نووسین: د.کامەران مەنتیک
لەبەر زۆرى کەموکوڕیانه‌ی هه‌یه‌تی، مرۆڤ ناتوانێت بەتەنیا رووبەڕووى مەترسیەکانى سروشت بێتەوە، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌موكه‌ڕی و پێویستیانه ژیانی كۆمه‌ڵگایی هه‌ڵده‌بژێرێت، وەک دیالیکتێکى سروشتیش، ژیان بەردەوام لە گۆڕان دایە، کۆمەڵگاش وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ ئەو گوڕانانە دەگۆڕێت. ئەو گۆڕانانە، ئەگەر کەم بێت ئەگەر زۆر، وادەکات ئازادیەکان هەمیشە لە جولە دابن و سەقامگیر نەبن. هاوکات مرۆڤیش بەردەوام لە ناڕەزایى ده‌بێت بەرانبەر ئەو دۆخه‌ی تیایدا دەژیت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هەمیشە دوورتر ده‌ڕوانێت و بیر لەدواڕۆژ ده‌کاتەوە. ئەم دوور ڕوانینە دەبێتە سۆنگەى ئەوەى بەردەوام هەوڵى به‌دەستهێنانى ئازادى زیاتر بدات. لێرەدا جۆرە تێکەڵبوونێک لەنێوان خەون و خواستەکانى مرۆڤ، بۆچوونى بۆ دوارۆژو شێوازى ژیانى لە داهاتوودا، لەگەڵ ئەو ژیانەى لەرابردوودا تیایدا ژیاوەو له‌چركه‌ساته‌كانی ئێستاش بەردەوامە تیایدا، دێته ئارا. بەشێوەیەکى وردتر، ئازادى دەبێتە پەردەیەک و مرۆڤ هەموو خەون و خۆزگەکانى خۆى لە پەنایدا دەشارێتەوە. بۆیە کاتێک باس لە کۆمەڵگاو تاک و ئازادى دەکەین، پێویستە ئەو راستەقینەیە فەرامۆش نەکەین،
بۆئەوەى وردتر لە ئازادیەکان تێبگەین، پێویستە زەمەن بۆ تاوێک بوەستێنین، یاخود وه‌ك گریمانه‌یه‌ك لەیەکەیەکى وەستاوى زەمەندا سەیرى ئازادیەکان بکەین. لەم رێگایەشەوە له‌لایه‌ك دەتوانین لەچەمکى ئازادیەکە تێبگەین، له‌لایه‌كی تر لە ناوەڕۆکى ئەو گۆڕانکاریانە تێبگەین، کە لە کۆمەڵگاکاندا روودەدات و کاریگەریان بەسەر ئازادیەکانەوە هەیە. چونکە کۆمەڵگایه‌ك کاتێک دەگاته ئاستێکى بەرز لە بەڕێوەبردنى ئەرکەکانی، ئەو کاتە بەتەنیا لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکانى بەردەوام نابێت، بەڵکو بەگوێرەى تێپەڕبوونى كات، پێویستی نوێ لاى تاكه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات و بۆ گونجان لەگەڵ ئەو پێویستیانه‌ش ئامانجى نوێ دێتە بەرهەم، کەواتە ئامانجەکانیش لە خودى وردەکاریەکانى خۆیاندا، یاخود لەخودى ئەو ئامڕازانەى بەکار دەهێنرێت بۆ گەیشتن پێیان، لە گۆڕ‌انى بەردەوامدان. سەربارى ئەمەش کۆمەڵگا خۆیشى هەوڵى گۆڕانیان دەدات، ئەگینا لە ململانێیەکەیدا، کەلەگەڵ سروشت و خودەتاکیەکەى مرۆڤدا هەیەتى بەجێدەمێنێت، واتە ناهاوسەنگیەک لە نێوان هەردوو خودەکەى مرۆڤدا دێتە ئارا، ئەمەش جوله‌یه‌كی