رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

نیولیبڕالیزم چیە و بۆچی؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

 .نووسین: پڕۆفیسۆر ڕاینەر م

 وەرگێڕان: کەریم مەلا ڕەشید

ئەگەر لەنێو خوێندکاران ڕاپرسییەک بکرێت سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی ئایا نیولیبراڵیزم[1] یا لیبراڵیزمی نوێ چییە؟ لەوانەیە هەندێکیان بڵێن جۆرە دەرمانێک یا نەخۆشییەکە، تەنانەت ئەگەر لە خودی نوخبەیەکی نیولیبراڵیش بپرسی، پێت دەڵێن چەمکێکی لەوجۆرە لەئارادا نییە و تەنها لە ئەندێشەی چەپەکاندا گەڵاڵە بووە و گوایە هەر ئەوانیش ئەو چەمکەیان داهێناوە، چونکە ئەوان چاویان بەو دەستکەوت و سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناون هەڵنایەت. هاوکات دەڵێن ئەوە تەنها چەمکێکی سیاسییە بۆ دژایەتیکردن و تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی سەرمایەداری.

جگە لەوەش میدیای ناوخۆیی و زۆربەی هەرە زۆری میدیا جیهانییەکانیش، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، نەک تەنها ڕووناکی ناخەنە سەر ئەو بابەتە، بەڵکوو چاوپێکەوتنیش لەگەڵ شارەزایەکی سیاسی ئەنجام نادەن بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانمان، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی نیولیبراڵیزم توندڕەوترین فۆرمی سەرمایەداریی سەردەمە. ئایا چۆن ئەو ئایدیۆلۆژیایە توانی بە ئاراستەیەکدا هەنگاو بنێت، خۆی بکات بە ئایدیۆلۆژیایەکی نادیدە و درکپێنەکراو.

لەوانەیە پرسیار بکرێت ئایا چۆن، شتێکی نەبینراو یاخود شتێک کە حاشا لە هەبوونی بکرێت، دەتوانێت بەو ئەندازەیە کاریگەریی هەبێت؟ هەڵبەتە بەدرێژایی مێژوو هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی نەیتوانیوە بە ئەندازەی نیولیبراڵیزم بەرفراوان و کاریگەر بێت، بە ئەندازەیەکی ئەوتۆ، بتوانێت تەشەنە بکاتە نێو سەراپای بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە. بەبێ ئەوەی درکی پێ بکەین ناچارمان بکات ملکەچی کاریگەرییەکانی بین. لێرەدا پرسیاری زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگ تەنانەت لەباری ستراتیژییەوەش دێنە ئاراوە. زۆربەی ئەوانەی بەجدی لێکۆڵینەوەیان لە نیولیبراڵیزم کردووە و پێوەی سەرقاڵبوونە، تەنانەت خودی چەپەکانیش، ڕەخنەکانیان لە سیستەمی ئێستای سەرمایەداری تەنها لە گێژەنی ئەو بابەتە باو و نەریتییانەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەخولێنەوە و جەختیان لەسەر دەکەن و ئامانجە ڕاستەقینەکە ناپێکن و لێی لا دەدەن.

لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە لە ناوەڕۆکی سروشتی نیولیبراڵیزم تێنەگەین، هیچ دەرفەتێکمان بۆ ناڕەخسێت لە بەرانبەر سیستەمێکی بەو ئەندازەیە زاڵ و چەوسێنەردا، بەرگریی لە خۆمان بکەین. ئەگەر پرسیار بکرێت ئایا سروشتی نیولیبراڵیزم چییە، یاخود ئاخۆ سروشتی هەیە؟ دیارە وەڵامەکەی ئەرێنییە، واتە بەڵێیە! نیولیبراڵیزم وەکوو قوقمۆکەی کامیلیۆن وایە، هەمیشە ڕەنگی خۆی دەگۆڕێت، ئەو لەسەر قەیران دەژێت، زۆر جیڕە و سوود لە قەیران دەبینێت و قەیران دروست دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام پرۆگرامی سەرلەنوێ دابەشکردنەوە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە[2] تەنها لەپێناوی کەڵەکەکردنی سەرمایەکانی ئەنجام بدات، هەروەها جیڕ و بەپشووە لەوەی هەمیشە جۆرێک پەڵپ و بیانوو بۆ قەیرانەکانی بدۆزێتەوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نیولیبڕالیزم، دەبینین لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە هەڵقوڵاوە، بۆیە ناکرێت بڵێین ڕێک ئەو نیولیراڵیزمەی ئەمڕۆ هەیە لە پێشووشدا بەو جۆرە بووە. هەڵبەتە پێشتر تەنها لیبراڵیزمی کلاسیکی هەبووە و تەنانەت پێش سیستەمی سەرمایەداریش هەبووە و زۆر بە کورتی دژ بە دەسەڵاتدارێتیی ڕەهای دەوڵەت و دەستتێوەردانی لە ژیانی مرۆڤ تێدەکۆشا، هەروەها لەپێناو فەراهەمکردنی ئازادیی تەواوی مرۆڤ لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی و پاراستنی موڵک و ماڵی. ئەو بڕیارانەش لەو دەمەدا هۆکاری لەبار و گونجاوی خۆیان هەبوو، ئەوەش بریتی بوو لەو شێوازە کلاسیکییەی لیبراڵیزم، وشەی لیبراڵیزم چەمکێکی یۆنانییە (liber, libera, liberum) بە واتای «ئازادی» دێتەوە، بەڵام »نیو + لیبراڵیزم« واتە »لیبراڵیزمی نوێ« هیچ پەیوەندییەکی بەو لیبراڵیزمە کلاسیکییەوە نییە، بەڵکوو ڕێک پێچەوانەوەی لیبراڵیزمی کلاسیکییە. نیولیبراڵەکان تەنها بۆ پەردەپۆشکردنی ناپاکی و دزێویی ئایدیۆلۆژیەکەیان چەمکی »لیبراڵ«یان قۆستەوە و خۆیان پێ ناودێر کردووە و تەنها بۆ سوودی خۆیان بەخراپی بەکاریان هێناوە و دەیهێنن، وەکوو هەموو ئەو چەمک و دەستەواژانەی هەر خۆیان خستوویانەتە نێو ئەدەبیاتی خۆیانەوە، سەرجەمیان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بەرەواژ و پێچەوانە بەکار دەهێنن. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مەبەستە ئاماژە بە چەمکێکی تر دەکەم کە ئەویش جیهانگیریی (گڵۆباڵیزم Globalism)ە.

ئەو چەمکەیان ڕێک لە پرۆژەی جیهانگەرایی[3] یان (ئینتەرناسیونالیزم internationalism) کۆپی کردووە تەنها بۆ ئەوەی پێمان بڵێن پرۆژەی »گڵۆباڵیزم«ەکەی ئێمە هەمان پرۆژەکەی ئینتەرناسیونالیزمە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێک پێچەوانەکەیەتی چونکە ئینتەرناسیونال پرۆژەیەکی ئازادیخوازانەی جیهانییە و لە خزمەتی مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لە ماف و بەهاکانی مرۆڤ و پاراستی شکۆمەندییەکانێتی هەروەها بۆ لەناوبردنی ستەم و کۆیلەکردنی مرۆڤ تێدەکۆشا. لێ گڵۆباڵیزم یان جیهانگیری پرۆژەیەکی ڕاسیستیی ناسیونالیستییە، بۆ پەرەپێدانی هەژموونی بازرگانی و بەرژەوەندییە جیۆسیاسی و ستراتیژییەکانی خۆیان لە سەراپای جیهان، کراوە بە داردەستی سەرجەم وڵاتانی سەرمایەداریی جیهانی بۆ پەردەپۆشکردنی چەوساندنەوە و تاوانەکانیان. جەختکردنیانە لەسەر مافەکانی وڵاتانی زلهێز و پڕچەککردن بۆ کۆلۆنیالکردنێکی شاراوە و داگیرکردنی وڵاتان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکانیان. چەمکێکی دیکەی گرنگ هەیە کە نیولیبراڵیزم بەرەواژی کردووەتەوە و مانایەکی پێچەوانەی پێ بەخشیوە، میدیاکان سەدان جار بە گوێمانی دەدەنەوە و ئێمەش کاوێژی دەکەینەوە بەبێ ئەوەی تێبینی بکەین، ئەویش درۆیەکی زۆر گەورەیە کە «قەیرانی ئابووری» پێ دەڵێن. ئەو قەیرانەی تەنها لەپێناو حەشاردانی تاوانکاری و تاوانبارە ڕاستەقینەکانە، چونکە ئەوانەی ناوی قەیرانیان لێ ناون بریتین لە تاوانە گەورەکانی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دژ بە مرۆڤایەتی. بەدرێژایی ئەم کتێبەدا بە دوورودرێژی ڕووناکی خراوەتە سەر ئەو بابەتانە.

