“بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی له‌نێوان فه‌لسه‌فه و یاسادا”
نووسین: د.کامه‌ران مه‌نتک
وەک باسکرا، مرۆڤ بە تاکیەتى نەیتوانى پێویستیەکانى خۆى تێربکات و هاتە ناو کۆمەڵگا، ئەمەش لەجۆرە ژیانێکەوە، رفاندیە هەمێزى جۆرە ژیانێکى زۆر جیاواز تر، لە ژیانێکى زۆر سروشتیەوە، بەرەو ژیانێکى ئاڵۆز و زۆر ورد‌و رێکخراوى ناو کۆمەڵگا، کەهاتە ناو کۆمەڵگاش، به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێكانه‌وه گرنگى و بایه‌خی ئازادیەکان بە دیارده‌کەوێت. چونکە وەک هیگل دەڵێت:”ئازادى و سروشت دوو شتى دژ بەیەکن، ئازادى واتاى ژیان نیە لە سروشتدا، یاخود ژیان بە گوێرەى یاساکانى سروشت، بەڵکو ئازادى لەو شوێنەوە دەستپێدەکات، کە سروشت تیایدا کۆتایى دێت و ئازادى مرۆڤ تەنیا لەو کاتەدا بە دیاردەکەوێت، کە بتوانىت بوونى سروشتى و ئاژەڵیانەى خۆى جێبهێڵت و خودێکى نوێ بۆ خۆى دروستبکات، خاڵى سەرەتاش بۆ گوراندنی خودەکە، خاڵی سەرەتاى ململانێیەکى سەختەلەپێناو پێگه‌و پلەیەکى تایبەت له‌ناو كۆمه‌ڵگا (عطیه، 1965. 86). واتە هەمیشە لە هەوڵى ئەوە دادەبێت، بەشێک لە شتە بنەڕەتى و سەرەکیەکانى خودە تاکەکەى بپارێزێت و بیهێڵێتەوە، چونکە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت بە یەکجارى لە تاکیەتی خۆى دابڕێت، بۆیە رێگا نادات خودە تاکەکەى بەرادەیەکى زۆر تێکەڵ بەکۆمەڵگاکەى بێت و لەناویدا بتوێتەوەو بوونى خۆى وەکو یەکەیەک و بوونەوەرێکى زیندوو لە دەستبدات.
مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت بە یەکجارى دەستبەردارى خودە تاکەکەى بێت، هاوکات ناشتوانێت بە بێکۆمەڵگاو ئەو ژیانە مەدەنیەى له نێوکۆمەڵگا هه‌یه سەقامگیرى و پێشکەوتن بۆخۆى دابینبکات، کە واتا بنەڕەتیەکانى ژیانى دەپارێزێت. ئەم حاڵەتە دوو نمونەى بنەڕەتى لاى مرۆڤ دروست دەکات، کە لە سروشتى دوالیزمیانەى خۆیدا هەڵدەقوڵێت. مرۆڤ بوونەوەرێکى تاکە، هاوکات بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتیشە، بوونەوەرێکى تاکە، چونکە شتێکە بە خۆى و بۆ خودى خۆى و دوورە لە هاوڕەگەزەکانى، هاوکات بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتیە، لەبەر ئەوەى به‌شێكه لە هاوڕەگەزەکانى له‌ناو كۆمه‌ڵگادا(عطیه، 1965. 86). ململانێ لە نێوان ئەو دوو خودەى مرۆڤ، لەو کاتەوە له‌دایك ده‌بێت و دەستپێدەکات، کە دێتە ناو ژیانى کۆمەڵگایى، ئەمە واى لێدەکات هەمیشە لە دڵەڕاوکێیەکدا بژیت، ئەنجامى ئەو دڵەڕاوکێیەش، ئاره‌زووی گەشەسەندن و پێگەیینى ئازادیەكان لاى مرۆڤ دروستده‌كات.
