ئامادەسازیی بۆ قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی…
نووسین: د.ئیهاب خەلیفە
وەرگێڕان: نەوزاد عومەر
بەشی یەکەم
زیرەکیی دەستکرد بووەتە یەکێک لە هەرە ئامرازە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، ڕۆڵی لە گۆڕینی بەشێک لە کولتوور و نەریتە ڕۆژانەیەکانماندا هەیە، جا لە ئاستی کارگێڕی، یان کەسیدا بێت. ئەم ڕۆڵە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ زیادبوونی تواناییەکانی زیرەکیی دەستکرددا زیاتر دەبێت، تا ئەو ئاستەی کە زۆرێک لە پیشەسازی و دامەزراوەکانی تووشی سەرلێشێواندن کردووە، و دەستیان بە بیرکردنەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی میکانیزمی کارکردنیان کردۆتەوە. ئێمەی تاکی خستۆتە بەردەم پرسیارێک نەک وەک ئەوەی کە ئایا زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا جێگرەوەمان دەبێت یان نا، بەڵکو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەوروەها ئەو کارامەییە نوێیانە چین کە پێویستە بەدەستیان بهێنین تا بتوانین لەگەڵ ئەم شۆڕشە مەعریفییە نوێیەدا بەرەوپێش بچین؟
سەرەڕای ڕەوایەتی، کێشەکە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا نییە، بەڵکو لە خێرایی پەرەسەندنی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرددایە. کاتێک بەزۆری تێناگەین کە ماهییەتی ئەو توانا نوێیانە چییە کە زیرەکیی دەستکرد پێی گەیشتووە و دەمانەوێت لەگەڵیدا بگونجێین، ئەوا لەناکاو بە ئاستە بەرز و تواناکانی سەرسام دەبین. بۆیە نە دەگەین بەوەی لە ڕاستیدا هەیە و نە دەتوانین تێبگەین لەوەی کە دێت. هەر بۆیە بەهۆی ئەم خێراییە زۆرەوە لە نوێکردنەوە و پەرەسەندن لە زیرەکیی دەستکرددا توانای تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست دەکات، سنووردار بووە.
بۆیە، لە ئێستادا دروستکردنی دیدگایەک دەربارەی داهاتووی پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە زانستییە نوێیەی کە زیرەکیی دەستکرد ڕابەرایەتی دەکات، بووەتە پێویستییەک، تا بتوانین لە دەرەنجام و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ تێبگەین، بتوانین دیدگایەک بۆ ئامادەبوون و گونجان لەگەڵیدا بنیات بنێن. هەوڵبدەین لە ئێستاوە پێشبینی داهاتووی زیرەکیی دەستکرد لە ژیانی مرۆڤەکاندا لانی کەم بۆ پاش پێنج ساڵ بکەین. ئەگەرچی ماوەی پێنج ساڵ لە تەمەنی پلاندانانی مرۆڤدا کەمێک کورت دەردەکەوێت، بەڵام لە خێرایی پەرەسەندنی زیرەکیی دەستکرددا زۆر درێژە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو ترس و نیگەرانییانەی کە هەموو پسپۆڕەکانی ئەم بوارە ئاماژەیان پێدەکەن.
سام ئالتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (open AI)، فێرژنە نوێکەی (GPT-5)ی بە پڕۆژەی “مانهاتن” بۆ پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بەراورد کرد، لە ئاماژەیەکی مەترسیداردا بەو ئاستەی کە ئەم فێرژنە نوێیە پێیگەیشتووە. پرسیاری لە خۆی کرد: ئێمە چیمان دروست کردووە (What have we done) ؟. تەنانەت ئەو زانایانەش کە ئەم فێرژنەیان پەرەپێداوە، بە ئاستی توانا نوێیەکانی سەرسام بوونە، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ پرسیارکردن لەوەی کە زیرەکیی دەستکرد لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەگاتە چ ئاستێک.
خێرایی بەرەو داهاتوو
لەوانەیە کەمێک سەرسام بین ئەگەر لەو سیستەمانە تێبگەین کە زیاتر لە سێ ساڵ نابێت شۆڕشی زیرەکیی دەستکردی خۆڵقێنەری وەک (Chat GPT)یان درووست کرد. کە ماوەی پێنج ڕۆژی لە دەرچوونی تەواو نەکردبوو بەشداربووانی لە کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا، گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. دوای نزیکەی دوو مانگ گەیشتە ١٠٠ ملیۆن بەشداربوو، ئەمەش وای کرد لە ڕووی گەشەسەندنەوە لە مێژووی نەرمەکاڵای بەکاربەریی کەسییەوە ببێت بە خێراترین ئەپڵیکەیشن. بەڵام ئێستا لەگەڵ دەرچوونی فێرژنی (GPT5) لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ دا، ژمارەی بەکارهێنەرانی چالاکی هەفتانەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن بەشداربووی تێپەڕاندووە، هەروەها ڕۆژانە نزیکەی ٣ ملیار داواکاری، یان پرسیاری ئاڕاستەی دەکرێت.
لەگەڵ ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی فێرژنە نوێیەکەی (GPT5) بوونەوە، بەڵام توانی لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕێڕەوی پەرەپێدانی فێرژنەکانی زیرەکیی دەستکردی خوڵقێنەردا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی جۆریی بکات. ئەم فێرژنە کارایییەکی ناوازەی خۆی لە چوار بواری سەرەکیدا نیشان داوە، کە بریتین لە: بیرکاری، بەرنامەسازی، چاودێری تەندروستی و تێگەیشتنی مەعریفیی فرە ئامرازەیی، یان فرە میدیادا. سەرەڕای ئەوەی کە توانایەکی بەرزی لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی نووسراو و شیکاری قووڵدا هەیە.
