نووسین: د. عەبدولموتەڵیب
ڕەفعەت سەرحەت
پێناسەى بەبیابانبوون بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، واتا تێکچوونی زەوی لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا کە لە ئەنجامی هۆکاری جۆراوجۆرەوە دروست دەبێت، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤ. وئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکە کە بە قۆناغ لە دواى قۆناغ ڕوودەدات ویەکێکە لەو دیاردانەى کە بە دیاردەى خزان (خشۆک) ناسراوە کەبەبەردەوامى بەرەو ناوچەکانى تر هەنگاودەنێت.
ولە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤە وەک فراوانبوونی شارەکان، گۆڕینى ڕەگەزى زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ بازرگانى ونیشتەجێبوون، بڕینى دارستانەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، ودواتر شکەساڵی درێژخایەن و لافاو ئەبێتە هۆى تێکچوون یا خراپبوونی کواڵیتى خاک (تێکچوونى بەپیتى خاک) و کەمی ڕووپۆشی ڕووەکى و کەمی بەرهەمی کشتوکاڵی. ئەم دیاردەیە پێشتر مەترسی لەسەر نیوەگۆی باشوورى زەوى هەبوو، بەڵام لە ئێستادا مەترسی لەسەر نیوەگۆی باکووریش دروست کردووە. لەلایەکى ترەوە، وشکەساڵی بریتییە لە نەبوونی یان کەمی بارانبارین لە ماوەیەکى دیاریکراودا. وشکەساڵی درێژخایەن و دووبارەبوونەوەی دەبێتە هۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دواتر بەبیابانبوون، چونکە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سینکى کاربۆنەوە (وەرگرى کاربۆن)ەوە ئەگۆڕى بۆ دەرپێنەرى کاربۆن، واتا زەوییە کشتوکاڵییەکان لە برى ئەوەى هۆکارێک بن بۆ کەمکردنەوەى کاربۆن لە بەرگى هەوایى دەبنە سەرچاوەیەک بۆ زیادبوونى کاربۆن. نزیکەى ٤٠% گۆى زەوى لە ژێر مەترسی بەبیابانبووندایەو کاریگەرى لە سەر زیاتر لە نیوەى دانیشتووانى سەر زەوى دروستکردووە. و ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ئەم دیاردەیە زیاتر پەرەدەسێنێت وبڵاودەبێتەوە بە هۆى گەرمبوونى جیهانى (قەتیسبوونى گەرما). بۆیە لە هەر چرکەیەکدا هاوتای چوار یاریگای تۆپی پێ زەوی كشتوكاڵی تەندروست تێکدەچێت و دووچارى بەبیابانبوون ئەبێتەوە، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن هێکتار. ولە جیهاندا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس دووچارى کۆچى ژینگەیی بوونەتەوە بە هۆى دیاردەى بەبیابانبوون.
ولە عێراق و بەشێک لە هەرێمى کوردستاندا ئەم دیاردەیە بە یەکێک له گەورەترین ئاستەنگە ژینگەییەکانی بەردەم وڵات دادەنرێت. و چەندین هۆکار هەن کە وایکردووە دیاردەى بەبیابانبوون لە عێراق وهەرێم زیاتر دەرکەوێ گرنگترینیان گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی ڕێژەی بارانبارین یا تێکچوونى رتم وهاوسەنگى یا ناڕێکى لە دابارین، بەتایبەتی دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی و درێژبوونى ماوەى نێوان بارانەکان. و خاکى عیراق وبەشێک لە خاکى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى ناوچەى گەرمیان ودەشتى هەولێر گونجاو و ئامادەن بۆ بەبیابانبوون لەبەر هەندێ هۆکارى تایبەت کە بریتین لە شێوازە کشتوکاڵییە زیانبەخشەکان، وەک زیادەڕۆیی لە ئاودێریکردن و لابردن و سوتاندنى ڕووپۆشی ڕووەک و گۆڕینى ڕەگەزى زەوییە کشتوکاڵییەکان (بەتایبەتى لە کوردستان)دا بۆ بازرگانى ونیشتەجێبوون، وسوێرى یا شۆرەکات (بەتایبەتى لە باشوورى عیراق) کە ئەمانەش هۆکارى زۆر مەترسیدارن بۆ بەبیابانبوون. و زیانەکانی ململانێ و شەڕەکانی عێراقیش هۆکاربوون لە گەورەتربوونی ئەم دیاردەیە.