مرۆڤ بۆ رێکخستنى پەیوەندیەکانى نێوان ئه‌و دوو خوده، واتە بۆ هێنانه‌دی هاوسه‌نگیه‌ك لە نێوان هەردوو خودە تاک و کۆمەڵایەتیەکەی، ناچار دەبێت مل بۆ ئەو رێسایانە کەچبکات، کە کۆمەڵگا لە ڕێگاى چەند کەسانێکەوە دەریدەکات. واتە بەشێوەیەکى ناراستەوخۆ، ناچار دەبێت ملکەچى فەرمانڕەواکان بێت، لەمەدا ئاوێتەبوونێک، یاخود کارلەیەکترکردنێک لە نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانه‌كاندا دێتە ئارا. ئەو کارلەیەکترکردنە کۆمەڵایەتیەى نێوان فەرمانڕەواو بەرفەرمانیش، لە چوارچێوەى سنوورى فەزیلەى ئاكاری، کەدەوەستێتە سەر فەزیلەى ئەو نێوەندەى تیایدا دەژى، دەبێتە هۆى گەڵالەکردنى ئەو ئامانجەى، کە ئەرستۆ ناوى دەنێت یەکێتى هەست و سۆز(unity of sentiment). ، ئەمەش واتاى هێنانە کایەى گونجانێکە لە نێوان کۆمەڵگاو خود، کە بەندە لەسەر چاکەى ئەو نێوەندەى تیایدا دەژیت، واتە ئەو دۆستایەتیە دەردەبڕێت، کە لە نێوان فەرمانرەواو بەرفەرمانه‌كاندا دروستدەبێت و جۆرە گونجاندنێک لە نێوان بەرژەوەندیه‌كانی تاک وکۆمەڵگادا دێنێته به‌رهه‌م(قاسم، 1979. 153). به‌ڵام ئەو گونجان و هاوکۆکیە، هەرگیز رەها نیە، بۆیه کێشەو ململانێکانیش لە نێوان ئەو دوو خودەدا، هەمیشە دەمێنێت و بەردەوام دەبێت و مرۆڤەکە لەناخەوە ماندوو ده‌کات، هەر بۆیەشە چەمکى ئازادى بەشێوەیەکى گشتى، واتاى سنووردارنه‌كردن و كاریگه‌ریه‌كی سنوورداركردنی ویستی مرۆڤ دەگەیەنێت!(S. T. D, 1957. 121). چونکە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى سروشتى، کاتێک دێتە نێوکۆمەڵگایەکى گەورە، رۆڵی پێداویستیەکان زیاتر‌و گرنگتردەبێت، كه ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت، ئایا بڕى ئەو ئازادیانه چەندە، کە مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگادا به‌ده‌ستیاندێنێت، هاوکات پێویستە ره‌چاوی ئه‌و سوودانه‌ش بكرێت، كه له‌مرۆڤه‌كان له‌ئازادیه‌كانی ده‌ستیده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌هه‌موو دۆخێك‌دا مرۆڤ ئاماده‌نیه ئازادیه‌كانی سنووردار بكرێت ته‌نیا له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت مه‌ترسیه‌كی جدی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دروست ده‌بێت، واته تا ئه‌و كاته‌ی سنوورداره‌كه سوودی ده‌بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان (CARTER, 1999. 63).
لێرەدا جۆرە دژایەتیەک بەرچاو دەکەوێت و پێویست بەروونکردنەوە دەکات. باوایدابنێینو ده‌زانین “بڕى ئەو ئازادیە چه‌نده، كه پێداویستیەکان سنووردارى دەکات؟”. پارادۆكسی ئه‌و رێسایه ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه هه‌ندێك جۆری ئازادی هه‌یه سنووردار ده‌كرێن، هه‌رچه‌نده به‌هایه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه(S. T. D, 1957. 63). هاوکات هه‌ندێك جۆرى تری ئازادی هه‌یه بەهاكه‌یان کەمترە، کەمى یاخود زۆری به‌هاكانی ئازادی په‌یوه‌ندیان به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و ئاستی تێگه‌یشتنی تاك بۆ ئازادیه‌كان هه‌یه، هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵگاشه‌وه هه‌یه، لەلایەک دەکەوێتە جۆر‌و شێوازى بیرکردنەوەى کۆمەڵگاکە لەو قۆناغەى مێژووییه‌ی تیایدا دەژیت، له‌لایه‌كی تر به‌نده به‌ئایدیۆلۆژیاو فه‌لسه‌فه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كۆمه‌ڵگاكه به‌ڕێوه ده‌بات، ئەمەش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ململانێى نێوان خودە تاک و کۆمەڵایەتیەکەى مرۆڤ، لەسەر دەمێک بۆ سەردەمێکى تر‌و لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکى تر جیاواز بێت، بۆیە گرژبوون و نەرمبوونەوەى ئەو ململانێیە، بەگوێرەى ئەو قۆناغ و سەردەمانه دەگۆڕێت، کە مرۆڤەکە تیایدا دەژیت و ئازادى لەگەڵ شێوازى ئەو ململانێیەدا دەگۆڕێت و چەمک و شێوازى نوێ و تایبەت بەسەردەمەکەى خۆى وەردەگرێت، هاوکات رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو خوده وه‌ك داینامیکیەنى پێشکەوتن و گەشەسەندنى شارستانیەتى ئەو کۆمەڵگایە هه‌ژمار ده‌كرێت.
