رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ڤاندانە شیڤا لەمەڕ هۆکاری گرنگیی ئەو خۆراکەی کە دەیخۆین

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ڤاندانا شیڤا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوا ئەمین

وا بۆ چەند دەیەیە ڤاندانا شیڤا ڕێبەریی بەرخۆدانێكی تاک-ژنی دەکات تا بتوانێت لەو ڕێیەوە جیهان لەوە ئاگادار بکاتەوە کە ‘’خۆراک دراوی ژیانە’’.

ئەو بە چەندین نازناوگەلی جۆراوجۆر دەناسرێتەوە، لەوانە: ‘’گاندیی دانەوێڵە’’، ‘’ڕۆکستار’’ی جووڵانەوەکانی دژ بە دەسکاریکردنی جیناتی زیندوەران[١] و ‘’خواژنی جەنگاوەری ژینگە’’. بۆ زیاتر لە چل ساڵە ڤاندانا شیڤای فیزیازانی هیندیی، کە دواتر بواری خۆی گۆڕی و بوو بە ئیکۆلۆژیست و داکۆکیکاری مافەکانی خۆراک، شۆڕشێکی کشتوکاڵی مەزنی دەستپێکردووە. ئەو لەو باوەڕەدایە ئێمە دەتوانین بە پشتبەستن بەو شێوازی کشتوکاڵە کۆتایی بە برسێتی لە جیهاندا بهێنین و هەسارەکەمان ڕزگار بکەین، لەهەمانکاتیشدا ئەو نەریتە دانسقانەمان بپارێزین کە پەیوەستن بە لایەنی کلتوری و چێشتلێنانمانەوە؛ ئەو نەریتانەی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بوونەتە هۆکاری هەمەچەشنکردنی ئەم دنیایەمان.

لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە، شیڤا لایەندارێکی شێلگیر و بەئەمەکی ئەو باوەڕەیە کە پێی وایە ئەو خۆراکەی دەیخۆین گرنگە. خۆراک دەمانکات بەوەی کە هەین، هەم لە لایەنی جەستەیی و کلتورییەوە، هەمیش لە لایەنی مەعنەوی و ڕۆحییەوە. شیڤا بە پاڵپشتیکردنی سەرسەختانەی لە مافی سەروەری زیاتر بەسەر خۆراکەوە و هەوڵدان بۆ  جۆرە خۆراکێک کە هەم زیاتر بمێنێتەوە و هەمیش لەگەڵ ژینگەدا تەبا بێت، هەروەها پاراستنی مافی تۆوەکان بۆ جووتیارانی ناوخۆیی لە سەرانسەری جیهاندا، مکوڕە لەسەر ئەوەی ئاگادارمان بکاتەوە لەوەی کە “خۆراک و کلتور دراوی ژیانن” – و هیچکام لەو دووانە ناتوانێت بەبێ ئەوی دیکەیان بوونی هەبێت.

لەم دواییانەدا لەگەڵ شیڤادا گەنگەشەیەکمان سازدا تا لەبارەی گەورەبوونی لە هیمالایای هیندستان پرسیاری لێ بکەین، هەروەها ئەوەی چۆن زیندەفرەجۆری[٢] یارمەتی پاراستنی کولتوورە خۆماڵییەکان دەدات، و ئەوەشی کە گەشتیارەکان چیان لەدەست دێ بۆ ئەوەی جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر.

پ/ لەپاش تەرخانکردنی بەشی زۆری تەمەنت لەڕێی داکۆکیکردن بەناوی خەڵکی خۆجێیی و ڕەسەنەوە لەپێناو پاراستن و هێشتنەوەی داب و نەریتە کلتوریی و چارەسەرە سروشتییەکاندا، بۆچی پێتوایە ئەم باسانە، بەتایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا جێی بایەخن؟

و/ خۆتەرخانکردن و خزمەتکردنم بۆ زەوی و کۆمەڵگەی دانیشتوانە ڕەسەنەکان، نزیکەی پێنج دەیە لەمەوبەر بە [بزووتنەوەی چیپکۆ][٣] دەستی پێکرد. لەمڕۆدا پاراستنی زەوی و کلتورە ڕەسەن و خۆجێییەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە، بە پێوەری ئەوەی پێنج سەدە کۆڵۆنیاڵیزم و سێ سەدە پیشەسازیی لەسەر حیسابی سووتەمەنی بەبەردبوو، ئێمەی تا لێواری داڕمان گەیاندووە. دانیشتوانە ڕەسەنەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا ژیاون، ڕێزیان لە زەوی و سنوورەکانی گرتووە. ئەوان مامۆستا و ڕێنیشاندەرن بۆ مانەوە و نەفەوتان لە سەردەمی لەناوچوون و قڕبوونی یەکجارەکیدا.

