نووسین: هاوار محەمەد
ئەنفال دوو پرۆژە بوو، لەلایەك پرۆژەى خستنەگەڕى ماشێنەكانى كوشتنى خێراى قوربانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵگەكاندا. لەلایەكى تر ڕێكخستنەوەى دابەشبوونى دیمۆگرافى لە ناوچە كوردنشینەكاندا بە گوێرەى خواستەكانى دەوڵەت بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى جەنگ، بە تایبەتى جەنگى عێراق-ئێران. لە وتارى ئەنفال؛ كاڵفامیى خراپەدا، لەسەر لایەنى یەكەمیان وەستاوم و فۆكەسیشمان خستۆتە سەر لایەنە ئەخلاقییەكانى ئەنفال لە دەسەڵاتێكى نا-ئەخلاقییەوە كە بوونەكەى نەك تەنیا هیچ ڕەوایەتییەكى نییە، بەڵكو تاوانبارانەیە. بوون وەك تاوانبار واتە خراپە، كە بە تەواوەتى پووچ و كاڵفامانەیە. یەكێك لە هۆكارەكانى ئەم پووچییە كە ئارێنت لە كەیسى ئایشمەندا ئاماژەى پێ دەدات مەسەلەى ڕێكخستنى دانیشتووانـە. بە بڕواى ئاگامبێن ئارێنت لە شرۆڤەكەیدا گەیشتۆتە بنبەستێك كە تەنیا بەوە چارەسەر دەبێت ئەم پرسى دانیشتووانە لە ڕووى تیۆرییەوە فراوان بكرێت و شێوازى سیاسەتى نوێى پێ بخوێنرێتەوە كە بایۆ-پۆلەتیكە. بۆ ئەمەیش بە ناچارى دەبێت ئارێنت بە فۆكۆ بگەیەنین. لەم وتارەدا لەسەر لایەنى دووەمى ئەنفال دەوەستم، واتە ئەنفال نەك وەك خواستێكى مەرگەوەرى پەتى كە دەشێت بەهۆى ئیغراى ڕوخسار یان بەهۆى دەبەنگیى خراپەوە ڕوو بدات، بەڵكو ئەنفال وەك سیاسەتى بەڕێوەبردنى دانیشتوان؛ ئەمەیش بە ناچارى ڕەهەندى سیاسى دەگرێتەوە. هەر كاتێك قسە لەسەر ئەنفال بكەین دەبێت بەردەوام ئەم دوو لایەنە، ئەخلاق و سیاسەت، لەبەرچاو بگرین.
دیارترین دەستوەردانى دەوڵەت لە دانیشتوان ڕاگواستنى گوندنشینەكان و دروستكردنى ناوچە قەدەغەكان (مناطق محرمة) بوو. هەڵبەت لە سەردەمى پێش ئەنفالەوە دەوڵەت لەسەرخۆ دەستى كردبوو بە زیادكردنى ڕێژەى خەڵكى عەرەب لە ناوچە كوردنشینەكاندا، بەڵام لە سەردەمى جەنگدا تەنیا زیادكردن بەس نەبوو، دەبوو ڕێژەى كورد كەم بكرێتەوە، بە خاپووركردنى گوندەكان و ناوچە پەراوێزییەكان كە كەمێك لە دەوڵەت دوورەدەست بوون، بۆ ئەو شوێنانەى كە لە سەنتەرەكانى كۆنترۆڵەوە نزیكتر بوون. بەڵام وردتر بۆ كوێ ڕاگوێزران؟ بۆ ئەو ناوچە نیشتەجێبوونە نوێیانەى كە بە زاراوە فەرمییەكەى پێیان دەوترا “كۆمەڵگەكانى نیشتەجێبوون” (المجمعات) و لاى زۆربەى كوردزمانەكانیش بە “ئۆردوگا” یان بە “كۆمەڵگە زۆرەملێكان” ناسراوە، ئێمەیش هەر لەم وتارەدا “ئۆردوگا”ى بۆ بەكاردەهێنین. لەوە بەدوا ئۆردوگاى زۆرەملێ[موجەمەع] شوێنى نوێى ژیانى خەڵكانى گوند و دێهاتە خاپووركراوەكان بوو؛ بە زۆرى لە نزیكى شار و شارۆچكەكان، بێ هیچ هەلومەرجێكى پێویستى ژیان تێیاندا، بنیاتنران. ئەم كۆمەڵگە زۆرەملێیانە لە ڕووى چەندێتییەوە لە گوند گەورەتر بوون و لە ڕووى چۆنیەتییەوە، هیچ بنەمایەكى شاریان تێدا نەبوو؛ شوێنێك بوون لەنێوان شار و لادێدا؛ بەڵام نە ئەمیان بوون نە ئەویان. لە هەردووكیان خراپتر بوو.