کاتێک خودە تاکەکەى مرۆڤ رووبەڕووى خودە کۆمەڵایەتیەکەى دەبێتەوە، کە زۆرینەى کاریگەریەکان لە دەرەوەى ئەو خودەدا دێت و ته‌نیا دوو رێگای له‌به‌رده‌م دێڵێته‌وه،. یەکەمیان پێویستە بەسەر ئەو حاڵەتە تەنیایى و پڕ لەکەم و کوڕیانه‌دا زاڵ‌بێت، کە نایەوێت لە خۆیدا بیبینێت، بۆیە دەبێت بەشێوەیەکى کت و پڕ ئاوێتەى جیهانى کارکردن و خۆشەویستى بێت، تاوه‌كو بتوانێت بەشێوەیەکى رەسەن تواناى سۆزدارى و هەستکردن و ئاوه‌زمەندى خۆى دەربڕێت، کە ئەمە بەرەو پێشه‌وه‌ى دەبات و ده‌یخاته به‌رده‌م ئازادیەکى ئه‌رێنیانه، بەمەش دەتوانێت جارێكی تر لەگەڵ مرۆڤ و سروشت و خودى خۆیدا یەکبگرێته‌وه، بەبێئەوەى دەستبەردارى ئەو سەربەخۆیى و کامڵبوونە بێت، کە تایبەتە بە خودە تاکەکەى، یاخود ده‌بێت واز له ئازادیه‌كانی بێنێت و ده‌سابه‌رداریان بێت دووهەمیش، وازهێنان و دەست بەرداربوونە لە ئازادیەکەى، کە ئەمەش هەوڵدانێکە بۆ تێکشکاندنى ئه‌و ته‌نیاییه‌ی، كه‌به‌هۆی ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌نێوان خوده تاكه‌كه‌ی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خوده په‌یدا ده‌بێت، ئه‌و رێگایه هه‌رگیز جارێكی ترله‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه‌ی پێشتر پێیه‌وه پابه‌ند بووه یه‌كیانناخاته‌وه، واتە ئەو رێگایە جۆه راکردنێكه لە هەڵوێستێک، کە پێی قبوڵ ناکرێت، بەشێوەیەک لە شێوەکانیش وه‌ك دەستبەرداربوونێکى تەواوە لە تاکیەتى و کامڵبوونى خودى خۆى ( فروم، 1972. 116). کەواتە دەتوانین بڵێین، ئەگەر چى مرۆڤ کۆمەڵگا دەکاتە ئامڕازو هۆکارێکى گرنگ و پڕ بایەخ بۆ مانەوەو پێشوەچوونى خۆى، نابێت ئەو راستیەش فەرامۆشبکەین، کە چوون بۆ نێو کۆمەڵگا و ژیانە کۆمەڵایەتیەکەش، هەر لە پێناو خواست و ویستى خودە تاکەکەى مرۆڤدایە، ئەگەرچى زۆر جارانیش ئەو خواست و ویستە لە پێناو بەرژەوەندى گشتى کۆمەڵگاکەدا لاتەریک و پشتگوێ دەخرێت، به‌ڵام بە بەردەوامى لایەنێکى گرنگ و بنەڕەتى تاى تەرازووەکەیە. بە بێبوونى ئەو خودە نەکۆمەڵگا دروستدەبێت، نە هیچ هاوسەنگیەک لە نێو کۆمەڵگادا دێتە ئارا.