پ/ ساڵێکی گران و ئاوارتەمان بەڕێکرد. ئایا دەتوانیت ئاماژە بە هەندێک لەو شتانە بکەیت لە هیندستانی زێدی خۆتدا شایەتحاڵی بوویت؛ شتگەلێک کە بووبنە هۆکار تا ئەو باوەڕەت لا پتەوترکەن کە خۆراک و کولتوور هەر بەڕاستی” دراوی ژیانن”؟

و/ دوێنێ ژنانی ناوچەکەم لە ناڤدانیا[٤] بۆ فێستیڤاڵی داڕوجان[٥] گردبووبوونەوە. شۆڕشی سەوز[٦] [کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا گۆڕانی بنچینەیی لە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هیندستاندا کرد] بە شێوازی کارکردن و دانەوێڵەکانی ناڤدێنیای دەگوت “دواکەوتوو” و “سەرەتایی”. بەڵام هەر ژنانی ناڤدانیا ١٠ هێندە زیاتر خۆراکیان بەرهەم دەهێنا، ئەویش بە بەکارهێنانی ١٠ هێندە ئاوی کەمتر. ئەندامانی ناڤدانیا لە کاتی کەرەنتینەدا پەیوەندییان پێوە دەکردم تا پێم بڵێن ئەو “باخچەی هیوا”[٧]یانەی کە ئێمە دەستمان پێکرد، سەرەڕای کەرەنتینە، خۆراکی پێویستی بۆ خێزان و کۆمەڵگەکانیان دابین کردووە.

خۆراک و کلتور دراوی ژیانن. و لە کاتێکدا کە بە نەخۆشی و مردن دەورە دراوین، کلتورێکی خۆراکی زیندوو دەتوانێت ڕووناکییەک بێت بۆ سەرلەنوێ دۆزینەوەی ڕێگای ژیانمان.

پ/ تۆ داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی سەروەری و سەربەخۆیی خۆراکیت. پێناسەی تۆ بۆ سەروەری خۆراک چییە و لە چ ڕوویەکەوە پێت وایە سەروەری خۆراک یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدان بە زیندەفرەجۆری جیهان و پاراستنی کلتورە خۆماڵییەکان؟

و/ بۆ من، سەروەری خۆراک واتە سەروەری تاک بەسەر ژیان و بژێوی و تەندروستی خۆیدا. ئێمە هەموومان بەیەکەوە گرێدراوین، هەر بۆیە سەروەری خۆراک پرۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە بۆ هاوبەشی پێکردن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیاندا. دەستپێکی ئەم پڕۆسەیە بە گەڕانەوەی سەروەری تۆوەکان مەیسەر دەبێت: واتە پاراستن و بەکارهێنانی تۆوە سرووشتییەکان. هەروەها ئەم پڕۆسەیە گرنگیدان بە زەوی و خاکیش لەخۆ دەگرێت. ئەگەر ئێمە خۆراکی وردەزیندەوەرانی خاک دابین نەکەین ئەوا ناتوانین سەروەری خۆراکیشمان هەبێت.

بنەمای سەروەری خۆراک، کشتوکاڵی سروشتی و دوورکەوتنەوە لە ماددە کیمیایی و دەرمانە ژەهراوییەکانە. سەروەری خۆراک سەروەری مەعریفە و زانیاری، سەروەری ئابووری و سەروەری سیاسی لەخۆ دەگرێت.

