رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

رەنــــگ بێــــت (نەزانی دوولایەنە) یەكێك لە گرێكوێرەكانی كۆمەڵگە دوواكەوتووەكان بێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.کامەران مەنتیک

رەنگ بێت نەزانی دوولایەنە وەك ئاماژەی پێكرا، یەكێك لە گرێكوێرەكانی كۆمەڵگە دوواكەوتووەكان بێت، لەبەرئەوەی هێنانە پێشەوەی پڕوپووچەكان، كە زەرورەتێكی مێژووییە بۆ فەرمانڕەوا دروستكراوەكان، لەلایەك قەیرانێكی قووڵ لەنێوان پڕوپوچەكان و زاناكانی ناو كۆمەڵگە دروست دەكات، كە ئەمە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی بەشێكی زۆر لە تواناكان، كە دەكرێت بۆ خزمەتكردنی وڵاتەكەیان سوودی زۆریان لێوەربگیرێت، لەلایەكی تر رۆڵی تاكەكان لە ناو كۆمەڵگە دەشێوێنێت، وەك گۆرانی شاعیر دەڵێت كا بۆ سەگ و ئێسقان بۆ ئەسپ دادەنرێت، كاتێك ئەمەش روودەدات، زۆر ئاستەنگ دەبێت كۆمەڵگە بگەڕێنرێتەوە سەر رەوتی گەشەسەندنی خۆی و دووچاری نەخۆشی سیزیڤی دەبێت، واتە تا قۆناغێك بەرەو پێشەوە دەڕوات و دواتر لە پڕێكا دەوەستێت و گلۆر دەبێتەوە خوارەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر، ئەمەش بە رۆڵی خۆی كۆمەڵگە لە خراپەوە بەرەو خراپتر و لە دواكەوتووییەوە بەرەو دواكەوتوویی زیاتر دەبات! چونكە لەكاتێكدا ئەو بەردەوام لە چەقبەستن و گەڕانە بۆ دواوە دەبێت، میللەتانی تر پێشدەكەون و هەنگاوی گەورەتر هەڵدێنن، ئەمەش وا دەكات رۆژ بەرۆژ مەودای نێوان ئەو كۆمەڵگە چەقبەستوو و دۆڕاوانە لەگەڵ كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی دەوروبەریان فراوانتر بێت و بەمەش كۆمەڵگە دواكەوتووەكان دەكەونە دەرەوەی زەمەنەوەو وەكو بوونەوەرێكی نامۆ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، واتە لەجیاتی ئەوەی ئەو كۆمەڵگە دواكەوتووانە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن، وەكو ئامڕازێك لە پێناو پێشووەچوونی كۆمەڵگەكانی تردا بەكاردەهێنرێن!.

لەگەڵ ئەوەشدا ململانێ لەنێوان پڕوپوچەكان (دەستەبژێری ساختە) و دەستەبژێری راستەقینە هەرگیز ناوەستێت و بەردەوام دەوام دەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی لەسەرەخۆ و ناڕاستەوخۆ ، تا ئەو كاتەی لە دوو توێی بابەتە تیوورییەكاندا دەخولێنەوە و مەودای نێوانیان، ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت، ململانێكانیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، ئەمەش لە قۆناغی سەرەتایی ئەو سیستەمە سیاسیانە دەبێت، كە تازە دامەزراون، یاخود ئەو دەسەڵاتدارانەی تازە هاتوونەتە سەر دەسەڵات و هێشتا دروشمەكانیان بە تەواوی ستۆك نەبووەو لەكار نەكەوتووە، هێشتا پڕوپوچەكان دەتوانن سەرنجی خەڵك رابكێشن و فریویان بدەن، چونكە بە تەواوی رووی راستەقینەیان ئاشكرا نەبووە، بەڵام كاتێك كێشەكان قووڵ دەبنەوە ودەبنە دوو بەرەی جیاواز، هێزی هزری دەستەبژێری راستەقینە هێزی نوێ بەرهەم دەهێنێت و ئاشكراتر وشێلگیرانەتر شەڕ لەسەر تێكشكاندنی وێنەی راستەقینەی پڕوپوچەكان دەكات و لەرێگەی ئەوانیشەوە هەوڵدەدات سیستەمە سیاسییەكە تێكبشكێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی كۆی سەرچاوەكانی هێز دەخرێتە بەردەم پڕوپوچەكان، بۆیە دەتوانن تا ماوەیەكی زۆر وەك زۆرینە بمێننەوەو كۆمەڵگە كۆنتڕۆڵ بكەن، بۆیە چەندەی قەبارەی پڕوپووچەكان زۆرتر بێت و قەبارەی دەستەبژێری راستەقینە كەمتر بێت، ئەوە رووندەكاتەوە ، كە كۆمەڵگە لە دۆخێكی نەخوازراو مەترسیداردا دەژیت و ئامادە دەبێت بۆ تەقینەوە، بەڵام تا دەگاتە ئەو قۆناغە، پڕوپوچەكان دەتوانن كاریگەرییەكی گەورە لەسەر كۆمەڵگە دروست بكەن و تا رادەیەكی زۆر كۆیلایەتی بپارێزن و بیكەن بە كەلتوور، كاتێكیش كۆیلایەتی دەبێت بە كەلتوور، خەڵك نەك هەر كۆیلایەتی لای ئاسایی دەبێت، بگرە لاسایشی دەكاتەوە، لەرێگەی ئەو لاسایكردنەوەشەوە كۆیلایەتی پیرۆز دەكرێت و پڕۆسەی لاسایكردنەوەش جێگەی پڕۆسەی داهێنان و ئەفراندن دەگرێتەوە!.