ئەو هاوسەنگیەى، کە راستى و دادوەرى و چاکە و.. هتد، لە سەر بەندە. بۆیە تاکیەتى مرۆڤ، بە تەنیا بە لەدایکبوون و مردنەوە سنووردار نیە، کە دوو رووداوى بە تەواوى تاکین، بەڵکو هەموو کارە ئەفرێنراوو بەرچاوەکان، بەرهەمى بلیمەتى تاکن، بۆیه زۆر جاران لە تاکەوە سەیرى بوونى کۆمەڵگا دەکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆی پرۆسەکە تایبەتمەند بوونى تاک دەگەیەنێت، ناوه‌كانی وەکو سوکرات و ئەفلاتون و ئەرەستۆ.. هتد وەکو تاکێک لە یادماندا زیندووە (جاسم، 1986. 174). هەر رەوگەیەک له‌رەوگەکانى بیرى مرۆڤایەتى بایەخدان بە تاک، وەکو خودێکى تاک، هاوکات وەکو ئەندامێکى کۆمەڵگا، بەجۆرێک هەڵیدەسەنگێنێت، بەشێکیان زیاتر گرنگى بە کۆمەڵگا دەدەن، هەندێکى تریان بە پێچەوانەوە، بۆ نمونه لیبراڵیستەکان زێتر بایەخ بە تاکدەدەن، هه‌رچی رەوگە کۆمەڵایەتیەکانن، بە توندى لایەنگری کۆمەڵگا دەكه‌ن، ئەوان بە توندى پێ لەسەر ئەو پەیوەندیە پتەوە دادەگرن، کە لە نێوان یاسا و کۆمەڵگادا هەیە، هەر ناکۆکى و دژایەتیەکیش لە نێوان ئەو شتانەى کۆمەڵایەتین و ئەو شتانەى تاکین بێتە ئارا، به‌ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگای داده‌شكێننه‌وه، هه‌ر كاتێك کێشە بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بێت، ئەوا سیستەمە سەرمایەداریەکان، بە توندى بانگەشەى ئازادى و مافەکانى مرۆڤ دەکەن (باشفول، 1972. 44). پێچەوانەى ئەمەش هەر راستە، کاتێک ئازادى و مافەکانى مرۆڤیش هێندە زێدە دەبن، کە لەگەڵ ئاستى پێگەیشتنى ئاوه‌زی مرۆڤدا لەقۆناغێكی دیاریكراودا ناگونجێن.
جۆرە نائارامى و ئاژاوەیەک کۆمەڵگاکە دەگرێتەوە، سیستەمە سۆسیالیستەکان، داواى ڕێزگرتن و زیاترکردنى دەسەڵاتى کۆمەڵگاو كۆتكردنی ئازادیه تاكیه‌كان له‌پێناو پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كاندا ده‌كه‌ن. ئه‌م ره‌وته له ئاینه‌كانیشدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، بۆنمونه كه‌سێكی وه‌كو قه‌شه پۆلس هەمیشە هانى کۆیلەکانى دەدا مل بۆ گەورەکانیان کەچبکەن، هەتاوه‌كو ئەگه‌ر زۆردار‌و دڵڕەقیش بن(باشفول، 1972. 91). هەرچەندە ئەمە جۆرە تێکەڵکردنێکى دین و سیاسەتى تیادایە، به‌ڵام هەرگیز نابێت ئەوەش لە یاد بکەین، مانەوەى کۆمەڵگا پەیوەندى بە مانەوەو بەردەوام بوونى خودى خودە تاکەکەوە هەیە، توانا‌و بلیمەتى خودە تاکەکەیه رۆڵێكی گه‌وره له‌مانه‌وه‌و پێشوه‌چوونی كۆمه‌ڵگا ده‌بینێت، لە هەندێک هزرمەندان کردووە، بەهاى شارستانیەت و دامەزراندنى شارستانیەتى مرۆڤایەتیش بۆ رۆڵی تاکەکان بگەڕێننەوە، واتە ئەو تاکانەى، کە لە سەردەمى خۆیاندا هەڵدەکەون و کارى بلیمەتانەیان لێدەوەشێتەوە.
بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین، تاک و کۆمەڵگا هەردووکیان کار لەیەکتردەکەن و کاریگەرى پێچەوانەیان لەسەر یەکتردا هەیە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە تاک هەموو تایبەتمەندیە کەسیەکانى لە نێو کۆمەڵگاكه‌یدا وەردەگرێت، چونکە وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا لە ناخەوەى هەموو کەسێکدا بە شێکى شاراوە هەیە، كه‌ناشێت ملکەچى رێساکانى کۆمەڵگا بکرێت، ئەو بەشەیە وایکردووە لەپڕۆسەى بەیەکەوەنانى کەسایەتیدا، هەموو تاکێک لەتاکەکانى تردا جیاواز دەبێت، ئەگەرچى هەمووشیان لە نێو یەک کۆمەڵگادا فراژى بووبن!. لەسەر ئەو بنەمایه ده‌توانین بڵێین هەموو مرۆڤێک، لەلایەک ده‌یه‌وێت ملکەچى کۆمەڵگاکەى بێت، لەلایەکى تر ئارەزووى ئەوە دەکات شۆڕشێک لەدژی بەرپا بکات، بۆیە مرۆڤ لە سروشتى خۆیدا، کۆمەڵایەتیەو کۆمەڵایەتى نیە، لەکەسایەتى مرۆڤدا رەگەزى شۆرش و ڕەگەزى مل کەچبوون، بەیەکەوە هەیە.