پ/ هەندێک لەو ڕێگەیانە چین کە ئەمەت بە کردار و لە واقیعدا بەدی کردووە لە هیندستان ؟

و/ من لە ساڵی ١٩٨٤دا لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر شۆڕشی سەوز لە پونجاب*[٨] ئەنجامدابوو، هەر بەو هۆیەوە لە ساڵی ١٩٨٧دا بۆ کۆبوونەوەیەک لەسەر بایۆتەکنەلۆژیا بانگهێشت کرام، لەوێوە ئێمە دەستمان کرد بە پاراستنی تۆوەکان– ئەو بزووتنەوەیەی کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە بە ناڤدانیا دەناسرێتەوە. لەو کاتەوە زیاتر لە ١٥٠ بانکی تۆوی ئیشتیراکی دروستکراون. تۆوە خۆماڵییەکان، کە لەگەڵ کلتورە خۆماڵییەکانی خۆیاندا، خۆیان گونجاندووە، هەم خۆراکی زیاتریان لێ بەرهەم دێت، هەم زیاتریش بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن. ئێمە زیاد لە ملیۆنێک جووتیارمان لەسەر شێوە کشتوکاڵێکی سروشتیی بێ ماددەی کیمیایی و لەسەر بنەمای زیندەفرەجۆری پەروەردە کردووە. ئەم جووتیارانە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکیان دوو هێندە بەرزکردۆتەوە، هەروەها بە بەفیڕۆنەدانی پارە لە ماددە کیمیایییەکان و ئەو تۆوانەدا کە بەکارناهێنرێتەوە، داهاتیان لەچاو ئەو جووتیارانەی کە بە شێوە کاڵا تەوەرییەکەی بازاڕ کشتوکاڵ دەکەن، ١٠ هێندە زیاترە.

پ/ گەورەبوونت لە دامێنەکانی هیمالایا بە چ شێوەیەک کاریگەری داناوە لە سەرهەڵدانی ئارەزووت بۆ بوارەکانی خۆراک و ئیکۆلۆژی؟

و/ بە هۆکاری ئەوەی لە هیمالایا گەورە بووم و بوومە خۆبەخشێک لە چیپکۆ، هەر زوو بەهای زیندەفرەجۆری فێربووم. ئەم وانەیە لەوەدا یارمەتیدام تا بتوانم تێبگەم بۆچی ویلایەتی پونجاب، کە بۆ یەکەمجار شۆڕشی سەوز لەوێدا سەپێندرا، نوقمی توندوتیژیی بوو. من کتێبی (توندوتیژییەکانی شۆڕشی سەوز)[٩]م نووسی و پەیمانم لەگەڵ خۆمدا بەست کە سیستەمێکی دوور لە توندوتیژی خۆراک و کشتوکاڵ پەرەپێبدەم. ئەمە ئەو کارەیە کە من لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بێ وەستان پێوەی خەریکم.

تێگەیشتم کە خۆرئاوای پیشەسازی-کۆڵۆنیاڵیستی لەسەر بنەمای عەقڵێکی میکانیکی و تاکچەشنی لە فیکردا دامەزراوە. بە سوودوەرگرتن لە ڕاهێنانەکانم و شێوازی پەروەردەبوونم لە هیمالایادا، دەستم کرد بە پەرەپێدانی زیندەفرەجۆریی فیکر، و سەرلەنوێ ژیانەوەی زیندەفرەجۆری لە کێڵگە و خۆراکەکانماندا.

پ/ تۆ دەیان ساڵە شێلگیرانە پاڵپشتی هەڵمەتی “پاراستنی تۆوەکان” و “ئازادی تۆوەکان” دەکەیت. گرنگی ئەمانە لە چی دایە، و ئەو ڕێکخراوەی کە تۆ داتمەزراندووە، ناڤدانیا، لە چ ڕوویەکەوە کاری کردووە لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئەم هەوڵانە لە هیندستاندا؟

و/ تۆو سەرچاوەی ژیانە. تۆو سەرچاوەی خۆراکە. لەپێناو پاراستنی ئازادیی خۆراکدا، پێویستە ئازادیی بەکارهێنان و دەستپێڕاگەیشتن بە تۆوەکان بپارێزین.

یەکەم شت کە ئێمە لە ڕێکخراوەکەماندا کردمان ئەوەبوو کۆمەڵێک بانکی تۆوی ئیشتیراکیمان دروستکرد کە لەڕێیەوە تۆو بکاتەوە بە شتێک کە بۆ بەرژەوەندی گشتییە، و بەرەنگاری پاوانکاری و دەستبەسەراگرتنەکانی سەر تۆوەکان ببینەوە. زیاتر لە ١٥٠ بانکی تۆوی ئیشتیراکی دروستکراوە کە یارمەتی جووتیارانی داوە هەم بەرهەمی خۆراکی زیاتر بەرهەم بهێنن و هەمیش تۆوی خۆڕاگریان دەستبکەوێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتە کەشوهەواییەکان.