وا بەهێز دروستدەکات، ئەگەر دەروازەیه‌كی بۆ نه‌كرێته‌وه هەناسەیه‌كی تیابدات و نەرمى نواندنى به‌رامبه‌ر نه‌نوێنرێت، دەبێتە سۆنگەى تەقینەوەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسى ترسناک و هەموو کۆمەڵگا دوچارى شەڕو ئاژاوە دەکاته‌وه!. هەر بەم پێوەرەش، هەموو ئەو گۆڕان و شۆڕشانەى لە کۆمەڵگا جیاجیاکانى مرۆڤایەتیدا روودەده‌ن، کاریگەریەکى راستەخۆى ئەو ململانێیەو ئەو هێزە دینامیکیەى ئازادیه‌كانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵگادا ئازادى راستەقینەو مرۆڤانەى دەستدەکەوێت، بۆیە هەمیشە خۆى بە قەرزارى ئه‌و کۆمەڵگاکەیه دەزانێت، کە تیایدا گەورە بووه‌و پەروەردە كراوه. چەندەى ئاستى هوشیارى ورۆشنبیریشى بەرزتربێت، هێندە زووتر درک بەو راستەقینەیە دەکات و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى خۆى دەکاتە گورى بەرژەوەندیە گشتیەکان. کاتێک بەم کارەش هەڵدەسێت، هەستدەکات ویژدانى ئازاد تر دەبێت!. دیارە لێرەدا پیرۆزى کۆمەڵگاو دەوڵه‌ت بەدیار دەکەوێت، کە هه‌موو سیستەمێكی سیاسى بەردەوام کار لەسەر ئەو پیرۆزکردنە دەکات و تەنانەت دەیگەیەنێتە رادەى وەهمێکى مەترسیدار. لێره‌دا پێویسته هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر خاڵێك بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه راستە مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگاو لە چوارچێوەى دەوڵەتدا هێزەکانى خۆى باشتر رێکدەخات، به‌ڵام لەبنەڕەتدا سروشتى مرۆڤبوونه‌كه‌ی خۆشى سیمایەکى کۆمەڵایەتیانە وه‌رده‌گرێت، كه‌واته کۆمەڵگاو شەریعەتەکان لەبەرژەوەندى و پیویستیەکانى تاکەوە هەڵدەقوڵێن، چونکە خۆشەویستى مرۆڤ بۆ ئازادیه‌كان لە هەموو حەزەکانى تر‌ى بەهێزترو به‌گوڕترە. دیاره ئەو خۆشەویستیەش لەسەر بنەماى ئارەزووەکانى مرۆڤەوە بەندە، کە هەموو تواناکانى خۆى به‌بێ هیچ كۆتێك تەرخاندەکات بۆ ئاسوودەکردن و بەختەوەرکردنى خودى خۆى، كه ره‌نگ بێت هه‌ندێكجار ئه‌و به‌خته‌وه‌ریه له خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا به‌ده‌ستبێنێت!.
له‌هه‌موو دۆخێك‌دا ئازادی ره‌های نیه‌و هه‌رده‌بێت سنوورێك بۆ كرده‌وه‌و ره‌فتاره‌كانی دابنرێت و خۆشەویستى ئازادیه‌كان وەک هەموو حەزەکانى تر‌ى پێویستە بخرێتە ژێر چاودێرى ئاوه‌زه‌وە. بۆیه كاتێك مرۆڤ ئازاد ده‌بێت، ئەمە واتاى ئەوە نییە چۆنى گەرەک بێت وا‌بکات و هیچ شتێک نەبێت بیسەنگرێنێتەوە. تاک بەو پێیەى ئەندامێکە لە کۆمەڵگا، تارادەیەک خۆى دەخاتە بەر فەرمانى ئەو کۆمەڵگایەو دەستبەردارى بەشێک ئازادیەکانى دەبێت، چونكه خودی ئه‌و ده‌ستبه‌ردار بوونه له ئازادی ره‌ها زیاتر خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌كات. واته ملكه‌چبوونێكی رێژه‌یی له ئازادیه‌كانی زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌بینێته‌وه(فولغین، 1981. 