رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئامرازەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.شاهۆ سەعید

١. بەڵگەسازیی Argumentation

ئارگیومێنت واتە لۆجیکی سەلماندن و بەڵگەهێنانەوە لە کاتی وتووێژ و نوسین و بیرکردنەوەدا. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوکاریمان دەکات بەڵگەسازێکی باش بین و بە شێوەیەکی لۆجیکی، دوور لە پەنابردن بۆ هەست و سۆز و حوکمی بێ بنەما، پرۆسەی هۆدۆزی  Reasoning و ئاکامگیریی Inference ئەنجام بدەین و پاساو بۆ بۆچوونەکانمان بێنینەوە. ئارگیومێنتسازیی هاوکات دەخوازێت خوێنەر و گوێگری باش بین و هەڵسەنگاندنی لۆجیکی بۆ قسە و هەڵوێستی ئەوانی تر بکەین و بە ئاسانی فریونەخۆین لە ئاست رەوانبێژیی و جوانکاریی زمانەوانیدا.

بەڵگەسازیی بەسەر دوو چەشنی سەرەکیدا دابەش دەبێت: بەڵگەسازیی ئەنجامخوازیی Deductive و بەڵگەسازیی سۆراخکاریی Inductive. بەڵگاندنی ئەنجامخوازی پشت بە پێشمەرجێک یان کۆمەڵێک پێشمەرجی گشتی دەبەستێت لەپێناو بە دەستهێنانی ئاکامێکی دیاریکراودا. بەڵام بەڵگاندنی سۆراخکاریی پشت بە چەند نمونە و دیاردەیەک دەبەستێت لەسەر بنەمای چاودێریکردن و سەرنجدان Observation کە مەرج نیە بە شێوەیەکی رەها ڕاست بن؛ بەڵام وەک “ئەگەر” پەنای بۆ دەبەین لەپێناو بەدەستهێنانی ئاکامی قایلکاردا.

جۆرێکی تر لە بەڵگەسازیی بە مەزەندەکارییAbductive  ناو دەبرێت، زیاتر بۆ پێشبینیکردن و داتاشینی گریمانە پەنای بۆ دەبرێت چونکە پشتئەستورە بە سەرنجدانی ناکامڵ Incomplete Observation . واتە مرۆڤ سەرنج لە کۆمەڵێک دیاردە و ئەگەری ناکامڵ دەدات، پاشان لێکدانەوەیەکی ناکامڵ بۆ ئەو دیاردە و ئەگەرانە دەکات وەک پێویستیەکی ژیانی ڕۆژانە.

٢. هەڵسەنگاندنی لاف Claim

لاف بریتییە لە گوزارەیەک Statement هێشتا نەسەلمێندراوە کە داخۆ ڕاستە، هەڵەیە، یان مشتومڕهەڵگرە؟! واتە دەشێت لای هەندێک ڕاست بێت و لای هەندێکی تر هەڵە بێت؛ یان بەپێی سروشتی بەستێن Context گۆڕان بەسەر ماناکانیدا بێت.  جیاکردنەوەی فاکت لە بۆچوونی شەخسی و دیدگای کۆمەڵایەتی ئامرازێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی لاف.

٣. ناسینی هەڵەگۆیی Fallacy و لایەنداریی Bias

یەکێک لە ئامانجەکانی ئارگیومێنتسازیی بریتییە لە پرۆڤەکردنی بەردەوام بۆ ناسین و دوورکەوتنەوە لە هەڵەگۆیی و لایەنداریی؛ بەڵام ئارگیومێنتسازیی بە تەنها بەس نیە؛ چونکە هۆکاری بەشێك لە هەڵەگۆیی و لایەنداریەکان سایکۆڵۆجی و کولتوورین و لۆجیک بە تەنها کۆمەکمان ناکات بۆ زاڵبوون بەسەریاندا. مرۆڤ، پێبزانێت یان نا، لە کاتی بیرکردنەوە و ئاخاوتنی ڕۆژانەدا پەنا بۆ ساختەکردن و شاردنەوە و فێڵی زمانەوانی و لۆجیکی و کولتوریی دەبات لەپێناو بەهێزکردنی هەڵوێستی خۆیدا، یان لەپێناو خۆقایلکردندا وەک جۆرێک لە خۆهەڵخەڵەتاندن. ئەم ڕەفتارە تەنها کێشەی مرۆڤە نەخوێندەوار ئاساییەکان نیە؛ بەڵکو زۆر جار ڕەفتاری نوسەران و ڕۆشنبیرانیشە کاتێک هەوڵدەدەن هەڵەگۆیی و پێشداوەری لەژێر ناوی ئارگیومێنتی لۆژیکی و بیرکردنەوەی بابەتیدا بشارنەوە.

هەڵەگۆیی بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبێت: هەڵەگۆیی فەرمی و هەڵەگۆیی نافەرمی. جۆری یەکەم پەیوەندیی بە خراپ بەکارهێنانی لۆجیکی ئارگیومێنتەوە هەیە کاتێک مرۆڤ ناتوانێت ئارگیومێنتی شیاو لەهی نەشیاو، یان ئارگیومێنتی دروست لە هی نادروست جیابکاتەوە. بەڵام جۆری دووەم، نافەرمی، پەیوەدنیی بە نەزانین، زانیاریی هەڵە، لافی بێبنەما و فرتوفێڵەکانی زمانەوە هەیە کاتێک مرۆڤ پەنایان بۆ دەبات بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگادا.

لەپاڵ هەڵەگۆیی لۆجیکیدا کۆمەڵێک لایەنداریی مەعریفی هەن، کە زۆربەی مرۆڤەکان پەنایان بۆ دەبەن و وەک پێشداوەری Prejudgment و کۆمەڵێک خووی سایکۆڵۆجی و کولتوریی لەسەری رادێن. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوکاریمان دەکات لایەندارییە مەعریفیەکان بناسین و بەپێی توانا خۆمانیان لێ بەدوور بگرین، یان بەلانی کەمەوە بە ئاگاییەوە ئەنجامیان بدەین، واتە کاتێک لایەنگری هەڵوێستێک دەکەین هۆشیار بین کە ئایا لایەنگریەکەمان لۆجیکییە؟ یان لەژێر کاریگەریی گرێی دەروونی، یان نەریتی کولتووریی یان لەپێناو بەرژەوەندیەکی دیاریکراودا ئەو کارە ئەنجام دەدەین؟!

هاوشێوە