ئەوەی بەڕاستی سەرنج ڕاکێشە، تەنها سروشتی ئەم توانایانە نییە، بەڵکو ئەنجامی تاقیکارییە بەراوردکارییەکانە کە ئەم فێرژنەی تێیدا تاقی کراوەتەوە لە بەرامبەر ناوەندی کارایی مرۆڤ لەو چوار بوارەی سەرەوەدا. لە تاقیکارییەکانی بیرکاری و بەرنامەسازیدا پێش مرۆڤ کەوتووە، لە ئەرکەکانی تێگەیشتنی مەعریفیدا کارایییەکی هاوتای مرۆڤ تۆمارکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا لە خوار ئاستی مرۆڤەوەیە؛ لەو کەرتەدا توانای مرۆڤ هێشتا پێشکەوتووترە.
بۆ نموونە، لە تاقیکاریی بیرکاری (AIME)دا، کە پێشکەش بە قوتابیانی بەتوانا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت و بە تاقیکارییەکی قورس ناسراوە، (GPT-5) ڕێژەی ٩٤.٦%ی بەدەستهێناوە، بەمەش لە کاراییدا تەنانەت ئاستی خۆێندکارە بەهرەمەندەکانی تێپەڕاندووە، کە ناوەندەکانیان زۆرجار لە ٨٠% زیاتریان بەدەست نەهێناوە. لە بواری بەرنامەسازیدا، ئەم فێرژنە نۆێیە ٧٤.٩%ی لە تاقیکاریی (SWE-bench Verified ) و ٨٨%ی لە تاقیکاریی ( Aider Polyglot ) بەدەست هێناوە، لە بەراورد لەگەڵ ناوەندی کارایی بەرنامەسازاندا کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەوری ٦٠%دا دەسووڕێتەوە، ئەم تاقیکاریانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە هاوشێوەی ئالنگارییەکی ڕاستەقینەن وەک چارەسەرکردنی هەڵەکانی بەرنامەسازی، یان جێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکان لە سەرەتاوە.
لە تێگەیشتنی مەعریفیی فرە ئامرازەییدا، یان فرە میدیایدا واتە توانای تێگەیشتن لە زانیاری دەق و بینراو لە یەک کاتدا، (GPT-5) ڕێژەی ٨٤.٢%ی لە تاقیکاریی (MMNU) دا تۆمار کردووە، کە ئەم کاراییە زۆر نزیکە لە مەودای ئاسایی مرۆڤ کە لە نێوان ٧٠% بۆ ٨٥%دا دەگۆڕێت، بەڵام پاشەکشەی ڕێژەیی (GPT-5) لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا بە ڕوونی دیارە. چونکە ئەم فێرژنە ڕێژەی ٤٦.٢% زیاتری لە تاقیکاریی ( HealthBench Hard) دا تێنەپەڕاند، بەراورد بە کارایی مرۆڤ کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٦٠% بۆ ٨٠%دا دەبێت؛ ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پزیشکە پسپۆڕەکان هێشتا لەم بوارەدا باڵادەستن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشکەوتنە خێرایە، دەتوانرێت بڵێین کە ( GPT)، لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا لە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم وەشانی خۆیدا، لە هەندێک ئەرکدا لە یاریدەدەری مرۆڤەوە بۆ ڕکابەرێک گۆڕاوە. بێگومان ئەو بە تەنها ئەم ڕۆڵە ناگێڕێت، بەڵکو نوێنەری زیرەکیی دەستکردی تری وەک ئەپڵیکەیشنی مانۆسی چینیش هەن. سەرەڕای ئەم پەرەسەندنە، وەشانی نوێی (GPT-5)، بەر ڕەخنەی بەرفراوانی هەندێک لە تاکەکان کەوتووە، چونکە نەیتوانیوە خواستەکانیان بۆ گەیشتن بە زیرەکیی دەستکردی گشتی بەدیبهێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی گەورەکەی مرۆڤە بۆ زیاتر پێشخستنی تواناکانی زیرەکیی دەستکرد ( AI ). لەوانەیە ئەو پرسیارەی کە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوە بێت: بۆ نموونە کە ئەم ڤێرژنە دوای پێنج ساڵی تر چ توانایەکی دەبێت؟ ئایا بەڕاستی ئێمە ئامادەین بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم توانایانە؟ چونکە لەگەل زیادبوونی توانای ژیرێتی و بەڵگەهێنانەوە و شیکاری، کەمبوونەوەی ڕێژەی وڕێنە و شتی نادروست و هەڵەکان، خێراتر بوونی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، توانای جیاکردنەوەی وێنە و شتەکان، لاساییکردنەوەی شێوازی مرۆڤەکان لە قسەکردندا بە شێوەیەکی نایاب، تەنانەت لە هەندێک بواردا لە مرۆڤ باشتر، دەتوانین بڵێین ئێمە زۆر نزیک بووینەتەوە لە قۆناغی زیرەکیی دەستکردی بریکاری (Agent AI)، کە وەک یارمەتیدەرێک توانای ئەنجامدانی ئەرکانەی مرۆڤی هەیە، هەروەها ڕێگا بەرەو قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی (Artificial General Intelligence) خۆش دەکات