بەیەکێک لە خودەکانى مل بۆ رێساکانى کۆمەڵگا کەچدەکات، بە خودەکەى تر‌ى لێى یاخى دەبێت(الوردی، 1997. 35-36). له‌به‌رئه‌وه‌ی سروشتی مرۆڤ و ئه‌و ناوه‌نده‌ی تیایدا ده‌ژیت، به‌چه‌ند پێوه‌ندێك كۆتیده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ر گیز ناتوانین بڵێین تاك به‌ره‌هایی سه‌ربه‌خۆیه‌و نەکەوتۆتە ژێر کاریگەرى کاریگەریە دەرەکیەکان، هاوکات نەتوانین وا بێنینە بەرچاو، مرۆڤ لە هەموو کاودانێکدا ئازاده، بۆ نمونە کاتێک دەستى خۆى بۆ لایه‌ك بەرزدەکاتەوە، له‌رووكه‌شدا ئەو کردارە وا به‌دیارده‌كه‌وێت، كه ئازاد بووه له‌و ره‌فتاره‌دا، به‌ڵام كاتێك پرسیارى ئەوەى لێدەکرێت، له‌به‌رچی ده‌ستی بۆ یه‌كێك له‌لایه‌كان به‌رزده‌كاته‌وه بۆ لایه‌كه‌ی تر به‌رزناكاته‌وه، ئه‌وه به‌گوێره‌ی جووڵه‌كه روونده‌بێته‌وه، كه ئه‌و لایه‌نه کۆسپى کەمتر لەبه‌رده‌م بووه، له‌هه‌ردوو لایه‌نی دەوروبەرو خودى جەستەکەى خۆیدا (تولستوی، 1913. 93). ئەو تەنگ و چەڵەمانەى مرۆڤ لەماوەى ژیانیدا دوچارى ده‌بێته‌وه، بارێکى گران و قورسى دەخەنە سەرشان، جگە لەمە بەویستى خۆشى، خۆى پابەندى کۆمەڵێک کۆت و پێوەند دەکات. لە پاڵ ئەمەشدا، بیر لەئازادیەكانی خۆى دەکاتەوە، کەواتە پرۆسەى پێگەیینى ئازادى لاى مرۆڤ شێوازێکى دیالیکتیکانەى هەیە، لە لایەک پرۆسەى هێز و کامڵبوونە، سەروەریە بەسەر سروشتدا، لەلایەکى تر نەشونما کردنى لاتەریکى و دڵەڕاوکێیە لاى( فروم، 1972. 36). ئه‌و کێشەو ململانێیانه‌ی دڵەڕاوکێ لای مرۆڤ دروست ده‌كات، هه‌مان كێشه دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى حەزی گۆڕان و نوێبوونەوە لاى خودى مرۆڤەکە، کە لە شێوەى کەسایەتیەکى تایبەت بە خودەکە بە دیاردەکەوێت و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشێکیش، ئەنجامێکى سروشتى ئەو كێشه‌و ململانێیانه‌یه.
