بابەت : گەڕان بە دوای کۆیلایەتی
نووسین: د.کامەران مەنتیک
بەكورتی دەتوانین بڵێن ئازادی وكۆیلایەتی هەردووكیان لەسەر جەستەی نەزانییەوە چەكەرە دەكەن، واتە ئەو كاتانەی ئەقڵ فەرامۆش دەكرێت و هەست وسۆز جێگەی دەگرێتەوە، لەو كاتەدا لەلایەك ئازادییەكان زیاد لە قەبارەی خۆیان گەورە دەكرێن ولەلایەكی تر كۆیلایەتییەكەش وەك دێوەزمەیەك دەخرێتە بەرچاو، واتە لەرێگەی دزێوكردن وناحەز كردنی كۆیلایەتییەوە، رەونەق بەر ئازادییەكان دەخەن و بەئاسانی خەڵكی پێ فریو دەدرێت، هەردوو چەمك لە رێڕەوە راستەقینەی خۆیان پەڕگیر دەكرێن و دەخرێنە دوو توێی دنیابینییەكی ئایدیۆلۆژییەوە، دیارە ئایدیۆلۆژیاش هەرچەندە سەرچاوەكەی هزرە، بەڵام لەسەر بنەمای هەست و سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ تاكەكان دەكات، كەمینەیەكی ئێجگار كەم نەبێت، زۆرینەی تاكەكانی ناو كۆمەڵگە لە چاو و دەمی ئەوانەی ترەوە، یاخود بەشێوەیەكی وردتر لەرێگەی پڕوپاگەندەو شەڕی رۆشنبیرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاكان دەكەن، بۆیە هەمیشە هاوشێوەی چەمكی ئازادی و كۆیلایەتی، ئایدیۆلۆژیاش، بۆئەوەی زۆرترین ژمارە بخاتە بن باڵی خۆیەوە، مامەڵە لەگەڵ هەست وسۆزی ئەو چین و توێژانە دەكات، كە ژیان ماندووی كردوون و نادادپەروەرییەكانی ناوكۆمەڵگە بڕستی لێبڕیون. بۆیە هەركاتێك ئاوەز هاتە پێشەوە، ئەم چەمكانە لەشوێنی خۆیان دەمێننەوەو بە واتای راستەقینەی خۆیان بەكاردەهێنرێن، بۆیە توانای فریودانی خەڵكیان زۆر لاوازتر دەبێت، بەڵام تا دەگەنە ئەو قۆناغە، زیانێكی زۆر بە كۆمەڵگە دەگەیەنن و دووچاری چەندین ماڵوێرانی و نەهامەتی دەكەنەوە، بەڵام لە كۆتاییدا، هەر ئەو بەرهەمە هزریانەی لەرێگەی دروشمی ئازادییەكانەوە بۆ هێنانە بەرهەمی كۆیلایەتی بەرهەم دەهێنرێت،
خۆیان پرسیار دروست دەكەن و پڕۆسەی بیركردنەوە دەوروژێنن، كاتێك مرۆڤیش بە شێنەیی و لەسەرەخۆ بیر دەكاتەوەو شتەكان وەك ئەوە دەبینێت، كە هەیە، نەك وەك ئەوەی بۆی دەڕازێنرێتەوە، ئەو كاتە لەبەردەم داو و تەپكەكان هەڵوەستەیەك دەكات و بەئاسانی بە تەڵەكانەوە نابێت، واتە ئەو كاتە دەبێت بانگەشەكارانی ئازادییەكان، ئازادی زیاتر خورد بكەنەوەو روونیبكەنەوە، كە مەبەستییان لە ئازادی چییەو ئەوان دەربارەی كام ئازادی قسە دەكەن، هەر كاتێكیش ئەوەیان كرد، ئەوە ئازادییەكان لایەنە ئەفسووناوییەكەیان لە دەست دەدەن و بەشێوەیەكی مجرد دەكەونە بەردەست، ئەو كاتە سوودی ئازادییەكان و جیاوازی نێوان ئازادی و كۆیلایەتی روونتر دەردەكەوێت، تاكەكان بۆیان دەردەكەوێت، كە كۆیلایەتی لەدەستدان و ئازادییەكان بەدەستهێنانن،
واتە لەكاتی كۆیلایەتیدا مرۆڤ كۆمەڵێك ماف و ئازادی لەدەست دەدات، بەرامبەر ئەمە لە دۆخی ئازادییەكاندا، كۆمەڵێك ماف بەدەست دێنێت، هەركاتێكیش مرۆڤ فێری ئەوەبوو چێژی مافەكان و بكات و سوود لە ئازادییەكانی وەربگرێت، ئیتر بڕی ناشكێت و بەردەوام داوای مافی زێدەتر دەكات، لەپێناو ئەوەی ئازادی زیاتر بەدەست بێتێت و چوارچێوەی مافەكانی فراوانتر بكات، ئەم دیالێكتیكەش، دۆخی خاوەن كۆیلەو فەرمانڕەواكان، بە واتایەكی تر دۆخی سیستەمی سیاسی بەروونی شیدەكاتەوە وپێماندەڵێت، كە مۆرك و ستایلی سیستەمەكە چۆنەو بەرەو چ ئاقارێكدا هەنگاو دەنێت. لەبەرئەوەی مامەڵەكردنی سیستەمی سیاسی لەگەڵ ئازادییەكان، یەكێكە لەو بنەما سەرەكییانەی مۆركی سیستەمەكەو هاوكات تەمەنی سیستەمەكەش دیاری دەكات، تا دەگاتە ئەو قۆناغەی، هەر لەڕێی شێوازی مامەڵكردنی لەگەڵ مافەكان، سیستەمێكی سیاسی بەكۆتا دێت و سەرەتای سیستەمێكی تر دەستپێدەكات.
