تێڕامانێک لە فەلسەفەی جینۆساید)
نووسین: د.کامەران محەمەد
مێژوو ئاوێنەیەکی سەیرە، هەندێک جار دوو ڕوخساری ئەهریمەنیی کە دەیە و کیشوەر لێکیان جیا دەکاتەوە، دەخاتە بەرامبەر یەکتر و ناچارمان دەکات لێیان ورد ببینەوە. ئەم دوو ڕوخسارە بریتین لە (ئەدۆلف ئایخمەن)، ئەندازیاری بیرۆکراتیی (چارەسەری کۆتایی) بۆ گەلی جوو و (عەجاج تکریتی)، ئەو ئەفسەرەی ناوەکەی بە قەسابخانەی نوگرە سەلمان و شاڵاوی ئەنفالەوە گرێ دراوە. یەکێکیان لە ئەڵمانیا و ئەوی تریان لە عێراق، بەڵام هەردووکیان بەرهەمی یەک کارگەی ترسناکن، ئەویش کارگەی بەرهەمهێنانی جەللاد لەناو سیستەمی تۆتالیتاردا.
ئەو ئایدیۆلۆژیایەی پشتیوانیی دەکردن، مرۆڤبوونی لە قوربانییەکانیان دادەماڵی، یەکەمیان لەسەر بنەمای جیهانبینیی ڕەگەزپەرستانەی نازی و دووەمیان لەسەر بنەمای هەژموونخوازیی پان – عەرەبیزمی بەعسی. هەردووکیان سەرپەرشتیی ئەو دامەزراوانەیان دەکرد، کە ژن و منداڵ و بێدەسەڵاتیان دەکردە ئامانج. هەردووکیان داهێنانیان لە میکانیزمەکانی مەرگدا کرد، ئایخمەن بە عەقڵییەتی ساردی پیشەسازیی و حەجاج بە دڕندەیی ڕاستەوخۆ و کەسیی. سەیر ئەوەیە، هەردوو ڕژێم کەمتر لە سێ ساڵ دوای دەستپێکردنی شاڵاوە جینۆسایدەکانیان، هەرەسیان هێنا و سڕکران. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو تاوانبار لە چنگی دادپەروەریی ڕزگاریان بوو، تا دوای چەندین دەیە، ئازایەتیی دوو ژن – کچۆڵەیەکی جوو بۆ ئایخمەن و ژنێکی کورد بۆ حەجاج – نهێنییەکەیانی ئاشکرا کرد.
ئەم هاوتەریبییە بانگەوازێکە بۆ تێڕامانێکی قووڵ لە (سروشتی ستەمکاریی) و (سایکۆلۆژیای جەللاد) و (چارەنووسی جیاوازی دوو نەتەوەی قوربانی).
کارگەی شەیتان: ڕایخی سێیەم و دەوڵەتی بەعس
هەردوو ڕژێمی نازی و بەعس لە بنەڕەتدا تۆتالیتار بوون، بەڵام فەلسەفەی بوونیان جیاواز بوو.
مەکینەی دەوڵەتی نازی بە سووتەمەنیی ڕەگەزیی کاری دەکرد؛ ئارییەکان لە ترۆپکی پیرۆزیدا و جووەکان وەک (دژە-بوون) لە قووڵایی نەفرەتدابوون. دەوڵەت، حیزب، پۆلیس و سوپا هەمووی لەژێر (فەلسەفەی فیرەر – سەرکردەی ڕەها) یەکیان گرتبوو. لێرەدا، ئایخمەن تەنیا فەرمانبەرێک نەبوو، بەڵکو ژمێریاری مەرگ بوو، ئەو کەسەی جینۆسایدی کردە بابەتێکی لۆجستی و خشتەی کات و ژمارە.
بەڵام دەوڵەتی بەعس لە عێراق، تێکەڵەیەک بوو لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پەرستنی کەسایەتیی سەددام حوسێن. لەم دیدگایەدا، کورد نەک وەک هاوبەشێکی یەکسان، بەڵکو وەک بەربەستێک لە بەردەم یەکپارچەیی خاکی عەرەبیدا سەیر دەکرا. عەجاج تکریتی لەناو دەزگایەکی ئەمنیی دڕندەدا کاری دەکرد، کە ئەرکی سەرکوتکردنی بۆ دڵسۆزانی بنەماڵەیی و ناوچەیی تکریتی لە ئەستۆ گرتبوو، ئەوێ نەک هەر زێدی سەددام، بەڵکو کانگای بەرهەمهێنانی جەللادەکانی بوو.
