نووسین: هاوار محەمەد
هێرمینۆتیكاى پەردەهەڵماڵین تەنیا لە ئایین و فەلسەفەدا قەتیس نییە، بەڵکوو لە دەروونشیكاریدا بەپیتترین خاكى خۆى دۆزییەوە. دەروونشیكاری وەك زانستێكى ڕاڤەكار، زانستى هەڵدانەوەى ماسكەكانە؛ دەتوانین بڵێین دەروونشیكارى هەمان سكانداڵناسىیە؛ هەر دۆزینەوەى نەست خۆى هەڵدانەوەى سكانداڵێكى مرۆڤایەتى بوو، زانستى كەشفى ئەو چركەساتانەى كە كەتنەكانى ئۆدیپ تێیاندا ڕوودەدەن؛ بە دەربڕینى كلەیر پارنێت دەروونشیكارى زانستى دەرخستنى “وردەنهێنیى چەپەڵ”ـە؛ نهێنیى چەپەڵ بە واتاى گوناهیش دێت، ئەو گوناهە ڕیشەیى و بنەڕەتى-غەریزیانەى كە ئێمە پێى تاوانبارین، جا كردبێتمانن یان نا. ئامانجى دەروونشیكاری ئەوەیە هەموومان بە تاوانێك تاوانبار بكات كە دەكەوێتە ڕابردوویەكى ئێجگار دوور و لەمێژینەوە، تەنانەت ئەگەر ناوى “تاوان”ـیشى لێ نەنرێت و ناو بنرێت “غەریزە”. گرێى ئۆدیپ، كە بە ناچارى شارستانییەت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەى كەتنەكانى ئەو دروستى دەكات، ئەنجامى چەپاندنى ئەم تاوانەیە. سوبێكت لەنێو سیستەمى ڕەمزیدا كەوى دەكرێتەوە و ناچارە لە ڕێى پێچاوپێچ و لابەلاوە بۆ شتەكان بچێت. هەر ڕەفتارێكى نێو ئەم ڕووبەرە، لەژێر نیگاى ئەوى ترى گەورەدا، سەبلایمى شتێكى دیكەیە. هیچ ڕەفتارێك خۆى نییە و بەردەوام ئاماژەیە بۆ شتێكى دیكە، نیازە ڕاستەقینەكە لە پشتییەوە حەشاردراوە.
بەگوێرەی دەروونشیكاری، سوبێكت ڕووبەڕێكى تاریكە، لە تاریكایى خۆیدا مەرامەكانى داپۆشیوە و پێچاویەتى لە شتى دیكەوە. عەشق، چاكە، خێر، هاوڕێیەتى، میواندۆستى، دەستئاوەڵایى و هەر چەمكێكى دیكە كە دەشێت بە تێگەیشتنە كلاسیكییەكان بە “فەزیلەت” ناو ببرێن، تەنیا بەرگ و پەردە و پۆشاكى شتێكى دیكەن، شتێكى قێزەون؛ هەر یەكێك لەمانە وردەنهێنییەكى چەپەڵیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، نهێنییەك چەندە بۆ سیستەمى ڕەمزى چەپەڵیش بێت، ڕاستەقینەیە. بە گوتەى لاكان ئەوەى دەچەپێنرێت شتێك نییە، بەڵکوو حەقیقەتـە، ئەم چەپێنراوە، بە زمانێكى تر و بە كۆدڕێژكراوى دەگەڕێتەوە. دەروونشیكار “وەرگێڕ”ى ئەم زمانە و شكێنەرى ئەم كۆدانەیە تاوەکوو “نهێنییەكان” كەشف بكات. حەقیقەت تۆزێ دوورتر هەڵكەوتووە و پێویستى بە میدیۆمە تاوەکوو بێتە دەرەوە.
حەقیقەتى مرۆڤ هەرگیز نابێت “وەك خۆى”، بە ڕووتى دەربكەوێت؛ ئەم ڕووتییە تۆقێنەرە؛ حەقیقەت لە پشتەوەیە و بەردەوام بە ماسك و پۆشاكەوە دەردەكەوێت.
«دەروونشیكار دەتوانێت ڕۆشنایى بخاتە سەر ئەو ڕووبەڕە ناڕوونانەى پشتەوە كە لە ناوەوەتدا هەن… [لەم پێناوەدا] دەروونشیكارى دەستى بە هەر كەرەستەیەكى خاپووركەر و پەردەهەڵمالەر گەیشتبێت، بەكاری هێناوە»[1]. (جەختەكان هی منن.)
