رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

فەتوا لە خەلافەتدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوار محەمەد

مۆدێلى دەوڵەتى داعش، جگە لەوەى بە تەواوەتى مۆدێرن و نەتەوەیى، سەرمایەدارى یان سۆسیالیستى، دەوڵەتى دیكتاتۆرى یان ستەمكاری نەبوو، دەوڵەتى دۆخى ئاوارتەیش نەبوو بەو شێوازەى جۆرجیۆ ئاگامبێن دیاریى كردووە. لاى ئاگامبێن دەوڵەتى دۆخى ئاوارتە دەوڵەتى حاكمیەتـە، بەڵام نەك وەك حاكمیەتێكى تیۆلۆژیایى كلاسیك، بەڵكو حاكمیەتى بایۆ-پۆلەتیك. داعش لە تیۆلۆژیاى كلاسیكییەوە نزیكە و هاوكات بەهۆى بەكارهێنانى ئامێر و كەرەستە مۆدێرنەكانەوە، خزابووە نێو بایۆپۆلەتیكیشەوە؛ لەبەرئەوە، گەرچى كتومت دۆخى ئاوارتە نەبوو، لە دۆخى ئاوارتەوە نزیك بوو. بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە كە داعش خۆى لە هەناوى دۆخى ئاوارتەى گشتیى دەوڵەتانى ناوچەكەوە سەردەردێنێت، بۆ دروستكردنى ئاوارتەیەكى تیرۆریستى بۆ دۆخى ئاوارتە؛ ئەمەیش دژ بەو ئاوارتەیەیە كە كە واڵتەر بنیامین لە “تێزەكان دەربارەى مێژوو”دا وەك “دۆخى ئاوارتەى ڕاستەقینە” دژ بە دۆخى ئاوارتەى هەمیشەیى هیواى پێ دەخوازێت.

 دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بە پێى بانگەشەى بزووتنەوەكە ئەوەبوو كە پێى دەوترێت خەلافەت، ئەمەیش لە مێژووى ئیسلامدا فۆڕمى دەسەڵاتى حاكمیەتى پارادایمى ئوممەت بووە. بەڵام داعش بەو فۆڕمەى وا هەیبوو تێكەڵەیەك بوو لە هەندێ لەم ڕەگەزە بنچینەییە كۆنانە و هەندێ ڕەگەزى بۆزیادكراوى نوێ. خەلافەت، وەك جێنشینى پەیامبەر و نوێنەرەوەى خودا، لەسەر بنەماى ئایینە ئیبراهیمییەكان ڕسكاوە، ئایینگەلێك كە وەك دێریدا دەڵێت سزاى ئیعدام یەكێكە لە پرسە سەرەكییەكانى نێویان، بەڵام هاوكات خەلافەتى داعش لە بزووتنەوە فەناتیكى ئیسلامیستییەكانى سەردەمى مۆدێرنەیە كە خۆیان لەسەر دژایەتى خودى مۆدێرنە، وەك بەرهەمى ڕۆژئاوا، دامەزراندووە. ئیسلامیزم هەمان فۆڕمى كۆنى ئیسلام و ئیسلامەتى نییە، بزووتنەوە جیهادییەكانیش ناتوانن پەیڕەوى لە هەمان چەمكى دێرینى جیهاد بكەن؛ تەنانەت ئەم بزووتنەوانە تەفسیرێكى نوێى پەتى نین بۆ دەقێكى كۆن؛ ئیسلامیزم جووڵانەوەیەكى تەفسیرییە لەنێو هەلومەرجە واقیعییەكاندا بۆ سەپاندنى هەژموونە گوتارییەكەى، كە بەهاكانى خۆى لەسەر ڕەتكردنەوەى نەرمەبڕانە و تووندوتیژانەى بەهاكانى ڕۆشنگەرى و مۆدێرنە و زانست؛ ئینجا لەسەر لەنێوبردنى هەر ستایلێكى ژیان كە لەگەڵ بەهاكانیدا یەك نەگرێتەوە، داڕشتووە.