من هاوکاریی نووسینی یاساگەلێکم کردووە کە تێیاندا دان بەوەدا نراوە کە ڕووەکەکان، ئاژەڵەکان و تۆوەکان داهێنانی مرۆڤ نین. ئێمە شەڕی کەیسی ژینگەدزی[١٠]، پاوانکردنی زیندەفرەجۆری و زانست و حیکمەتی دانیشتوانە ڕەسەنەکانمان کردووە. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشەوە، نیشانمان داوە گەر پەرە بە زیندەفرەجۆری بدرێت لەبری ماددە کیمیاییەکان، و خۆراک بۆ هەر ئەکرێک[١١] هەژمار بکرێت لەجێی ئەوەی بەرهەم و قازانج بۆ هەر ئەکرێک، ئەوسا بە ئاسانی دەتوانین خۆراکی پێویست بەشی دوو هێندەی دانیشتوانی جیهان بەرهەم بهێنین.

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە تۆوی خۆماڵی ماددەی خۆراکی زیاتری تێدایە لەچاو ئەو جۆرە پیشەسازییە ” بەرهەمدارتر و فرەچەشنتر”انەدا کە لە ڕووی بوونی ماددەی خۆراکییەوە،  بەتاڵن و پڕیشن لە ژەهر.

پ/ وەک خۆتان زۆرجار ئاماژەتان پێداوە، ئەوە ژنانن کە زۆربەی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنن. لە چ ڕوویەکەوە سەروەری خۆراک بە دیاریکراوی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە؟

و/ زیاتر لە چوار دەیە لێکۆڵینەوە و کارکردن ئەوەی بۆ دەرخستووم کە زۆرینەی جووتیارانی جیهان ژنن. ئەوان خۆراک لەپێناو خواردندا دەچێنن نەک وەک کاڵایەک. ئەوان خۆراک لەپێناو تەندروستیدا دەچێنن نەک بۆ نەخۆشخستن. لە ڕۆژگاری شەڕ و برسێتیدا، لە کاتی لافاو و وشکەساڵیدا، ئەوان تۆو و خۆراکە ڕەسەناکانیان لە لەبیرچوونەوە پاراستووە و هەڵیانگرتووە.

ژنان توانستی ئەوەیان هەیە کە سەرکردایەتی قۆناغی گواستنەوەمان بکەن بەرەو سەرلەنوێ ژیانەوەی زەوی و زیندەفرەجۆرییەکەی، هەروەها تەندروستی و خواردنی ئێمە.

پ/ نموونەی ئەو کلتورانە کامانەن کە خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانن وەک نوێنەرێکی شیاوی ئەو ڕێبازی کشتوکاڵە سرووشتیەی کە ئێوە مەبەستانە، چاویان لێ بکەن و سوود لە ئەزموونەکانیان ببینن؟

و/ هەموو کلتورە ڕەسەن و خۆماڵییەکان نوێنەری ڕێبازی کشتوکاڵ و خۆراکی سرووشتین. دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئوسترالیا[١٢] بۆ ماوەی ٦٠ هەزار ساڵە کشتوکاڵ دەکەن. بەشێک لە جووتیارانی چین و هیندستان وا بۆ٤٠ سەدە دەچێت کە بە جووتیارییەوە خەریکن.

سێر ئالبێرت هاوارد، کە لە ساڵی ١٩٠٥ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاوە بۆ باشترکردنی کشتوکاڵی هیندستان ڕەوانەی ئەوێ کرا، بەڵام شتەکە پێچەوانە بوویەوە و ئەوەبوو لە جوتیارانی هیندستانەوە فێری کشتوکاڵی سرووشتی بوون؛ بەوهۆیەشەوە بووە هۆی پێشکەوتنی کشتوکاڵی خۆرئاوا. ئەو لە کتێبەکەی “وەسیەتنامەیەکی کشتوکاڵی”[١٣]دا دەنووسێت، کاتێ بینیویەتی شێواز و دابونەریتەکانی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی هیندستان چەندە باش و کارامەن، بڕیاری داوە جووتیارانی هیندی بکاتە پرۆفیسۆری خۆی.