نەخۆش لە بەردەم دەروونشیكاردا دەدوێت و دانى پێدا دەنێت؛ زاراوەى “دانپێدانان” ئەوەى لە خۆیدا هەڵگرتووە كە شتانێك هەن ڕاستەوخۆ و بێ پەردە، بە دەروونێكى ئاسوودەوە، ناوترێن؛ چونكە واقیع خۆى لەسەر چەپاندنى ئەو شتانە بەندە كە واقیع بەرگەیان ناگرێت. بەم پێیە، دەروونشیكاری “زانستى كەشفى شاردنەوە”یە، كەشفى ئەو پەڵە ناڕوونەى كە هەموو شارستانییەتێك، یان هەموو واقیعێك پێویستى پێیەتى تاوەکوو بتوانێت هەبێت و بمێنێتەوە؛ لە لایەكى دیكەوە زانستى هەڵگرتنێكى كاتیى دەسەڵاتى بەرهەمهێنەرى ئەو ڕووبەرە تاریكەیە (نەست) لە بەردەم نەخۆشدا، تاوەکوو نەخۆش خۆى دانى پێدا بنێت. ئەم پڕۆسەى كەشفە كە بە پراكتیكى لە كلینیكى دەروونشیكاردا ڕوو دەدات، قابیلى گشتیبوونەوەى نییە؛ پتر لەنێوان دەروونشیكار و نەخۆشدا ڕوو دەدات؛ بەم پێیە ڕەنگە بە هیچ جۆرێك نەشێت بە سكانداڵ ناوى ببەین، گەر مەرجى سكانداڵ ئاشكرابوونى شتانێك بێت لە ڕووبەرى گشتیدا كە بۆ ئەوە ناشێن بێنە ڕووبەرى گشتییەوە و هاوكات خۆیشیان گشتین؛ واتە پەیوەستن بە خودى واقیعەوە نەك تاكە سوبێكتێكەوە. ئەم بۆچوونە بە دیوێكدا ڕاستە، گەر دەروونشیكارى لە پڕۆسەیەكى شیكاریى كلینیكیى تاكەكەسیدا كورت بكەینەوە. بەڵام دەروونشیكاری كە كەشفى “نەست”ـى تاكەكەسییە، وەك كەشفى “نەست”ـى شارستانییەت و دەستەكۆش خۆى دەناسێنێت. دەروونشیكاری لووت دەژەنێت لە كۆى كۆمەڵگە، یان كۆى واقیعەوە؛ بانگەشەى ئەوە دەكات كە ئەوەى لە تاقیگەى دەروونشیكاریدایە تەواوى ژیانى مرۆییە بە شێوە كۆمەڵایەتى و سیاسییەكەیەوە؛ لەبەر ئەمەیە دەروونشیكاری گەلێك بەكارهێنان و تیۆریزەى سیاسى بۆ كراوە، بەتایبەتى لە ناوەندە چەپگەراكاندا.
“شتێک کە ناکرێ ڕاشکاوانە بوترێت” دەشێت لە بەردەم دەروونشیكاریدا بوترێت و دانى پێدا بنرێت؛ سوبێكت پەڵەیەكى تاریكە، ڕەنگە خۆى نەزانێت تاریكە و نایشزانێت كە خۆى دەزانێت لەم تاریكییەدا چى هەیە؛ لە پڕۆسەى شیكاریدا سوبێكت خۆى بەم تاریكییەى خۆى دەزانێت و بەرە بەرە ئەوەى دەیزانێت بۆ خۆى ڕوون دەبێتەوە؛ هەروەها بۆ دەروونشیكارییش. لەم بارەیەوە دەروونشیكارى وەفاداریى خۆى بۆ ڕوونبوونەوەى نێو فیكرى فەلسەفیى ڕۆژئاوایى دەسەلمێنێت كە كۆجیتۆى دیكارتى گوزارشت لە سەرجەم مێژووەكەى دەكات[2]، ئەمە هەوڵى سلاڤۆى ژیژەكە بۆ ڕاڤەكردنى سوبێكتى دیكارتى. بەڵام هێشتا دەروونشیكارى زیاتر لە تیۆلۆژیاوە نزیكە تاوەکوو ئیپستمۆلۆژیا. بۆ نموونە وەها ڕوونبوونەوەیەك لاى لاكان، وەك هەموو تێماكانى دیكە، لە ئاڵۆزی بەدەر نییە، چونكە سوبێكت خۆى چاڵى ڕیاڵـە كە بە تەواوى دەرفەتى كەوتنەڕووى سوبێكت نادات؛ بەم پێیە لاكان هاوشوناسیى سوبێكت و ئیگۆى بیركەرەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. لاى لاكان ئیگۆ بكەرى ئاگاییە و سوبێكت سوبێكتە بۆ نەست؛ بە زاراوەكانى لاكان بدوێین ئیگۆ هێشتا سەر بە قۆناغى ئاوێنەییە، لە كاتێكدا سوبێكت لەنێو سیستەمى ڕەمزیدایە؛ بۆیە ئەو كۆجیتۆ، بەم جۆرە دادەڕێژێتەوە: «من بیر دەكەمەوە لەو شوێنەدا كە نیم، لەو شوێنەدام كە بیرى تێدا/لێ ناكەمەوە»[3]. لەم ڕوانگەیەوە، نەك واقیع، بەڵکوو خودى چێژیش خۆى لەسەر نەوتراو بەندە؛ بەڵام نەوتراوى نێو زمان مەنگ و وشك لە جێیەكى دوورەدەستدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دێتە نێو دالەوە. دال ڕەگەزى سەرەكیى زمانە، زمانیش بە قەولى لاكان «هەمان بونیادى نەستى هەیە»؛ بە دەربڕینێكى تر، لە دڵى زماندا ڕووبەرێكى نا-كۆمیونیكەیتڤ هەیە كە بەهۆى گەمەكردن بە ئاڵۆزى و دووفاقیى وشەكان لەم ڕووبەرەدا، دەبێتە سەرچاوەى جۆرێك ژوویسانس[4]. لێرەدا پارادۆكسەكە پەیوەستە بە خودى ئەو كەلێنەوە كە لە سوبێكتدا هەیە. لە پڕۆسەى شیكاریى دەروونیدا، سوبێكت ناچارە لە بەردەم دەسەڵاتى دەروونشیكاردا دەربارەى ئەم پەڵەیەى خۆى بدوێت؛ لۆچەكانى خۆى یەك یەك بە هاوكارى دەروونشیكار بكاتەوە؛ بەڵام ئەمە دەبێتە ئەزموونێك بۆ خۆ-ناسینێك كە لە وەختى قسەكردندا “من”ـەكەى پێك دێت؛ لەبەر ئەوە نەخۆش زۆرجار ناونیشانی هەڵە دەڵێت، لابەلا بۆى دەچێت، گەمە بە وشە دەكات؛ لەم گلوخولدانەى شەبەقى ناوخۆیدا، دەروونشیكار لە نەگیراوى ئەوى تر نزیك دەبێتەوە، بەڵام بۆیشى ناگیرێت. من لەڕێگەى دووانییەوە لەسەر قەرەوێڵەى دەروونشیكار دەبێتە حیكایەتخوان، چێژ لە حیكایەتخوانییەكەى دەبینێت، گەمە دەكات و “حیكایەتە ڕاستەقینەكە” دەشێوێنێت و دیمەنى دیكەى بۆ زیادوكەم دەكات. ڕەنگە ئەمە نا-لاكانیترین تێزى نێو دەروونشیكارى بێت، كە لە تیۆرى جودیت باتلەردا خراوەتە ڕوو. بەڵام ئاخۆ ئەمە هێشتا ڕەخساندنى فەزایەكى ناچارى نییە بۆ ئەوەى سوبێكت تا بێ زیاتر بدوێت و تا بێ زیاتر خۆى ڕوون بكاتەوە؟ نەخۆش چەندە خۆى ڕوون بكاتەوە و هێشتا وەك پێویست ڕوون نابێتەوە؛ هەرچۆن بدوێت “هێشتا شتى دیكە ماوە”، هێشتا نەگیراوى تر و نەزانراوى تر هەیە. ئەو دەبێت بەردەوام حیكایەت لەسەر خۆى دروست بكات، ئەمەیش لاى باتلەر بونیادى گفتوگۆ لەنێوان من و تۆدا پێكدێنێت كە ژیان دەكات بە گێڕانەوە:
«”تۆ” بابەتێكە كە دەرفەت بە ئامانجى ئارەزوو لە خۆدەربڕیندا دەدات، بەڵام ئەوەى لەم پەیوەندییە لەگەڵ ئەوى تردا، لەم دیمەنەدا كە دەیەوێت گوزارشت لە ئارەزوو بكات و لە ناجێگیری و لە هەڵبەز و دابەزدایە، تاریكاییەكە كە بە تەواوەتى بەهۆى ئاخاوتنەوە “ڕووناك” نابێتەوە. لەبەر ئەوە “من” دەست دەكەم بە گێڕانەوەى حیكایەت بۆ “تۆ” […]. یەكێك لە ئامانجە ڕاگەیەنراوەكان لە لایەن هەندێ كۆڕى دەروونشیكارییەوە دەربارەى دۆكترین و مومارەسەى دەروونشیكارى، ئەوەیە كە هەلى ئەوە بۆ بەرانبەر بڕەخسێنن كە لایەنەكانى چیرۆكێك لەسەر خۆى كۆ بكاتەوە، ڕابردووى بیر بكەوێتەوە، ڕووداو بچنێت، یان ئارەزووەكانى سەردەمى منداڵییەكەى لەگەڵ ڕووداوەكانى دواتردا پێكەوە ببەستێت و هەوڵ بدات بەهۆى گێڕانەوەوە، مانایەك بۆ ژیانەكەى، تاوەکوو ئێستا، بەدەست بهێنێت»[5].