لە دەسەڵاتە تیرۆریستییەكانى وەكو داعشدا، شەریعەت نابێتە دەستوورێكى جێگیر، پتر دەبێت بە فەتوا و ئەحكام؛ واتە گەر دەستوورێكى نووسراویش هەبێت، ڕۆژانە دەرفەتى دووبارە تەفسیركردنەوە و ئیجتیهادى نوێ (كە بۆ پێویستییە ماتریاڵییە گوتارییەكان زەروورن) بە گوێرەى بە سووننەت و هەڵسوكەوتى هاوەڵان و وتەى ئیمامە زۆروزەبەندەكان، هەیە. بەم مانایە گەرچى ئیسلامیزم بانگەشەى ئەوە دەكات كە دەبێت بە “بەرنامەى خودا” حوكم بكرێت، بەڵام ئەم بەرنامەیە جگە لە هەندێ ئەحكامى عەقیدەیى و كۆمەڵێك حەرام و حەڵاڵى زۆر، ڕووبەرێكى گەورەى شلۆقیشى لە دەرێ هێشتۆتەوە كە تەنیا بە گوێرەى ئیجتیهاد و فەتوا ڕۆژانە چارەسەر دەبن. لێرەدا فەتوا وەك مەرسومى مەرجەعیەت دەتوانێت ڕۆڵى یاسا بگێڕێت. لێرەوە ئیعدام جگە لەوەى دەكرێت بڕگەیەكى یاسایى ڕوون و ڕاگەیەنراوى نێو دەستوورێك بێت، لە هەلومەرجى دامەزراوەیى دادگاییدا بەسەر تاوانبارانێكدا بسەپێنرێت كە بڕگەكە دەیانگرێتەوە، فەتواى مەرجەعێكیشە كە پتر لاستیكى دەبێتەوە و هەموو كەسێكى باوەڕدار بەو فەتوایە دەتوانێت، بە گوێرەى هەندێ ڕێوشوێنى خێرا، ئەنجامى بدات تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەى شەریعەتى داڕێژراویش بن كە بنچینەى فەتواكەن. لێرەوە فەتوا تەنیا دەتوانێت وەك ئاوارتە،

وەك شتێك كە لە یاسادا نییە و بەڵام هێزى یاساى هەیە، كار دەكات. بەم هۆیە لە خەلافەتدا هەركەسێك بە پۆتێنشیەڵ بكوژێكە و هەركەسیش كوژراوێكە؛ هەر جیهادى و باوەڕدارێك دەتوانێت ببێتە نوێنەرى حاكم، ببیتە جێبەجێكەرى فەتوا [شەریعەت یان دەرەوەى شەریعەت؛ یاسا یان دەرەوە یاسا]، دەتوانێت ببێتە جەللاد و هەر كەسێكیش تەنانەت ئەگەر پاكەتێك جگەرە یان بیرەیەكیشى پێ بگیرێت یان تەنیا بڵێت نایەوێت نوێژ بكات، دەشێت بكوژرێت. ئەمە لە فەتواى جیهاددا بە ڕوونى دیارە. چەمكى جیهاد گەرچى چەمكێكى دێرینە و لە نێو دەستوور و قانوونە هاوچەرخەكانەوە نەهاتووە، گەرچى ڕاستەوخۆ گوزارشت لە دۆخى ئاوارتە و نائاسایى دەوڵەت بە واتا مۆدێرنەكەى ناكات، بەڵام دۆخێكى تێكەڵە لە جەنگى دەرەكى و ناچاریى ناوخۆ، لە بەركاریى شەریعەت و فەتوا، لە ئەحكام و ئیجتیهادى دەستبەجێ.

لە دۆخى جیهاددا هەموو شتێك ڕێپێدراوە “مباح”ـە، بەو پێیەى ئەم دۆخە فەتوایەك پێكى هێناوە كە وەك ڕێسایەك دراوە، هاوكات كردەكانى دەرەوەى فەتواكە هەمووجار بە پێى فەتواكە هەڵدەسەنگێنرێنەوە و گەر پێویست بێ، فەتواى دیكە لەسەر بنەماى فەتواى پێشوو دەدرێت. كەواتە فەتوا هەم یاسایە (یاساى شەریعەتى) و هەم بێ یاسایى؛ لەبەرئەمە یاسایەكە كە خۆى دەسڕێتەوە و خۆى لە دەرەوە دادەڕێژێتەوە، فەتوا یاسایە. ئێمە ئەم شێوازە نووسینە كە هێڵێك بەسەر وشەكەدا هاتووە، بە پەیڕەوكردن لە ئاگامبێن وەك چەمك بۆ یاسایەك بەكاردەهێنین كە خۆى دەسڕێتەوە. بە گوێرەى مەرسومێك كە یاسا خۆى جێى بۆ كردۆتەوە، یاسا هەڵدەپەسێردرێت. فەتوا جۆرێكە لەم یاسایە، واتە جۆرە بێ یاساییەكە كە وەك “وتەى كردارى” لە دەرەوەى یاسا ڕۆڵى یاسا دەگێڕێت.