مرۆڤ لە ژیانى سەرەتایى خۆیدا، لەبەر نەبوون، یاخود بچووکى خێزان، به‌ده‌ربڕینێكی تر، لەبەر بچووکى ئەو کۆمەڵگا سیاسیەى ژیانی تیا به‌سه‌رده‌بات، بەرژەوەندیەکانى بە شێوەیەکى ترسناک رووبەڕووى یەکتر نەدەبووەوە، تەنانەت دەتوانین بڵێین، بەرژەوەندى تاکیش هێشتا بەو زەقیە دروست نەببوو، کە ببێتە سۆنگەى کێشەو ململانێ نانەوە لە نێوان تاکەکاندا، ئەمەش کاریگەریەکى ئاشکراى لەسەر چەمکى ئازادی‌دا هەبوو، تەم و مژێکى دەخستە سەرو وایدەکرد بەروونى بەدیارنەکەوێت، هاوکات گەف و هەڕەشەکانى سروشت و دەوروبەر، هێندە گەورەو مەترسیدار بوو، بوارى ئەوەى بۆ نەدەهێشتەوە، لە نێو خودى کۆمەڵگا بچووکەکەى خۆشی‌دا، رووبەڕووى ئەو هێزانە ببێتەوە، کە بەرژەوەندیان لە گەڵیدا گرژى تێده‌كه‌وت، به‌ڵام بەرانبەر هێزە مەترسیدارەکەى سروشت پاڵپشتیان ده‌كرد!. واتە شتێکى گەورەو پڕ بایەخیان بەشتێکى بچووک و کەم بایەختر نەدەگۆڕیەوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كه له‌و قۆناغه‌دا ئازادیه‌كان به‌واتا سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی لە ئارادا بووە، چونکە هەر یەکێک لە ئەندامانى ئەو خێزانە بچووکە، ئەرکى خۆى هەبووەو توانیویەتى رۆڵى خۆى وەکو تاکێک بە چەمکە سادەکەى ببینێت، كاتێك ئەرکیش ده‌بێت، .بەرانبەرئەو ئەرکە ماف له‌دایك ده‌بێت، مافیش وەك ئاماژه‌ی پێكرا ئەو چوارچێوەیە، کە ئازادیەکانى تیادا به‌رجه‌سته ده‌بێت
یاخود ئەو چوارچێوەیە رێگا بەو رەفتارانە دەدات، کەتیایدا ئەنجامدەدرێت و ناوى ئازادیان لێدەنرێت. کەچى لەبەر ناڕێکى ئەرک ومافەکان، له‌به‌رئه‌وه‌ی لەو قۆناغەدا جۆرە تێکەڵاویەکیان تیادا بووە، ناتوانرێت ئازادیه‌كان وەکو پێویست روونبکرێنەوەو ده‌ستنیشان بكرێن. بەواتایەکى تر ئازادی ببێتە هێزو گوڕێکى بەتین و کۆمەڵگایەکى گەورە بەرەو دامه‌زراندنی شارستانیه‌ت به‌رێت، کاتێکیش ئازادى دەگاتە ئەو ئاستەى ئەو گوڕوتینە پەیدا بکات، لەو کاتەدا دەتوانین مرۆڤ وەکو تاکێک لە نێو کۆمەڵگادا، لەو مرۆڤە جیا بکەینەوە، کە بەشێوەیەکى سروشتى و لە دەرەوەى کۆمەڵگادا دەژیت و ئەگەر هیچ کەم وکڕریەکى جەستەیى و ئاوەزى نەبێت، كه‌سایه‌تیه‌كی ته‌واو لەناو کۆمەڵگادا دروستدەکات، كاتێك دەبێتە کەسایەتیش، بە تەواوى لە بوونەوەرێکى سروشتى جیا دەبێتەوەو دەبێتە بوونەوەرێکى مەدەنى، ئەو کاتەش لە پێناو بەرژەوەندیە سەرەکى و بنەڕەتیەکانى خۆى، بە خواستى خۆى، ئامادە دەبێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا دەستبەردارى بەشێک لە خەون و خولیا‌و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى خۆى بێت. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت دەستبەردارى ته‌واوی ئازادیەکانى بێت. کۆمەڵگا بە هیچ شێوەیەک پێوەند ناخاتە سەر هیچ ئازادیەک. چونکە ئازادى بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندیە بەرزو باڵاکانى کۆمەڵگادا رووبەڕوو نابێتەوە. لێره‌دا پێویستە جیاوازى لەنێوان کۆمەڵگاو دەسەڵاتى سیاسی‌دا، بكرێت ئەوەى به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌وه ئازادیەکان، به‌تایبه‌تیش ئازادیه سیاسیه‌كان پێشێڵدەکات دەسەڵاتى سیاسیە نەک کۆمەڵگا. بۆیە کاتێك مرۆڤ بەرانبەر کۆتکردنى ئازادیەکان دەوەستێته‌وه و هەوڵدەدات قەفى زنجیرەکان بپچڕێنێت، بە پلەى یەکەم مەبەستى گۆڕینى سیستەمە سیاسیەکەیە. به‌واتایه‌كی تر گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان، دەبنە پاڵنەرو هێنانە دنیاى هەندێک رەفتارى تر، کە سیستەمە سیاسیەکە