شۆڕشێکی مەعریفی نوێ
ئامادەسازیی بۆ قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی…
نووسین: د. ئیهاب خەلیفە
وەرگێڕان: نەوزاد عومەر
بەشی دووەم
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خێراییەی کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد پێی گەشە دەکەن، ڕەنگە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا تواناکانی زیرەکیی دەستکرد نزیک ببێتەوە، یان تەنانەت بەسەر تواناکانی مرۆڤدا زاڵ بێت، نەک تەنها لە ئاستی توانای کارگێڕیدا کە پێشتر تواناکانی مرۆڤی تێپەڕاندبوو، بەڵکو هەروەها لە ئاستی توانا مەعریفی و تێگەیشتن و ئەخلاقییەکانیشدا.
لەم قۆناغەدا، زیرەکیی دەستکرد خاوەنی هۆشیارییەکی تایبەت ( Consciousness) بە خۆیەتی، لە ماهیەت و بوونی خۆی، لە خود و توانەکانی خۆی تێگەیشتووە، جیاوازی نێوان خۆی و مرۆڤ دەزانێت، ئاگاداری جیاوازی و تواناکانی نێوانیانە، هەروەها هەست بە هەستەکانی مرۆڤ (Understanding Emotion ) دەکات و دەیانناسێتەوە و بە هەست و سۆزی ڕاستەقینە وەڵامیان دەداتەوە، توانای ئەوەی هەیە خۆی خۆی فێر بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بەو زانیارییانە هەبێت کە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت، مێشکێکی کۆکراوەی (Hive Mind) گەورەی هەیە کە لە ڕێگەی ملیۆنەها سیستەمی یاریدەدەرەوە خۆراکی زانیاری پێدەدەن، هاوشێوەی ئەوەی کە مرۆڤەکان بەکاریان دەهێنن، جا ئەوانە یاریدەدەری دەنگی بن، یان سیستەمی خولقێنەر، یان تەنانەت ڕۆبۆت و ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ، هەموو ئەو زانیاریانەی کە ئەم سیستەمانە بە جیا فێری دەبن و تێیدەگەن، ئەو مێشکە کۆکراوەیەی زیرەکیی دەستکرد تێیدەگات، بەم شێوەیە بەسەر تواناکانی مرۆڤدا زاڵدەبێت و تێیدەپەڕێت.
هەرچەندە ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی تیۆرییە، بەڵام خێرایی گەشەکردن لە سیستەمەکانیدا وای لێدەکات لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە ڕاستی نزیک ببێتەوە، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ نموونەی سەرەتایی زیرەکیی دەستکردی گشتی ببینین، بێگومان ئەو توانایانەی کە دواتر دەیانبێت بە بەراورد لەگەڵ توانا سەرەتاییەکانیدا، ئەوانەی تەنانەت پێشبینیکردنیشان ئەستەمە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە گەشەکردنی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرددا دەیبینین، وەک سەرەتایەک نابێت، بەڵکو وەک سیستەمێکی نائاسایی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین و لە چەند ساڵی داهاتوودا بە چاوی خۆمان دەیبینین.
یەکەم: زیادکردنی توانای مەعریفی و بیرکاری.. زیرەکیی دەستکرد دەبێتە فەیلەسوف:
سەرەڕای ئەوەی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد کە لەسەر کۆمەڵێک داتای گەورە ڕاهێنرابوون، هەروەها ڕاهێنانەکانیان لە بنەڕەتدا کارگێڕی بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی زیرەکیی دەستکرددا ئامانج دروستکردنی سیستەمێک بوو کە بتوانێت کارێکی دیاریکراو ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر تواناکانی لە توانای مرۆڤ باڵاتر بێت. وەک توانای نووسینی بابەتێک، یان کێشانی وێنەی ڕووخساری مرۆڤێک، یان دیزاینکردنی تابلۆکانی بانگەشەکردن کە لە ڕێگەی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکردی خولقێنەرەوە ئەنجام دەدران، بە پلەی یەکەم ئەم توانایانە کارگێڕی بوون نەک توانای فیکری، یان مەعریفی. هەروەها ئەم سیستەمانە توانای خەیاڵکردن، یان داهێنان، یان بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەرکی داواکراو ئەنجام بدەن کۆمەڵێک ئەلگۆریتمی لۆژیکییان پەیڕەو دەکرد.
بەڵام قۆناغی داهاتووی ڕاهێنانی زیرەکیی دەستکرد تەنها بە زیادکردنی کارایی لە ڕاهێنانی کارگێڕیدا سنووردار نابێت، بەڵکو چوارچێوەیەکی مەعریفیش (Cognitive) دەگرێتەوە، واتا زیرەکیی دەستکرد توانای تێگەیشتن لە زانیاری، زانست، کولتوور، بەها و ئەدەبیاتی لە ڕێگەی خۆراکدانی ئەم سیستەمانە بە ئینسایکلۆپیدیای زانستی، فەلسەفی، هونەر، ئەدەبیاتی فیکری و گفتوگۆی کەسی لەنێوان تاکەکاندا دەبێت، هەروەها توانای تێگەیشتن لە کۆنتێکست، ژینگە و بارودۆخەکانیان بەدەست دەهێنێت، نەک تەنها تێگەیشتن لە زانیاریەکانی ناو ئەم سەرچاوانە، بەڵکو دەتوانێت لە مەبەست و مانای چیرۆک، یان ڕۆمانەکانیش تێبگات، هەروەها لە دۆخی دەروونی قسەکەر تێبگات و جیاوازی لەنێوان چاکە و خراپەدا بکات.
پەیتا پەیتا، زیرەکیی دەستکرد جۆرێک لە دانایی تایبەت بە خۆی دەبێت، کاتێک لەسەر کێشەیەک پرسیاری لێدەکرێت، لە وەڵامدانەوەکانیدا نەک تەنها هەنگاوە زانستیەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەر و ڕووی جۆراوجۆر لە بەرچاو دەگریت، توانای ئەوەی هەیە لە کۆنتێکست، هۆکار، بارودۆخ و ژینگەی ناوخۆیی کێشەکە تێبگات، هەروەها لایەنە سیاسی، ئابووری و یاساییەکانی کێشەکە لە بەرچاو دەگرێت، قسە لەسەر ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە کێشەکە دەکات و لە گرفتە لاوەکییەکانی دیکەی پەیوەندیدار دەکۆڵێتەوە. دەرئەنجام بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە دەستدەکات بە پێشنیارکردنی چارەسەری پراکتیکی لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکان، لە سیستەمێکی سادەوە کە تەنها توانای نووسینی وشە و ڕستەی هەیە، بۆ فەیلەسوفێکی دانا دەگۆڕدرێت کە لە ڕەهەندەکانی کێشەکە تێدەگات، نەک تەنها بە داڕشتنی ڕستە بە شێوەیەکی باش، بەڵکو توانای پێشکەشکردنی چارەسەری کردەیی بۆیان دەبێت.