فەتوا یاسایەكە كە ڕەوایەتیى جێبەجێكردنەكەى لەگەڵ خۆیدایە، لەبەرئەوە هەر بە جەوهەر تووندوتیژییەكى ناوەكیى لەخۆ گرتووە. بە بڕواى ژاك دێریدا یاسایەك كە بانگەشەى پیادەكردنى خۆى دەكات، كە لێرەدا فەتوا نموونەكەیەتى، لە خۆیدا هێزى جێبەجێكردنى خۆى هەڵگرتووە. بەم مانایە هێزى یاساى هەیە. ئەوەى هێزى یاساى هەیە بەرلەوەى پێویستى بە هێزى تووندوتیژى بێت تا بە دروستى جێبەجێ بكرێت، هەر خۆى وەك “وتەى كردارى” تووندوتیژە و خۆیشى پاساوى تووندوتیژیى خۆیەتى، ئەمەیش بنچینە شاراوە و مەعنەوییەكەى وەك یاسایەك كە بانگەشەى عەدالەت دەكات، پێك دێنێت. هێزى فەتوا، بەر لە هەر  هەڵسەنگاندنێكى بە گوێرەى عەدالەتمەندى و ناعەدالەتمەندییەكەى وەك یاسایەكى داڕێژراو، ناعەدالەتییەكەى هەر بە جەوهەرییانە ڕێك لە بوونەكەیدایە وەك فەتوا:

«هەر خودى هاتنەبوونى یاسا و عەدالەت، ساتى دامەزراندن و پاساودانەوە كە یاسا دادەمەزرێنێت، هێزێكى وەدیهێنەر[performative force] لەخۆى دەگرێت، ئەمەیش هەمیشە هێزێكى تەفسیرییە[interpretative force]: ئەمجارەیان نەك بە یاسایەك لە خزمەتى هێزدا، وەك ئامرازێكى سروشتیى هێز، ئامرازێكى زەلیل كە دواجار بۆ دەسەڵاتى زاڵ هەر وەك شتێكى دەرەكى دەردەكەوێت. بەڵكو بە واتاى پەیوەندییەكى ناوەكیتر، ئاڵۆزتر لەگەڵ ئەو شتەى كە ناوى دەنێین هێز، دەسەڵات، تووندوتیژى. […] هەر ئەو كردارەى كە دامەزراندن، سازكردن، پاساودانى یاسا، دروستكردنى یاسا ڕادەگەیەنێت، جۆرێك هێز a coup de force، جۆرێك تووندوتیژى كردارى بۆ وەدهێنانى خۆى، پاشان تووندوتیژیى تەفسیرى لەخۆ دەگرێت»[1].

بەم پێیە دۆخى جیهاد لە دەوڵەتى خەلافەتدا هەر خۆى ڕێساى دەوڵەتەكەیە كە پەیوەستە بە ڕاگەیاندنى دۆخى ئاوارتەوە؛ نەك تەنیا لە جەنگى دەرەوە، بەڵكو بە زۆرى لەنێو ئەو سنوورانەیشدا كە هێزى جیهادیست بۆ ماوەیەكى درێژ یان كورت دەیانگرێت. ئەم نزیككردنەوەیەى دۆخى جیهادى خەلافەت لە دۆخى ئاوارتەى دەوڵەت لێكجووتیى نێوانیان نییە، پتر لێكچوون و ڕەنگە بەیەكداچوونیش بێت كە هەردووكیان یاسا پەیوەست دەكەن بە خودى جێبەجێكردنییەوە لە ژیانى ڕۆژانەدا بە گوێرەى لۆژیكى سەروەرى یان حاكمیەت؛ حاكم لە خەلافەتدا خەلیفە یان ئەمیندارى موسوڵمانانە؛ لێرەوە چیتر مەرج نییە یاسا بەند و بڕیارى نێو دەستوورێكى مەدەنى یان عەلمانى یان تەنانەت هى دەوڵەتێكى ئایینى بێت، دەشێت فەتوا بێت، مادام فەتوا خۆى ڕۆڵى ڕێسا دەگێڕێت و هێزى یاساى هەیە؛ مادام

«تووندوتیژى لەم دۆخەدا ڕووبەرێكى لێكجیانەكراو لەنێوان یاسا و سروشتدا، لەنێوان ناوەوە و دەرەوە، لەنێوان تووندوتیژى و مافدا ئاوەڵا دەكات […] دەتوانین بڵێین تووندوتیژیى سەروەرانە، ماف (هەق) بەو جۆرە دیاریى دەكات كە ڕەوایەتى ئەو كردەیە دادەمەزرێنێت كە ڕەنگە بە بێ ئەو دامەزراندنە خۆى ناڕەوا بێت»[2].