ناتوانێت هەزمى بکات، بۆیه دەبێتە کۆسپێک لەبەر دەم ئەو گۆڕانکاریانه‌و خه‌ڵك ناچار ده‌كات ناڕه‌زایی ده‌ربڕێت و هه‌وڵبدات سیسته‌مه سیاسیه بگۆڕێت. راستە سیستەمى سیاسى لەسەرەتادا بەڵیندەدات هەموو ئازادیەکان بپارێزێت، بگرە چوارچێوەیەکى مەدەنیش بۆ هەموو ئەو رەفتارە نوێیانە دابڕێژێت، کە لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونى ژیان و پێشکەوتنى کۆمەڵگادا لە دایک دەبێت، به‌ڵام ئەو بەلێنانە بناغەیان لەسەر ئارەزوو ئەندێشەدا بەندە، چونکە هیچ سیستەمێکى سیاسى، هەرچەندە هەوڵى خۆنوێکردنەوەو گونجان لەگەڵ سەردەمەکەى خۆی بدات، هه‌رگیز ناتوانێت تاهەتایە لەگەڵ رەوڕەوەى پێشکەوتنەکان بەردەوام بێت و رۆژێک هەر دێت کەلێنێکى گەورە لە نێوان ئەوو کۆمەڵگاکەیدا دروست بێت، ئەو کاتە بەهەر رێگایەک بێت، بەتوندو تیژى، یاخود بەئاشتیانە، دەبێ گۆڕەپانەکە بۆ جۆر‌و شێوازێکى تر‌ى دەسەڵات و سیستەمێکى تر‌ى سیاسى چۆڵبكات، ره‌نگدانه‌وه‌ی سەردەم و رۆژگارى خۆیه‌تی. ئەمەش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه ده‌مرێت، بەڵکو نامەو ئەرکە مێژووییەكه‌ی ته‌واو ده‌بێت و ده‌چێته سه‌ر ره‌فه‌كانی مێژووه‌وه.
کەواتە مرۆڤ لە پێناو پاراستنى ئازادیەکانیدا، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە گۆڕانکارى لە سیستەمی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی و سیستەم سیاسی به‌تایبه‌تی بگۆڕێت. چونکە گۆڕانی سیستەمى کۆمەڵایەتى، پێویستى بە زەمەنێکى دورو درێژ هەیه‌و شێوازێکى دیالێکتیاکیانە لەخۆوە دەگرێت. سیستەمى سیاسى چەندەى هەوڵبدات سیستەمە کۆمەڵایەتیەکە بە خێرایى بگۆرێت و ئه‌و هەوڵەشى سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنێت، کاریگەرى ئەو هەوڵە بۆماوەیەکى ئێجگار کەمدەبێت، چونكه ئەو سەرپۆشى پێشکەوتنەى کۆمەڵگا لەقۆناغێکى دیاریکراوى خۆیدا لە ترسى دەسەڵاتى سیاسى دەیپۆشێت، بۆ ماوەیەکى کورت بەرگەى هەتاوى زەمەن دەگرێت و دواتر دەگەڕێتەوە سەر دۆخه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی خۆى ته‌نیا شوێنەوارێکى کەم لەدواى خۆیدا جێدەهێڵێت، کە ناتوانێت رۆلێکى بەرچاو لەو رووداوانەى دواى ئەو زەمەنە روودەدەن بگێڕێت، چونکە رێساکانى کۆمەڵگا، زۆر لە رێساکانى دەسەڵاتى سیاسى قووڵتر‌و بەرفراوانترە. راستە رێساکانى کۆمەڵگا، سەرچاوەیەکى بنەڕەتیە بۆ ئەو رێساییانەى دەسەلاتى سیاسى پیادەى دەکات، واتە بە شێوەیەکى تر سەرچاوەیەکە بۆ ئەویاسایەى دەسەڵاتى سیاسى بەهۆیەوە فەرمانڕەوایى دەکات.
نە ئەم ده‌سه‌ڵاته(دەسەڵاتە سیاسیەکە) دەتوانێت هەموو شتەکانى ناو کۆمەڵگا بخاته ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه، نەئەویش(واتە یاسایەکە) دەتوانێت هەموو شتەکانى ناو کۆمەڵگا پابەند بکات. راستەداب و نەریتەکان، کەرێساى بنه‌ڕه‌تی کۆمەڵگان، زۆر جاران هێنده به‌هێزن و ره‌گیان داكوتاوه، تاک ناتوانێت به‌ئاسانی تێکیانبشکێنێت، بۆیه هەندێک کۆت و پێوەند دەخەنە سەر ئازادیەکان(لێرەدا مەبەستمان ئازادیە کۆمەڵایەتیەکانە). به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بە تێپەربوونى كات، بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ناهەستیارانە، لەدواجاردا تاک ئەو رێسایانەش تێکدەشکێنێت و رێساى تر جێگه‌یان دەگرێتەوە، کەزیاتر لەگەڵ سەردەم و پەرەسەندنەکانى خودى مرۆڤەکە خۆیدا بگونجێت. دیاره ئەمەش دەوەستێتە سەر رادەى هوشیارى و بزێوى و ئاستى پێگەیشتنى ئاوه‌زی ئەو کەسانەى مامەڵە لەگەڵ داب و نەریتەکان دەکەن.
