نووسین: د.کامەران مەنتیک
خولیابوونى مرۆڤ بۆ ئازادیه‌كان بەقەد مێژووى مرۆڤایەتى کۆنە، ئازادى لەوکاتەوە دەستپێدەکات یەکەمین مرۆڤ هەوڵیدا ئەو چوارچێوەیە بشکێنێت، کە بۆى دانرا بوو. ئەمەش خۆى لە خۆیدا کاردانەوەیەک بوو، بەرامبەر ئەوکەسانەى چوارچێوەکەیان بۆ دانابو و هەڕەشەیان لە بوون و مرۆڤایەتیەکەى دەکرد. کەواتە دەتوانین بڵێن ئازادى کەسى لەگەڵ مرۆڤدا گوراوەو بەندەیى و كۆیلایه‌تی هەر چەندە کۆن بێت، ئازادى لەو کۆنترە. كۆیلایه‌تی شتێكی ده‌ستكردی مرۆڤه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی په‌یوه‌ست نیه به‌بوونی مرۆڤه‌وه، به‌ڵكو رووداوێكی كت و پڕه‌و به‌سه‌ر ژیانی سروشتی مرۆڤدا هاتووه، بۆیه ئه‌وه سروشت نه‌بوو مرۆڤی ئازادی خسته دۆخی كۆیلایه‌تی، هاوكات سروشتیش نه‌بوو، كه ئەو سنوورانەى بۆ ئازادى دانا، کە ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین، بەڵکو ئەوەى ئەو سنوورەى دانا پێداویستیە سیستەمیەکان، یاخود پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکان بوو( عبدالقادر، 1959. 70). چونكه مرۆڤ بۆ ئەوەى لە نێو کۆمەڵگادا بژیت، دەبێت رەفتارەکانى خۆى ڕێکبخات و سنوورێکیان بۆ دابنێت ئەو سنووردانانه‌ش رێگاگرتن و قەدەغەکردنی لەگەڵدا لە دایک دەبێت، به‌رامبه‌ر ئه‌مه حەزێکیش لەگەڵیدا لەدایک دەبێت بۆ شکاندنى ئەو قەدەغەکردنە. “مرۆڤ بە ئازادى لە دایک دەبن،
مرۆڤى کۆت کراویش لە هەموو شوێنێکدا هەیە”. فەیلەسوفى بەناوبانگى فەرەنسى روس‌و، بەم واژەیە دەستى بە نووسینى پەیمانى کۆمەلایەتى کرد، کە پاشان بوو بەیەکێک لە سەرچاوە پڕ بایەخ و گرنگەکانى سیستەمى حوکم کردن و دیاریکردنى پەیوەندیەکانى نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانهكان. (حاکم ومحکوم). هاوکات بووە یەکێک لەو نووسینانەى رۆلێکى دیارى لە زەمینە خۆشکردن بۆ دایسانى شۆڕشى فەڕەنسى (1789) بینی، ئەو شۆڕشەى وەرچەرخانێکى گەورەى لە زۆر بوارى ژیانى مرۆڤایەتیدا لە گەڵ خۆیدا هێنا. بۆنمونه لە به‌ندی یەکەمی دەستورى ئەم شۆڕشەدا هاتووە:”مرۆڤ بە ئازادى لە دایک دەبن، هەروا دەمێننەوەو یەکسانن لە مافەکان” (ظاهر، 1954. 195). ئەم هەوڵانە بووه بنەمایەک بۆ جاڕنامەى گەردوونى مافى مرۆڤ، کە لە یەکەم بەندیدا هاتووە :” هەموو مرۆڤه‌كان بە ئازادى لە دایک دەبن و یەکسانیشن لە نرخ و پایەو ماف‌دا، ئاوه‌زو ویژدانیان پێبەخشراوەو دەبێت بە روحێکى برایانە رەفتارو هەڵس وکەوت لەگەڵ یەکتردا بکەن”.