لەلایەکى ترەوە دۆخی ئاوی عێراق تا کۆتایى نەوەدەکان وسەرتاى دووهەزارەکان زۆر سەقامگیر بوو، بەڵام دوای ئەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ سەرچاوەکانى ئاو و داهاتى ئاوى لەدەستداوە. ئەمەش بەهۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ بەرامبەر بە عێراق، جگە لە گۆڕانى کەش وهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی ڕێژەی بارانبارین، کە هەموو ئەوانە عێراقی خستتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە بەدەست توندترین قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنن. عێراق پێشتر خاوەن زیاتر لە ٧٥ ملیار م٣ ئاو بوو لە بەنداو و زەلکاوەکان، بەڵام لە چەند ساڵى ڕابردوودا چەند جارێک دابەزى بۆ کەمتر لە ١٠ ملیار م٣. و پێشتر ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیار م٣ داهاتى روبارى دیجلە بوو وزیاتر لە ٤٠ ملیار م٣ داهاتى روبارى فورات بوو، بەڵام لە ئێستادا داهاتى هەردوو روبار دابەزیووە بۆ کەمتر لە ٥ملیار م٣ بۆ دیجلە و کەمتر لە ٩ ملیار م٣ بۆ فورات. وساڵانە عیراق زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لەدەست دەدات بە هۆى سوێرى وبەبیابانبوونەوە، و لە ساڵى ١٩٩٠ەوە تاوەکو ئێستا عیراق نزیکەى ٢٧ ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى لەدەستداوە، واتا زیاتر لە ٥٠% زەوییە کشتوکاڵییەکانى عیراق. وتا ئێستا بیرۆکەى کۆکردنەوەى ئاو (دروینەى ئاو) لە عیراق وهەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى قسەکردن وبەڵێن دەرنەچوونە.
بەبیابانبوون لە عێراق وبەشێک لە هەرێمى کوردستان چەندین کاریگەری نەرێنی هەبووە، دیارترینیان دابەزینی بەرهەمی زەوییە کشتوکاڵییەکان، تێکچوونی سەرچاوەکانی ئاو، تێکچوونى ئاسایشی خۆراک، زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، تێکچوونی ئیکۆسیستەمەکان و جۆراوجۆری زیندووەران، شەپۆلی کۆچی ناوخۆیی و دەرەکی دانیشتووان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی باشتر، و زیادبوونی مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکان بۆ کۆمەڵگا ناوخۆییەکان.
و لەئێستادا عێراق وهەرێمى کوردستان ڕووبەڕووی شەڕێ وشکەساڵیدا بوونەتەوە چونکە لە دواى ساڵى ٢٠٠٠ەوە بەبەراورد لە گەڵ سەدەى ڕابردوودا عیراق زۆرترین جار ڕووبەڕووی وشکەساڵى بووەتەوە وبەتایبەتى لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا سێ ساڵ وشکەساڵى بووە. بۆیە ئەمە کاریگەرى ڕاستەوخۆى دەبێت لە سەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە و ئاوی ژێر زەوی ومەترسی لەسەر ژیانى دانیشتووان دروست دەکات.
گرنگترین کار لە ئێستادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى بەبیابانبوون و وشکەساڵى بڵاوکردنەوەى زانیارییە دەربارەى گۆڕانى کەش و هەوا و لێکەوتەکانییەتى. و چەندین ڕێگا هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لە کۆمەڵگە بۆ کەمکردنەوەی کێشەی بەبیابانبوون لە عێراقدا، لەوانە پرۆگرامی پەروەردەیی و هۆشیاری لە پرۆگرامەکانی قوتابخانە و زانکۆکاندا. هەروەها سازدانی سیمینار و وۆرکشۆپ بەمەبەستى هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە هۆکارەکانی بەبیابانبوون و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێی. و بەکارهێنانی میدیا (تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامە) بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ژینگەیی هەنگاوێکی گرنگە بۆ کارکردن لەسەر کەمکرنەوەى ئاسەوارەکانى ئەم دیاردەیە. بۆیە گرتنەبەری ئەم ستراتیژانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لای دانیشتوانی ناوچەکە و پاڵنەریان دەبێت بۆ بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی بەبیابانبوون. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی بەبیابانبوون پێویستە چەندین ڕێکارو بەرنامەى جددى وپراکتیکى بگیردرێتەبەر وەکو دروستکردنى دارستان وپشتوێنەى سەوز، بەڕێوەبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکى زانستى وپاراستنیان ونەگۆڕینى ڕەگەزەکانیان، و پەرەپێدانی شێوازە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان، و کارامەیی لە بەکارهێنانی ئاو بەتایبەتى بۆ کشتوکاڵ، و بەرزکردنەوەی ئاستى چاودێری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی.
و ئەبێ ئەوە بزانین کە بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە عێراق وهەرێمى کوردستاندا ئالەنگارییەکى گەورەیە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ژینگەیی ناوخۆییى و نێودەوڵەتییەکانەوە بەمەبەستى دۆزینەوەى چارەسەری بەردەوام و درێژخایەن. و یەکیکى تر لە ئاڵەنگارییەکى گەورەکان لە ڕووبەڕووی عیراق وهەرێمى کوردستان بووەتەوە وشکەساڵییە کە لە ساڵانی داهاتوودا ڕەنگە زیاتر ڕووبدات. ئەم وشکەساڵییە دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و سیاسەتە ئاوییە چەوتەکانى تورکیا و ئێرانە کە پێشێلکارییەکى زۆر گەورەیان کردووە لە سەر سەرچاوەکانى ئاوى عیراق. ولە ئەگەرى بەردەوامبوونى ئەم دۆخە ئەوە عێراق وهەرێمى کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی زۆر گەورەتر دەبێتەوە.