چەندەى ئاوه‌زی تاکەکان بەرەو پێشەوە بڕوات و رۆشن بێت، هێندە زیاتر توندى و رەقى ئەورێسایانە کەمتر دەبێتەوەو دواتریش به‌ئاسانی تێکدەشکێن. بەتایبەتیش ئەو رێسایانەى گیانى سەردەمیان لە دەستداوەو تواناى بەردەوام بوونیان لەگەڵ رەوتى پەرەسەندنەکانى کۆمەڵگادا نەماوە. کۆمەڵگاش لەبەر خۆپارێزى و هەستکردن بەترس لەدوارۆژدا هێشتونیەتیەوە. کەواتە ئازادى، بە شێوەیەکى گشتى پەیوەندى بەدەسەڵاتى سیاسى و کۆمەڵایەتیەوە هەیە. بۆیه ده‌بینین هەر سیستەمێک، بە گوێرەى بۆچوون و بەرژەوەنیەکانى خۆى کاردەکات، لەوانەیەهەندێک رەفتار ئازاد بکات، کە لەوانەیە بەر لەو کاتە کۆتیان خرابێتە سەر، هاوکات کۆتیش بخاتە سەر هەندێکى تر، کە دەشێت بەر لەهاتنى ئەو ئازاد بووبن. ئەو هەڵس وکەوتانەى تریش، کە بە هۆى رەوتى پەرەسەندن و پێشکەوتنى ژیانەوە لە دایک دەبن، پێویستە هەڵوێستیان بەرانبەر بنوێنێت، واتە یا رێگایان بدات، یاخود نیشانەى قەدەغەیان بخاتە سەر. ئەو هەڵوێست نواندنەش ئاستى بیرکردنەوەو ئاوه‌زی ئەو سیستەمە بەدیاردەخات، کە تا چەند لەگەڵ گیانى سەردەمەکەى خۆیدا دەگونجێت و هێزى بەردەوام بوون ومانەوەى تاچەند تیادایە. بەدەربڕینێكی تر، پێشکەوتنى ژیانى کۆمەڵگاو لە دایکبوونى کۆمەلێک هەڵس و کەوت بیر‌و بۆچوونى نوێ، دەبێتە ئەگەرى سەرهەڵدان نوێبوونەوەى ئەو ململانێیەى لە نێوان خودى مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى تاک و خودى مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتیدا لە ئارادایە.
کاتێک سیستەمێکى سیاسى لە قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەنیدا، تا رادەیەک دەتوانێت هاوسەنگیەک لە نێوان ئەو دوو خودەدا بێنێتە دى، شوێنەوارى ململانێیەکە کەمدەبێتەوە، ئەمەش خۆى لە خۆیدا دڵەڕاوکێیە دەروونیەکە بە رادەیەک کز‌و لاواز دەکات، کەجۆرە سەقامگیرى و ئارامیەک لەگەڵ خۆیدا بێنێتە دى، له‌و دۆخه‌دا مرۆڤ ده‌توانێت باشتر ئازاد بێت و باشتریش سوود و چێژ لە ئازادیەکانى وەربگرێت. بەڵام هەرگیز لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەنى سیستەمى سیاسی‌دا، ئەو ململانێیە ناتوانرێت بەتەواوى لەناو ببرێت و بنەبڕ بکرێت، چونکە ململانێیەک ەپەیوەندیەکى دیالێکتیانەى بەخودى ژیان و بوونى مرۆڤەوە هەیە، لەکاتى پێگەینى ئاوه‌زدا سەرهەڵدەدات و بە لەناو چوون و نەمانى جەستەش، واتا بە مردنە فیزیکیەکەشى بە کۆتا دێت. چونکە بوونى مرۆڤ و ئازادى هەر لەسەرەتاوە بەیەکەوە لکاون.