نووسین: د. ئیهاب خەلیفە
وەرگێڕان: نەوزاد عومەر
بەشی سێیەم
لە ڕووی تیۆریەوە، دەتوانین زیرەکیی دەستکردی گشتی دابەش بکەین بۆ سێ ئاستی سەرەکی: زیرەکیی دەستکردی سۆزدار (Emotional AI) کە توانای تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی هەستەکانی مرۆڤی هەیە، وەک هەستەکانی خۆشی و وروژاندن و تووڕەیی، بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی دەربڕینەکانی ڕووخسار، تۆنی دەنگ و تەنانەت نیشانە ژیانەییەکانی جەستەی مرۆڤ، وەک ئاستی لێدانی دڵ. پاشان لەسەر ئەم بنەمایە وەڵامی هەستە پاکەکانی مرۆڤ دەداتەوە، جا بە وشەی دڵنەوایی، یان پیرۆزبایی، یان تەنانەت بە پێشنیار بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشک، یان پسپۆڕی دەروونی بێت، ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بە ڕێژەیەکی زۆر لێی نزیک بوونەتەوە.
بەڵام قۆناغی داهاتوو بریتییە لە تیۆری عەقڵ (Theory of Mind)، کە تێیدا سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بە ڕێژەیەکی زۆر توانای لاسایکردنەوەی ڕەفتار و بیرکردنەوەی مرۆڤیان دەبێت، لێرەدا سەرنج و گرنگی بە لایەنی تێگەیشتن و مەعریفی مرۆڤەکان دەدرێت، ئەمەش بەو واتایەیە کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد جۆرێک لە هۆشیاری، یان تێگەیشتنیان دەبێت تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، کەواتە توانای ئاڵوگۆڕی هەستەکانیان وەک مرۆڤ دەبێت بۆ نموونە، توانای جووڵان و گۆڕینی تۆنی دەنگ و دەربڕینی ڕووخساریان دەبێت.
بەڵام قۆناغی سێیەم و کۆتایی، قۆناغی زیرەکیی دەستکردی هۆشیارە (Sentient AI)، لێرەدا زیرەکیی دەستکرد بڕێکی زۆری هۆشیاری و تێگەیشتنی دەبێت، دەتوانێت بڕیار لەسەر شتەکان بدات و چاکە لە خراپە و باش لە گەندەڵ جیا بکاتەوە، کاریگەری ئەو ژینگەیەی تێدا کار دەکات دەردەکەوێت و پێداویستییە تایبەتەکانی دەردەکەون، ئیتر دەست دەکات بە دامەزراندنی ئەولەوییەتەکانی خۆی کە بێگومان لە ئەولەوییەتەکانی مرۆڤ جیاوازترن، ڕەنگە کێشەی لەگەڵیاندا هەبێت و بەریەکیش بکەون، پاشان ئەو ململانێیانە دەست پێ دەکات کە پسپۆڕانی زیرەکیی دەستکرد لە ئێستاوە هۆشداری لەبارەیەوە دەدەن، ئەویش ململانێیەکی ناهاوسەنگی نێوان توانا سروشتییەکانی مرۆڤ و ئەو توانایانەیە کە زیرەکیی دەستکرد بەدەستی دەهێنن، دوای ئەوەی مرۆڤ زۆربەی تواناکانی لە بەرژەوەندی زیرەکیی دەستکرددا لە دەست داوە. بە دڵنیاییەوە زیرەکیی دەستکرد لە ماوەی پێنج ساڵدا ناگاتە ئەم هەموو توانایانە، بەڵام لانیکەم ڕێگایەکی زۆری لێ تەی کردووە و چاوەڕوانی ئەوانی تر دەکەین، هەر ئەمەش پاڵمان پێوە دەنێت بۆ پرسیار دەربارەی ئەو ڕۆڵەی کە زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا دەیگێڕێت، و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی تاکەکان و داهاتووی وڵاتان چۆن دەبێت.