130). ئەگینا له‌بنه‌ڕه‌تدا هەموو تاکێک وەکو مرۆڤ ویستێکى تایبەت بەخۆى هەیە، کە پێچەوانە یاخود دژایەتیەکى لەگەڵ ویستە گشتیەکەى مرۆڤەکەدا هه‌یه. لەوانەیە هه‌ندێكحار بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى وایلێبکات کار بۆ مەسەلە هاوبەشەکان بكات، هاوبەشیکردنێكی بێبەرانبەر، چونکە کاتێک ئەو دەوڵەت پێکدێنێت و سەیرى کەسایەتى واتایى ( معنوی) دەکات و وەک بوونەوەرێکى ئاوه‌زمه‌ند له‌خۆی ده‌ڕوانێت، دەشێت بەبێئەوەى ئارەزووى هەبێت ئەرکەکانى خۆى جێبه‌جێبكات مافی هاوڵاتیبوون وه‌رگرێت،
كه ئه‌مه له‌كۆتایدا زیان به هه‌یبه‌تی سیسته‌می سیاسی ده‌گه‌یه‌نێت(روس‌و، نیه. 53). دورهایم پێیوایه، تاک بەو هێزە ئاکاریەوە بەندە، کە نێوەندە کۆمەڵایەتیەکەى دەیسەپێنێتە سەر، ئه‌و ئاكاریانه كۆمه‌ڵێك دیسپلین بۆ تاكه‌كان دروستده‌كه‌ن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و دیسپیلینانه نه‌بێت، تاک بەخێرایى دەبێتە بوونەوەرێکى دڵتەنگ و نەخۆش و بێ‌ئامانج(ماچ، 1990. 145). مه‌به‌ست له دیسپلین ئەو یاسایانەیە، کە لەئەنجامى تێکەڵبوونى تاکەکان و دروستبوونى کۆمەڵگا لەدایکدەبێت. هەڵس وکەوت لە نێو ناوەندێکى کۆمەڵایەتیدا، لەلایەک بەگیانى تاک نامۆیەو لە لایەکیتر لەرێگاى چەند دەقێکى رێسایى و عورفیدا بەرژەوەندیەکانى دەپارێزێت. کە دەتوانین بە یاسایەکى سروشتى ئەو لەدایکبوونەى هەژمار بکەین. یەکێک لەو شتە نوێیانەى لەنێو ئەو گۆڕانە نوێیەدا دێته به‌رهه‌م، ئازادیه‌كانه. ئەو ئازادیانه‌ی مرۆڤ بەدرێژایى ژیانى هەوڵیده بۆ دەدات، بۆئەوەى – وەک ئاماژەى پێکرا – هاوسەنگیەک بهێنێتە دى، لە نێوان پێویستى و بەرژەوەندیەکانى خۆى وەکو تاکێک، لەگەڵ بەرژەوەندى و پاراستنى ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتیەى تیایدا دەژیت، جا ئەرگەچى زۆر لەو یاسایانەى ژیان لەنێو کۆمەڵگادا رێکدەخەن، یاساى دانراون، به‌ڵام سەرچاوەیەى بەشێکى زۆر لەو رێسا یاساییانە، هەر خودی ژیانە سروشتیەکەیە، کەواتە شتێکى ئاساییە کە لەگەڵ ڤۆڵتێردا بڵێن یاساى سروشتى، ( بەرژەوەندى و ئاوه‌زه)، هەر بۆیەشە، ڤۆڵتێر، ناوى ئازادى لە مافى سروشتى دەنێت.