ئێستا ئەمە چ مانایەكى هەیە؟ جەوهەریترین گریمانە كە لەم بارەیەوە بیخەینە ڕوو ئەوەیە كە ڕاگواستنى ناوچە كوردنشینەكان بەو مانایەیە كە دەوڵەت لە ئەنفالدا تەنیا مومارەسەى “كوشتن”ى نەكردووە، بەڵكو لە ئامانجێكى كۆنترۆڵگەرایانەوە، دەستوەردانى لە خودى فۆڕمى ژیانى خەڵكدا كردووە؛ واتە ڕێكخستنەوەى خەڵك لە شوێنە دوورەدەستە چاودێریینەكراوەكانەوە لە شوێنگەلێكى نوێدا كە تێیدا چاودێریكردن و كۆنترۆلكردن ئاسان بێت، كە دواجار ئەمە دیسپلینى جووڵەى جەستەیى، چاودێریى هەڵسوكەوت، لێپرسینەوە، كۆنترۆڵى پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، دانپێدانان، جیاكردنەوەى خەڵك لە سیاسەت دەگرێتەوە. بە كورتى بیڵێین گۆڕینى گوندنشینەكان لە پۆتێنشیەڵى “پشتیوانان”ى خەباتەوە، واتە لە خەڵكـەوە وەك یەكەیەكى سیاسی بۆ دانیشتوانى نێو كۆمەڵگە زۆرەملێكان كە هەلى ئەوەیان هەیە “بژین” و هیچیتر. بەم پێیە سیاسەتى بەعس تەنیا سیاسەتى حاكمییەتى كلاسیك نەبوو كە تێیدا حاكم دەتوانێت بڕیارى ژیان یان مەرگ بدات، بەڵكو جۆرێك سیاسەتى مۆدێرنە كە بە پلەى یەكەم لەسەر ژیانى دانیشتوان مومارەسە دەكرێت. لە مۆدێلى كلاسیكیدا حاكم[پاشا یان پێشەوا] تەنیا لەسەر بنەماى مەرگ ژیان ڕەچاو دەكات؛ لەم بارەیەوە میشێل فۆكۆ لە بەرگى یەكەمى كتێبى مێژووى سێسكواڵێتیدا دەنووسێت:
«پاشا تەنیا بە خستنەگەڕى مافى كوشتن مافى خۆى لەسەر ژیان مومارەسە دەكات یان لێیدەگەڕێت بەردەوام بێ، ئەو تەنیا بەو مەرگەى كە دەتوانێت بیخوازێت، دەسەڵاتى خۆى لەسەر ژیان دەچەسپێنێت. ئەو مافەى كە وەك “ماف لەسەر ژیان و مەرگ” داڕێژراوە، لە ڕاستیدا مافى “مراندن”ـە یان “هێشتنەوە لە ژیاندا”شە. دواتر، ئەمە بە شمشێر ئاماژە بە خۆى دەكات. پێدەچێت پێویست بووبێت ئەم فۆڕمە یاساییە بگۆڕدرێت بۆ شێوازێكى مێژوویى كۆمەڵگا كە تێیدا دەسەڵات لە بنەڕەتدا وەك دەرەبەگایەتى، میكانیزمى باجوسەرانە، مافى خاوەندارێتى بەشێك لە سامانەكان، لێسەندنى بەرهەم و خێروبێرەكان و خزمەتگوزاریەكان، كار و خوێن، لەسەر ڕەعییەتەكان مومارەسە بكرێت. دەسەڵات لەم فۆڕمەدا پێش هەموو شتێك مافى دەستگرتن بوو بەسەر: شتەكان، كات، جەستەكان، دواجار بەسەر ژیاندا. ڕەنگە ئەمە لە ئیمتیازى دەستگرتن بەسەر ژیاندا لەپێناو ئەوەى سەرلەبەر نەفى بكرێتەوە، گەیشتبێتە ئەوپەڕى خۆى»[1].