هەوڵى باتلەر بۆ ئەوە دەروونشیكارى لەوە ڕزگار بكات كۆدەزگاى دەسەڵات بێت. لەو بارەدا كە دەروونشیكاریى ڕۆڵى دەسەڵاتمەندانەى هەیە، دەروونشیكار تەنانەت گەر بە بێدەنگییەكەى و گوێگرتنەكەیشى، یان بە بەشدارى و هاودڵییەكەى نەك بە سەپاندنى بێدەنگى، مومارەسەى دەسەڵات دەكات. بێدەنگبوونى دەروونشیكار خۆى تەڵەى بەقسەهێنانى ناكۆتاى نەخۆشە؛ بەڵام بەدەستەوەگرتنى جڵەوى قسەكردن بە ماناى وەرگرتنى دەسەڵات، یان هیچ نەبێ ئازادی، نییە. تۆ دەبێت بدوێیت بۆ ئەوەى بكەوێتە ڕوو كە تۆ كێیت، تۆ چیت، بە تەماى چیبوویت و بۆچى دەناڵێنیت؛ تۆ دەبێ بدوێیت، بۆ ئەوەى ڕووى ڕاستەقینەى ژیانت، بۆ ئەوەى چیرۆكەكەت بكەوێتە ڕوو. دەتوانین بڵێین ئەم خواست و داوایەى خۆ-ڕوونكردنەوەى بەردەوامى مەحاڵ، كە دەسەڵاتێكى شاراوەى مەحكومكردنە بە دانپێدانان. ئەمە لایەنێكى ڕەخنەى فۆكۆ و دۆلۆزە لە دەروونشیكارى و دەروونشیكاریى كلینیكیش، بەتایبەتى دانپێدانان وەك ڕیتواڵێك كە ڕیشەكەى لە مەسیحییەتدایە و هەم لە دەروونشیكاریى تیۆرى كە نەست وەك شانۆیەك دەبینێت بۆ پیشاندانى دراما ئۆدیپیەكان و فەزحى بەدگۆڕانى غەریزە بونیادییە شاراوەكان لە حیكایەتى شانۆكەدا. بە لەبەرچاوگرتنى ئەم ڕەخنە فۆكۆ-دۆلۆزییە، لاى باتلەر دانپێدانان دەگۆڕرێت بۆ حیكایەتخوانییەكى داهێنەرانەى نەخۆش. چیتر نەخۆش بوونەوەرێكى داماو نییە كە بە زەبرى كەرەستە دەروونشیكارییەكان بیەوێت چیرۆكى ڕاستەقینەى ژیانى بگێڕێتەوە و بەڵام هەر نەشتوانێت. نەخۆش خۆیشى داهێنەرانە حیكایەتە ڕاستەقینەكەى لەنێو حیكایەتە هەڵبەستراوەكانیدا بەجۆرێك لێ ون دەبێت كە چیتر خۆیشى نایناسێتەوە. ئەم كردەى گێڕانەوەیە بە واتاى لەداكیبوونى “من”ـە، منێكى گێڕەرەوە.
ئەم وتارە بەشێكە لەم كتێبە:
هاوار محەمەد: ڕووتى- لە شەرمى تیۆلۆژییەوە بۆ بێشەرمیى پۆرنۆگرافى، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى 2023.
[1] جاك لاكان، مفاتيح التحليل النفسي، حاوره كاتلین شابستال، ترجمة : حمودة إسماعيلي 30 كانون2/يناير 2015.
[2] Dylan Evans: An Introductory Dictionary of Lacanian Psychoanalysis, Routledge, London and New York, 2006, p.96.
[3] ژیژەك بە پێچەوانەوە، دەیەوێت سوبێكتى دیكارتى وەكو سوبێكتى لاكانى دیاریى بكات، كە لەبرى ئەوەى ڕوونبوونەوە بێت، سوبێكت بە خۆ داماڵینى لە شتەكان و دەوروبەر، دەبێت بە چاڵێكى تاریك.
[4] Dylan Evans: Op.cit., p.100.
[5] جوديث بتلر: الذات تصف نفسها، ترجمة: فلاح رحيم، التنوير للطباعة و النشر و التوزيع، الجامعة الكوفة، الطبعة الثانية، بيروت-القاهرة-تونس، 2015، ص108.