رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئێران: چیڕۆکی پووکانەوەی ئیمپراتۆرییەک

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.بورهان یاسین

ئەم وتارە رۆژی ١٤-٦-٢٠٢٥ بۆ یەکەم جار بڵاوبۆتەوە.

هێڕشەکانی دوێنێ (١٣-٦-٢٠٢٥)ی ئیسرائیل بۆ بەسەر ئێران، لە لایەکەوە وەک بەردەوامی و بەشێک لەو رووداوانەیە کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستیان پێکردوە، لە لایەکی تریشەوە وەک بەشێک لەو ململانێیەیە کە ساڵانێکە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکردووە. لە ئاستی جیهانییەوە ئەوروپای رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وە لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئیسرائیل لە بەرەی دژ بەو بەرنامە ئەتۆمییەی ئێران بوون.

کڕۆکی ئەو دژایەتییەش مەترسی و ئەو گریمانەیە بووە کە ئامانجی “شاراوە” و کۆتایی ئێران بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییە. هەڵبەتە بە جیاوازی ئەوروپاری رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران مەسەلەیەکی “وجودی” بووە، هەر ئەوەشە وا دەکات کە لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیلدا جیاوازییەک بەدیدەکرێ، ئەگەرچی ئەم جیاوازییەش مەرج نییە بە زەرورەت ئەوەندە گەورە بێت، چونکە دواجار بۆ جیهانی رۆژئاوا هەڕەشە لە “وجودی” ئیسرائیل شتێکی رێگەپێدراو نییە.

        هێڕشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ لە رووی تەکنیکی شەڕەوە دوو ئەزموونی پێشووی لە ناو یەک هێڕشدا کۆکردەوە و ئاوێتە کردووە: هێڕشە وێرانکارە لە ناکاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میسر لە شەڕی حوزەیرانی ١٩٦٧ وە لێدانی حیزبوڵا کە بە لێدانی بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو میلیشیایە دەستیپێکرد، وە بە تایبەتی لە ناوبردنی نەسروڵا.

      چوارچێوەی تیوری ئەم وتارە هەمان ئەو بۆچوونە تیورییە من دەبێت کە هەرنەبێ لە دوو بابەتی پێشترمدا کە دەربارەی ئێران (کە لە ساڵی ٢٠٢١ وە ٢٠٢٢ نووسراون) پیادەمکردووە. بۆچوونەکەش ئەوەیە کە ئەگەرچی هەردوو چەمکی “میحوەری بەرهەڵستکاری” و “هیلالی شیعی” لە ساڵانی رابردوودا بۆ فراوانخوازی و خواستی هەژموونی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار براون، بەڵام چەمکێکی دروست بۆ هەموو ئەم خەونەی فراوانخوازی و هەژمونخوازییە چەمکی ئیمپراتۆرییە. پێشتر وتومە کە زۆریک لە کێشەکانی ئێران “دەرەئەنجامی خەون و وەهم و زهنیەتی ئیمپراتۆریی دەسەڵاتدارانی ئێرانە“.

هەروەها نووسیومە کە “دە یا پانزە ساڵێک بەر لە ئێستا، زۆر کەس، تەنانەت هەندێک شارەزا و پسپۆریش، پێیان وابوو ئیتر ئێران سەرکەوتو بوو لە سەپاندنی هەژمونی خۆی و ئیتر ئەو وڵاتە چۆک بە هەمووان دادەدات لە ئاراستەی بەرژەوەندی و خواستەکانی خۆی وە جیهانی رۆژئاواش زوو یا درەنگ ئەو راستییە قەبوڵ دەکات. بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەمە بۆچوونێکی دروست نەبوو: ئەمڕۆ ئێران وەک دەوڵەت-نەتەوە چیتر ناتوانێ باری قورس و پڕ کێشەی بە ئیمپراتۆرییبوون بە ئاسانی هەڵگرێ”. 

      لە راستیدا ئەمڕۆ چیتر بابەتەکە پووکانەوەی ئەم ئیمپراتۆرییە نییە لە دەرەوەی سنوورە رەسمییەکانی ئێران لە شێوازی پوکانەوە و کەوتنی یەکێک لە باسکەکانی هێز و ئامرازی هەژمونی ئێران، واتە بریکارەکان. واتە، چیتر شەڕ و پێکدادان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نییە، بەڵکو ئێستا دەوڵەتی ئێران لە قوڵایی خۆیدا گورزی کوشندەی بەر دەکەوێ.