ئاگامبێن لە بەرگى یەكەمى هۆمۆساكەردا بە ناوى دەسەڵاتى سەروەرى و ژیانى ڕووت دۆخى ئاوارتە بەم جۆرە ڕوون دەكاتەوە:

«ئەگەر دۆخى ئاوارتە بونیادى سەروەرى/حاكمیەت بێت، كەواتە سەروەر/حاكم چەمكێكى تەواو سیاسى نییە و كاتیگۆرییەكى تەواو یاساییش نییە؛ نە تواناى دەرەوەى یاسایە و نە پێوەریى باڵاى نەزمى یاساییش. پتر ئەو بونیادە ئەسڵییەیە كە تێیدا یاسا دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و تێیدا تێهەڵكێش دەبێت لە ڕێگەى هەڵپەساردنى خۆیەوە»[3].

بۆ دۆخى جیهاد یان تیرۆریزم، فەتواى كوشتن بەركارترین فەتوایە؛ واتە هەركەسێك لەلایەن هەركەسەوە بكوژرێت. بەشێكى ئەم كوشتنانە بێگومان لە شوێنە گشتییەكاندا ڕوودەدەن؛ واتە، جگە لە تەقینەوە و تەقاندنەوە و خۆ-تەقاندنەوە، دەكرێت هەمیشە نمایشى مەرگ: سەربڕین، ئیعدام، زیندەبەچاڵكردن، سەنگەسار، دەستبڕین، جەڵدلێدان ڕێكبخرێن و ببیرێن، بەڵام لە سیستەمى نماییشى مۆدێرندا بۆ دوورترین پنتەكانیش دەگوازرێنەوە. لەو جێیانەیشدا كە گشتى نین، یان كتوپڕ كوشتنەكان ڕوودەدەن وێنەگرتن بە كامێرا و مۆبایل و بڵاوكردنەوەى بۆ بەرچاوى خەڵك، جگە لەوەى بەشێكە لە ترساندنى دوژمن و هاندان بۆ جیهاد، ڕێگەیەكە بۆ هەژموونى گوتاریش لەسەر كۆى دانیشتووان. لێرەوە داعش تەكنۆلۆژیاى بینینیشى بەكارهێنا و هەردوو كایەى تیاتریك و سینەماتیك، نمایش و مۆنتاژ، ستەیج و ستۆدیۆى پێكەوە بەستەوە. ئەو هەم شۆكى قورسى سزاى شانۆیى بە شێوازێكى تەواو دڕندانە پاراست و هەمیش لە ڕێگەى كامێرا و میدیا و سۆسیال میدیاوە تا دوا سنوور ئیمكانى بینینى ئەو كردە شۆكهێنەرانەى زیاد كرد؛ بەمەیش تۆقێنێكى گشتیترى بڵاوكردەوە. لەلایەكیتریش، داعش تێكەڵكردنێك بوو لەنێوان ئیعدامى ڕاگەیەنراو و كوشتنى ڕانەگەیەنراو، درێژەدان بوو بە یاساى ئیعدامى دەوڵەتان بەڵام بەشێوازێكى نادەوڵەتى و تیرۆریستى، جۆرێك تێكەڵكردنى دەوڵەتى ئایینى و تیرۆریزم.  دیارە زۆربەى هێزە تیرۆریستییەكانى دیكەیش (بەڵام بە تایبەتى داعش) لێك گرێدانەوەیەكى حەكیمانەى ئەم دوو ڕەهەندە بوون؛ مینهاج بە میدیا، ئەحكام بە تەكنۆلۆژیا، باوەڕى كۆن بە كەرەستە نوێیەكانى بینین.

ئەم وتارە بەشێكە لەم كتێبە:

هاوار محەمەد: دراوسێ- دەربارەى ئەخلاق و ئەنفالناسى، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى، 2023.


[1] Jacques Derrida: Deconstruction and the Possibility of Justice, Edited by Derucilla Cornell, Michel Rosenfeld, David Gray Carlson, Routledge, London, 1992, p.13.

[2] جورجیو أغامبن: المنبوذ- السلطة السيادية و الحياة العارية، ترجمة و تقديم و تعليق: عبدالعزيز العيادي، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، بغداد-بيروت، 2017، ص90-91.

[3] نفس المصدر، ص47.

هاوشێوە