ئەگەر نازییەکان پشتیان بە (عەقڵانیەتی بیرۆکراتی) بۆ کوشتنی پیشەسازییانە دەبەست، ئەوا ڕژێمی بەعس (پلاندانانی بیرۆکراتی) و (دڕندەیی شەخسی) تێکەڵ کرد. بەڵام دەرەنجام یەک بوو، قوربانییەکان، پێش ئەوەی جەستەیان بسڕدرێتەوە، لە بوونی یاسایی و ئەخلاقی دادەماڵران و دەکرانە (کێشەیەکی کارگێڕی).
دوو ڕووی جەللاد: ئایخمەن بکوژی پشت مێز، حەجاج ئەشکەنجەدەری زیندان
ئایخمەن بەرجەستەکەری ئەو چەمکە بوو، کە هانا ئارێنت ناوی نا (ئاساییبوونەوەی ترسناکی شەڕ). ئەو جەللادێکی نادیار بوو، پاڵەوانێکی سەر مێز کە جینۆسایدی کردە ئەرکێکی ڕۆتینی. داهێنانی ئەو، گۆڕینی لەناوبردنی ملیۆنان مرۆڤ بوو بۆ کۆمەڵێک فایل و خشتەی شەمەندەفەر. ئەو مەرگی لە واقیع دابڕی و کردییە ژمارەیەکی سەر کاغەز.
بەڵام عەجاج تکریتی، جەللادێکی ئامادە و ڕاستەوخۆ بوو. ناوبانگی لە کۆنترۆڵکردنی نوگرە سەلمانەوە هات، ئەو زیندانەی بووە گۆڕستانی بەکۆمەڵی کورد. گەواهی ڕزگاربووان باس لە برسێتی، ئەشکەنجەی دڕندانە، دەستدرێژیی و کوشتاری ڕۆژانە دەکەن. ئەگەر ئایخمەن لە دوورەوە بڕیاری مەرگی دەر دەکرد، ئەوا عەجاج لە ڕێگەی نزیکەوە (شەخسی) گوڵەکانی دەژاکاند و کۆتایی بە ژیان دەهێنا. ئەو جەستەی زیندانیی کردبووە شانۆی نمایشکردنی دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت.
قوربانییەکان: لەنێوان سڕینەوەی تەواو و تێکشکاندنی بووندا
هەردوو گەلی جوو و کورد ڕووبەڕووی لەناوبردنی سیستماتیک بوونەوە، بەڵام چوارچێوەکەیان جیاواز بوو.
جووەکان لە ئەوروپای نازییدا ئامانجی سڕینەوەی تەواوەتی بوون. هۆلۆکۆست پرۆژەیەکی بێگەڕانەوە بوو، دەبوو هیچ شوێنەوارێکی جوو لە ئەوروپادا نەمێنێت. ئەمە ئامانجێکی سەرەکیی ئایدیۆلۆژیای نازی بوو.
کوردەکانیش لە عێراقدا ڕووبەڕووی شەپۆلی یەک لە دوای یەکی چەوسانەوە بوونەوە، لە تەعریبەوە تا جینۆسایدی ئەنفال. ئامانجی ڕژێم لە نێوان سڕینەوەی ناسنامە و تێکشکاندنی جەستەییدا لە هەڵبەز و دابەزدا بوو. لە کاتێکدا لە گوندەکان ئامانج قڕکردنی بەرفراوان بوو، بەڵام ڕەنگە بیریان لە سڕینەوەی هەموو تاکێکی کورد نەکردبێتەوە.
سەرەڕای ئەمە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ژنان و منداڵان بە ئەنقەست کرانە ئامانج، نیشانەی ئەوەی کە ئامانجەکە تەنیا لەناوبردنی هێزێکی چەکدار نەبوو، بەڵکو تێکشکاندنی کۆڵەکەی کۆمەڵگە و سڕینەوەی داهاتووی نەتەوەیەک بوو.
ڕاوی دادپەروەری: چیرۆکی دوو چارەنووسی جیاواز
سەرنجڕاکێشترین خاڵی هاوبەش و جیاکەرەوە، لە چارەنووسی دوای جەنگی ئایخمەن و عەجاجدا خۆی دەنوێنێت.
ئایخمەن دوای جەنگ بۆ ئەرجەنتین هەڵات، تا لە ساڵی ١٩٦٠ لە ئۆپەراسیۆنێکی بوێرانەی مۆساددا ڕفێندرا و برایەوە ئیسرائیل. دەیڤد بێن گوریۆن، سەرۆک وەزیرانی ئەو کات، پێی داگرت کە دەبێت ئایخمەن لە ئۆرشەلیم دادگایی بکرێت: ” ئەگەر ئایخمان بکوژرێت، ئەوا جیهان هەرگیز بەوە نازانێت کە چی کردووە، ئێمە پێویستە ئەوە بەبیر جیهان بهێنینەوە کە چی کردووە و گەلی جوولەکە بە چیدا تێپەڕیوون.”. دادگاییکردنەکە بووە سەکۆیەک بۆ ئەوەی ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست شایەتیی خۆیان لە بەردەم جیهاندا تۆمار بکەن. لێرەدا، دادپەروەریی بووە بەردی بناغەی گێڕانەوەی نەتەوەیی و دەوڵەتسازی.