نیولیبراڵیزم وەکوو بیرۆکە و پرۆژە لەمێژە لە لایەن چەندین بیرمەندەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، ئەوان ماوەی سی تا چل ساڵ کاریان لەسەر زەمینەسازی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان کرد. ئەو پرۆژەیە لە بنەڕەتدا دژ بە پرۆژەی نیودیل (New Deal)ی ڕۆزفێلد Roosevelt)) بوو سەبارەت بە خۆشگوزەرانیی کرێکاران، هەروەها هاووڵاتییانی هەژار و بەساڵەچوو یان پەککەوتە، ئەوەی لە ساڵی 1933 بڕیاری لەسەر درا و جێببەجێ کرا. ئەو پرۆژەیە بۆ ماوەیەکی کورت جۆرە ئاشتەواییەکی لەنێوان دیموکراسییەت و سەرمایەداری دروست کردبوو، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی دروست کردبوو. بەڵام تەمەنی زۆر درێژ نەبوو، چونکە ئایدیۆلۆژیای نیولیبراڵی بەتەواوی فراژی بووبوو و چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، لە بەریتانیا بە هەمان ئەو ناوەی سەردەمی ڕۆزفێڵد، واتە «New Deal» بەکردەنی بڕیاری لەسەر درا. مارگرێت تاتچەر (Margret Thatcher) لەنێوان (1970-1990) سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لایەنێکی گرنگی سیاسەتی نیولیبراڵی بە کردار سەلماند. ئەوەی لەو کاتەدا هێشتا زۆر کەس بەچاکی تێی نەگەیشتبوو بریتی بوو لەوەی تێڕوانینەکانی نیولیبراڵیزم گشتگیرە و بەتەنیا بواری ئابووری و بازرگانیی جیهانی هەروەها بەئابووریکردنی سەرجەم بوارەکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو ئامانجی ئەوان زۆر لەوەش قووڵتر دەڕوات.

مارگرێت تاتچەر زۆر بەڕاشکاوی گوتی ئامانجی سەرەکیی ئێمە هزر و دەروونی مرۆڤە. ئەو بە توندڕەوترین شێواز دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆگرامی نیولیبراڵیزم کرد و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی کرد بە کەرتی تایبەت بۆ بازرگانی پێ کردنیان ڕادەستی سەرمایەدارانی کردن، ئەوەش جگە لە چەندین یاسای دیکەش سەبارەت بە مووچەی خانەنشینان، کۆمەکی کۆمەڵایەتی هتد. پاشان ئەو پرۆگرامە لە سەرجەم ئەو وڵاتە سەرمایەدارییانەی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییان بە شێوەیەکی یاسایی پەیڕەو دەکرد، جێبەجێ کرا. لە ئەڵمانیا بۆ نموونە لە کۆتایی ساڵانی 1960-ەوە بەپەنهانی و بەکاوەخۆ بۆ جێبەجێکردن و ئاوێتەکردنی ئەو پرۆگرامە لەنێو سیاسەتی حکوومەت وەخۆ کەوتن. لە 14.03.2003 بەتەواوی ئاشکرایان کرد بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی بەریتانیا، پاشان سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیای ئەوکات کە سەر بە پارتی بەناو «سۆسیال دیموکرات» بوو زۆر ڕاشکاوانە لە پەرلەمانی ئەڵمانی پرۆژەی ئەجێندای 2010ی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەش ئەوکات لە لایەن سەرجەم پارتە سەرەکییەکانی نێو حکوومەتی ئەڵمانیا بەخۆشحاڵییەوە پەسند کرا.