حاكم، كە هەمان پاشا یان شێوازێكى حوكمڕانییە كە كەسێك تێیدا سەنتراڵە، ئەوەیە كە مافى ژیان و مردنى بەدەستە، مردن واتە مافى كوشتن، بەڵام ژیانەكە لەم بارەدا واتە “نەمراندن”؛ حاكم دەتوانێت بمرێنێت، بكوژێت، بەڵام دەشتوانێت بە بڕیارێك كوشتن ڕابگرێت و لێێگەڕێت ئەوە بژى كە هەر خۆى دەتوانێت بڕیارى كوشتنى بدات. دەرەبەگایەتى كە تێیدا نەزمى ئاغایەتى لە ناوچە بچووكەكانەوە بۆ ناوچە گەورەترەكان تاوەكو هەموویان بە جەستەى پادشاوە پەیوەست دەبنەوە، باڵادەستە، فۆڕمى مێژوویى ئەم جۆرە حوكمڕانییەیە. لێرەدا هەر لۆردێك لە قەڵەمڕەوییەكەیدا خاوەنى زۆرینەى زەوییەكانە، باجوسەرانە وەردەگرێت و هاوبەشى بەرهەمەكانە؛ واتە جۆرێك كۆكردنەوەىسامان. لە سەرووى ئەمانەوە پادشا هەیە كە هەر لەنێو هەمان سیستەمدایە، بەڵام وەك دڵى سیستەمەكە، ئەو لە هەمووان زیاتر مافى سەندنى سامانى لە هەموو ڕەعیەتەكە هەیە. ئاخۆ سەدام حسەین وەك تاكە حاكمى ڕەها لە عێراقدا هەر ئەم ڕۆڵە كلاسیكییەى نەبوو كە ڕۆڵى پاشایە؟ گەر وەڵامەكەمان بەڵێ بێت، ئەوا ئەنفال تەنیا دەبێتە كردەیەكى ئابووریى سیاسى دەرەبەگایەتىى پوخت، كە لە ڕووى سیاسییەوە مومارەسەكردنى دەسەڵاتى مردن (یان نەمراندن)ـە و لە ڕەهەندە ئابوورییەكەیشیەوە (وەك لە ناوەكەیەوە دیارە) كۆكردنەوەى زیاترى سامان یان “دەستكەوت”ـى زیاترە بە بڕیارى حاكم. ئەوانەى ئەنفال تەنیا بۆ ئیسلام دەگێڕنەوە و لایانوایە دووبارەكردنەوەیەكى ئایینیانەى ڕووداوەكانى سەرەتاكانى بڵاوبوونەوەى ئیسلامە، تەنیا دەشێت بەم جۆرە تەفسیرى ئەنفال بكەن، كە بە بڕواى ئێمە نەك تەنیا تەفسیرێكى لاوازە، بەڵكو هەڵەشە.