عەجاج تکریتی بۆ ماوەی سی و حەوت ساڵ لە تاریکیدا مایەوە، تا ژنێکی کوردی ڕزگاربوو پەردەی لەسەر هەڵماڵی. بەڵام لێرەدا، تراژیدیایەکی دیکە دەست پێ دەکات. بە پێچەوانەی ئیسرائیل، زۆرێک لە کوردەکان باوەڕیان بە دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان نییە، کە دادگاییکردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە ئەنجام بدات. ئەم گومانە، ڕەنگدانەوەی بێمتمانەییەکی قووڵە بەو دامەزراوانەی کە گەندەڵی و ناکۆکیی سیاسی تێیدا باڵادەستە. ئەم دۆخە، برینی کراوەی بێ دەوڵەتی و ناتەواویی سەروەریی کورد دەردەخات.
جیاوازییەکە ڕوونە: بۆ جوو، (دادپەروەریی) بووە هۆی پتەوکردنی گێڕانەوەی نەتەوەیی. بۆ کورد، (نەبوونی دادپەروەریی) هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە یادەوەریی جینۆساید ببێتە خەمێکی تایبەتی و دانپێدانەنراو.
یادەوەری لە دژی لەبیرچوونەوە
ئایخمەن و عەجاج تکریتی، دوو بەرهەمی دوو سیستەمی جیاواز بوون، بەڵام هەردووکیان لە وێنەی (بیرۆکرات – جەللاد)دا یەکدەگرنەوە، ئەو مرۆڤانەی دڵسۆزییان بۆ ئایدیۆلۆژیا، هەموو بەهایەکی مرۆیی لە ناخیاندا دەکوژێت.
چارەنووسی دوای مەرگی ئەم دوو پیاوە، هێندەی لەبارەی تاوانبارانەوە دەدوێت، هێندەش لەبارەی دۆخی سیاسیی قوربانییەکانیانەوە نهێنی ئاشکرا دەکات. سووربوونی گەلی جوو لەسەر دادگاییکردنی ئایخمەن، تۆڵەی گۆڕی بۆ شایەتییەکی مێژوویی و ئامرازێکی دەوڵەتسازیی. بەڵام دوودڵیی کوردەکان لەبارەی چارەنووسی عەجاج، ناسکیی دادپەروەریی لە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا نیشان دەدات، کە تێیدا یادەوەریی بەکۆمەڵ هێشتا خەبات دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئیرادەیەکی سیاسیی یەکگرتوو.
چونکە لە کۆتاییدا، گەورەترین سەرکەوتنی ستەمکاریی، سڕینەوەی جەستەکان نییە، بەڵکو سڕینەوەی مانا و دادپەروەرییە لە یادەوەریی مرۆڤایەتیدا.
سەرچاوەکان
- هانا ئارێنت: بنەماکانی تؤتاليتاریزم، وەرگێڕانی: حەمە ڕەشید، دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی ، ٢٠٠٧.
- جان وایی: نەریتی فاشیزم، وەرگێڕانی: کارزان کاوسێن، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٥.
- ئێنزۆ ترانڤێرسۆ و ئەوانی تر: نازیزم، وەرگێڕانی: کارزان کاوسێن و ژیار فەلاح، دەزگای ئایدیا، سلێمانی ، ٢٠٢٠.
- أدولف أيخمان.. نازي متهم بـ”الهولوكوست” تخفى بثوب قسيس وخطفته إسرائيل وأعدمته، (https://www.google.com/amp/s/www.aljazeera.net/amp/encyclopedia/2024/1/23/%25D8%25A3%25D8%25AF%25D9%2588%25”9%2584%25D9%2581-%25D8%25A3%25D9%258A%25D8%25AE%25D9%2585%25D8%25A7%25”9%2586-%25D9%2586%25D8%25A7%25D8%25B2%25D9%258A-%25D9%2585%25D8%25AA%25D9%2587%25D9%2585-%25D8%25A8%25D9%2580%25D8%25A7%25D9%2584%25D9%2587%25D9%2588%25D9%2584%25D9%2588%25D9%2583%25D9%2588%25”8%25B3%25D8%25AA)
10/8/2025