مرۆڤ ناتوانێت بەشێوەیەكی تەندروستیش شەڕی كۆیلایەتی بكات، تا ئەو كاتەی بەشێوەیەكی بەرجەستە مامەڵە لەگەڵ ئازادییەكاندا نەكات، بە واتایەكی تر تا ئەو كاتەی تێدەگات، ئازادی لەپێناو ژیانەو ئامڕازێك نییە بۆ قوربانیدان خۆشەویستكردنی مردن، بە واتایەكی تا تا ئەو كاتەی مرۆڤ لەوە تێدەگات، كە ئازادییەكان بەدەستهێنانی مافەكانن و كۆیلایەتیش لەدەستدانی مافەكانە، لێرەدا هەردوو چەمك لەیەكتر جیادەبنەوە و هەریەكەی رێڕەوی تایبەتی خۆی دەگرێت، ئەمەش وەك ئاماژەی پێكرا، تەنیا لەو حالەتەدا دەبێت، كە تاكەكان توانای ئەوە پەیدا دەكەن، وەك یەكەیەكی بەرجەستەو زیندوو هامووشۆ لەگەڵ ئازادییەكان بكەن و بەوردی تێیبگەن، هەر كاتێكیش تێیگەیشتن تەلیسمی ئازادییەكان دەكرێتەوەو وەك ئەوە بەدیاردەكەوێت، كە هەیە، ئەو كاتە مرۆڤ دەتوانێت وەك راستەقینەیەك مامەڵە لەگەڵ ئازادییەكاندا بكات و هەوڵبدات لە پێناو باشتركردنی ژیانی خۆیدا بەكاریان بهێنێت، بۆئەوەی زیاتر ئەو شرۆڤەكردنە روونبكەینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە مەبەستمان ئەوەیە، هەركاتێك ئازادی لەو گەورە كردن و رەونەقداركردنە داماڵرا، كە لەرێگەی ئایدیۆلۆژیای جیاوازو پڕوپاگەندەی بەرنامە بۆ داڕێژراو زیرەكانە پاككرایەوە، بە واتایەكی تر لە توێكڵەكەی پاككرایەوە، ئەو كاتە كرۆكەكەی دەكەوێتەوە بەرچاو مرۆڤ دەتوانێت چۆنی بیەوێت، بەو شێوەیە بەكاریبهێنێت و بیخاتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە. هەر كاتێكیش مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستە، واتای ئەوەیە لە بوونەوەرێك، كە لەژێر كاریگەری هەست وسۆزەكانە رەفتار دەكات، گۆڕاوە بۆ مرۆڤێكی ئەقلانی و ئاوەزمەند، واتە پانتایی ئەو نەزانییە بریقەدارەی تێپەڕاندووە، كە هەمیشە رێگە بۆ كۆیلایەتی خۆش دەكات.
لێرەدا دیسان دەگەینەوە ئەو ئەنجامەی، كە شەڕی نەزانین، یەكێكە لەرێگە گرنگەكانی شەڕكردن لەگەڵ كۆیلایەتی و تێگەیشتن لە ئازادییەكان وەك چەمكێك بەرجەستە، ئەو نەزانینەی، كە دەمانەوێت بیكەینە بنەما، ئەو نەزانییە نی، كە لەنێو كۆمەڵگەدا، وەك ئاوەڵواتایەك بۆ نەخوێندەواری بەكاردەهێنرێت، چونكە ئەو نەزانییەی ئێمە قسەی لەسەر دەكەین، بە پلەی یەكەم مەبەست تیایدا دووركەوتنەوەیە لە پڕۆسەی بیركردنەوە، پڕۆسەی بیركردنەوەش پێویستی بە لەیەكترجیاكردنەوەی رەنگە جیاوازەكانەوە هەیە، چونكە ئەگەر رەنگی جیاواز نەبێت مرۆڤ ناچار نەبێت لەنێوان رەنگەكاندا یەكێكیان، واتە رەنگێكیان هەڵبژێرێت، ئەو كاتە پڕۆسەی بیر كردنەوە دەست پێناكات، چونكە لەبنەڕەتەوە، تەنیا یەك بژاردەی لەبەردەم دادەبێت و پێویستی بە بیركردنەوە نابێت، بۆیە لەكاتی نەبوونی بژاردەی جیاوازدا، نە ئازادی هەڵبژاردن دەبێت و نەپڕۆسەی بیركردنەوەش دەست پێدەكات!.