بەمەش ئەو هێزە ئیقلیمییەی کە تا بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وەک شێوازێک لە ئیمپراتۆریی تەماشا دەکرا، بەڵام ئێستا شەڕی مان و نەمانی خۆی دەکات! هەر وەک ئێریک زەرشەر (شارەزای بواری دەوڵەتی عوسمانی و تورکیا) دەڵێ: فروان بوون و فراوانخوازی ئیمپراتۆریی لە سەرەتادا وەک هێمای هێز دەردەکەوێ، بەڵام دواتر هەر هەمان ئەو فراوانبوونە دەبێتە ”کارخانەی بەرهەمهێنانی شکست، پاشەکشێ و لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەکە خۆی”!

      ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە کە تیشکێکی سەرپێیی بخەمە سەر رووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەڵام زۆر بە تایبەتی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران. لە کۆتاییشدا ئاماژەدان بە هەندێک سیناریۆ لە ئاراستەی کۆی پێشوەچوونەکاندا.

هێڕشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

خاڵێکی زۆر گرنگ لەو رووداوەوەدا ئەوەیە کە ئێمە چۆن لە نزیکبوونەوەی ئێسرائیل لەو رووداوە دەگەین. جگە لەوەی کە کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماس و فەلەستینییەکان زۆر توند بوو، بەڵام زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە هەر لە سەرەتادا ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لەوەی کە ٧ی ئۆکتۆبەر بکات بە جۆرێک لە ١١ی سێپتێمبەری ئیسرائیل. بەم واتایەش چۆن ئەمریکا توانی ١١ی سێپتێمبەر بکات بەو رووداوە کە گەلی ئەمریکا بە هەموو ئاراستە سیاسییەکانییەوە کۆبکاتەوە، هەروەها ئەم سۆزێکی بێوێنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەمریکا مسۆگەر کرد، بە هەمان شێوە ٧ی ئۆکتۆبەر گەلی ئیسرائیلی بە توندی لە دەوری حکومەتی ئیسرائیل کۆکردەوە و سۆزی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیشی زامن کرد.

دەرفەتی سەدە

ئەوەی وترا، واتە کردنی ٧ی ئۆکتۆبەر لە ١١ی سێپتێمبەری ئیسرائیل، یارمەتیمان دەدات لە تێگەیشتنی ئەو حاڵەتەی کە لە گوتاری سیاسی بەرپرسانی ئیسرائیل، بە تایبەتی بنیامین نەتانیاهو، وە شێوازی کاردانەوەیان، لە بەرامبەر رووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر وە هەموو رووادوە پەیوەندیدارەکان، لە ئاست و قەوارەیەکدا بووە کە ئیتر وایکردووە ئەو بەرپرسانە ئەوەی کە روویداوە و روودەدات دەرفەتێکی مێژوویی ئەوەندە گەورە و گەوهەرییە بۆ ئیسرائیل کە دواجار بۆ ئیسرائیل دەرفەتی سەدەیە، بە واتای ئەوەی کە دەرفەتی لەو جۆرە تەنها سەد ساڵ جارێک فەراهەم دەبن. بە واتایەکی دیکە ئەوەی کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە روویداوە وە ئێستا گەیشتووە بە یەکێک لە بازنە هەرە گرنگەکانی (واتە تێکشکاندی تواناکانی ئێران و رێگرتن لە ئێران لەوەی ببێ بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی) بە ئەگەری زۆر سەدەی ٢١ بکات بە سەدەی ئیسرائیل، بە هەر حاڵ لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

      لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ئیسرائیل سەدەی بیست و یەک بکات بە سەدەی خۆی، لە ئێستادا بەرەوڕووە لەگەڵ قۆناغێکی سەخت، واتە بەدەسهێنانی ئامانجەکانی لە بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ ئێراندا. لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێین کە ئامانجی ئیسرائیل نەک هەر کۆتاییهێنانی بەتەواوەتی بەرنامەی  ئەتۆمی ئێرانە، بەڵکو رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتەشە. لە لایەکی ترەوە جێگای گومانە کە ئیسرائیل بە توانانکی خۆی، بە تەنیا، بتوانێ ئامانجی کۆتایهێنان بە رژێمی ئێران دەستەبەر بکات: بەسەرخستنی ئامانج تا رادەی خستنی رژێم پێویستی بە پشتگیری ئەمریکا هەیە.