بەم چەشنە بەشێكی زۆری كۆمەڵگە لاسایی پڕوپوچەكان دەكاتەوە، پڕوپوچەكانیش لاسایی فەرمانڕەوا كرێگرتەكان، واتە ئەوانەی لەلایەن هێزی دەرەكییەوە دادەنرێن و دەپارێزرێن دەكاتەوە، فەرمانڕەوا كرێگرتەكانیش بە رۆڵی خۆیان لاسایی هێزە دەرەكییەكان دەكەنەوە، بەڵام بەشێوەیەكی ئەرێنی نا، واتە ئەو لاسایكردنەوەیە لە پێناو دامەزراندنی وڵاتێكی بەهێز نابێت، چونكە لەبنەڕەتدا ئەوان ئەو مافەیان لێدەسەنرێتەوەو مەرجی سەرەكی هێنانیان بۆ سەر دەسەڵات دووركەوتنەوە لەو خاڵە دەبێت، بۆیە تەنیا لە بونیاتنانی كۆشك و تەلارو سەرمایەو ژیانێكی خۆشگوزەران و لووتبەرزیدا لاسایی گەورەكانیان دەكەنەوە، وەك ئیبن خەلدوون دەڵێت بێهێز لاسایی بەهێز دەكاتەوە، یاخود داگیر كراو لاسایی داگیركەر دەكاتەوە و كۆیلە لاسایی خاوەن كۆیلە دەكاتەوە، لاسایكردنەوەی كۆیلەكان بۆ خاوەن كۆیلەكان، بە تێپەڕینی زەمەن، كۆیلایەتی دەكات بە حالەتێكی ئاسایی و قبووڵكراو و كۆمەڵگەكەی لەسەر رادێت، بەم شێوەیە كۆیلایەتی لەنەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەگوازرێتەوە و كۆیلایەتی خۆبەخش دێتەبەرهەم، واتە خەڵك خۆبەخشانە كۆیلایەتی هەڵدەبژێرن و بایەخ بەمرۆڤبوون و كەسایەتی خۆیان نادەن، لەبەرئەوەی ئەو كۆیلایەتییە لەرووكەشدا بەرژەوەندییەكانیان زیاتر مسۆگەر دەكات، بەڵام لەراستەقینەدا لەرووی دەروونییەوە تێكیان دەشكێنێت و مۆركی كەسایەتی و مرۆڤبوونیان لێدەسەنێتەوە.

كۆیلایەتی خۆبەخش قۆناغێكی ئێجگار مەترسیدارە لە قۆناغەكانی كۆیلایەتی، ئەو جۆرە كۆیلایەتییە ئەوە دەگەیەنێت، كە كۆمەڵگە بەمێگەل دەكرێت و شانازی بە بچووكبوونەوەی خۆی دەكات، تەنانەت دەگاتە ئەو رادەیەی لە زۆربەی كاتدا هەست بە بچووكبوونەوەكەی خۆشی ناكات، تا ئەو كاتەی تووشی شۆكێك دەبێت و دەیهەژێنێت، ئەو كاتە بەهۆش خۆی دێتەوە و دۆخی راستەقینەی خۆی بەدی دەكات، لەو خاڵەدا گیانی بەرەنگاربوونەوەی كۆیلایەتی چرۆ دەردەكات و وردە وردە گەشە دەكات، بە تێپەڕینی كات و بەهۆی ئاشكرابوونی رووی راستەقینەی خاوەن كۆیلەكان و پڕوپوچە هاوپەیمانەكانیان، ئەو هەستە زۆربەی كۆیلەكان دەگرێتەوە و بەمەش سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەست پێدەكات، كە لەكۆتایی بەدەستپێكردنی شۆڕشی كۆیلەكان تەواو دەبێت و كۆمەڵگە لە قۆناغێكەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێكی تر.