هەڵبەت سەدام حسەین لە سەنتەرى دەسەڵاتە دەوڵەتییەكەى بەعسدا بوو، دەیتوانى بە بڕیارێك مەرگ بسەپێنێت یان ڕاى بگرێت، دەیتوانى سامان كۆبكاتەوە یان پەخشى بكاتەوە، بەڵام فەرمانڕەوایى بەعس تەنیا فۆڕمێكى كلاسیكى حوكم نەبوو. عێراق جگە لەوەى وەك دەوڵەتێك دروستكراوى قۆناغێكى ململانێى نێودەوڵەتى بوو لە سەرەتاى سەدەى بیستدا و ئینجا سەردەمى بەعسیزم دەوڵەتێكى پۆست-كۆلۆنیالى بوو، حوكمڕانیى بەعس خۆیشى بە تەواوى ڕەهەندە تەكنیكییە مۆدێرنەكانى لەخۆیدا هەرس كردبوو؛ هەر لە ڕێكخستنى سوپاوە تاوەكو كۆنترۆڵى بازاڕ؛ لەو نێوانەدا بەڕێوەبردنى شار، پەروەردە و فێركردن، تەندروستى، خزمەتگوزارى، بیناسازى، پلانسازى، نەخشەسازیى شار، بەرهەمهێنان (لەوانە: بایەخدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازى)، بەكاربردن، ڕێكخستنى بۆنەوئاهەنگ، میدیا و هیتر هەبوون؛ واتە بە گشتى دەستوەردان لە شێوازى ژیانى دانیشتوان. ئۆردوگا دیارترین ڕووبەرى بینینى مومارەسەكردنى دەسەڵاتى بەعسیزمە، چیتر نەك تەنیا وەك مافى بڕیارى مەرگ، بەڵكو وەك مافى كۆنترۆڵكردنى ژیان. ئەم فۆڕمە دەسەڵاتە، نزیكە لە سەرجەم فەرمانڕەوایەتییە مۆدێرنەكانەوە كە زیاتر گرنگى بە مومارەسەى دەسەڵات لەسەر دانیشتوان دەدەن و مەرگ تێیدا دوایین مەبەستە؛ دوایین مەبەست واتە ئامانجى تر لەپێش مەرگەوە هەن؛ سەرەكیترینیان ڕێكخستنى دیمۆگرافى. ئەمە ئەو گۆڕانە جەوهەرییەیە كە فۆكۆ خستوویەتییە ڕوو، گۆڕانى مەیلى دەسەڵات لە مومارەسەى مافى مەرگـەوە بۆ مافى مومارەسە لەسەر ژیانى دانیشتوان، لە ئاستە تاكی و كۆییەكانیشدا. فۆكۆ ناو لەم جۆرە دەسەڵاتە نوێیە دەنێت بایۆ-دەسەڵات؛ دەسەڵاتێك كە بایەخ بە لایەنى بایۆلۆژیى ئەندامانى كۆمەڵگاكەى دەدات:
«پەرەسەندنى خێرا لە سەردەمى كلاسیكییەوە بۆ ڕژێمە هەمەجۆرەكان -قوتابخانەكان، ئامادەییەكان، بەشەناوخۆییەكان، كارگەكان- هەروەها دەركەوتنى كێشەكانى لەدایكبوون و درێژیى تەمەن و تەندروستیى گشتى، نشینگە و خانوبەرە، كۆچى ناوخۆ؛ واتە تەقینەوەى تەكنیكگەلى زۆروزەبەند و هەمەجۆر بۆ بەدیهێنانى ملكەچى جەستەكان و چاودێریكردنى دانیشتوان. بەم جۆرەبوو كە سەردەمى “بایۆ-دەسەڵات” دەستى پێكرد»[2].
ئەم گۆڕانە واتاى هەڵگەڕانەوەى نەزمى تیۆ-پۆلەتیكـە بۆ بایۆ-پۆلەتیك[bio-politic]: گۆڕان لە حاكمیەتێكى پیرۆزەوە كە پەیوەندیى لەگەڵ یەزدان هەیە، بۆ سیاسەتێك كە ئاسایش و سەلامەتیى كۆمەڵگە دەكات بە مەرجەعى ڕەوایەتیى خۆى و هەر لەبەرئەمە ژیانى بایۆلۆژى دانیشتووانەكەى وەك كایەى مومارەسەى دەسەڵاتەكەى وەردەگرێت؛ ئەمەیش «یەكەمجارە لە مێژوودا ڕەهەندى بایۆلۆژى لە ڕەهەندى سیاسیدا ڕەنگ دەداتەوە. چیتر واقیعى ژیان ئەم كانیاوە بنەڕەتییە نییە كە لە بەرامبەر مەرگ و حەتمییەتەكەیدا