولقێنەر لەسەر بنەمای بەشداری مانگانە دەبن، تەنها ئەوانە دەستیان پێ دەگات کە دەتوانن تێچووەکەی بگرنەوە ئەستۆ. جگە لەوەش، پرۆسەی ڕاهێنانی بەردەوام و گەشەپێدانی کارامەییەکانی مرۆڤ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستمانەدا پێویستی بە تێچووی ماددییە کە ڕەنگە هەموو تاکەکان نەتوانن لە ئەستۆی بگرن، لەگەڵ پاشەکشەکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی دەوڵەت و هاتنە ناوەوەی نفووزی سەرمایە و بازاڕی ئازاددا، لاوازەکان خۆیان دەبیننەوە کە ناتوانن بەشداری لەم پێشبڕکێیەدا بکەن.

– نەمانی تایبەتمەندی کەسی: هێشتا سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ مەبەستی پەڕەپێدان پێویستیان بە داتای زیاتر هەیە، بێگومان تاکەکان سەرچاوەیەکی باشن بۆ ئەو داتایانە، بۆیە گفتوگۆی کەسی لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا، داواکاریەکانی کار و دامەزراندن و دۆخی تەندروستی تاکەکان دەبنە سەرچاوەی ڕاهێنان و فێربوون بۆ سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد، هەروەها لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ڕۆبۆتەکان بۆ کارکردن لە ماڵ و دامەزراوە حکومی و شەقامەکاندا، وادەکات ژیانی کەسی، کارگێڕی و پیشەیی تاکەکان لەسەر ئەم سیستمانە ئاشکرا بێت، ئەمەش بە واتای نەمانی تەواوەتی تایبەتمەندی کەسی تاکەکان دێت.

– هەڵوەشاندنەوەی پێوەندییە مرۆییەکان: شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد بەڵێنی پێشکەشکردنی سیستەمی دیجیتاڵی و ڕۆبۆتەکان دەدات کە زۆر لە مرۆڤ دەچن، جا چ لە ڕووی ڕواڵەت بێت، یان دەنگ، یان هەست و سۆز. بە جۆرێک دەبنە هاوڕێ، هاوەڵ و هاوسەری مرۆڤ، شێوازێکی نوێی پێوەندی لەنێوان مرۆڤ و ئامێردا بەرهەم دەهێنێت، وایان لێ دەکات لەسەر حسابی فەزای مرۆییە هاوبەشەکەی نێوان مرۆڤەکان زیاتر بە ئامێر و سیستمەکانەوە گرێبدرێن. ئەمەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر پێوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان هەبێت.  

– دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی هێز لە جیهاندا: زیرەکیی دەستکرد بووەتە فاکتەرێکی بڕیاردەر لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتیدا، نەک تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەربازی، یان هەواڵگریەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکانی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی دیجیتاڵیشدا. ئەو وڵاتانەی کە توانای گەشەپێدان و بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانەیان هەیە، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین، خەریکە لە ئێستادا بۆ ناوەندی نفووزی جیهانی بگۆڕدرێن، لەکاتێکدا پێگەی وڵاتانی بەکاربەر کە توانای داهێنان، یان بەرهەمهێنانیان لەو بوارەدا نییە لە پاشەکشەدایە.

 لە کۆتاییدا، تا ئەو ڕادەیەی کە زیرەکیی دەستکرد فاکتەرێکە لە بەدیهێنانی زیاتری خۆشگوزەرانی، خێرایی و کارامەیی لە ژیانی مرۆڤەکاندا، لەبەرامبەردا بووەتە هۆکاری پەراوێزخستن، هەژاری و نایەکسانی، نەمانی تایبەتمەندی کەسی و بەرتەسکبوونەوە و پەراوێزخستنی زیاتری ئازادی تاکەکەسی مرۆڤەکان، ئەمەش بە ناچاری بۆ پاراستنی ئەو توێژانەی کۆمەڵ کە زیاتر لە بەردەم کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکردان، هەروەها پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکەسی، پێویست بە ڕێکخستن و یاسایکردنی ئەو بابەتانە دەکات.

هاوشێوە