ئەگەر سەیرێکى مێژووى مرۆڤایەتى بکەین، دەبینین لە یەکەم چریکەى ناڕەزایهتی مرۆڤ بەرامبەر زولم و زۆردارى، هەتاوەکو نوێترین شۆڕشەکانى هەزارەى سێیەم، ئازادى لە پاڵ واتا‌و چەمکە راستەقینەکەى، زیاتر وەکو دروشمێکى سیاسى بەرچاو و سەرنجڕاکێش بووە، خەڵک خەباتیان لە پێناودا کردووەو گیانیان بۆ بەختکردووە، بەداخەوە رەنگە بەشێکى هەرە زۆریان له‌ئازادی نه‌گه‌یشتبێت. هۆی ئەمەش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی ئازادىهكات لە زیاتر لە بوارێک‌دا بەکاردەهێنرێت و بە زیاتر لە گۆشەنیگایەک سەیرى ئەو زاراوەیە دەکرێت، بۆ نمونه لاى هەندێک كه‌س ئازادى ئەوەیە، کەچۆنیان گەرەک بێت وابکەن، واتە هیچ كۆتوپێوهندیك له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و كاركردنیان نه‌بێت، كه ئەمەش هەندێکی تر پێیدەڵێن ئازادى سروشتى، یاخود لە هەندێک کاتدا وەک ئاوەڵواتایهك بۆ سەربەخۆیى سیاسى بەکاردەهێنرێت.
ئازادبوونى گەلێک لە ژێر دەسەڵاتى گەلێکى تر، یاخود دەوڵەتێکى تر، ئازادیەکى نەتەوەییەو زۆر لە گەلان لەسەر ئەو بنەمایە ئازادیان به‌دەستهێناوه. جارى وا هەیە ئازادى وەک ئاوەڵواتا بۆ دیموکراسیەت، یاخود حکومەتى گەل بەکاردەهێنرێت، لەوحاڵەشدا پێى دەگوترێت ئازادى سیاسى، زۆر جاران خەڵک باس لە حکومەتێکى ئازاد دەکەن، کاتێک خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆیان دەدەن، لەم لایەنەوە ئازادى ئاماژەیەکە بۆ مافى سیاسى تاکەکان، یاخود ئازادیه مەدەنیه‌كان، کە ئەو ماف و جیاوکانە دەگرێتەوە دەوڵەت بۆ هاووڵاتیانى مسۆگەر دەکات. واتە هەموو ئەو ئازادیە کەسیانەى یاسا بۆ تاکەکان دیاریدەکات (كیتیل، 1960. 209-211).
دەگێڕنەوە کاتێک (شارڵى یەکەم) پاشاى ئینگلتەرا لە ساڵى 1649 کاتێک لەبەردەم شمشێرى جەلاددا وەستا بوو، گوتى: “هەرچى دەربارەى گەلە ئەوا من وەک هەر تاکێک لەوان حه‌زێكی ڕاستگۆیانەم بۆ ئازادى و رزگاربوونى تەواو هەیە، به‌ڵام لەسەر من پێویستە پێتان بڵێم ئازادى، یاخود رزگارى واتاى ئەوەیە حکومەتێک و یاسایەک هەبێت، هاوڵاتیان لە سایەیدا ژیان و ماڵیان دابینبکرێت و بپارێزرێت، به‌ڵام ئەمە واتاى ئەوە نیه، کە بەشیان لە فەرمانڕەوایدا هەبێت! (عصفور، 1961. ی). کەواتە ئازادى لەروانگە سیاسیەکەیدا، یاكۆتوپێوەندێکە ده‌خرێته سه‌ر دەسەڵاتى حوکم کردن، یاخود هاوبەشیکردنە لەدەسەڵات. هەرچى لەروانگە یاساییەکەیەوە، ئازادی زامنکردنێکە بۆ تاکەکان، تاوه‌كو دەسەڵات مافەکانیان بە هەدەر نەدات!. ئەم وێناکردنە سیاسى و یاساییەش بۆ ئازادى، دەرئەنجامێکى سروشتی ئەو فەلسەفەیهیه،
کەوا تێده‌گات ئازادى لە بنەڕەتدا، زامنکردنێکە دژى دەسەڵاتى حوکم کردن (عصفور، 1961. 167). دەتوانین بڵێین تێگەیشتن لە ئازادیه‌كان، کاریگەریەکى زۆر‌و گرنگى لەسەر چارەنووسى نەتەوەدا هەیە، هاوكات رۆڵێکى بنەڕەتیشى لەدامەزراندنى شارستانیەتهكاندا هەیە. ئەو نەتەوانەى لەگەڵ یەکتر، یاخود لە نزیکى یەکتردا دەژین، دیاره هەریەکهی شێوازى ژیانى تایبەت بە خۆى هەیە، کە لەگەڵ خو و نەریتى ئه‌وانه‌ی تردا یه‌كناگرێته‌وه، به‌ڵام هه‌میشه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری یه‌كتره‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك بیه‌وێت مانه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت، ده‌بێت ئازادیه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخات، له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مه‌كه‌یدا بگونجێت. ئه‌گه‌ر له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ده‌توانێت یه‌كێتیه‌كی پته‌و و تۆكمه دروستبكات، بەرامبەر ئەمەش بارى هاوسێکانى لە چاو ئەودا گڵوڵەیان دەکەوێتە لێژى و شلۆق دەبێت، كه ئه‌مه وا ده‌كات له‌ناوه‌وه ته‌قینه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی رووبدات، له‌ده‌ره‌وه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ هێزه‌كانی تر بڕه‌خسێنێت چاوی تێبڕن و هه‌وڵی داگیركردنی بده‌ن.