جاروبارێك هەڵدەقوڵێت، بەڵكو بەشێوەیەكى ڕێژەیى گواستراوەتەوە بۆ كایەى چاودێریى زانین و دەستێوەردانى دەسەڵات»[3]. لێرەوە فۆكۆ بە وردبینییەكى زۆرەوە ئەوە پیشان دەدات كە سیاسەتى نوێ بریتییە لە پەیوەندیى نێوان دەسەڵات و مەعریفە؛ ئەمەیش پتر مەعریفەى تەكنیكییە بۆ ناسینى زیاترى دانیشتوان و زۆركردنى زانیارییەكان دەربارەى ژیانە بایۆلۆژییەكەیان، تاوەكو لەسەر بنەماى ئەو زانیارییانە كە دەبن بە داتاى تەكنیكیش، دەسەڵات ڕەوایەتى بۆ مومارەسەى خۆى دابین بكات؛ بۆ نموونە گەر دەسەڵات مافى هەبێت لە كاتى بڵاوبوونەوەى پەتایەكدا دۆخى هاوێرگە [كەرەنتینە] بسەپێنێت، ئەوا ڕێك بەو هۆیەیە كە دەسەڵات “لەپێناو سەلامەتى جەستەیى گشتی”ـدا ئەم ڕێوشوێنە دەسەپێنێت و تاكەكانیش، بۆ ئەوەى ژیانە بایۆلۆژییەكەیان نەكەوێتە مەترسییەوە، ناچارن گوێڕایەڵى رێنماییەكان بن. بەم مانایە بایۆ-سیاسەت بە واتاى سیاسیەتێكە كە «ژیان و میكانیزمەكانى ژیان دەخاتە نێو بوارى حیساباتە ڕاشكاوەكانەوە، ئەوەى وا دەكات دەسەڵات-مەعریفە هۆكارێك بن بۆ گۆڕین و دەستكاریكردنى ژیانى مرۆیى»[4].
لەم ڕوانگەیەوە كە تێدەگەین، بۆچى بەعس وەك دەسەڵاتێكى بە زەبروزەنگ، هاوكات گرنگى بە سەرجەم ئەو كایانەیش دەدا كە لە سەرەوە ناومان هێنان، بە تایبەتى كەرتى تەندروستى، نەك تەنیا لە نەخۆشخانەكاندا، بەڵكو لەنێو سەرجەم دانیشتواندا، بۆ نموونە دەرمانكردنى ساڵانەى ناوچەكان بۆ پاراستنى هاووڵاتیان لە مارومێرووە زیانبەخشەكان. ئێستا بە گوێرەى ئەم شرۆڤەیە، دەسەڵاتى بەعس تەنیا حاكمیەتێكى كوشندە نەبوو، بەڵكو ژیانیشى گۆڕیبوو بۆ ڕووبەرى مومارەسەكردنى سیاسەت وەك خودى ژیان، نەك وەك “غیاب”ى مراندن یان “پاشماوە”ى مەرگ. ئۆردوگا زۆرەملێكان دەركەوتنى ئەم دیوە بایۆ-پۆلەتیكەى بەعسە لە ڕوونترین ڕادەى خۆیدا كە كۆنترۆڵكردن، دەستكاریكردن، گۆڕینى بارى دیمۆگرافى لە ڕێگەى دەسەڵاتێكەوە مومارەسە دەكات كە مەعریفەى تەكنیكیى زۆروزەبەندى دەربارەى بایۆلۆژیاى دانیشتوان لەبەردەستدایە، گەر لە بەردەستیشیدا نەبێت لەوە بەدوا كەڵەكەى دەكات. كەواتە تەنانەت زاراوە فەرمییەكەى ئۆردوگا “كۆمەڵگەى نیشتەجێبوون”، خۆیشى بێ دەلالەت نییە، مادام نیشتەجێبوون ئاماژەیە بە دانیشتوان. لە نیشتەجێبووندا، كە لە ئەنفالدا ڕاگواستن-نیشتەجێكردنە، سوبێكتەكان تواناى جووڵە و جێهێشتنى فەزا چاودێریكراوەكانیان كەمە؛ بەو جێگایەوە دادەكوترێن كە بۆیان دیاریى كراوە. نیشتەجێكردن گۆڕینى ژیانى ئازادانە و پەرشوبڵاوى گوندییەكان بوو بۆ ژیانێك لە قەرەباڵغییە تەنگەبەرەكانى نێو موجەمەعەكاندا.
ئەم وتارە بەشێكە لەم كتێبە:
هاوار محەمەد: دراوسێ- دەربارەى ئەخلاق و ئەنفالناسى، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى، 2023.