 لێرەدا نابێت ئەوە فەرامۆش بكەین، كەشۆكبوون و جوولاندنەوەی هەستبەخۆكردنی كۆیلەكانیش كارێكی ئاسان نییە، زۆرجاران كۆیلەكان تا ئەو رادەیە سڕ دەبن، كە هەموو شتێكیان لا ئاسایی دەبێت و شۆك نابن، یاخود بە ئاسانی شۆك نابن، لەبەرئەوەی وەك پێشتر ئاماژەی پێكرا، بە ئاسانی ناتوانن باوەڕ بەوە بكەن، كە خاوەن كۆیلەكانیش لەرەگەزی ئەون و وەكو ئەو مرۆڤن و دەتوانن بەئاسانی رووبەڕوویان ببنەوەو تێكیانبشكێنن، بەڵكو ئەوان زیاتر لە دیدێكی ئەفسوناوییەوە سەیری خاوەن كۆیلەكان دەكەن و تا ئەو پەڕی گەورەیی گەورەیان دەكەن و لە خانەی مرۆڤەكان بەرزتریان دەكەنەوە، ئەمە وا دەكات بەر لەهەموو كەس خۆیان، خۆیان فریو بدەن و نەتوانن باوەڕ بەوە بهێنن، كە خاوەن كۆیلەكانیش وەكو ئەوان مرۆڤن و دوو دەست و دوو قاچ و دوو گوێچكەو …. هتد یان هەیە، خۆیان دەخەنە دۆخێكەوە، هەرگیز نەتوانن راستەقینەی خۆیان ببینن و دەستبەرداری پیرۆزكردنی خاوەن كۆیلەكان بن، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی كۆیلایەتی خۆبەخش بۆ ماوەیەكی ئێجگار زۆرتر لەوەی پێشبینی دەكرێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە تا هەتایە ئەو كۆیلایەتییە بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی كۆیلەكان هەرچەندە تا ئەو پەڕی سڕبوون سڕ بووبن، بەتێپەڕینی كات و گۆڕانی قۆناغەكە، خوێن لە جەستەیان دەكەوێتەوە جوڵەو رۆژ بەرۆژ سڕبوونەكەیان كەم دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی نەك بەشۆكێكی گەورە، بگرە بەرووداوێكی كەمیش بتەقنەوەو سەرلەبەری سیستەمەكە هەڵبوەشێننەوەو لەگۆڕی نێن!. ئەو جۆرە لە كۆیلایەتی، واتە كۆیلایەتی خۆبەخش جۆرێكی مەترسیدارتر لە نەزانی بەرهەم دێنێت، كە پێی دەگوترێت نەزانی پیرۆز، ئەمەش لەكاتێكدا دەبێت، پڕوپوچەكان بە نەزانییەوە شوێن فەرمانڕەواكان دەكەن و جیاوازییەكی زۆر لەنێوان زانیارییەكانی ئەوان و ئەو دۆخەی تیایدا دەژین دروست دەبێت، بەم چەشنە هزر بەتەواوی رۆڵی خۆی لە دەست دەدات و هەموو شتێك لەسەر بنەمای هەست و سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆ نمونە كاتێك پڕوپوچێك باس لە هزری ئاینی، یاخود ناسیونالیستی، یاخود چەپگەرایی…

هتد نابێت و بەروكەشیش لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیدا خۆی دەداتە پاڵ، جگە لە پیرۆزكردنی ئایدیۆلۆژیاكە، تا ئەو رادەیەی بیخانە پێگەی پیرۆزو قەدەغە كراوەكانەوە، ئەو كاتە نەك هەر نەزانییە دوولایەنە دەبێت، بەڵكو پیرۆزیشدەكرێت، ئەمەش لە بنەڕەتدا لاسایكردنەوەیەكە بۆ رەوگەو دەزگا ئاینییەكان، كاتێك ناتوانن گفتوگۆیەكی ئاوەزمەندانە ئەنجام بدەن و دادەمێنن، ئەو كاتە پەنا بۆ پیرۆزییەكان دەبەن و قسەكردن لەسەر بابەتی گفتوگۆكە دەخەنە خانەی بێباوەڕی كەسی گفتوگۆكاریش دەخەنە خانەی بێباوەڕو بێ دیەكانەوە، ئەو باوەڕداربوونە بە بێ رۆشنبیری، نەزانی پیرۆز بەرهەم دەهێنێت، كە لە نەزانییە دوولایەنەكش مەترسیدارترە، بۆیە زۆرجار ئەوانەی نەزانی دوولایەنەن، بەشێوەیەكی وردتر پڕوپووچەكان، دەكەونە گێژاوی ئەو نەزانییە پیرۆز كراوە كۆمەڵگە دووچاری سەر لێشێواوی و كارەسات دەكەنەوە ورێگە لەبەردەم پێشكەوتنی بەرتەسكتر دەكەنەوە.

هاوشێوە