پ/ تۆ زیاتر لە ٢٠ کتێبت نووسیوە، و لە ڕێگەی ناونیشانی یەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانتەوە، زاراوەی “دیموکراسیی زەوی”ت داهێناوە. ئەم زاراوەیە بە چ مانایەک دێت و گەشتیاران چۆن دەتوانن ئیشی پێ بکەن؟

و/ کۆڵۆنیاڵیزم و سیستەمی پیشەسازی لە ڕێی پشتبەستن بە چوار گریمانەی ناڕاستەوە زەوی و کلتورە ڕەسەنەکانیان لەناوبردووە.

یەک: ئێمە لە سروشت جیاین و بەشێک نین لە سروشت. دوو: سروشت ماددەیەکی مردووە، ماددەیەکی خاوەو تەنها بۆ کەڵکلێوەرگرتنی پیشەسازییانەی گونجاوە. سێ: کلتورە ڕەسەن و خۆماڵییەکان نزمتر و سەرەتایی و پەرەنەسەندوون، و لە ڕێی پڕۆژە شارستانییەکانی کۆلۆنیالیزمێکی هەمیشەیییەوە، پێویستە بە “شارستانی” بکرێن. چوار: سروشت و کلتورەکان پێویستە پێشبخرێن لە ڕێگەی دەستکاریکردن و دەستوێوەردانی دەرەکیی مرۆڤەوە. شۆڕشی سەوز و دەستکاریکردنی جیناتی زیندەوەران هەڵقوڵاوی ئەم گریمانە ناڕاستانەن.

من دیموکراسیی زەویم بۆ ئەوە نووسی تا پیشانی بدەم چۆن پڕۆسەی گڵۆبەڵایزەیشن/بەجیهانیکردن بازاڕێکی ڕێکنەخراو و تەماحێکی بێ سنووری ئازاد کرد، کە پێکەوە بوونە هۆی خوڵقاندنی ئابوورییە ئیکۆسایدکەر[١٤] و جینۆسایدکەرەکان. هەڵبژاردنی دیموکراسی کە لەلایەن ملیاردێر و کۆمپانیاکانەوە پاڵپشتی دەکرا، دیموکراسی لە سیستەمێکەوە کە خەڵک بەڕێوەی دەبرد، خەڵک پاڵپشتی دەکرد، و لەپێناو خەڵکدابوو گۆڕی بۆ سیستەمێکی سیاسی کە کۆمپانیاکان بەڕێوەی دەبەن، کۆمپانیاکان پاڵپشتی دەکەن، و لەپێناو بەرژەوەندی کۆمپانیاکاندایە. و بە دروستکردن و گەرمکردنی قاتی و کێبڕکێ لە بازاڕدا، بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی کلتورەکان.

هەر بۆیە من لەسەر بنەمای فەلسەفەکەم و ئیشەکانم پەرەم بە چەمکی دیموکراسیی زەوی دا کە ئێمە بەشێکین لە زەوی، و ئازادی مرۆڤ و تەندروستی مرۆڤ لە گرەوی جۆرەکانی تردایە. ئێمە باڵاترنین لە جۆرەکانی تر، ئێمە بوونێکین لەناو بوونەکانی تردا*. مرۆڤسەنتەری* بونیادێکی پڕ توندوتیژیە.

دیموکراسیی زەوی ڕێگەمان پێدەدات وەرچەرخان بکەین لەو ئابووری و کلتورانەدا کە کوژەرن، و ئەو دیموکراسییانەی کە مردوون لەچاو ئابوورییە پڕ ژیانەکان، دیموکراسییە زیندووەکان، کلتورە زیندووەکانی زەوی، و هاوبەشی بکەین لە بەرەکەتەکانی زەویدا و ڕێز بۆ سنوورەکانی دابنێین.

