رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک تەواوکاری سیستمی دێمۆکراسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د. شاهۆ سەعید

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها مرۆڤ لەسەر ئەوە ڕاناهێنێت لە بوارە زانستی و کولتوریەکاندا خاوەن ئارگیومێنت و بیرکردنەوەی خۆی بێت؛ بەڵکو بۆ ئەوەش ئامادەی دەکات ببێتە کەسێکی خاوەن دیدگا بۆ تێگەیشتن لە کایەی گشتی و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردنی لە کاتی پێویستدا. کایەی گشتی، واتە ئەو رووبەرەی کە موڵکی کەس نیە؛ بەڵام هەموو کەس بەرپرسە لە دروستکردن و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردنیاندا. هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کایەی گشتییەوە هەیە باباتی مشتومڕ هەڵگرن؛ واتە ئەو بابەتانەن کە دەبنە هەوێنی دیبەیت و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. تا زیاتر ئارگیومێنت لەسەر کایەی گشتی بکرێت، ئەو کایەیە زیاتر دەبێتەوە بە موڵکی گشتی و زیاتر لە پاوانکردن و قۆرخکاریی قوتاری دەبێت.

لەو شوێنەوە کە تواناکانی دێمۆکراسی سیاسی دەوەستن کارامەییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەستپێدەکەن. دێمۆکراسی سیاسی لە باشترین حاڵەتدا پەنا بۆ لۆجیکی دەنگدان دەبات، واتە چارەدۆزی بۆ کێشەکان لە پێودانگی زۆرینە و کەمینە دەدات؛ بەڵام لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا چەندایەتی نابێتە پێوەری رەوایەتی بەخشین بە هیچ ئارگیومێنتێک، هیچ گوتارێکی دەستەجەمعیش ناتوانێت لەسەروو هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییەوە پیرۆزیی لەخۆی بئاڵێنێت.

واتە لە کاتێکدا دێمۆکراسی سیاسی داوامان لێدەکات رێز لە ڕای زۆرینە بگرین ئەگەر هەڵەش بێت، یان تەنانەت گەر لەسەر بنەمای گەوجاندن و چەواشەگۆییش دابمەزرێت؛ ئەوە دێمۆکراسیی کولتوریی کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی گەشەی پێدەدات هانمان دەدات تەنها قەناعەت بەو ئارگیومێنتە بێنین کە لۆجیکی ترە، ئەو رێچارە پەسەند بکەین کە کورتتر و داهێنەرانەترە، تەنانەت ئەگەر خاوەنەکەی کەمینەیەکی بچووک یان تاکە کەسێکیش بێت.

بایەخی پێنجەم:

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک ئامرازی گەشەدان بە زمانی دایک و پەیوەندیسازی کۆمەڵایەتی

بایەخدان بە زمانی دایک لەوەدا کورت نابێتەوە بکرێتە زمانی فەرمی قوتابخانەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت، یان وەک دروشمێکی ناسیۆنالیستی ستایش بکرێت؛ بەڵکو زیاتر لەوەدا دەردەکەوێت ببێتە کەرەستەی وتووێژ و بەڵگەسازی و بیرکردنەوە لە دەرەوری کڵێشە باوەکان. بۆ ئەوەی زمانی دایک گەشە بکات نابێت تەنها وەک زمانی پەیوەندیی ڕۆژانەی تاکەکان بەکاربێت؛ بەڵکو دەبێت ببێتە زمانی نوسین و بیرکردنەوە و دیبەیت و وتوتوێژی فیکریی و زانستی لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکان. بایەخدان بە زمانی دایک، شان بەشانی بایەخدان بە زمانە جیهانیەکان، هاوکارێکی باشی دەربازبوونە لە نامۆبوون و گۆشەگیریی کولتوریی؛ چونکە یەکێک لە ڕەندییەکانی  بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە هاوسۆزیی ڕۆشنبیریی. هاوسۆزیی ڕۆشنبیریی دەخوازێت ئێمە توانای بەراوردکاریی نێوان خۆمان و ئەوانی ترمان هەبێت، بتوانین پێوەرە گەردوونیەکانی بیرکردنەوە لە هەردوو ژینگەی جیهانی و ژینگەی ناوخۆییدا بەکاربێنین. مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێتە بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگاکەی و کۆمەڵگاکەیشی ببێتە بەشێک  کاریگەر لە جیهان پێوستی بە دانپیانانی جیهانی دەرەوە نیە؛ هێندەی پێویستی بەو متمانەیەیە کە خۆبەخۆ بەدەستی دێنێت کاتێک زمان دەکاتە ئامرازێک بۆ ئارگیومێنت لەگەڵ ئەوانی تر و بیرکردنەوە لە جیهان.

بیرکردنەوەی بە زمانی دایک، لەپاڵ بیرکردنەوە بە هەر زمانێکی بیانی، هاندەرێکی باشە تا لە یەک کاتدا زیاتر لە یەک ئامراز بەکاربێنین بۆ وتووێژ و هەڵسەنگاندن و بەراوردکاری، فێرمان دەکات جێگۆڕکی لەنێوان نێوکۆی خۆماڵی و نێوکۆی گلۆباڵدا بکەین بێ ئەوەی لە ژینگەی خۆمان دابڕێین و بێ ئەوەی دەسبەرداریی پێوەرە گەردوونیەکانی بیرکردنەوە ببین. کارێکی وا، جگە لەوەی پرۆڤەیەکی زۆر گرنگە بۆ چالاککردنی توانا زەینیەکان، هاوکات هاندەرێکی باشە بۆ دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییە ناوخۆییەکاندا و پەسەندکردنی جیاوزیی لە پەیوەندییە دەرەکیەکاندا.

هاوشێوە