کاتێك باس لە په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان بەرژەوەندى و ئاوه‌ز دەکەین، پێویستە لەدوو تەوەرەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکەین، یەکەمیان بەرژەوەندى و دووهەمیان خودى ئاوه‌زه‌کە خۆیەتى. کەبەرژەوەندى هاتە ئارا، واتا کۆمەڵگا دروستبووە، بۆیە ئەو کاتەش بەرژەوەندى دەبێتـە ماف و یاسا دەیپارێزێت، هاوکات ئاوه‌زیش لەو کاتە پەیدا دەبێت، کە مرۆڤ فێرى بیرکردنەوە دەبێت، ئەو کاتەش دروستكردنی کۆمەڵگا، یاخود هێشتنەوەو فراوانکردنى کۆمەڵگا، له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا وه‌ك پێداویستیەک دەبینێت. لە هەموو مێژووى مرۆڤایەتیدا مرۆڤ به‌رده‌وام هەوڵیداوە هاوسەنگیەک لەنێوان پێویستیە تاکیەکانى خۆى و مانەوەو پاراستنى کۆمەڵگاكه‌ی بێنێته‌دی، بۆیە هەندێك لەو هەڵسوکەوت و رەفتارانەى قەدەغە کردووە، کە زانیویەتى زیان بە مانەوەو بەرژەوەندى کۆمەڵگا دەگەیەنێت، خودی ئەم قەدەغەکردنەش،
لە بەرژەوەندى هەندێک رەفتارى تردایە، کە زیاتر خزمه‌تی بەرژەوەندیە بنەڕەتیەکانى ئەو دەکات و پێویستیە گرنگەکانى تر‌ى مسۆگەردەکات. یاساش ئەو ئامڕازەیە، کە به‌هۆیه‌وه ئەو هاوسەنگیە دێنێتە دى. راستە زۆرجاران یاسا لەبەرژەوەندى چین و توێژێک، یاخود لەبەرژەوەندى چینى دەسەڵاتدار دایە، به‌ڵام بەشێوەیەکى گشتى، توانیویەتى رۆڵێکى باش و گرنگ ببینێت و تا رادەیەکى زۆر سەقامگیری و دڵنیایی بۆ دابینبكات رێگاى ئەوەى لە بەردەم بکاتەوە، بە ئارامی سوود لەبەشێک لەئازادیە گرنگەکانى وه‌رگرێت. هەبوونى هەندێک راو بۆچوون، کە یاسا بەهۆكارێكی دواکەوتن دادەنێن و بەکۆسپێکى گەورەى دەزانن لەبەر دەم رەوتى پەرەسەندن و پێشکەوتنى مرۆڤایەتی، هه‌رگیز لە گرنگى و بایەخى یاسا کەمناکەنەوە. بۆیه سەربارى هەموو ره‌خنانه‌ی له‌بوونی یاسا ده‌گیرێت، کاتێک باسى ئازادیه‌كان دەکرێت، بەشێوەیەکى گشتى هه‌موو رەفتاره‌كانی مرۆڤ دەگرێتەوە، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت، كه‌یاسا قه‌ده‌غه‌ی كردوونز ئەمە روانگەیەکى راستەقینەو ریالیستانەیە بۆ ئازادى، چونکە ئەگەر یاسا ئەو رەفتارانە رێکنەخات،
زیان بە بەرژەوەندیە گشتیەکان دەگات. هەرچى کردارە غەریزیەکانى تر‌ى مرۆڤە، ئەگەر بەرژەوەندیەکى لێنەکەوێتەوە، یاخود ئەگەر بە شێوەیەکى راستەوخۆو ناراستەوخۆ، زیان بە بەرژەوەندیەک نەگەیەنێـت، با لەچوارچێوەى کۆمەڵگاش ئه‌نجام بدرێت، هەرگیز ناكه‌ونه دووتوێی ئازادیه‌كانه‌وه، بەو پێیەى ئازادى بەو کردار‌و رەفتارانە ده‌گوترێت، کەئەگەر جڵەویان بەرهەڵدا بکریت و لە چوارچێوەیەکدا رێکنەخرێن، دەشێ زیان بە بەرژەوەندیە گشتیەکانى کۆمەڵگا بگەیەنێت. وه‌ك رۆسۆ دەڵێت:”مرۆڤ ناتوانێت دەستبەردارى ئازادیه‌كانی بێت، چونکە دەستبەردار بوون لەو ئازادیه‌كان، دەستبەرداربوونە لەسیفەت و مافه‌كانی خۆى وەک مرۆڤێک، تەنانەت لە ئەرکەکانى خۆشی‌دا. بۆیە ئەو کەسەى دەستبەردارى ئازادیه‌كانی دەبێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا پێچەوانەى سروشتى مرۆڤە (روس‌و، نیه. 43). هاوکات چەمکى ئازادى، بە هەردوو رووە ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌كه‌یه‌وه، واتاى پاراستنى کەسێکە، یاخود شتێکە لەدەستدرێژى ئەو کەسانەى ده‌یانه‌وێت ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر، یاخود دەسەڵاتى خۆیانى بەسەردا بسەپێنن. بەو پێیە چەمکى ئازادى، دەبێتە پاراستنێکى واتایى، لەو نیگەرانى و ترس و دڵەڕاوکێیانه‌ی ئەو هێزانە دروستیده‌كه‌ن، کە دژ بە ئاوه‌زن!. بە کورتى پاراستنی ئازادیه‌كانه لە هەر دەستدرێژێ و ستەمکاریەک (برلین، 1348. 26). ئەگەر ئەو پاراستنە نەبێت، مرۆڤ پێویستى بەوە نابێت بێتە نێو کۆمەڵگا و کۆمەڵێک پێوەند بخاتەسەر غەریزە سروشتیەکانی خۆی!.