      لە لایەکی تریشەوە دەبێ ئەو ئەگەرە بە کراوەیی بەجێبهێڵین کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ مانەوەی رژێمەکەیان بەرداخە ژەهرەکە بخۆنەوە، واتە بچنە ژێر باری رێککەوتنێکی ئەتۆمییەوە کە، کەم یا زۆر، پڕ بە پێستی خواستەکانی ئەمریکا بێت، ئەگەرچی مەرج نییە رێککەوتنێکی ئەوها بە دڵی ئیسرائیلییەکان بێت!   

کەوتنی بریکار (proxy)یەکانی ئێران

سەرچاوە هەرە گرنگەکانی هێز و تواناکانی ئێران تا ٧ی ئۆکتۆبەر دوو دانە باسک بوون: باسکی یەکەمیان، بریکارەکان، کە ژمارەیەک میلیشیا و هێزی چەکداری نادەوڵەتی بوون لە جۆری حەماس، حیزبوڵا، حوسییەکان، میلیشیا شیعییەکانی عێراق بوون. جگە لە بریکارەکانیش دەوڵەتێکی هاوپەیمان، واتە سوریا، لە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەوترا “هیلالی شیعی” رۆڵێکی هەرە گرنگی لەو باسکی هێزەدا دەبینی؛ باسکی دووەمیان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.  من، هەر زوو دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، کە بازنە هەرە گرنگەکەی ناو “هیلالی شیعییە” بوو، وە پێش ئەوەش کەوتنی حەماس و حیزبوڵا، ئیتر پێوابوو کە هەنگاوی داهاتوو لە جەنگی ئیسرائیل لە چوارچێوەی دژایەتی ئەو “هیلالە”دا لێدانی ئێران دەبێ.

      بە داڕمانی ئەم هیلالە،  ئێران ئامراز و کارتێکی گرنگی دانوستاندنی لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا، لەدەستدا. . . دوای ئەو داڕمانی ئەو باسکە، تەنها کارتی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بوو کە دەکرا بەرامبەر ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بەکاری ببات. بەڵام هەر زوو جێگای گومان بوو کە ئیسرائیل لێبگەڕێ ئێران بە ئاسانی پێشکەوتنی زیاتر لە پڕۆژە و پڕۆگرام ئەتۆمییەکەی بەدەست بهێنێ، وە وەک کارت لە بەهێزکردنەوەی هەژموونی خۆی بەکاری ببات.

       بە هەر حاڵ، کەوتنی باسکی بریکارەکان، بە تایبەتی رژێمی سوریا، رەگەزی سەرەکی لە هێز و هەژموونی ئێران کەوت. ئەمەش وایکرد کە ئێران بە ئاشکراتر باس لە ئەگەری گۆڕینی باوەڕ (عەقیدە)ی ئەتۆمی خۆی بکات، ئەوەش بە تایبەتی بە دوو واتا: یەکەمیان، پەلەکردن لە سەرخستنی ئاستی پیتاندنی یورانیۆم، کە لە ماوەی دواییدا دەرکەوت گەیشتۆتە ٦٠ لە سەد، یا تەنانەت زیاتریش، وە دووەمیان، ئاماژەدان بە ئاشکرا بە بژاردەی جێهێشتنی رێککەوتنی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە ساڵانێکە ئێران بەشێکە لێی، بەم واتایەش ئیتر ئێران دەستی واڵا بێت لە هەنگاونان بۆ بە “سەربازیکردنی” بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بەڵام ئەم پێشوەچوونە، واتە ئاماژەدان بە گۆڕینی “عەقیدە”ی ئەتۆمی، بوو بە شیرێکی دوو سەر: سەرێکیان بوو بە پشتڕاستکردنەوەی هێز و تواناکانی ئێران، بەڵام لەولاشەوە ئەم ئاماژەیە بە گۆڕینی “عەیدەی” ئەتۆمی بووە هۆی ئەوەی بە توندی سەرنجی جیهانی رۆژئاوا و ئیسرائیل بۆ لای هەڕەشەی گریمانەیی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زیاد بکات. ئاکامێکی ئەو پێشوەچوونەش ئەوە بوو کە: یا ئەوەتا ئێران بێتە ژێر باری ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا مۆر بکات، یا ئەوەتا، زوو یا درەنگ، ئەو وڵاتە بچێتە دۆخی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا، وە زۆر بە تایبەتیش ئیسرائیل.

فەرموون لینکی تەواوی بابەتەکە لە ماڵپەڕی کەسی نووسەر بخوێننەوە:

https://burhanyassin.com/Iran%20Israel%202.pdf

هاوشێوە