پ/ تۆ یارمەتی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی سەرانسەری ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەوروپات داوە و لەو کۆنفراسانەشدا کە لە سەراپای جیهاندا ڕێک دەخرێت، قسەت کردووە. ئەو شتانە چین لە گەشتەکانتدا تێبینیت کردووە کە خۆراکە خۆماڵییەکان و پرسی شوناس بە یەکتر دەگەیەنێت؟

و/ ئێمە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە دابەشکراوین. ئێمە بەهۆی ڕەگەز، نەژاد، ئایین، چینەوە دابەشکراوین. بەڵام ئێمە بەشێکین لە زەوی و خۆراکیش دراوی ژیانە. سیستەمێکی خۆراک کە لەگەڵ زەویدا لە شەڕدابێت، بێگومان لەگەڵ جەستەی خۆشماندا لە شەڕدا دەبێت.

لە سەرانسەری جیهاندا، بە تایبەت لە کاتی پاندێمیکەکاندا*، هۆشیارییەک پەرە دەستێنێت کە ئەو سەرچاوە جۆراوجۆرانەی وزە کە ئێمە لەسەری دەژین، ڕەگ و ڕیشەیان لە سیستەمێکی خۆراکی نادادپەروەر، ناجێگیر و بەپیشەسازیکراودایە. و چارەسەری هەموو قەیرانەکان لە دروستکردنی سیستەمێکی خۆراکی خۆماڵی، زیندەفرەجۆری بێ ژەهری بێ ماددەی کیماییدایە کە ببێتە هۆی زیادبوونی خۆراکی هەموو جۆرەکانی زیندەوەران، لە هەمانکاتیشدا شوێنپێمان بە ژینگەوە کاڵتر بکاتەوە.

پ/ لە کاتی گەشتەکانتدا، چۆن دڵنیا دەبیتەوە لەوەی ئەو خواردنانەی دەیخۆیت خۆماڵین و لە هەلومەرجێکی گونجاودا بەرهەم هێنراون، و چ ئامۆژگارییەک دەتوانێت پێشکەش بەو گەشتیارانە بکەیت کە ئەوانیش هەمان شت بەلایانەوە گرنگە و دەیانەوێت لەو خواردنەی دەیخۆن دڵنیابنەوە؟

و/ پێشتر کە گەشتی دەرەوەی وڵاتم دەکرد [ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتی پەتای کۆرۆنادا ئەنجامدراوە]، یان خواردنی جووتیارانی ئەو ناوچەم دەخوارد کە بۆی دەچووم یان بەڕۆژوو دەبووم. بەو پێیەی کەرەنتینە گشت گەشتەکانی وەستاندووە، من لەسەر ئەو خۆراکە خۆماڵیانە دەژیم کە خۆمان چاندومانە و جووڵانەوەیەکیشم بە ناوی “تەندروستی خۆت بچێنە “[١٥]. ڕاگەیاندووە.

پ/ باشترین ئامۆژگاری چییە کە دەتوانیت پێشکەشی ئەو گەشتیارانەی بکەیت کە دەیانەوێت جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر، بەڵام ڕەنگە نەزانن لە کوێوە دەست پێبکەن؟

و/ ئەو خواردنەی دەیخۆین دەتوانێت بەشدارێکی گەورە بێت لە کێشەکاندا. لەهەمانکاتدا خواردنی هۆشیارانە دەتوانێت بەشدارێکی گەورە بێت لە چارەسەرەکاندا. ئەوەی پێویستە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە خۆراک دراوی ژیانە. تۆ کاتێک لە سیستەمێکی خۆراکیدا بەشداری دەکەیت کە بەرهەمی تاقیگە پیشەسازییەکانە، بەو مانادا دێت لە تێکدانی خولەکانی ژیاندا بەشداریت کردووە.

دوور بکەوەرەوە لە خواردنی قوتوو و پێشتر ئامادەکراو، لەجێی ئەوە خواردنی نوێ بخۆ. دوور بکەوەرەوە لەو خواردنە بێناونیشانانەی کە نازانیت چی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانیاندا گوزەراوە. هەموو بوونەوەرەکان زیندوون، هەموو بوونەوەرەکان هەستمەندن. خواردن چوونە ناو وتووێژە لەگەڵ بوونەوەرە زیندووەکانی تردا. خواردنە بێناونیشانەکان ئەو پەیوەندییە و لەگەڵیدا تەندروستیشمان تێک دەدەن.