لەنێو داڕێژەرانی بیرۆکەی پرۆژەی نیولیبراڵیزم، پرۆگرامێکی هاوبەشی تەواو و بێکەموکوڕی بۆ چۆنێتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نەبوو. لەنێو پسپۆرانی داڕێژەر، هایک Hayek)) جیا لەوانی تر، پاش پتر لە 20 ساڵ لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر پرۆژەی نیولیبراڵیزم پلانێکی داڕشت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستەماتیک پرۆژەکە جێبەجێ بکات. بۆیە سەرەتا گوتی پێویستە ئێمە پەلە نەکەین و جارێ پرۆژەکانمان ئاشکرا ناکەین، بەڵکوو دەبێت پێشتر تەشەنەی پێ بکەینە نێو ڕۆشنبیران، زانکۆ، فێرگە و میدیاکانەوە و دەستیان بەسەردا بگرین، دیارە ئەو مەبەستی لە هزر و بیروبۆچوونی مرۆڤەکان بوو، چونکە پرۆگرامێک بچێتە چوارچێوەی بواری زانستی ئابووری نابێت بەو ئەندازەیە ناتەبا و لێک ترازاوبێت. واتە ئەوان بەتەواوی دەیانزانی پرۆژەکەیان لەباری ئابوورییەوە لەگەڵ ژیان و گوزەرانی مرۆڤ زۆر ناکۆک و ناتەبایە، ئەوەش نەک تەنها لە وڵاتەکانی خۆیان بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان، وێڕای ئەوەش جێبەجێیان کرد و تا ئەم چرکەساتەش بەدڕندەترین شێواز لەسەری بەردەوامن. هایک زۆر لێهاتووانە خوێندنەوەی بۆ چەپگەری و چەپەکان کرد و لەوانەوە فێر بوو بە هەمان شێوەش پلان و ستراتیژییەکانی سەبارەت بە دەستگرتن بەسەر حکوومڕانی و دەسەڵاتدارێتیدا فێر بوو. خودی لیپمان (Lippman) کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی بیرۆکەی نیولیبراڵیزم، لە تەمەنی لاویدا لینینیست (leninist) بوو. نیولیبراڵیزم سەرجەمی ئەو تەکنیکە زرینگانەی لینینیزمی بۆ دەست بەسەرداگرتنی جڵەوی حکوومڕانی بەکار هێنا، کۆپی کردن و وردەکاری تیا کردن و پەرەی پێدان و جێبەجێی کردن. کەواتە نیولیبراڵیزم زۆر بەچاکی دوژمنەکانی خۆی خوێندەوە و توێژینەوەی لەسەر کردن. چەمکی لیبراڵیزم یان ئازادی، ئەوەی نیولیبراڵیزم بەکاری دەهێنێت بەهیچ کلۆجێک پەیوەندی بە ئازادی و لیبراڵیزمی ڕاستەقینەوە نیە و زۆر لە یەکتر دوورن، وەکوو ئەو سەدان چەمک و وشانەی دیکە کە ئاماژە بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بە واتایەکی نوێی دیکە بەلاڕێدا بردوونی و بەردەوام بەکاریان دەهێنێت.

ئەم بابەتە بەشێكە لە کتێبی:

(بۆچی مەڕەکان ڕێچکە ناشکێنن؟)

لە چاپکراوەکانی ڕێکخراوی ئازادبوون 2025


[1]. بەپێی سیاق لەم کتێبەدا نیولیبراڵیزم و لیبراڵیزمی نوێم بەکار هێناوە.

[2]. هەڵبەتە ئێمە بەچاکی بەو قەیرانانە و بەو جۆرە دابەشکردنەوەیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە ئاشناین، بۆ نموونە هەڵکشانی زووبەزووی باج لەسەر هەموو شتێک، گومرگ، نرخی کارەبا، ئاو هتد. ئەوە جگە لەو بیرۆکراسییەی فەرمانگەکان بۆ ڕاییکردنی کاری خەڵکی پەیڕەوی دەکەن. بەبێ ئەوەی هیچ هاووڵاتییەک بزانێت ئەو باج و داهاتانە چییان لێ دەکرێت یاخود بۆ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان بکرێن.

[3]. بۆ وەرگێڕانەکە لەمەولا هەردوو چەمکی جیهانگیری و جیهانگەرایی کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی نیولیبراڵیزم بە هەمان مەبەست بەکار دەهێنم، بەپێی سیاقی ڕستەکان.

هاوشێوە