لێرەدا پێویستە ئەوە روونبکەینەوە، كاتێك باس لەبەرژەوەندى گشتى دەکەین، مەبەستمان لە چەمک و واتا راستەقینەکەى بەرژەوەندى گشتیە، نەک ئەو چەمک و واتایەى زۆر جاران، سیاسەتمه‌دارو ده‌سه‌ڵاتداران لە پێناو مەبەستە تایبەتیەکانى خۆیان بەکاریده‌هێنن، یاخود ئامانجە سیاسیەکانى خۆیانى لە پەنا حەشار دەدەن. بۆیه كاتێك مرۆڤ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ده‌ست له‌هه‌ندێك ره‌فتاره سروشتیه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌گرێت یاخود له‌چوارچێوه‌ی یاسایه‌كه‌وه رێكیده‌خات، به‌ئامانجی ئه‌وه‌یه ترس و لاتەریکیەکەى نەهێڵێت و لەژیانێکى پڕ لە ئارامى و سەقامگیریدا ژیان بەسەر بەرێێت. راستە ئەو کێشەو ململانێیەى لەناوەوەى خودى تاکدا هەیە زۆر جاران دەبێتە هۆی ئەوەى له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگا دەستبەردارى خودە تاکیەکەى خۆی بێت، به‌ڵام هەر هەمان کێشەو ململانێى دەبێتە هۆى گوراندنى ترس و دڵەراوکێ لاى مرۆڤ، دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى گیانى حەز کردن لە گۆڕان و نوێبوونەوە. بۆیه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا یاخیبوون و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كان ده‌بێته ئه‌نجامێكی سروشتى ئەم ململانێیە.
ئاشکرایە، کە زووتر هەستکردن بەشته‌كان و قووڵبوونەوە لەدەوروبەر، لاى خەڵکێکى هوشیارو به‌ئاگا خێراتر سەرهەڵدەدات، بۆیه ده‌بینین له‌زۆربه‌ی كاتدا رۆشەنبیرە راسته‌قینه‌کان ده‌بنه پێشەنگى شۆڕش و نۆیخوازیەکان، هەر ئەوانیشن رۆڵى گەورە لەچڕترکردنەوەى ململانێیه‌كان ده‌گێڕن، چونکە ئەوان وردەکارى ململانێیەکە باشتر دەبینن و خەڵکى ئاسایى زیاتر بەرەو پیلی بانگەوازەکانى ئەوانەوە دەچێت. ئەو بانگەوازانەى هه‌میشه له‌گه‌ڵ لایەنى سۆز و دەروونى مرۆڤەکان مامه‌ڵه ده‌كات، کە بە هۆى تەسکى گۆشەنیگاکانیان بۆژیان، هێشتا سست و نەجولاوەو کاریان زۆر پێنەکراوە خێراتر ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری هۆكاره ده‌ره‌كیانه‌وه. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە لەدایکبوونى هەستکردن بەنامۆیی لاى هەموو تاکەکان و پەیدابوونى بیروبۆچوونى تر، بەشێوەیەکى گشتى سەرخانى کۆمەڵ لەو کاتەدا، ئەو بۆشاییە دەقۆزێتەوە، کە لەئەنجامى ململانێی نێوان هەردوو خودەکەى مرۆڤدا په‌یدابووه، پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەش، کە دەکاتە به‌دیهێنانى ئەو ئازادیانەى نەتوانراوە سیمایان بە جوانى روونبکرێتەوە و چوارچێوەیان بۆ دیاری‌بکرێت، پێویسیان بە مامەڵەکردنێکى ورد و ژیرانەتر هەیە ، کە به‌هۆی جیاوازى ئاستى بیرکردنەوەو پێگەیینى ئاوه‌ز، بەشێکى زۆرى مرۆڤەکانى ناو کۆمەڵگادا توانای ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌یان نیه، بۆیە دەبینین هەمدیس پەنا بۆ چەکە سەرەتاییەکەیان، کەهێزە ماتریالیەکە (HARD POWER) دەبەن،. واتەپەنا بۆ شەڕو خه‌باتی چه‌كداری دەبەن! تاوەکو بتوانن تەکانێکى گەورەتر بەرەو پێشەوە بنێن و ئەو قۆناغە جێبهێڵن،