ئازادى بە شێوەیەکى خۆرسک لاى هەموو مرۆڤێکدا هەیە، هاوكات توانای رووبهڕووبهنهوهش هه‌یه بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر ئازادیه‌كانی، واتە بوونى گیانی ناڕه‌زایه‌تی و به‌ره‌نگابوونه‌وه دژى هەر ویستێکى بێگانە، کە بیه‌وێت ملكه‌چى بکات!. به‌ڵام ئەگەر هەر پێویست بێت کۆمەڵگاو دەوڵەتی هەبێت و ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ ئەوە بسەپێنێت، باشتر وایە بە لایەنى کەم خۆى فەرمانڕەوایى خۆى بکات نەک خەڵکى تر، له‌م كاته‌دا ئه‌و ئازادیە سروشتیەى مرۆڤ، كه هەموو جۆرە مل کەچبوونێک رەتدەکاتەوە، دەبێتە ئازادیەکى کۆمەڵایەتى، یاخود سیاسى، بەو واتایەى ئەو کەسەى مل بۆ کۆمەڵگا، یاخود دەوڵەتا کەچدەکات، تەنیا مل بۆ ویستى خۆى کەچدەکات نەک ویستێکى بێگانە ( الشاوی، 1997. 173-174). ئەمەش پوختەى بیرۆکەیەکى هیگلیانەیە.
گریکەکان بەرلەگەلانیتر توانیان کۆمەڵگاکەیان رێکبخەن و سیستەمێکى وا دامه‌زرێنن، ئازادیەکانیان بپارێزێت. وه‌ك مێژوو بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه سیستەمى دیموکراسى سەرەتا لاى ئەوان سەریهەڵداو گەیشتە چلەپۆپەى و ته‌نانه‌ت دیموکراسی راستەوخۆشى تیادا پەیرەو دەکرا، واته خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌نگیان به‌نوێنه‌ره‌كانیان ده‌دا. لەسایەى ئەو سیستەمەدا مرۆڤ دەیتوانى بڕێک لەو ئازادیانە پیادەبکات، کە لە سایەى سیستەمە سیاسیەکانى تردا رژدو ئاستەنگ بوو، تۆبۆگرافیاى وڵاتى یۆنان واى لە سیستەمى پاشایەتى یۆنان کرد ئازادى و یەکسانى بە رادەیەکى زۆر مسۆگەر بکات، ئەلیادەو ئۆدێسە، كه دوو شاكاری هۆمیرۆسه، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بەدترین کەس خراپەیان لە گەورەکەیان قەبووڵ نەدەکرد و بەتوندى بەرپەچیان دەدانەوە، سەربارى ئەوەى بارى ئابوریان لاواز بو و زۆرینەى خەڵک دەستکورت و نەبوون بوون،
سەریان بۆ هێزى دەسەڵاتدار دانەدەنواند و هەست بەرزى و دەروون بەرزى خۆیان دەپاراست. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت مرۆڤ لەو کۆمارانە تەواو ئازاد بووە، لەبەر ئەوەى سیستەمى کۆمەڵایەتى لەو قۆناغەى ژیانى ئەو وڵاتەدا سیستەمى کۆیلایەتى بوو، ئەو ئازادیەى باس ده‌كرێت، تەنیا بۆ دانیشتووە رەسەنەکان بوو، کۆیلەکان لەم وڵاتەدا هەرگیز حسێوى مرۆڤیان بۆ نەدەکراو لەخانەى کەل و پەل و شمەکانەوە هه‌ژمار ده‌كران. تەنانەت فەیلەسوفە گەورەکانیش دانیان بەو حالەتە نایەکسانیەدا دادەنا، بۆنمونه یەکێکى وەکو ئەفلاتون پێی وابوو، كه جێبەجێکردنى زۆردارى لەسەر هەمووان وەکو یەک دادپه‌روه‌ریه، بۆئه‌وه‌ی شیرازه چینایه‌تیش تێكنه‌چێت، وایده‌بینی، كه کوڕى ئاسنگەر دەبێت ئاسنگەر بێت و كوڕی دارتاش دارتاش و كوڕی فەیلەسوف فەیلەسوف بێت (بڕوانه: جمهوریه افلاطون). واتە کوڕ دەبێت هەمان کارى باوکى بکات، به‌م چه‌شنه منداڵى کوێلە تاسەر بە کویله‌یی بمێنێته‌وه. یەکێکى وەکو ئەرەستۆ،