پ/ ئەو شتە چییە هێشتا ئومێدت پێدەبەخشێت کە ئەم جیهانەی ئێمە دەکرێت باشتربێت؟

و/ هیوا شتێک نییە لە دەرەوەی ئێمەدا، هیوا پرۆسەی ژیانکردنە. من لە هەر ئەندێشە و کردارێکمدا هیوا دەچێنم.

پەراوێزەکان:

[١] GMO, or genetically modified organism، -مەبەست لەو ئۆرگان/زیندەوەرانەی جیناتیان دەستکاریکراوە، یان ئەو خۆراکانەی جیناتیان دەستکاریکراوە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، واتە دەستکاریکردنی جیناتی ڕووەک، ئاژەڵ و وردەزیندەوەران و تێیدا ماددەی بۆماوەیی (DNA) دەگۆڕدرێت، واتە بەشێوەیەکی سروشتی و بەهۆی جووتبوون و/یان پێکەوەگرێدانی سروشتی ڕوونادات. ئەم تەکنەلۆژیایە بە “بایۆتەکنەلۆژیای مۆدێرن” یان “تەکنەلۆژیای جین” ناودەبرێت، هەندێکجاریش بە “تەکنەلۆژیای DNAی پێکەوەلکاو” یان “ئەندازیاری جین” ناودەبرێت. ڕێگە دەدات جینە تاکەکەسییە هەڵبژێردراوەکان لە زیندەوەرییەکەوە بۆ زیندەوەرییەکی تر یان لە نێوان جۆرە ناپەیوەندیدارەکاندا، بگوازرێنەوە. ئەو خۆراکانەی کە لە زیندەوەری جینۆمۆدێرن بەرهەم دەهێنرێن یان بەکاردەهێنرێن زۆرجار بە خۆراکی جینۆمۆدێرن ناودەبرێن.

[٢] Biodiversity: : زیندەفرەجۆری ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆرێتی ژیان لەسەر زەوی، کە جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک، ئاژەڵ، وردەزیندەوەران، جیاوازییە بۆماوەییەکانیان و ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە دروستی دەکەن لەخۆدەگرێت. بۆ تەندروستی ئیکۆسیستەم و خۆڕاگری و هاوسەنگی گشتی ژینگە ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەیە. 

[٣]  The Chipko movement: بزووتنەوەی چیپکۆ بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ژینگەیی دیار بوو لە ماوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە هیندستان دژی داربڕینی بازرگانی و سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە بڕینەوەی داری دارستانەکان. ناوی “چیپکۆ” بە واتای “پێوەچەسپان” یان “پێوەلکان”دێت کە گوزارشت لەو ژێستە ستراتیژیەی چالاکوانی ئەو جووڵانەوەیە دەکات کە باوەشیان دەکرد بە دارەکاندا تا بەو شێوەیە لە بڕینەوە بیانپارێزن.

[٤] Navdanya: ناڤدانیا ڕێکخراوێکی ناحکومی هیندییە کە لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن ڤاندانە شیڤاوە دامەزراوە. “نێڤدانیا” لە سانسکریتیدا بە مانای “نۆ تۆو” دێت کە دەرخەری ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەیە کە بە پلەی یەکەم ئیش لەسەر پاراستنی زیندەفرەجۆری و جۆراوجۆرێتی تۆوە خۆماڵییەکان دەکات.

[٥]  Millet festival: فێستیڤاڵ داڕوجان فیستیڤاڵێکی ساڵانەیە کە لە وەرزی دروێنەکردنی داڕوجاندا لە وڵاتی هیندستان و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیای دووردا دەگیرێت و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر پاراستنی تۆوە ڕەسەنەکان و ئاسانکاری تێدا دەکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی تۆو و ئەزموون و زانیاری لەسەر شێوازی کشتوکاڵی داڕوجان لەنێوان بەشداربووانیدا.

[٦]   The Green Revolution : شۆڕشی سەوز ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک دەستپێشخەری توێژینەوە و پەرەپێدان و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا کە بە پلەی یەکەم لە ساڵانی چلەکان تا شەستەکان ڕوویانداوە، ئامانجیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک و کەمکردنەوەی برسێتی بوو، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، هەروەها بەکارهێنانی بەربڵاوی پێو و قڕکەری کیمیایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئاودێری. ئەم شۆڕشە دواتر رەخنەی تووندی لێگیرا چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت بەرهەمی کشتوکاڵی زیادکرد و لە بەرامبەردا قەیرانی گەورەی بۆ ئیکۆلۆژی دروست کرد.