کە هیچ هاوسەنگیەک لە نێوان فەزاى بیرکردنەوەى ئەو دۆخه‌ی تیایدا دەژین نەماوە، بەواتایەکى تر لە نێوان خۆزگەو ئاواتە دوور و نزیکەکانى تاک و ئەو بارەى کۆمەڵگاى تیادا دەژىت نه‌ماوه. لە ئەنجامى ئەمەشدا، بیرۆکەى ئازادى، یاخود بە شێوەیەکى وردتر، روانگەکان بۆ ئازادى نوێدەبنەوەو لە کڵاوڕۆژنەیەکى سەردەمانەترەوە رەفتارەکان رێکدەخەن و رێساى یاسایى بۆ دادەڕێژن. واتە بەرەو پێشەوەچوونێک دێتە ئارا. ئەم بەرەو پێشوەچوونەش هەموو بوارەکانى ژیان دەگرێتەوە. بەم چەشنە ئازادى دەبێتە سۆنگەى لە دایک بوون و سەرهەڵدانى هێزى بزوێنەرى دامەزراندنى شارستانیەت. هەر لەبەر ئەمەیە چەمکى ئازادى، وەک چەمکى خودى ئەو شارستانیەتیەى بەهۆیەوە دادەمەزرێت. بە تەمەنى مناڵى، پاشان لاوى، پاشان پیریدا رەتدەبێت. لەدوا پەیژەشدا لەگەڵ ئەو قاڵبە نوێیەى لەسۆنگەى بەرەو پێشەوەچوونى ژیان گرتوویەتى، هەندێک چەمکى تازە بۆ ئازادى پەیدا دەبێت، ئەمەش وا دەکات قۆناغێکى تر لە خەباتى مرۆڤایەتى لە پێناو ژیان و بەردوامبوونەوە دەست پێبکاتەوە. بەم چەشنە ژیانى مرۆڤ لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێک و لەسیستەمێکى کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسیەوە، بۆ سیستەمێکى تر دەگۆڕێت.
سه‌رئەنجام
كاتێك مرۆڤ ژیانی كۆمه‌ڵگایی هه‌ڵده‌بژێرێت، بارته‌قای ئه‌وه‌ی خۆی له مه‌ترسیه‌كانی سروشت و ژینگه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌پارێزێت، رووبه‌ڕووی مه‌ترسیه ناوه‌خۆییه‌كان ده‌بێته‌وه، كه خۆی له‌ململانێ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی ناووه‌ی كۆمه‌ڵگا، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ترسیه ده‌ره‌كیه‌كان زیاتر نه‌بن شتێكی وایان كه‌متر نیه. ئه‌وه‌ی بۆ مرۆڤ گرنگه له‌و قۆناغه نوێیه‌دا له‌بوونه‌وه‌رێكی سروشتیه‌وه ده‌بێته بوونه‌وه‌رێكی مه‌ده‌نی، واته كه‌سایه‌تیه‌ك په‌یدا ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا چوارچێوه فراوانه‌كه‌ی سروشت بچووك ده‌بێته‌وه ره‌فتاره‌كانی له ره‌فتارێكی سروشتیه‌وه ده‌بێته ره‌فتارێكی یاسایی، ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌فتاره‌كانیشی رێكده‌خه‌ن له بنه‌ڕه‌تدا تا راده‌یه‌كی زۆر پشت به‌یاسای سروشتی ده‌به‌ستن، له‌م حاله‌ته‌شدا ئازادیه‌ك له‌دایك ده‌بێت، كه له‌رێگای ئه‌و یاسایانه‌وه رێكخراوه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی سروشتی مرۆڤ سروشتێكی دوالیزمانه‌یه، له‌لایه‌ك تاكێكه‌و وه‌كو تاكێك له‌دایك ده‌بێت ده‌ژیت و پێویستیه سروشتیه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه‌و له‌كۆتایدا ده‌مرێت، له‌لایه‌كی مۆركی ئه‌و نێوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه وه‌رده‌گرێت، كه تیایدا ده‌ژیت. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی دوو خود( خوده تاكه‌كه‌ی و خوده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی). ململانێ له‌نێوان ئه‌و دوو خوده‌دا بنه‌مای هه‌موو نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانكاریه‌كه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێكجاردا به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنیانه‌ش خۆی نیشانبدات. به‌تێگه‌یشتن له ئاستی هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌و دوو خوده ده‌توانین ئه‌وه هه‌ڵێنجین، كه كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌كۆمه‌ڵگایه‌كان له كام قۆناغی مێژوویی خۆیدا ده‌ژیت. بۆنمونه یه‌كبوونی تای ته‌رازووه‌كه له‌نێوان هه‌ردوو خود واتای ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگاكه له‌دۆخێكی ته‌ندروست و سه‌قامگیردایه، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه رۆسۆ ده‌ڵێت رێگا مه‌ده‌ن خه‌ڵكێك زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و خه‌ڵكێكی تریش زۆر هه‌ژار، چونكه ئه‌مه ئه‌و هاوسه‌نگیه تێكده‌دات هه‌ندێكیان ده‌بن به‌ئازادی كڕو به‌شێكیان ئازادیه‌كانیان ده‌فرۆشن!.
مرۆڤ بۆ رێکخستنى پەیوەندیەکانى نێو خودەتاکەکەى و ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتیەى تیایدا دەژیت و بۆ هێنانه‌دی هاوسه‌نگیه‌ك لە نێوان هەردوو خودەكه‌دا، ناچار دەبێت مل بۆ ئەو رێسایانە کەچبکات، کە کۆمەڵگا لەرێگاى چەند کەسانێکەوە دەریدەکات. واتە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ، ناچار دەبێت ملکەچى فەرمانڕەواکان بێت، لەمەدا ئاوێتەبوونێک، یاخود کارلەیەکترکردنێک لەنێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانه‌كاندا دێتە ئارا. سەربارى لەدەستدانى بڕێکى زۆر لەئازادیەکان، مرۆڤ لەنێو کۆمەڵگادا ئازادى راستەقینەو مرۆڤانەى دەستدەکەوێت، بۆیە ئاماده‌یی لاپه‌یدابێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی بخاته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كانه‌وه و پیرۆزیان بكات، ئه‌م پیرۆزكردنه‌یه، كه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر پته‌وكردنی ده‌كه‌ن چه‌ندین وه‌همی مه‌ترسیداری له‌په‌ناوه دروستده‌كه‌ن، كه له‌كۆتایدا ده‌بنه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئازادیه‌كان. بۆیه باشتر وایه بەرلەوەى بیر لەئازادیه‌كان بکرێتەوە، بیر لەدەسەڵاتێک بکرێتەوە، کەره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی خه‌ڵك بێت و به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كان بپارێزێت. به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و شێوازه فه‌رمانڕه‌واییه‌ش ته‌نیا له‌رێگای به‌هێزكردنی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو ره‌فتاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی داموده‌زگایی رێكبخات، لێره‌دا پێویستیه‌كانی یاسا‌و به‌یاسایكردن سه‌رهه‌ڵده‌دات، ده‌بێت له‌ویاسایانه‌شدا هه‌میشه ره‌چاوی ئه‌وه بكرێت لەگەڵ رەوتى پێشکەوتنى کۆمەڵگادا بگونجێن، واتە دواى سەقامگیربوونى ئاسایشیش پێویستە مرۆڤ بەردەوام کار لەسەر ئەو یاسایانەدا بکا بۆ ئەوەى لەگەڵ گیانى سەردەمەکەى بیگونجێنێت و و رێگا نەدات لە کاروانى پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان دابڕێت!. چونكه مانه‌وه له‌دۆخێكدا خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگا ناكات و به‌به‌روارد به‌كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وروبه‌ری له‌سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا دایده‌بڕێت.