کە لەزۆر بواری پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکانى کۆڵیوهتهوە، پێى وابوو هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ ئەو بڕوایە بێنێتەوە، کە خەڵک هەمووى یەکسانن، وای بۆده‌چوو دەبێت یەکێتیهك لە نێوان فەرمانڕەوایى سروشتى، واتە ئەو فەرمانڕەوایەى هەر بەسروشتى خۆى بۆ فەرمانڕەوایى دروستکراوە، لەگەڵ هاوڵاتیە بەرفەرمانەکان هه‌بێت، بۆ ئەوەى هەردوولا بتوانن بمێننەوەو درێژه به‌ژیان بده‌ن، هەر وەکو دەڵین، بوونى هەندێک کەس بەفەرمانڕەواو هەندێکى تر بە بەرفەرمان، ئیشێکى کرداریەو سەربارى ئەوەى پێداویستیشە، چونکە کاتێک ئەوان لەدایک دەبن، هەیە بۆى نووسراوە ببێتە فەرمانڕەواو هەشە بۆى نووسراوە ببێتە بەرفەرمان. بۆیە ئەرەستۆ رای وابوو، هەندێک کەس بە سروشتى خۆیان ئازادن و هەندێکى تریش بە سروشتى خۆیان کۆیلەن، کەواتە کۆیلەکە بەشێکە لە کۆى پێکهاتەى ژیانى خاوەن کۆیلەکە. هاوكات ده‌بێت بەرژەوەندیەکانى مێردیش باڵادەست بێت بەسەر ژن و منداڵەکانیداو فەرمانڕەواییان بکات، لەبەرئەوەى پیاو هەر بەسروشتى خۆی بۆ فەرمانڕەوایی لەئافرەت باشترە، لەبەرئەوەى کاتێک خەڵک وا هەستدەکەن ئازادى ئەوەیە چۆنیان بوێت وابکەن و هەر کەس بەهەواو هەوەسى خۆى بکات، ئەمە هەڵەیەکى گەورەیە، دەبێت خەڵک بڕوایان به‌وه هه‌بێت، کە ژیان بەپێى دەستورێک کۆیلایەتی و چەوساندنەوەیە، چونكه رزگاربوونى خودی ئەوان لەمە دایە! (كالستر، 1950. 58-59).
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دەستورى ئەسینا کۆمەڵگاى ئەسیناى به‌سەر چەند چین و توێژێک دابه‌ش ده‌كرد، جیاوازیەکى چینایەتى واى دروستكردبوو، كه نایه‌كسانی به‌شێوه‌یه‌ك زهقكرابووهوه ببوه به‌شێك له‌كه‌لتوورو داب و نه‌ریتی كۆمه‌لگای ئه‌سینی. خه‌ڵكی بێگانه، واته ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری ئه‌سینا ده‌ژیان هیچ حسێوێکیان بۆ نەدەکراو ته‌نانه‌ت وەکو دوژمنێک سەیر دەکران، لە زۆربەى کاتدا کوشتنیان رەواو خوێنیان حەڵاڵ بوو!. کەواتە دیموکراسی ئەسینا، توانى ئازادى و یەکسانى تەنیا بۆ هاوڵاتیانه دابینبكات، كه ئازاد بوون و سیفەتى هاوڵاتیش تەنیا ئەو مرۆڤانەى دەگرتەوە، کە ئازاد بوون، واتا بەندەو کوێلە نەبوون. ئەو کەسەى لە ئازادێکدا لە دایک دەبوو، هەرگیز یەکسان نەبوو لەگەڵ ئەو کەسەى لە بەندەیەک دا لەدایک دەبوو، کەواتە دیموکراسی ئەسینیەکان، تەنیا ئازادى بۆ ئەرستۆکراتەکان و ئەو کەسانە دابیندەکرد، كه ئازاد بوون. ئه‌م جیاوازیکردن لەنێوان ئه‌سینیه‌كان و بێگانەکان کارێکى زۆر دژوار‌و خراپى کردە سەر دواڕۆژى شارستانی یۆنانى، شەڕەکانى پیلۆپۆنیزلە گەڵ فارسەکان و شەڕەکانى تەروادە، کۆتای‌یان بە شارستانی یۆنانى هێنا. ئەو شارستانیەی نەیتوانى هاوسه‌نگیه‌ك له‌نێوان مافى ژیان و ئازادى خه‌ڵكی ئه‌سیناو بێگانه‌كان رابگرێت (ظاهر، 1954. 80).
ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەى، کە ئەگەر لەروانگەى ئەم سەردەمەى ئێستاماندا سەیرى چەمکى ئازادى بکەین له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای گریكی، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئازادیه‌كان لەو رۆژگارەدا پڕەنسیپێکى رووکەش و تایبەت بووە بە خەڵکانێکى دیاریکراو‌و کەمینەیەکى بچووک لە نێو کۆمەڵگادا. زۆر جاران، كه‌باسی دیموكراسیی ئه‌سینا ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئازادیه‌كان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان تێكه‌ڵاو ده‌كرێت، راستە پەیوەندیەکى پتەو لەنێوان ئه‌م دوو زاراوه‌یه‌دا هەیەو زۆر جاران وەکو ئاوەڵواتایەک بۆ یەکتر بەکار دەهێنرێت، به‌ڵام لە راستەقینەدا دیموکراسیەت جۆرە سیستەمێکى سیاسیە، کە لە دووتویێ ئەو سیستەمەدا، ئازادیەکان پیادەکرێن، لەو سیستەمدا چوارچێوەى ئازادیەکان، به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كانی تر گەورەو فراوانترە، یاخو به‌شێوه‌یه‌كی دروستتر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگای باشتر تیا رێكخراوه، لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمى دیموکراسى بگاتە هەر رادەو ئاستێک، هەمیشە بەرژەوەندیەک بەسەر بەرژەوەندیەکى تردا زاڵدەکات،
ئەمە بەرژەوەندى کەسێک، یاخود چینێکى دەسەڵاتدار بێت. ئه‌گه‌ر هه‌رنا ئه‌وا به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگاوه، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تاك ده‌خاته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه. ئەمەش خۆى لە خۆیدا واتاى كۆتوپێوهندکردن و بەستنەوەى بەشێک لە ئازادیەکانە، لەبەرئەوەى ژیانى ناو کۆمه‌ڵگا وادەخوازێت، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تاك بخرێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانیان، تەنانەت لە کۆمەڵگا سەرەتایەکانیشدا تاک هەمیشە پابەندى ئەم کۆمەڵە بووە، کەتیایدا ژیاوە، رەوشت و بیروباوەڕو شێوازى ژیانى هەمووى لە کۆمەڵگاکەیدا هەلێنجاوەو لەپەیوەندى نێوان تاک و کۆمەلیش، دەسەڵاتى کۆمەڵ بەسەر تاکدا سەپێنراوە. چونكه کۆمەلگا مانەوەى خۆى پێش مانەوەى تاکەکانى ده‌خات، وه‌ك یەکێک لە پڕەنسیپە کۆنەکانى یاساى رۆمانی دەلێت:”سەلامەتى نەتەوە بەر لەهەموو شتێکەو ته‌نانه‌ت لەسەرەوەى یاساشدایە (عطیه، 1965. 121).