[٧] The Gardens of Hope  باخچەی هیوا چەمکێکە کە دەتوانێت ئاماژە بە چەندین دەستپێشخەری، بەرنامە، یان پڕۆژەی جیاواز بکات، بەڵام بە گشتی، پەیوەستە بە هەوڵدان بۆ هێنانەدی نۆژەنکردنەوەی ژینگە و بنیاتنانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاری ئەرێنی لە ڕێگەی باخداری و فەزای سەوزایی و کشتوکاڵی بەردەوام. ناوی “باخچەی هیوا” زۆرجار هێمای هەوڵەکانە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە لە ڕێگەی سروشتەوە، بەتایبەتی لە ناوچانەی خزمەتگوزارییان کەمە.

[٨]  Punjab: ناوچەیەکی چڕە کە بەشێکی دەکەوێتە وڵاتی هیندستان و بەشەکەی تری دەکەوێتە وڵاتی پاکستانە.

[٩] The Violence of the Green Revolution پەرتوکێکی زانا و ئیکۆلۆژست ڤاندانا شیڤایە باس کە قەیرانەکانی شۆرشی سەوز ئەکات لە رەهەندە ئابوەی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەوە.

[١٠] Biopiracy : بە واتای قۆرغکردنی نائەخلاقی سەرچاوە بایۆلۆژییەکان یان حیکمەتە نەریتییەکانە لە دانیشتوانە ڕەسەنەکان یان وڵاتانەوە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی یان قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە.

[١١]  acre : ئەکر، گاوەخان (= یەکەی پێوانی زەوی، بەرامبەر بە ٠.٤٠٥ میتری چوارگۆشە): وەرگیراو لە فەرهەنگی کوردستانیکا

[١٢] Australian Aborigines : ڕەسەنەکانی ئوسترالیا ئاماژەن بۆ گەلانی ڕەسەنی ئوسترالیا کە دانیشتوانی ڕەسەنی کیشوەرەکەن، زیاتر لە ٦٥ هەزار ساڵە لەوێ ژیاون. زاراوەی “ئەبۆریجین” بە شێوەیەکی باو بۆ وەسفکردنی خەڵکی ڕەسەن بەکاردێت، هەرچەندە گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە چەندین گروپی جیاواز هەن، کە هەمەجۆریی دەوڵەمەندی کولتوور و زمان و نەریتیان هەیە و کۆنترین کولتوورە بەردەوامەکانی جیهانن.

[١٣] An Agricultural Testament:  لەلایەن زانای کشتوکاڵی و بایۆلۆژی ئەڵمانی لیدی ئیڤ بالفۆرەوە لە ساڵی ١٩٤٣ نووسراوە، کتێبەکە بە یەکێک لە دەقە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەی کشتوکاڵی ئۆرگانیک دادەنرێت و بانگەشە بۆ ڕێبازێکی بەردەوام و ئیکۆلۆژی دەکات بۆ کشتوکاڵ. گرنگی تەندروستی خاک، جۆراوجۆری زیندوو و پێویستی دوورکەوتنەوە لە شێوازەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی کە پشت بە ماددە کیمیاییەکان و پێوانەی دەستکرد دەبەستێت، دەخاتە ڕوو.

[١٤]   Ecocide : ئیکۆساید ئاماژەیە بۆ لەناوبردنی بەرفراوانی  سروشت، بەتایبەتی لەڕێگەی چالاکییەکانی مرۆڤەوە   وەک دارستانبڕین، گۆڕانی کەشوهەوا، لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان. لێکەوتەکانی بریتیین لە لەناوچوونی جۆراوجۆری زیندوو و کەمکردنەوەی توانای هەسارەکەمان بۆ بەردەوامبوونی ژیان.

[١٥] Grow your Health : “تەندروستی خۆت گەشە پێبدە” دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندی نێوان پەروەردەکردنی تەندروستی کەسی خۆت و هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی ئەرێنی، بەتایبەت لە مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە خواردن و وەرزشکردن کە هۆکارن بۆ ئارامی و هاوسەنگی دەروونی.

سەرچاوە:

هاوشێوە