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە بۆئەوەى ئازادى هەبێت، بەر لە هەموو شتێک دەبێت رەفتارێک، کردارێک هەبێت، هەر کردارێکیش بەو پێیەى دیاردەیەکى دەرەکیە، لە کۆمەڵێکى ئاڵۆز لە پارچەى بەیەکەوە گرێ‌دراو پێکهاتوە، واتە لە کۆمەڵێک یەکە پێکهاتوە، کە بەکۆتا نایەن، كه ئەمه شێوازێک و جۆرێك له تایبەیمەندیەک بە کرداره‌كه دەبەخشێت، کە ناواخنەکەى بە تەنیا بەیەکەیەکى دەرەکى لاتەریک سنووردار نەکراوە، بەڵکو كاریگه‌ره ناوه‌خۆییه‌كانیش رۆڵی خۆیان له دروستكردنیدا ده‌بینن، له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌شدا ئامانجه‌كانی كرداره‌كانمان بۆ به‌دیارده‌كه‌وێت، كه‌زیاتر مۆركێكی ئاوه‌زمه‌ندانه‌یان هه‌ڵگرتووه. بۆیە ئامانجەکانیش به‌هۆی ئەوەى لەیەکەیەکى هزرمەنده‌وه دێنه به‌رهه‌م، زیاتر شێوازێکى تەجریدیانە بەخۆیانەوە دەگرن، چونکە ئەوان لەبنەڕەتدا لایەنە سەرتاپاگیریەکە، واتە نیازی كرداره‌كه لە خۆوە دەگرن.
کەواتە ئازادیه‌كان بەشێوەیەکى کۆک بەندە بەکردارەکانەوە، ئەو کردارانەش دەبێت کۆمەڵایەتى بن و کاریگەریان بەسەر رەفتارى کەسانى تر‌ى ناو کۆمەڵگاوە هەبێت و هاوكات بکەونە ژێر کاریگەرى رەفتارى خەڵکانى ترەوە. ئەو کردارانەى زۆر پێداویستین بۆ مانەوەو بەردەوامبوونى ژیانى نێو کۆمەڵگا، یاسا رێکیان دەخات، بۆ ئەوەى بەرژەوەندیەکان بەگژیەکتر دانەچنەوە. چونکە لەگەڵ دروستبوونى کۆمەڵگا تایبەتمه‌ندبوونى شتەکان زەقتر دەبێته‌وه، بەمەش موڵکداریەتی کاریگەرى زیاتر پەیدا دەكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی موڵكداریه‌تیش مافه، لەچوارچێوەى ئەو مافەدا بوار بۆ هەندێک رەفتار دەڕەخسێت، کە ناوى لێدەنرێت ئازادی. واتە مرۆڤ ئازاد دەبێت تا ئەو کاتەى لە دووتوێى مافەکانى خۆیدا دەخولێتەوە. لەگەڵ بە کۆتاهاتنى ئەو مافەش ئازادیەکان بە کۆتا دێن و ماف و ئازادى خەڵکانى تر دەست پێدەکات. بە واتایەکى تر، ئازادى ئەو کاتە سەرهەڵدەدات، کە بەرپرسیاریەتى دێته ئارا، ئازادی و به‌رپرسیاریه‌تی دووڕووی یه‌ك دراون.
مرۆڤ تەنیا ئەو کارانە ده‌كات، كه‌ده‌یه‌وێت بیكات، سه‌ره‌تا وادێته به‌رچاو ئه‌و له‌هه‌ڵبژارددنی كارانه‌ی ده‌یكات ئازاده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی وردبینه‌وه، بۆمان روونده‌بێته‌وه، كه ئەو هەمیشە بەلاى پێداویستیەکانەوە کاردەکات، ئه‌مه‌ش هۆی ئه‌وه‌یه بوونی خودى مرۆڤەکە دەکەوێتە پێش ئەوشتەى، ده‌یه‌وێت بیكات، واته بۆئه‌وه‌ی كارێك ئه‌نجامبدات سه‌ره‌تا ده‌بێت خۆی هه‌بێت، به‌بێبوونی ئه‌و هیچ كارێك ناكرێت، بۆیه مرۆڤ ئه‌نجام سه‌ره‌تاو كۆتایی هه‌موو رێكخستنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگایه، هه‌رگیز ناكرێت مرۆڤ بكرێته قوربانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌ژێر هه‌ر بڕوبیانووێك بێت