ئەم پێشخستنەش بە مافێکى سروشتى نەتەوە دەزانرێت، به‌ڵام بەمەرجێک لەپەناى ئەمەدا بە شێوەیەکى ناڕەوا ئازادی مافه کەسیەکان بۆ بەرژەوەندى چین‌و توێژ‌و كه‌سانیتر پێشێل نەکرێت. چونکە زۆر جاران لە پەناى دروشمى بریقەدار و سەرنج راکێش، کە پەیوەستە بە مافى بەرگریکردن لە نەتەوە، ئازادیەکان کۆت و پێشێل دەکرین. بۆیه هه‌رکاتێک ئەو دروشمانە بەنادروست و نیازێكی گڵاوه‌وه بەکاربهێنرێت، مەترسیەکى ئێجگار گه‌وره‌و ترسناکى بۆ سهرئازادیهكان دەبێت و له‌به‌های راسته‌قینه‌ی داده‌ماڵێت. هەر ئەمەشە واى لە هەندێک کەس کردووە وا له ئازادیه‌كان تێبگه‌ن، کە پاراستنى تاکەکانى کۆمەڵگایه لە زۆرداریەتى دەسەڵاتدارەکان (مل، نیه. 6). بۆیە ئازادى و ئەو کارڕاییانەى، بۆ پاراستنى ئازادیەكان پێویسته، بۆتە یەکێک لە مەسەلە گرنگ و ژیاریەکانى دەوڵەتى هاوچەرخ. ئەمە هه‌مدیس ئەوەمان بۆ روونده‌كاته‌وه، کە پەیوەندیەکى پته‌و لە نێوان ئازادى و یاسادا هەیە. ئەو یاسایەى دەشێت وەکو ئامڕازێک بۆ زو ڵم وزۆردارى و چەوساندنەوە بەکاربهێنرێت، هەروەک لەزۆر كۆمهڵگاو سەردەمی جیاوازدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌توانرێت وەک ئامڕازێکیش بەکاربهێنرێت بۆ به‌دیهێنان و پاراستنی ئازادیە بنەڕەتیه‌كان، کە بە بەشێکى گرنگ و کرۆکى دادەنرێت بۆ ژیانێکى پڕشکۆو پایەدار. هێندە بەس نیە، یاسا ئاسایشى کەسه‌كان لە موڵک وماڵی خۆیاندا مسۆگه‌ربكات،
بەڵکو ئەوەش گرنگە هاوڵاتى ئازاد بێت و بێ هیچ ترس و هەڕەشەیەک رایەکانى خۆى دەربڕێت (لوید، 1981. 7). لە سەردەمى نوێ‌دا، لەبەرئاڵۆزبوونى پەیوەندیەکانى نێو کۆمەڵگاى، پێویستە یاسا بە وردى ئازادیەکان دەستنیشان بکات، ئەمەش واده‌كات نەتوانرێت بەئاسانى ئازادیه‌كان له‌دۆخی ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى ئەو کۆمەڵگایەدا جیا بکرێتەوە، کە تیایدا پیادە دەکرێت، کەواتە ئازادى پەیوەست دەبێت بە بەرژەوەندى گشتیەوەو ناتوانرێت وەکو یاسایەک بهێنرێتە بەرچاو پێچەوانەى بەرژەوەندیه گشتیه‌كان بێت، ئەگینا دەبێتە کارێکى ناماقووڵ و نابەجێ (عطیه، 1965. 21). بۆیە هەڵس وکەوتە رێگا پێدراوەکان، لە کردار‌و جولانەوە و بیرکردنەوەو… هتد، کە دەکەوێتە نێو ئەو قاوغە پێى دەگوترێت ئازادیه‌كان، مرۆڤ لەو کارانە دووردەخاتەوە، کەزیان بهبەرژەوەندیە گشتیەکان دەگەیەنێت، یاخود زیان بەبەرژەوەندى خەڵکانیتر دەگەیەنێت.
ئەمەش ژیانى مرۆڤ بەرەو پێشەوە دەبات، چونکە هەر رووبەڕووبوونەوەى ئەو بەرژەوەندیانەیە وادەکات یاسا سنورێک بۆ
رەفتارو جولانەوەکانى مرۆڤ دابنێت، کە دەشێت زۆر جاران ئەو شتە پەیوەندى بەخودى مرۆڤەکە خۆیەوە هەبێت. بۆ نمونه یاسا خۆکوشتن قەدەغە دەکات و بە تاوانى دادەنێت، ئەگەرچى پەیوەندى بەخودی ژیانى مرۆڤەکە خۆیەوە هەیە! لەبەر ئەوەى ماقووڵ نییە مرۆڤ ئازاد بێت لەوەى ئازاد نەبێت( مل، نیه. 167). راستە ئەو ژیانە موڵكی خۆیەتى، به‌ڵام بە شێوەیەکى راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پەیوەندى بەو کۆمەڵگایەوە هەیە، کە مرۆڤەکە تیایدا دەژیت. ئەم رەفتارە هەر چەندە بە شێوەیەکى راستەوخۆ ژیانى تاکیەتى مرۆڤەکە لەناو دەبات، به‌ڵام بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆش کاریگەرى نه‌رێنیانه‌ی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و ئەو ئەندامانەى لەنێو کۆمەڵگاکەدا دەژین لێده‌كه‌وێته‌وه.